خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ ڕووداوەکەی قەزای چەمچەماڵ

2018-12-28

لەشکر قادر ڕەسوڵ

1

ژنێک و سێ منداڵ دەسوتێن (یان، دەسوتێنرێن) ئەم رووداوە فەزای گشتی کۆمەڵگەی ئێمە داگیر دەکات، سمێڵ سالار و نێر سالارەکانی کورد لەبەردەم ئەو ڕووداوەدا دەمامک و ماسک و ماکیاژی عەقڵى خێڵەکی و نامەدەنی خۆیان دەکەن. خۆیان وەکو شیوەنگێڕ ژیاندۆست و فریشتە بەرامبەر ژن پیشان دەده‌ن، بەڵام لەماڵەکەی خۆیدا ژیانێکی جەھەنەمی بۆ ژن دروستکردووەو بەھەزارەھا ڕێگا ژن دەباتەوە سەر مەرگدۆستی.

لەناو زۆربەی خێزانی کورددا توندوتیژی ئامادەیەکی گەورەی ھەیە، ئەگەر لەئاستی فیزیکیش نەبێ توندوتیژی زمانەوانی و دەرونی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی کۆمەڵگەی ئێمەی داگیرکردووە.

2

نێر سالارەکانی کورد کە ئێستا بوون بە شیوەنگێڕو بەرگریکاری ماف و ئازادیەکانی ژن، لەبنەڕەتدا ئەو عەقڵە کۆنەپارێز و نەریتخوازانە ھیچ بڕوایان بە ماف و ئازادی ژن نییە، بەڵکو ئەمە تەنھا دەمامکەو سایکۆلۆجیا نێێرسالاریەکەی جوڵاوەو دەیەوێت لەسەر ئەم ڕووداوە بە ڕستە فریودەرەکانی وێنەیەکی جوانی بەرگریکارانە بۆخۆی دروست بکات، ئەویتری ناو پڕۆسەکە بەنەفرەت بکات.

3

بەبڕوای من لەسەدا ٩٠ ی خێزانی کورد لەڕووی ”ڕۆحی و خۆشەویستی”ەوە دەمێکە لەیەکتر جیابونەوەو یەکتریان تەڵاق داوە، زۆر جار ھیچ ڕەبتێک لەنێوان ئەو دوو مرۆڤەدا نامێنێ، ھیچ ھێزێکی مەعنەوی و عاتفی ئەو دوو ئینسانە بەیەکەوە کۆ ناکاتەوەو ھەردوکیان لەناو دوو جیھانی تەواو جیاواز دا دەژین. بەڵام لەبەر ھێزی سیستەمی کۆمەڵایەتی و کولتوور لەترسی (عەیبەی کۆمەڵایەتی، توندوتیژی ڕەمزی، باسکردنی خەڵک، ھەبوونی منداڵ، ھێزی خێزانی کوڕ و کچە) بەشێوەیەکی ساختە لەژێر یەک سەقفدا بەردەوامی بە ژیانی خۆیان دەدەن. ئەمە نەک بێڕێزیکرنە بە ئینسان بەڵکو چرکەساتێکە کە کارەکتەری مرۆڤ بەگشتی و ژن بەتایبەتی لەڕووی کەسایەتی و مەعنەویەوە تیرۆر دەکرێت.

4

ژن و پیاوێک کاتێک لە چوارچێوەی گرێبەستی «کۆمەڵایەتی و ئاینی و یاسایی» دەچنە ناو پڕۆسەی ھاوژینی. بەھۆی لاوازی ھوشیاری خێزانی و سێکسی و ناھوشیاری بەرامبەر ڕەفتار و پەیوەندی و نەزانینی ھونەر و سەقافەی ژیانکردن بەیەکەوە ناتوانن فەراغی (جەستەیی و دەروونی و مەعنەوی) یەکتر بەباشی پڕبکەنەوە. لەدوای دروستبونی ئەو فەراغە یەکەمین شت کە لەنێوان ئەو دوو ئینسانە دەمرێت بریتییە لە ”خۆشەویستی” .

5

ئەم ڕووداوە تەنھا کەسێک یان چەند کەسێک لێی بەرپرسیار نین، بەڵکو ئەمە کێشەیەکی پەردەوەردەیی و کولتووریە. ھەموو سادەکردنەوەیەکی ئەم کێشەیە بۆ تەنھا ڕوداوێک بێڕێزیەکی گەورەیە بە خودی قەزیەکە خۆی، لەھەمانکاتدا بێحورمەتیشە بەرامبەر بە دۆزی ژن لەکۆمەڵگەی ئێمەدا.

6

بۆئەوەی ژن قوتاربکرێت لەدەست ئایدیاو تەسەوڕی باوکسالاری و سنورێک بۆ ئەو ھەموو تراژیدیاو مەرگەساتە دابنرێت، پێویستە سەرلەنوێ گوتاری ڕۆشنبیری و گوتاری ھوشیاری تاک بگۆڕێت. دەستکاری پەروەردە و ئەو پەتا کولتووریە بکرێت، پێویستە لەمێنتێڵێتی خێڵەوە بگوازینەوە بەرەوە سەرڕێگاخستنی کولتووری مەدەنی، بۆھێنانەدی ئەمەش پێویستیمان بە کۆمەکی عەقڵ و ڕۆڵی مەعریفە و فیکرە. نابێ ڕێگەبدرێت دەنگی زانست و گوتاری عەقڵانی لەناو ھەیەجانی جەماوەردا بکوژرێ و لەناوبچێت.

7

لێرەدا سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ دوو نموونە کەدەلالەت لە ئامادەیی بەھای کۆنەپارێزو خێڵەکی کۆمەڵگەی ئێمە دەکەن و ئەڕووداوەش لێرەو لەئێستادا نەخوڵقاوە بەڵکو درێژکراوە و بەرھەمی ئەو کولتوورو ئەقڵیەتە خێڵەکی و ناشارستانییە.

یەکەم: لەکولتووری خێڵدا ژن وەک کاڵا سەردەکرێ و بەشێکە لە کەل و پەلی پیاو، یان دەبێتە موڵکی پیاو، بۆنموونە سەرۆک خێڵێک دەکرێت بڵێت: من هەزار سەر مەڕو پەنجا تفەنگی بڕنۆ و هەزار دۆنم زەوی و چوار لاندگرۆزو سێ ژنم هەیە.

دووەم: لەکۆندا ئەگەر کچێک لادانی کردبێت لە حەرامەکانی خێڵ و لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێک پەیوەندی خۆشەویستی ھەبووبێ، ئەگەر لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پێی زانرا ئەوا: سەری دەتاشن، خۆڵ و دۆی بەسەردا دەکەن، پاشەو پاش سواری کەرێکی کلک بڕاوی دەکەن، منداڵ و تواڵ بەتەنەکە لێدان بەدوای دەکەون تاکو شاربەدەری دەکەن.

ھەموو ھەموو ئەو ڕەفتارە توندوتیژی و کوشتن و نادادی جێندەری و.... ھتر درێژکراوەی ھەمان كولتوور و پەروەردە و عەقڵیەتی خێڵە. بۆ بۆ دەسکاریکرن و گۆڕانکاری تیایدا پێویستە دژی ڕیشە کولتووری و پەروەردەیی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە بین.