فایەق بێکەس لەیاداشتەکانی شێرکۆی کوڕیدا

2018-12-18

هەردی عومەر

بەیانییەکی شوومی زستان،ڕۆژی وا سارد و بەسەرما و سۆڵە و تۆف و تووش کەم بینرابوو،من بۆ خۆم تا گەشتوومەتە ئەم تەمەنە،ڕەنگە هەر چەند جارێ ڕۆژی وا سەختم بینیبێ،باڕێزەیەکی تیژی بەگڤەگڤ و لوورەلوور و ئاسمانێکی خۆڵەمێشی و تەواو نزم و ترسناک.

لەو بەیانییە شوومەدا و لەهۆدە و هەیوانێکی سەرماڵاندا،باوکە فایەق بێکەس لەهەڕەتی پیاوەتی و جۆش و خرۆشی نیشتمانپەروەری و لەگەرمەی وەرزی شیعر و نوسینی خۆیدا و لەتەمەنی (43)ساڵیدا،لەسەر دۆشەکێکی پەڕۆ،دوای کۆکەگرتنێکی توند،دڵی گەورەی لەلێدان کەوت و ساردبووە و جارێکی دی هەڵنەسایەوە.

 "ئەو ڕۆژە شوومە(18/12/1948)بوو" ئەو تاقە دکتۆرەی سمێڵ قیتە میسرییەی لەهەڵەبجەدا هەبوو،وەختێ لەگەڵ کاک ئەحمەدی میرزای ئامۆزای بێکەس دا گەیشتە ماڵەوە،سەماعەکەی نابەدڵییەوە دوای چەند چرکەیەک لایبرد و بەدەنگێکی نزم کۆچی دوایی بێکەسی ڕاگەیاند.

 ئەومردنە لەناکاوەی باوکم،سەرلەبەری ژیانی ئێمەی گۆڕی،دایکم و من و هەردوو خوشکەکەم،بێداڵدە و بێپەنا ماینەوە و هەر ئەو ڕۆژە دوای ئەوەی لە حەوشەکەی خۆماندا بێکەسیان شت و کفنیان کرد.

 لەگەڵ تەرمەکەیدا کە لەسەر پاسێکی تەختە دابەسترابوو،ڕوومانکردەوە شاری سلەیمانی. بیرمە بەو ڕۆژە سەخت و لەو تۆف و کڕێوەیەدا خەڵکێکی زۆر لەقوتابیان و کاسبکاران و هەموو چین و توێژەکانی شاری سلەیمانی،لەچاوەڕوانی گەیشتنی تەرمی بێکەس دا کەسیرە و غەمبار ڕاوەستابوون.

 لە گردی سەیوان و نزیک بە گومەزەکەی شێخ مارفی نۆدێ بەخاک سپێردرا.

(شێرکۆ بێکەس،نوسین بەئاوی خۆڵەمێش،بەرگی ١)

 ....لەنەورۆزری ساڵی ١٩٤٦ دا بێکەس شیعرە بەناوبانگەکەی ئەنوسیت و لەگردی مامەیارە و لەبەردەم ئەدمۆنسی موستەشاری ئینگلیز لە عێراق دا ئەیخوێنێتەوە.

جا مامۆستا برایم ئەحمەد ئەگێڕێتەوە لەگەڵ بێکەس:"گەشتینە گردی مامەیارە،خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە لە ڕیزی پێشەوە ئەدمۆنس و مەعروف جیاوک و ئەشراف و بازرگانی شار دانیشتبوون،کە (پیرەمێرد)ئێمەی بینی هات و وەک دڵی ختوورەی دابێ ڕوویکردە بێکەس و پێیوت:"چۆنە هاتوویت؟!خۆ لێمان تێکنادەی؟!بێکەسیش پێیوت:"نا حاجی مەترسە هیچی وا نییە.!

دوای ئەوەی هەلێک بۆ بێکەس ڕێکدەکەوێت ئەچێتە سەر مەنەسە و شیعرەبەناوبانگەکەی دەخوێنێتەوە:

 دوو کۆپلە لە شیعری بیست و حەوت ساڵە

۱

بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم

بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم

خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم

لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم

کەچی هێشتا هەر دیل و رەنجەڕۆم

گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم!؟

بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم!؟

۲

بیست و حەوت ساڵە من ئەڕەتێنی

بە فڕ و فیشاڵ من ئەخەڵەتێنی

رۆژێ نەوعێکم هەڵ ئەپەڕێنی

بۆ مەرامی خۆت ملم ئەشکێنی

کە ئێشت نەما وازم لێدێنی

گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم!؟

بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم!

(دیوانی فایەق بێکەس،ل/۷٨ محەمەدی مەلا کەریم)