پیرەمێرد لە نێوان شیعرو ڕۆژنامەگەری‌و وەزیفەی حكومیدا

2018-12-18

پیرەمێرد ناوی تۆفیق کوڕی مەحمود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە، لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە، لەسەردەمی منداڵی ئەودا، خوێندن‌و خوێندەواری زۆر کەمبوون، ئەوانەش کە ھەبوون لە ناو چوار دیواری حوجرەی مزگەوتەکانداو لەسەر سەکۆی حەوشەی مزگەوتەکان ئەیانخوێندو فێری نوسین و خوێندنەوە ئەبوون.

پیرەمێرد تەمەنی گەیشتووەتە شەش بۆ حەوت ساڵی نیردراوەتە حوجرەی مەلا حسێنە گۆجە لەشاری سلێمانی.
پاشان حەسەن ئەفەندی مامی لەوێوە ئەیگوێزێتەوە بۆ مزگەوتی مەلا سەعیدی زڵزڵەی، پاش ماوەیەک پیرەمێرد ئەبێ بە فەقێ لەمزگەوتی ھەمزە ئاغای باپیری لەگەڕەکی گۆیژەو لەوێ دەست دەکات بە خوێندی عەرەبی‌و وانەی ئاینی لای مەلا مەحمود ناوێک.

 
ھەروەک چۆن لەسەردەمی کۆندا فەقێ دێ بەدێ گەڕاوە تەنھا بەیەک مزگەوتەوە نەئەوەستان و نەئەمانەوە، بەڵکو لەھەر مزگەوتەو لای مامۆستایەک بۆ دەرسێکی تایبەتمەند ئەمانەوە، پیرەمێردیش مزگەوتاو مزگەوت‌و شار بەشار گەڕاوە تاوەکو ڕوویکردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانەی رۆژھەلاتی کوردستان.

 
پاش گەڕانەوەی لە بانە بۆ سلێمانی لە ١٨٨٢کراوە بە کاتبی نفوس لە سلێمانی، پاشان لە ١٨٨٦ کراوە بە (باشکاتبی) مەحکەمەی شارباژێڕ، پاشان لە ١٨٩٥ کراوە بەمعاونی مودەعی عام لە کەربەلا، بەڵام ئەو ئیشەی بە دڵ نەبوەو وازی لێھناوە.

لە ١٨٩٨لەگەل شێخ سەعید حەفیدا (باوکی شێخ مەحمود) چووە بۆ تورکیاو بۆ ساڵی دوای پێکەوە لەگەل شێخ سەعیددا چونەتە مەککە بۆ حەج‌و بۆتە حاجی تۆفێق.

حاجی تۆفێق (پیرەمێرد) دەستێکی زۆر باڵای ھەبووە لەنوسینی فارسیدا، تەنانەت وەک دەگوترێت لەو سەردەمەدا مەگەر (سلێمان بەگ) کە باوکی مامۆستا گۆرانە، بەقەد پیرەمێرد شارەزایی لە فارسیدا ھەبووبێ.

پاشان پیرەمێرد بەپێی فەرمانێکی شاھانە لە ١٨٩٩ دەکرێت بە ئەندامی مەجلیس عالی لە ئەستەمبول و روتبەی (بەگ) پێدراێ..
دواتر لە ١٩٠٨ کە مەجلیسی عالی تێکدەچێ ئیتر حاجی تۆفێق دەستدەکات بو نوسین‌و دەركردنی ڕۆژنامەو گۆڤار.

لە سالی١٩٠٩دا کراوە بەقائیمقامی (جولەمێرگ). لە١٩١٨ بووە بە موتەصەریفی(أماسیە) لەکاتەدا خزمەکانی بەتایبەت مستەفا صائیبی خوشکەزای دەستدەکەن بەنامە نوسین بۆی‌و گەلێ نامەیان بۆ ناردوەو داوای گەڕانەوەیان لێکردووە کەبێتەوە کوردستان.

پیرەمێرد لەتورکیا ژنێکی ھێنابوو دوومنداڵی ھەبوو ئیتر پاش ئەو ماوە زۆرو دوورو درێژە ئاگری جگەری دایکی نیشتمان ھەڵیگرت‌و سۆزو خۆشەویستی کورستان‌و بەسەرھاتەکانی خستیە جموجۆل‌و سەودای گەرانەوەی کەوتە مێشک، دەست دەکات بە نامە نوسین بۆ خزمەکانی‌و پرسیار کردن لە ئەحواڵی کوردستان، کە لەوکاتەدا سەرەتای ھێزی جوڵانەوەی نەتەوایەتی بوو، شێخ مەحمود ئاڵای شوڕشگێری وداواکردنی مافی گەلەکەی ھەڵکردبوو، پیرەمیرد چەند دێڕێک بۆ مستەفا صائیبی خوشکەزای دەنێرێت‌و دەڵێت:

لەئەستەمبوڵەوە ھەڵسام، لەخەودا بووم ھەتائێرە
لەسەیری(فی المنام) دابوو، کەچاوم کردەوە لێرە
حەیاتێکی ترم دی، خزم و خوێشان دەوریان دابوم
لەسەر نوێ ھاتمەوە دنیا بەرۆح وەک لوتفی ساوابووم

ئەمە دوورۆژە جەژنی ڕۆحمە، دەنگی وەتەن دەیبەم

خودا دیداری ئێوەشم نسیبکا زۆر ئەبینێ پێم

ھەواڵی ئێوە چۆنە؟ بێمەوە؟ یان ئێوە دێنەلام

نسیب ئەیزانێ، چەندرۆژێکی ترمەعلوم ئەبێ ئەنجام

 

بەوپێیە پیرەمێرد ئاگری جگەری دایکی نیشتمان ئارامی لێ ئەبڕێت‌و ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت‌و ژنەکەی‌و دووکوڕەکەی لەتورکیا بەجێدەھێڵێت وخۆی دەگەڕێتەوە کوردستان.
پاشان حاجی تۆفێق چەند ساڵێک لەسلێمانی ئەمێنێتەوە لە ١٩٢٦ دا لەمانگی کانوونی یەکەمدا شارەوانی سلێمانی رۆژنامەی(ژیان) دەرئەھێنێت بەسەرۆکایەتی (حسێن نازم) و پیرەمێردیش ئەکرێت بە سەرپەرشتیکاری ڕۆژنامەکە.

 
پاش کۆچی دوای حسێن نازم ئیتر پیرەمێرد دەکرێت بە سەرۆکی بەرێوبەڕایەتی ئەو ڕۆژنامەیە، لە ١٩٣٤ پیرەمێرد چاپخانەکەی شارەوانی بەکرێ ئەگرێت‌و مافی ڕۆژنامەی ژیان ئەگۆڕێتە سەر خۆی، پاشان لە ١٩٣٧ لەگەل کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێک دەچێ، چاپخانەکەی شارەوانی لێئەسەننەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات وئەچێت خانوەکەی دەخاتە رەھنی دائیرەی(ئەتیام)ەوە ئیمتیازی رۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت بەناوی (ژین).

 

پیرەمێرد تا دوا ھەناسەی ژیانی سەرقاڵ بووە بە ڕۆژنامە چێتییەوە، تاوەکو لە
١٩حوزەیرانی ١٩٥٠ لە شاری سلێمانی کۆچی دوای دەکات‌و لەسەر وەسێتی خۆی لە گردی مامە یارە نێژرا.

 
پیرەمێرد پێش کۆچی دوای وەستێتنامەیەک دەونوسێ لەوەسێتنامەکەیدا دەڵێت:
ئەمجارە ئەمرم ، لەمردن ناترسم، ژیانێکی باش وعومرێکی درێژم ڕابوارد، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، تاڵی‌و سوێری زۆرم چەشتووە، بە نیوە خوێندەواری لەسلێمانی دەرچووم‌و خوێندنێکی بەرزم ھێنایەوە.
لە بەشێکی تری وەسێتەکەیدا دەڵێت: دووچاوم ھەبوو یەکێ(زانستی)
ویەکێ(ژین) ئێستە کە ئیتر لەوانەیە کەڵکی خزمەتم پێوە نەمێنێ‌و ببم بە بار بەسەر خەڵکەوە،
ئیتر ڕوودەکەمە قاپی ئەبەدی، بەبێ ئەوەی ماڵی کەسم خواردبێ و موحتاجی کەس بووبم..

پیرەمێرد وەک ‌وۆن لەژیانیداو لەوەسێتەکەشیدا گرنگی زۆری بەخوێندەواری داوە و دەڵێت ھەرچەنە ھیوام ئەوەبوو کە ببینم قەوم‌و میللەتەکەم پلەیەک لەوە بەرزترو خوێندەوارترو پێگەیشتووتربن، بوو بەگرێ ولە دڵماو نەمدی.
ھەروەھا پیرەمێرد لە بەشێکیتری وەسێتنامەکەیدا نوسیویەتی: چاپخانەکەم مەفەوتێنن و ئەم قەلەندەرخانەیە تێک مەدەن، ڕۆژنامەکەش لەدەست مەدەن.
پاشان شوێن ماددە مەکەون، دنیا زۆر بەگران مەگرن ، تائەتوانن خزمەتی ڕاست‌و بێ موقابیلی قەوم‌و زمان و وڵاتەکەتان بکەن، دەستی داماویش بگرن، لە دین لامەدەن، خواو پێغەمبەری خۆتان بناسن‌و ڕەوشتتان پاک‌و خاوێن بێ.