" حەمە ساڵح دیلان " و" شیعری "برسیمە"

2018-11-27

بەرزان هەستیار

بە حوکمی ئەوەی لە ساڵانی هەشتادا ماڵی مامۆستا "حەمە ساڵح دیلان " لە کۆڵانی ئەودیو ماڵی ئێمەوە بوون لە تووی مەلیک ، جگە لەوەش من و "هونەر"ی کوڕی "دیلان " دوو هاوڕێی زۆر نزیکی یەک بووین و تا ئێستاش هەر واین.

 
زوو.. زوو دەچوومە ماڵیان و مامۆستا دیلانیشم هەم وەک شاعیرێکی گەورەو هەم وەک خاوەن دەنگێکی ناوازە زۆر خۆشدەوسیت وئەویش بە دڵە گەورەکەی خۆیەوە گەلێک جار لەگەڵ من و "هونەر "دادەنیشتو دەشیزانی من سەروساختم لەگەڵ شیعری تازەدا هەیە و ئەویش بە پێچەوانەوە زۆر مەیلی لە شیعری تازە نەدهات و بەپێکەنینێکی شیرینەوە پێی دەوت شیعری "دێڕو کەلیمەکە " واتە دێڕیک دەنووسن و دێڕی دوای ئەو کەلیمەیەکە.

وردە وردە منیش ئەو جێگەیەم لای مامۆستا دیلان بۆ دروست بوو کە جار جار لە ڕووی ناز و خۆشەویستییەوە سەرەداوی سوعبەت و قسەی خۆشی لەگەڵ دامەزرێنم، بەڵام هەرچەندم دەکرد دڵم نەدەهات بە سوعبەتیشەوە باسی شیعرەکانی بکەم، بەڵام ڕۆژێکیان بە "هونەر "م وت ئەرێ ئەو شیعرە چییە باوکت نووسیوێتی‌و دەڵێ


برسیمە من دە کوڵمت بێنە وەکو تەماتە
با قاشی کەم بە تیغی دانی وەکو سمارتە

"هونەر "یش دەستی کرد بە پێکەنین و وتی جا بۆ بە خۆی ناڵێیت. وتم بەخوا هونەر گیان ناوێرم،.
دەمەو ئێوارەیەک لەگەڵ " هونەر "دا چووینەوە ماڵی ئەوان و بینیمان مامۆستا لە قادرمەی بەر دەرگا دانیشتوە.
ئێمەش دوای سڵاوکردن هەر دانیشتین و دانەنیشتین "هونەر" ئەو قسەیەی منی بیرکەوتەوەو وتی "دیلان" ، بەرزان باسی ئەو شیعرەی تۆ دەکات و دەڵێ ئەم تەماتەو سمارتەیە چییە، ئەویش وتی کام شیعرە ؟ منیش کە زانیم تووڕە نابێت و دۆخەکە لە بارە وتم ئەرەوەڵڵا مامۆستا تۆ گاڵتە بە شیعری ئێمە دەکەیت و خۆشت دەڵێی کوڵمت تەماتەیەو ددانم سمارتەیە .. ئیتر دەستی کرد بە پێکەنین‌و وتی وەرن با پێت بڵێم ئەم شیعرەم بۆ چ موناسەبەیەک نووسیوە، وتمان فەرموو، وتی ساڵانی شەست بوو ( بە تەواویی نایەتە بیرم، مامۆستا وتی ئامادەیی سلێمانی کچان یان ئامادەیی کوردستانی کچان ) ناردیان بە دواما تا کتێبخانەکەیان بۆ چاک بکەم، منیش کە چووم دەبینم مێزو سفرەش بۆ نیوەڕۆ ڕازەوەتەوەو مامۆستاکانیش بە دەوریا دانیشتوون، ئیتر لەملاوە ڕانە قەل و لەولاوە ڕانە مریشک و لەولاوە ڕانە ست فڵان و لەولاوە ڕانە ست فیسار، بەڕاستیی منیش ئەوق بوو بووم نەمدەزانی سەیری کام ڕانەیان بکەم، ڕانی قەل و مریشک یان ڕانی ست فڵان و ست فیسار، ئەوە شیعرەکەم بۆ ئەوە نووسیوە.


ئیتر هەرسێکمان دەستمان کرد بە پێکەنین و"دیلان"ی ئازیز چووە ژوورەوە و من و "هونەر"ی لەبەر دەرگا جێهێشت.
تێبینی: ئەو شیعرەی "دیلان بە ناونیشانی "برسیمە " ساڵی 1969 نووسیوێتی