بۆچی پەیكەرەكەی بەردەركی سەرا ناوی پەیكەری شاری لێنراوە؟

2018-12-27


ئاریان عەلی


وەكو سەرپەرشتیارانی پرۆژەكە دەڵێن، پەیکەری شار، ئافرەتێکە، گەلێک پەیام و ئامانجی لە خۆگرتووەو هێمایە بۆ شاری سلێمانی کە شارێکی زیندووە، دەشڵێن ئەم پڕۆژەیە پەیوەست نابێت بە شاری سلێمانیەوە، بەڵکو بەردەوام ئەبێت لە شارو ناوچەکانیتری هەرێمی کوردستان.


بەرزی پەیکەرەکە ٦ مەترە، لە ماتریاڵی برۆنزەو گەورەترین پەیکەرە کە لەو ماددەیە دروست کرابێت لەهەرێمی کوردستان، وە لە کارگەیەک لە هەولێر دروست کراوەو دروستكردنەكەی شەش مانگی خایاندووە.
ئەم پرۆژەیە کاری پەیكەر ساز عبدالحمید الزوبیدیە، گروپی ھونەری دڵخواز سەرپەرشتی كارەكەیان كردووە، پاشان پەیکەرەکە لەلایان پەیکەر ساز کامیار حەمە عەلی، گەورەتر کراوە. کە خاوەنی چەند ئیشێکی ترە وەك، پەیکەری نالی و پە یکەری مەولەوی لە شەقامی مەولەوی، عەلادینی سەجادی و نەجمەدینی مەلا، لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەش چەندان کاری دیکەی درووسکراوی هەیە.

 


  سەبارەت بە دروستکردنی پەیکەرێکی لەو شوێوەیە، چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی پەیکەرتاش و ئەو گروپەی سەرپەرشتیاری کارەکەیان کردووە، کرد. سەبارە بە وەڵامی، بۆچی ناوی پەیکەری شارتان هەڵبژاردوە مەبەست لەم پڕۆژەیە چیه؟
سەبارەت بەوەی كە بۆچی پەیكەرەكە ناوی " پەیكەری شار"ی لێنراوە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەو جێگریی گرووپی دڵخواز کامەران قەرەداغی بۆ دیبلۆماتیك مەگەزین، دەڵێت:" سەرەتا هەڵبژاردنی وشەی پەیکەری شار پڕۆژەیەکە، ئەم پڕۆژەیە پەیوەست نابێت بە شاری سلێمانیەوە، بەڵکو بەردەوام ئەبێت لە شارو ناوچەکانیتری هەرێمی کوردستان ئەمە لەلایەک، لایەکی دیکەوە پەیکەری شار كەسێك نابێت کە پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە هەبێت‌و بە موڵکی خۆیان بزانن، بەڵکو موڵکی هەموو کەسێکەو هەموو کەس ئەتوانن قسەی لەسەر بکەن و به هی خۆیان بزانن"

 
دەربارەی هۆکاری دانانی پەیکەرەکە لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، كامەران قەرەداغی وتی:" ئێمە یەکەمجار ئەم جێگەمان هەڵنەبژارد کە بەردەركی سەرای شاری سلێمانییە، بەڵکو سەر پردی ڕەئووف بەگمان نزیک مۆزەخانەی شاری سلێمانی و بەرامبەر سیتی ستارمان هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی سەنتەری شارەو هەمووکەس دەتوانێت بیبینێت، پاش ئەوەی ڕەزامەندیمان وەرگرت لە شارەوانی سلێمانی کاتێک پڕۆژەکە هاتە بواری جێبەجێکردن، لیژنەیەکی هونەریان پێکهێنا بۆ هەڵبژاردنی شوێنەکەو وتیان لەم شوێنەدا پەیکەرەکە گرفتی بۆ درووست دەبیت و پردەکە هەززەی بۆ دروست ئەبێت، و ناتوانین گرنتی پارێزراوی پەیکەرەکە بکەین بەهۆی ئەگەرێک لەئەگەری ڕووخانی پردی ڕەئوف بەگ، وە خۆیان هەڵسان بە دانانی ئەم جێگەی ئێستای کە یەکێکە لە شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی و هەموو کەس ئەتوانێت بیبینێت".


كامەران وتیشی:" گرووپی هونەری دڵخواز پەیكەرەكەی هەڵ نەبژاردووە، بەڵکو ئێمە لەپێشبڕکێ یەکدا زیاتر لە ۳٨ هونەرمەند تیدا بەژداربوون، لەڕێگەی لیژنەیەکەوە فلتەرێکمان دانا ۲٥،۲٤ دەرچوون دواجار لەڕێگەی لیژنەیەکی حەوت کەسی پەیکەری فەنانێکی بەغدادی بە ناوی عەبدولحەمید الزوبیدی هەڵبژێردرا، کاتێک پەیکەرەکە دەرچوو پێویست بوو چەند گۆڕانکاریایەکی تێدا بکرێت، کاتی خۆی کە فۆڕممان دابەشکرد لە فۆڕمەکەدا نوسراوە کە هەر ماکێتێک هەڵدەبژێردرێت، گروپی هونەری دڵخواز یاخود لیژنەکە دەتوانن گۆڕانکاری تێدا بکەن".


لەبارەی پەیام و ئامانجی پەیكەرەكەوە كامەران وتی:" ئامانج لەدانانی پەیکەری شار كە ئافرەتێکە جلی کوردی لەبەردایەو خۆرێکی بەدەستەوەیە، هێمایە بۆ ڕۆشنگەری ژنانی کورد لەم شارە، وە هێمایە بۆ ئەم شارە شارێکی زیندووە و ئاستی ڕۆشنبیری ژنان کەمتر نییە لە ئاستی ڕۆشنبیری پیاوان، مەبەستمان لەژن، شانبەشانی پیاوانی ئەم شارە لە هەموو ئاستەکان هەنگاو بنێت، وە دەستی دوەمی ڕووی کردۆتە خاکەکەو ئاماژەیە بۆ ئەمە خاکی منە کە کوردستانە، ئەوە منم بوونی خۆم ئەسەلمێنم بە ئازادی خۆم بە ڕۆشنگەری خۆم، بە هیواکانم وەک تیشکی خۆر بگاتە هەموو شوێنێکی کوردستان، وە ژنیش لە کوردەواری لای عەشایەر و هونەرمەندان و ئەدیبان وەک پشتی پیاوان بینراوە".


بە وتەی كامەران قەرەداغی پڕۆژەی پەیکەری شار لە شارو ناوچەكانیتری كوردستان بەردەوام ئەبێت سلێمانی یەکەم کاری تێداکراوە پڕۆژەی دووەمیشیان لە خانەقین ئەنجام دەدرێت‌و کەوتوتە بواری جێبەجێ کردنەوەو لە ۲۰ ی ۲ی ساڵی داهاتوو تەواو دەکرێت.

 


دەربارەی درووست کردن و گەورەکردنی پەیکەرەکە، پەیکەر تاش کامیار حەمە عەلی دەڵێت:" بەرزی پەیکەرەکە ٦ مەترە لە ماتریاڵی برۆنزە توانایەکی زۆری هەیە بۆ مانەوەو ماوەی دروستکردنەکەیشی شەش مانگی خایەندووە، وە لە کارگەیەک لە هەولێر دروستکراوە، سەرەتا ماکێتی بچووک بوو کە هی عەبدولحەمید الزوبیدیە، وەکاری گەورەکردنی ماکێتکە من کردوومە، ئەم کارە گروپی هونەری دڵخواز هەڵساون بە سەرپەرشتیکردنی، بیرۆکەی هونەرمەند عەبدوول حەمید زوبەیدیە جێبەجێکردن و پاش چەند گۆڕانکاریەکی بچووک ئەویش لە سەر ڕەزامەندی هونەرمەند خۆی بوو کاری بڕۆنز ئێمە ئەنجامان داوە، وە یکەمجار خۆری دەستی ژنکە زەردبوو، بەڵام دواتر گۆڕیمان بە ڕەنگی بڕۆنزی وەک پەیکەرەکە خۆی.

وە لەسەر دانانی شوێنەکە، من وەک خۆم شوێنەکەم پێ باش نەبوو شوێنێکی قەرەباڵغە، لەهەموو ئەو وڵاتانەی کە هونەر تیدا بەرجەستەبێت، پەیکەر دائەنێن شوێنێکی پێ ئاوەدان ئەکەنەوە‌و خەڵک ڕائەکێشن بۆلای پەیکەرەکە، بەس بە داخەوە لە وڵاتی ئێمەدا پەیکەر بە زۆر بۆلای خەڵک دەبرێت، هیوادارم بیرلەوەبکەنەوە دیزاینەرەکانی ئەم شارە کە پەیکەر بە ئامانجی هەڵگرتنەوەی مێژوو و جوانکردنی شارە، سەیر ئەکەی ئەم هەموو پەیکەرە لە شەقامی سالمدا هەیە، فلکەکان وگەڕەکەکانی چواردەوری پەیکەری لێ نییە، وە سەرای سلێمانیش بە هەمان شێوەیە شوێنێکی قەرەباڵغە، پەیکەری زۆر لێیە، تۆ ئەبێت جێگایەک ئاوەدان کەیتەوە بە پیکەرەکان، چونکە لە هەموو سەر دێڕی هەوڵەکان کاتێک باسی شارێکت بۆ دەکا، یەکەم شت پەیکەرەکانیت پێ نیشان ئەدات، بە داخەوە لێرە پەیکەر بەزۆر ئەبەنە بەرچاو خەڵک، لە پارکی ئازادی باخێک هەیە بە ناوی پەیکەر دەبیت هەموو پەیکەرەکان لەو جێگەیەبێت، ئیجباریە، من بەلامەوە باش نییە ئەو شێوە بیر کردنەوەیە کە هەموو پەیکەرەکان پێکەوەبێت".