پاش ئەوەی بەهۆی گرژیو ئاڵۆزیو شەڕی نێوان هاندەرانی هەردوو یانەكەوە، نەتوانرا یاری كۆتایی جامی " لیپەرتادۆس" لەناو خاكی ئەرجەنتیندا بەڕێوەببرێت، بڕیار درا یارییەكە لە یاریگای "سانتیاگۆ بەرنابۆ" یاریگای ڕیاڵ مەدرید، ئەنجام بدرێت.
هەردوو یانەی ئەرجەنتینی " بۆكاجۆنیۆرو ڕیڤەرپلێت" گەشتنە یاری كۆتایی ئەمساڵی جامی لیپەرتادۆس، بەڵام بەهۆی مەترسیی ڕوودانی شەڕو كەوتنەوەی كارەسات، بڕیار درا یارییەكە لە دەرەوەی خاكی ئەرجەنتین ئەنجام بدرێت.
" بۆكاجۆنیۆرو ڕیڤەرپلێت" دوو لە سەرسەخترین یانە ڕكابەرەكانی یەكترنو هیچ دوو یانەیەكی تۆپی پێ لە جیهاندا كێبڕكێو ململانێكانیان بە وێنەی ئەم دوو یانەیە نییە.
هەردوو یانەكە لە شاری " بوینس ئایرس"ی پایتەختی ئەرجەنتینن، ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەوان لە خولی تۆپی پێی یانەكانی ئەرجەنتیندا بە سۆپەر كلاسیكۆ ناو دەبرێتو بە بەهێزترینو توندوتیژترین كلاسیكۆی جیهان ناوزەد كراوە.

مێژووی كێبركێی نێوان " بۆكاجۆنیۆرو ڕیڤەرپلێت" پڕ پڕە لە توندوتیژی نێوان یاریزانانو هاندەرانیانو بەپێی ئامارەكان لە 70%ی تەماشاكەرانی یاری تۆپی پێ لە وڵاتی ئەرجەنتین هاندەری ئەم دوو یانەیەنو لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی نێوانیشیاندا تا ئێستا دەیان هاندەر گیانیان لەدەستداوەو هەزارانیش بریندار بوون.
یانەی بۆكاجۆنیۆر، لەساڵی 1905 دامەزراوەو لەسەر ئاستی یانەكانی جیهان لە پلەی سێهەمدایە لە بردنەوەی پاڵەوانێتی قاڕەكانو 31 جاریش خولی ئەرجەنتینی بردووەتەوەو شەش جار بووەتە پاڵەوانی كاسی " لیپەرتادۆس"و ئێستاش لە یاری كۆتایی ئەو پاڵەوانێتییەدایە.

یانەی ڕیڤەر پلێت، لەساڵی 1901 دامەزراوەو دێرینترین یانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینە، زۆرترین جار خولی تۆپێی یانەكانی ئەرجەنتینی وەدەستهێناوەو سێجاریش بووتە پاڵەوانی خولی " لیپەرتادۆس".
لەبەر ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەی ڕیڤەرپلێت لە گەورە بازرگانەكانی وڵاتی ئەرجەنتینن، یانەكە خاوەن داهاتێكی زۆرەو بە یانەی ملیۆنەرەكان ناو دەبرێتو بەپێچەوانەی بۆكاجۆنیۆریشەوە زۆرینەی هاندەرانی یانەكە لە دەوڵەمەندەكانو چینەكانی سەرەوەن.

ئێستا هەردوو یانە لەیاری كۆتایی جامی " لیپەرتادۆس"دانو بۆ یەكەمین جاریشە لە مێژوودا ئەم دوویانەیە پێكەوە بگەنە یاری كۆتایی ئەو پاڵەوانێتییە.
لیپەرتادۆس، پاڵەوانێتییەكی ساڵانەی یانەكانی ئەمەریكای باشوورەو لە ساڵی 1960وە پاڵەوانێتیەكە بەردەوامەو یەكێتی تۆپی پێی ئەمەریكای باشوور " كۆلمیبول" سەرپەرشتی دەكات.
یانە ئەرجەنتینییەكان بە 24جارو یانە بەڕازیلییەكان بە 18جار، زۆرترین نازناوی لیپەرتادۆسیان بردووەتەوەو یانەی " ئیندبینتیدی" ئەرجەنتینی بە بردنەوەی 7 جاری نازناوەكە زۆرترینجار بووەتە پاڵەوانی جامی " لیپەرتادۆس".

بە گەشتنی هەردوو یانەی " بۆكاجۆنیۆرو ڕیڤەرپلێت" بە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیی " لیپەرتادۆس"ی ئەمساڵ، سەرباری ناوهێنانی یارییەكە بە كلاسیكۆی ئەرجەنتینو كلاسیكۆی ئەمەریكا باشوورو كلاسیكۆی لیپەرتادۆس، میدیا وەرزشییەكانی جیهان نازناوی كلاسیكۆی جیهانو كلاسیكۆی مردنیان لە یارییەكە نا.
ئەنجامی فیناڵی جامی لیپەرتادۆس، بەدوو یاری چوونو هاتن یەكلایی دەكرێتەوەو لەیاری چووندا هەردوو یانەی " بۆكاجۆنیۆرو ڕیڤەرپلێت" لەسەر یاریگای بۆكاجۆنیۆر بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەكیان یەكسان بوونو یارییەكە لە 11 – 11- 2018دا ئەنجام درا.

بڕیاربوو یاری چوونو دوا یاری لە 25 – 11- 2018 لە یاریگای ڕیڤەر پلێت ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان هاندەرانی هەردوولاوەو پەلاماردانی پاسی یاریزانانی " بۆكاجۆنیۆر" لە لایەن هاندەرانی " ڕیڤەر پلێت"ەوەو برینداركردنی چەند یاریزانێكی بۆكاجۆنیۆر، یارییەكە ئەنجام نەدرا.
پاش ئەوەی چەندجار وادەی ئەنجامدانی دواخراو نەتوانرا یارییەكە لەخاكی ئەرجەنتین بەڕێوە ببرێت، یەكێتی تۆپی پێی ئەمەریكای باشوور بڕیاریدا كە 9 = 12 = 2018 لەیاریگای " سانتیاگۆ بەرنابۆ" دوا یاری پاڵەوانێتی جامی" لیپەرتادۆس" لە نێوان " بۆكاجۆنیۆرو ڕیڤەر پلێت" ئەنجام بدرێت.