چۆن گۆشتی ئاژه‌ڵه‌كان‌و گۆشتی باش‌و خراپ‌و له‌یه‌ك جیا ده‌كه‌یته‌وه‌؟

2018-11-23

تاکی كوردیله‌ ڕابردوداو ئێستاش هۆشیاریەکی زۆر زۆر کەمیان هەیە لە سەر گۆشت و چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم خۆراکەو زانینی گرنگیەکەی لە بنیاتنانی پێکهاتەی لەشی مرۆڤدا، چونکە زۆر لە مێژەوەو لە ئێستاشدا لە زۆربەی شوێنەکان بە شێوازێکی هەڕەمەکی هەر کەسەو بە ئارەزووی خۆی لە لاکۆڵانێکدا، سەرخەرمانێک، گەوڕێک، زبڵدانێک، یان قەراخ جادەیەکی قەرەباڵغدا، ئاژەڵ سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەرخواردی هاوڵاتیان ئەدرێت سەرەڕای ئەمەش هاوڵاتی بە بێ ئەوەی بزانێت ئەم گۆشتە چییە؟ لە کوێوە هاتووە؟ ئایا تەندروستە یان نا؟ بە بێ بوونی هیچ زانیاریەک دەرخواردی خۆی و ماڵ‌و منداڵەکەی ئەدات.


بێئاگا لەوەی کە سەرچاوەی هەموو دەردی سەری و نەخۆشیەکان لە داهاتوودا خواردنی ئەم گۆشتە خراپانەیە، چونکە کاریگەری خراپ و نەخۆشەرانەی لە داهاتوو دەرئەکەوێت کە چارەسەرکردنی ئەبێتە مەحاڵ .


یەکێک لە هۆکارەکان کە بووە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە زۆر کورتە بنووسم بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک بوو لە کەناڵێکی عێراقی بە ناوی (الاتجاە) لە سەر فرۆشتنی گۆشتی (کەر) لە پارێزگای سلێمانی کە لە ڕاستیدا جێگەی سەرنج و تێڕامانە و جێگەی باوەڕیشە!!

 

گۆشتی خراپ و پیس و گوێدرێژ لە ڕووی شەرعەوە...

خوای گەورە فەرمانی کردووە بە بەندەکانی بە خواردنی پاک و خاوێن و باش وە ڕێگەی لێگرتوون لە خواردنی پیس و خراپ ، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە خۆراکانە کاریگەری پێچەوانە له سەر هەڵسوکەوت و ڕەوشت دروست ئەکەن.


خواردنی باش کاریگەری باش له سەر ڕەوشت دروست ئەکات و خواردنی پیس و خراپ کاریگەری خراپ لە سەر ڕەوشت جێدەهێڵێت. خوای گەورە لە سورەتی الٲعراف ئایەتی ۱٥۷ ئەفەرموێت ( الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الرَّسُولَ النَّبِيَّ الْأُمِّيَّ الَّذِي يَجِدُونَهُ مَكْتُوبًا عِندَهُمْ فِي التَّوْرَاةِ ؤالْإِنجِيلِ يَأْمُرُهُم بِالْمَعْرُوفِ ؤيَنْهَاهُمْ عَنِ الْمُنكَرِ ؤيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ ؤيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ ؤيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ ؤالْأَغْلَالَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ ۚ فَالَّذِينَ يَمَنُوا بِهِ ؤعَزَّرُوهُ ؤنَصَرُوهُ ؤاتَّبَعُوا النُّورَ الَّذِي أُنزِلَ مَعَهُ ۙ أُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ)) بە پێی ئەوەی لەم ئایەتە پیرۆزەدا هاتووە خواردنی باش حەڵاڵە و خواردنی پیس و خراپ و ناتەندروست حەرامە . هەروەها خواردنی گۆشتی کەر بە پێی مەزهەبی ئیمامی شافعی و ئیمامی احمد حەرامە ئەویش بە پشت بەستن بە فەرموودەیەکی پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەربێت) کە ئەفەرمووێت خواردنی گۆشتی کەرەکێوی حەڵاڵە وە خواردنی گۆشتی کەری ماڵی حەرامە . بە کورت و کرمانجی خواردنی گۆشتی کەر و گۆشتی خراپ و پیس و ناتەندروست حەرامە.

،،

خوای گەورە فەرمانی کردووە بە بەندەکانی بە خواردنی پاک و خاوێن و باش وە ڕێگەی لێگرتوون لە خواردنی پیس و خراپ ، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە خۆراکانە کاریگەری پێچەوانە له سەر هەڵسوکەوت و ڕەوشت دروست ئەکەن.


بێگومان خواردنی ئەم جۆرە گۆشتە لە ڕووی تەندروستیشەوە زیانێکی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ کە هۆکاری چەندەها نەخۆشی ترسناکەو هۆکاری گواستنەوەی ئەو نەخۆشیە مرۆژەڵیانەیە کە لە ڕێگەی خواردنی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆشەوە ئەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.. ئەمە ئەگەر هاتوو کەسێکی پێگەیشتوو بیخوات !! جا .. وەرە منداڵێک تەمەنی تەنها نۆ مانگ و بەرەو سەرەوە ئەبێت پێویستی بە گۆشتە بۆ گەشەکردن و دروستکردنی بنچینەیەکی پتەو و لەشێکی بەهێز کە سەرجەم پێکهاتە سەرەکیەکانی گۆشتی تێدابێت لە پرۆتین و ڕێژەیەکی باشی ئاسن و ڤیتامین B12 کە زۆر گرنگن لە پێکهاتن و کامڵبوونی کۆئەندامی ماسولکەو دەمارو پێکهاتەی خرۆکە سورەکانی خوێن و ڕێکخستنی هاوسەنگی لەش.

  

چۆن گۆشتی ئاژەڵەکان‌و گۆشتی باش و خراپ لە یەکتر جیابکەینەوە؟

گۆشتی هەر ئاژەڵێک لە ئاژەڵێکی تر جیاوازە لە ڕووی پێکهاتەو ڕەنگ و بۆن و تام وە تەمەنی ئاژەڵەکەش کاریگەری هەیە لە سەر کوالێتی گۆشتەکە...

سیفەتەکانی گۆشتی تازە و باش:

۱. لە ڕووی ڕەنگەوە: گۆشتی مانگا ڕەنگەکەی سورێکی گەشە و چەوریەکەی زەردە بۆنی تازەی لێ دێت و چەوری تێکەڵی گۆشتەکەیەو پتەوە ڕیشاڵەکانی گۆشتەکە زبرە .. گۆشتی گوێرەکە ڕەنگەکەی سورێکی کاڵە بۆنی تازەیە و چەوریەکەی سپییەکی سافە و زۆر ناسکە، گۆشتی مەڕ ڕەنگەکەی پەمەییەکی تۆخە و بەرخ پەمەیی ئەنوێنێ وە چەوریەکەی زۆر چڕە وە بۆنێکی تایبەت و خۆشی هەیە.


۲. کاتێک کە پەستانێک بە دەستتت یان پەنجەت دەخەیتە سەر گۆشتەکە جێگە بەجێناهێڵێت.


۳. هیچ پەڵەیەکی شین باوی لە سەر نەبێت بە تایبەتی شوێنی بە یەکگەیشتنی ئێسکەکان.


٤. بۆنێکی باشی هەبێت، باشترین ئیش بۆنکردنی گۆشتەکەیە لەو شوێنەی کە لە ئێسکەکەوە نزیکە لەبەرئەوەی خێراترین خراپبوون لە نزیک ئێسکەکانەوە ڕوودەدات ، هەروەها ڕیخۆڵەکان و وورگیش زۆر بە خێرایی خراپ ئەبن. لەبەرئەوە پێویستە لە کاتی کڕینی گۆشتدا زۆر ووردبن.

،،

 ئەگەر گۆشتەکەت نەناسیەوە لە لای ئەو کەسەی کە لێی ئەکڕیت ئەوا تاقیکردنەوەیەکی زۆر سادە هەیە.. ئەویش بە گەرمکردنی چەقۆیەک لە سەر ئاگر و لێکردنەوەی پارچەیەک لە گۆشتەکە ئەگەر بۆنەکەی گۆڕا بۆ بۆنێکی زۆر ناخۆش ئەوا گۆشتی کەرە.

  

 

سیفەتەکانی گۆشتی گوێدرێژ (کەر) :

۱. ڕەنگی گۆشتەکە سورێکی زۆر تێرە مەیلەو شین هەندێ جار.
۲. ئەگەر لە شوێنێک گۆشتێکت خواردو هەستت کرد تامێکی شیرین زاڵە ئەوە دڵنیابە کە گۆشتی کەرە.


۳. ڕیشاڵەکانی گۆشتی کەر زۆر دیارو دەرپەڕیون کە بە ئاسانی لە گۆشتەکانی تر جیائەکرێتەوە.


٤. بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێدێت کە هەندێ کەس بە بۆگەن پێناسەی ئەکەن .


٥. چەوری زۆر بە کەمی تێدایە ،ئەگەر هەشبێت ڕەنگێکی مس باوی هەیە.


٦. ئەگەر گۆشتەکەت نەناسیەوە لە لای ئەو کەسەی کە لێی ئەکڕیت ئەوا تاقیکردنەوەیەکی زۆر سادە هەیە.. ئەویش بە گەرمکردنی چەقۆیەک لە سەر ئاگر و لێکردنەوەی پارچەیەک لە گۆشتەکە ئەگەر بۆنەکەی گۆڕا بۆ بۆنێکی زۆر ناخۆش ئەوا گۆشتی کەرە.


هەموو ئەم نیشانانەی کە باسکران بۆ ناسینەوەی گۆشتی کەر پێش لێنانە، بەڵام دوای لێنان زۆر ئەستەمە بناسرێتەوە بۆ ئەوانەی کە هەستی تامکردنی ئاساییان هەیە کە ناتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان گۆشتی کەر و گۆشتی گامێش بە بەکارهێنانی بڕێکی زۆری بەهارات بە هەموو جۆرەکانیەوە لە ئامادەکردنیدا، چونکە بە شێوەیەکی گشتی بەهارات بە ڕێژەیەکی زۆر بەکارئەهێرێت بۆ شاردنەوەی بۆنی گۆشتەکە .. لەبەرئەوە باشترە خۆتان بپارێزن لە خواردن و کڕینی ئەو گۆشتانەی کە بە بەکارهێنانی بەهارات ئامادەکراون.

  

٭ سیفەتەکانی گۆشتی خراپ و ناتەندروست:

۱. ڕەنگی گۆشتەکە ئەگۆڕێت بۆ سورێکی تاریک یان وەنەوشەیی کە ئەمەش نیشانەی خراپبوونە.


۲. بۆنێکی ناخۆشی لێدێت کە بۆگەن بوونە.


۳. کاتێک پەستانێک بە دەست یان پەنجە دەخیتە سەر شوێنێکی گۆشتەکە خوێن و ئاو دێتە دەرەوە جێگەی پەستانەکەش جێدەمێنێت.


٤. دڵنیابە کە گۆشتەکە هیچ پەڵەیەکی شینی لەسەر نیە بە تایبەتی شوێنی بە یەکگەیشتنی ئێسکەکان و خاڵی خوێنبەربوون لە سەر گۆشتەکە نەبێت .وە مۆری کوشتارگەی باوەڕپێکراوی لەسەر بێت و لە لایەن پزیشکی ڤێتێرنەریەوە پشکنینی بۆ کرابێت.


٥. ئەبێت دڵنیابیت لە تام و بۆن و ڕەنگی ئەو گۆشتەی کە ئەیکڕیت ئەگەر هەستت کرد لە کاتی لێنان بۆنێکی ناخۆشی هەیە و ڕەنگی ئەگۆڕێت بۆ سەوز یان تاریک ئەوە دڵنیابە گۆشتێکی خراپەو بۆ خواردن ناشێت.