دانیمارک بڕیاریدا ئەمساڵ هیچ پەنابەرێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرنەگرێت

2018-10-07

دانیمارک بڕیاریدا ئەمساڵ هیچ پەنابەرێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرناگرێت و زیاتر کار لەسەر تێکەڵکردنی ئەو پەنابەرانەى دیکە دەکات بە کۆمەڵگای دانیمارکی کە بەمدواییە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.


ئینگێر ستۆگبێرگ، وەزیرى کۆچبەرانى دانیمار ریگەیاند، "ئێمە لە دۆخێکداین کە کێشەمان لە چۆنیەتى تێکەڵکردنی ئەو پەنابەرانە هەیە بە کۆمەڵگای دانیمارکی کە لەم ساڵانەى دوایدا هاتوونەتە وڵاتەکەمان، بۆیە ئەرکی لەپێشینەمان کارکردنە لەسەر ئەو کەسانە."


ستۆگبێرگ وتیشى، "هەرچەندە ژمارەی ئەو پەنابەرانە زیادیان کردووە کە چوونەتە ناو بازار و دەتوانن کار بکەن بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر زیاتر پەنابەرمان هەیە کە هێشتا ناتوانن پشت لە خۆیان ببەستن و کار بکەن بە تایبەت ژنان و کچان، بۆیە پێویستە راهێنان و هاوکاری زیاتری ئەوانە بکەیت تاوەکو تێکەڵ دەبن لەگەڵ کۆمەڵگای دانیمارکی"


سیستمی کۆتای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەیەکە کە پەنەبار دەتوانێت داوای چوونە وڵاتێکى دیکە بکات ئەگەر لەو وڵاتەکەى کە سەرەتا تێیدا پەنابەربووە ژیانى و گوزەرانى خراپ بێت و نەتوانێت بیگرێتەخۆی.


ساڵی ٢٠١٧، سێ هەزار و ٥٠٠ پەنابەر داوای مافی پەنابەرێتییان لە دانیمارک کردووە کە ئەوەش نزمترین ژمارەیە دوای ساڵی ٢٠١٨.


لە دە مانگی ئەمساڵدا، دوو هەزار و ٦٠٠ داواکاری مافی پەنابەرێتى لە دانیمارک پێشکەشکراون .


دانیمارك له‌ ساڵی ١٩٨٩ەوە ساڵانه‌ ٥٠٠ په‌نابه‌ری له‌ نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگرتووە لەڕێگەى دابه‌شكردنی په‌نابه‌ران به‌ وڵاتانی ئه‌ندام لە یه‌كێتی ئه‌وروپا.
ساڵی ٢٠١٦، وڵاتانی ئەسکەندەنافیا بەشدارییان لە سیستمی کۆتای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ وەرگرتنى پەنابەران ڕاگرت و هێشتا دەستیانپێنەکردووەتەوە.