هه‌نگ‌و جۆره‌كانی هه‌نگ له‌ كورده‌واریدا

2018-11-22

نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین

لە لای سەروومانەوە ئەشکەوتێکی گەورەی دەم کراوەی لێ بو. دیار بوهەنگێکی قەرەباڵخ و کۆن بو. هەنگوینی زۆری تێ دابو. هەرکەس ئەهات بۆ لامان و ئەیبینی تەماعی تێ ئەکرد. بەڵێم شوینەکەی وا هەڵکەوت بو هەرچی فێڵێکیان لەگەڵ بەکار ئەهێنا نەیان ئەتوانی بیگەنێ و بیبڕن.

هەنگ، بۆ جیاکردنەوەی لە مێشە ڕەش لە هەندێ شوین پێی ئەڵێن: (مێش هەنگوین).

هەنگ (نێر) و (مێ) و (شا) ی هەیە.

نێرەی هەنگ لە مێ گەورەترە. رەنگی بۆرە، هەنگوین ناکا، (چزو)ی نیە و ناتوانێ پێوەبدا.

مێ لە (نێر) بچوکترە. باریکەلەیە ڕەنگی تیکەڵێوە لە زەرد و رەش. هەنگوین ئەکا.

چزوی هەیە. پێوە ئەدا لە گەڵ پێوە دان دا چزوەکەی دەردێ و ئەمرێ.

هەنگ لە بەهاران دا پورە (شەڵخە) ئەدا. (پورەدان) ئەوەیە شایەک لە پورە ئەسڵیەکەی جیا ئەبێتەوە، ئەفرێ بۆ دەرەوە هەنگەکانیش شوینی ئەکەون. شا لە سەر لقی درەخت، یا گوێسوانە یا هەر شوینێکی تر ئەنیشێتەوە، هەنگەکانی تر هەمویان تێی ئەوروکێن و لە شێوەی هێشودا لێ ی کۆ ئەبنەوە.

،،

بۆ گرتنەوەی ئەبێ ((خەڵێف)) ( پلورە، شەڵخە، کەنو)یەکی تازە بهێنن ناوەکەی بە هەنگوین یان هەر شیرینیەکی تری تێ هەڵئەسون و، لە ژێر پورەی هەنگەکەدا دائەنرێ.

بە گوێرەی شوینەکە یان بە کەوچک هەنگەکانی تێ ئەکەن، یا ئەیتەکێننە ناو پورەکەوە، کە شاکەیانی تێ چو ئەوانیش دیسان لێی کۆئەبنەوە و تێی ئەوروکێن. پشتی خەڵێفەکە ئەگیرێ، تەنیا کونی بەردەمی ئەهێڵرێتەوە بۆ هاتوچۆ. تا ئێوارێ لە هەمان شویندا دائەنرێ، کە تاریکی کرد ئەگوێزرێتەوە بۆ (هەنگەڵان). هەنگەڵان شوینیکی تایبەتە تەرخان کراوە بۆ دانانی خەلیفی هەنگەکان، لە هاویندا لە هەتاو ئەیپارێزێ و لە زستان دا لە بەفر و باران.

هەنگەکان خۆیان ناو خەلیفەکەیان بە (بەرەمێو) کونبڕ ئەکەن. بەرەمێو، مادەیەکی شینی ڕەقە. زستانیش دەمی دەرگاکەیان بە هەمان مادە دائەخەن.
هەنگ لەناو خەلیفەکەدا لە (مێو) (شانه‌) هەڵئەبەستێ. شانەکان ئەگەر لە باری درێژی هەڵبەسترابن پێی ئەڵێن: (تیرە شان) و ئەگەر لە باری پانی هەڵبەسترابن (پەپکە شان).

شانەکان پڕ ئەکەن لە هەنگوین. هەندێ جار فریا ناکەون هەمو شانەکان پڕ بکەن، ئەوی بە بۆشی مابێتەوە پێی ئەڵێن: (کەڕە شان). ئەگەر پورەیەک چالاک و قەرەباڵخ بێ، (دوبەرە)ی زیاد لە پشتی پورەکەی ئەبەستن. دوبەرە لە قوڕ وەکو گونج، یا لە تەختە وەکو کەللەی هێڵەک دروست ئەکرێ و، دوای پڕ کردنی لێی ئەکرێتەوە.

هەنگ بەدرێژایی بەهار و هاوین خەریکی دروستکردنی هەنگوینن. لە پایزدا ئەیبڕن، واتە زۆری شانەکانی لێ دەرئەهێنن و کەمێکی بۆ خواردنی زستانی هەنگەکە بەچێ ئەهێڵن. لە کاتی بڕیندا بە دوکەڵی تەپاڵە (قانگ)ی ئەدەن. دوکەڵەکە لە ناو پورەکەدا کۆ ئەبێتەوە زۆری هەنگەکان پورەکە بە جێ ئەهێڵن ئەوسا بە چەقۆ شێنەکان لە دیواری پورەکە ئەکەنەوە. بڕینی پەپکە شێن ئاسانترە لە بڕینی تیرە شێن، چونکە تیرە شێن بە تەنیشت یەکەوە هەڵبەستراون وریاییەکی زۆری ئەوێ بۆ ئەوەی لەکاتی بڕینی یەکێکیاندا ئەوانی تر خراپ نەبن.

،،

دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەکان لە بەهاردا هەنگەکانیان ئەگوێزنەوە بۆ مێرگەکانی کوێستان تا پایز لەوێ دایان ئەنێن، لە پایزدا ئەیانبەنەوە بۆ هەنگەڵانی زستانە لە ناو ئاوایی دا. مێوی هەنگوێنی ئەم شوێنانە سپی و هەنگوینەکەیان زەردی کاڵە. سەرچاوەی مێوەکە گوڵی گەونی کەتیرە و سەرچاوەی هەنگوینەکەیش هەڵاڵەی گوڵە بۆنخۆشەکانی کوێستانەکەیە.

هەنگ چەند دوژمنێکی هەیە: زەردەواڵە، شەوگەرد و مارمێلکە، هەنگەخۆرە و کەندەسمە.. ئەیخۆن.

مڕە، کە جۆرە پەپولەیەکە، ئەچێتە ناو پورەکەیەوە لەناو شانەکانیدا گەرا دائەنێ. شانەکان وێران ئەبن هەنگەکە ئەمرێ.

ورچ کە بە شوینەکەیان فێر بو ئەویش پورەکە ئەشکێنێ و هەنگوینەکەی ئەخوا و ، هەنگەکان سەرگەردان ئەبن.

،،

جۆرە هەنگێکی کێوی هەیە وردترە لە هەنگی ئاسایی لەناو کونە بەردا هێلانە ئەکا. لەهەندێ شوین پێی ئەڵێن : (شەمەتلینکە) و لە هەندێ شوینی تر (شەپەتوکە).

هەندێ جار زەردویی ئەگرێ بۆ چاککردنەوەی بە دوکەڵی ئێسکە ماسی قانگی ئەدەن. هەروەها توشی ڕەوانی ئەبێ. هەندێ جاریش لە برسان دا پەلاماری پورەی یەکتری ئەدەن و، بەهەزاران دانە لەبەردەرگای پورەکانیان دا لە یەکتری ئەکوژن. بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بکوژێتەوە ئەبێ هەنگوین یان شیرینیان بۆ دا بنرێ.

جۆرە هەنگێکی کێوی هەیە وردترە لە هەنگی ئاسایی لەناو کونە بەردا هێلانە ئەکا. لەهەندێ شوین پێی ئەڵێن : (شەمەتلینکە) و لە هەندێ شوینی تر (شەپەتوکە).

ئەمیش شانه‌ هەلئەبەستێ و هەنگوینی تێ ئەکا. تامی هەنگوینەکەی خۆشترە لە هەنگوینی ئاسایی، بەڵام کەمە، هەر بەشی پارویەکە. پێم وانییە لەسەر شەمەتلینکەی کوردستان هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کرا بێ.

دوای راگوێزانی دیهاتی سنور ژمارەیەکی زۆر هەنگ بەرەلڵا بوبون، لە کلۆری دار و کونی بەرد و ئەشکەوتدا جێگیر بوبون. هەنگدۆز ئەیان دۆزینەوە. لەسەر کانی چاودێری هەنگەکانیان ئەکرد چەند بەرز ئەبێتەوە و، بەرەو کوێ ئەڕوا، بەوەدا شوینەکەیان دیاری ئەکرد و ئەچون بۆ دۆزینەوە و گرتنەوە وبڕینی.