بۆچى زەیدییەكان نزیكترین گروپی شیعەكانن لە مەزهەبە سوننیەكانەوە؟

2019-01-02

د. ئومێد عوسمان

 

مێژووی سەرهەڵدانی زەیدی

یەكێك لەو گرووپانەی شیعە كە لە مێژووی ئیسلامدا پێگە و كاریگەرییان هەبووە زەیدیەكانن، زەیدیەكان شوێنكەوتەی ئیمام زەیدی كوڕی عەلی كوڕی حسەینی كوڕی عەلی كوڕی ئەبی تالیبن، ئیمام زەید لە ساڵی (80ك) لە دایك بووە، كەسایەتیەكی ئازا و لێبوردە و زاناو لە خواترس بووە، پەیوەستبووە بە قورئانی پیرۆز‌ و سوننەتی پێغەمبەرەوە، سەرەتا لای باوكی ‌و براگەورەكەی (محەمەد باقر) لە شاری مەدینە خوێندوویەتی، دواتر سەردانی عێراقی كردووە، لە شاری بەسرە ماوەیەك لای واسڵی كوڕی عەتا خوێندوویەتی، هەندێك دەڵێن ئیمام زەید لای واسڵ نەیخوێندووە، بەڵكو لەسەر چەند مەسەلەیەك گفتوگۆیان كردووە و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە، هەرچۆنێك بێت ئەم بەیەكگەیشتنەی واسڵ ‌و ئیمام زەید كاریگەری خۆی دەبێت، دواتر زۆرێك لە بنەما فیكریەكانی موعتەزیلە لە بۆچوونی ئیمام زەید و زەیدیەكاندا رەنگدەداتەوە.

 

 ئیمام زەید خۆی‌ و خزمەكانی بەردەوام لەلایەن خەلیفەی ئومەوی (هیشامی كوڕی عەبدولمەلیك)ەوە بێڕێزی ‌و سوكایەتیان پێدەكرا و ئازاردەدران، لەبەر ئەوە لە ساڵی (121ك) ئیمام زەید بانگەشەی شۆرشی دژی ئومەویەكان راگەیاند‌، لە مانگی سەفەری ساڵی (122)دا زیاتر لە پانزە هەزار كەس لە خەڵكی كوفە و دەوروبەری بەیعەتیان پێدا، خۆیان ئامادەكرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئومەویەكان.

 

كاتێك سوپای ئومەویەكان بە سەركردایەتی یوسفی كوڕی عومەر لە سوپای ئیمام زەید نزیك بوویەوە، زۆربەی لایەنگرانی ئیمام زەید تووشی ترس ‌و دڵەراوكێ بوون‌ و لە بیانوو دەگەڕان بۆ خۆ دەربازكردن، تا لە ئەنجامدا لەكاتێكی زۆر هەستیار ‌و مەترسیداردا پشتیانكردە ئیمام زەید‌ و لێی جیابوونەوە، بەتایبەتی ئەوەیان كردە بیانوو كە ئیمام زەید بەباشی باسی ئەبوبەكر و عومەری كردووە..

 

ئیمام زەید بە خۆی ‌و ژمارەیەكی كەم لە كەسە دڵسۆزەكانی، زۆر ئازایانە و خۆڕاگرانە بەرەنگاری سوپای بێشوماری ئومەویەكان بوونەوە، لەپاش چەند رۆژ شەڕكردن ئیمام زەید تیرێك بەر ناوچەوانی كەوت و بەهۆیەوە وەفاتی كرد، دواتر كەسە نزیكەكانی تەرمەكەیان دوورخستەوە و بەنهێنی بەخاكیان سپارد، ئەوەندەی نەبرد ئومەویەكان لە رێگەی بەكرێگیراوەكانیانەوە شوێنگۆڕەكەیان دۆزیەوە و تەرمەكەیان لە خاك دەرهێنا‌ و لەخاچیاندا، لەپاشان سوتاندیان.

 

  لەپاش كوژرانی زەید، یەحیای كوڕی سەروكاری زەیدیەكانی گرتەدەست ‌و لە سەردەمی خەلیفەی ئومەوی (وەلیدی كوڕی یەزید) لە ساڵی (125ك)  شۆرش ‌و راپەڕینی راگەیاند، ئەمیش زۆری نەبرد لە ناوچەی خۆراسان كوژرا و لە خاچدرا.

 

جارێكی تر زەیدیەكان لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی (ئەبوجەعفەری مەنسور) بەسەركردایەتی هەردووبرا (محەمەد ‌و ئیبراهیم كوڕانی عەبدوڵای كوڕی حەسەن) راپەڕینیان ئەنجامدا، ئەمانیش لە ساڵی (145ك) كوژران ‌و لەدوای سەربڕینیان، سەریان نێردرا بۆلای ئەبوجەعفەری مەنسور.

بەدرێژایی سەدەی دووەم ‌و سێیەمی كۆچی زەیدیەكان لە شۆرش‌ و راپەڕیندابوون دژی خەلیفەكانی عەباسی، بەڵام زۆربەی هەوڵەكانیان بێهوودە بوو، تا لە كۆتایی سەدەی سێیەمدا یەكێك لە پێشەواكانیان كە ناسرابوو بە (ناسری ئوتروش) توانی لە رێگەی بانگەشەكردن بۆ مەزهەبی زەیدی كاروباری هەندێك لە ناوچە دوورەدەستەكانی دەیلەم‌ و رەی ‌و تەبرستان بگرێتەدەست .

 

 هاوكات یەحیای كوڕی حسەین ناسراو بە ئیمام هادی، یەكێك بووە لە گەورە پێشەوای زەیدیەكان توانی لە ساڵی (284ك)  بەدواوە پێگەی زەیدیەكان لە زۆربەی ناوچەكانی یەمەندا قایمبكات، ئیتر لەو مێژووە بەدواوە وڵاتی یەمەن بووە ناوەندی سەرەكی زەیدیەكان.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئیمام مەنسوری زەیدی لە دژی توركەكان راپەڕی ‌و دوڵەتێكی سەربەخۆی زەیدی دامەزراند، تا ساڵی (1962) زاینی بەردەوامبوو، لە ئەمڕۆشدا زەیدیەكان بە شێوەیەكی بەربڵاو لە زۆربەی ناوچەكانی یەمەن بوونیان هەیە.

 

 

راوبۆچوونی كەلامی ‌و سیاسی زەیدیەكان

 

زەیدیەكان نزیكترین گروپی شیعەكانن لە مەزهەبە سوننیەكانەوە، لە زیادەڕۆیی ‌و داخراویی گروپەكانی تری شیعەوە دوورن، لە زۆرێك لە مەسەلە كەلامیەكاندا كاریگەری موعتەزیلەیان پێوە دیارە، هاوكات لە چەندین مەسەلەشدا لەگەڵ ئاڕاستە سوننیەكاندا یەكدەگرنەوە، رۆحی شۆڕگێڕیی لە بۆچوونە سیاسیەكانیاندا رەنگیداوەتەوە، دەتوانین لەم خاڵانەدا ئاماژە بەگرنگترین بۆچوونە سیاسی ‌و كەلامیەكانیان بدەین:

 

   1ـ پێشەوایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی موسوڵمانان‌ و مەرجی چاكترین كەس بۆ ئەو پێگەیە پێكدێت، هاوكات ئەگەر بەرژەوەندی موسوڵمانان بخوازێت كەسێكی خوارتر پێشەوا بێت دروستە، لەم روانگەوە زەیدیەكان پێیانوایە ئیمام عەلی لە دوای پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) چاكترین كەس بووە، هاوكات پێشەوایەتی ئەبوبەكر و عومەریش رەوا و دروستبووە، چونكە ئەوكات بەرژەوەندی موسوڵمانان وایخواستووە ئەوان لە پێش عەلیدا ببنە پێشەوا.

 

   2ـ  دەبێت پێشەوا كەسێكی زانا و دانا و ئازا و بوێر و شۆڕشگێڕ بێت، دژی ستەمكاران راپەڕێت، لەنەوەی فاتیمەی كچی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) بێت، لەرێگەی حەسەنەوە بێت یان حسەین جیاوازی نییە، ئەمەش پێچەوانەی رای ئیمامیەكانە كە دەڵێن پێشەوا دەبێت لە نەوەی حسەین بێت، هەروەها دروستە لەیەك كاتدا‌ و لە دوو ناوچەی جیاوازدا، دوو پێشەوا هەبێت‌ و خەڵك بەیعەتیان پێبدات..

 

    3- ئیمام زەید زۆرێك لەو بنەمایانەی رەتكردۆتەوە كە ئیمامیەكان باوەڕیان پێیەتی، لەوانە: دەق‌ و دیاریكردن (النص والتعیین)، پارێزراوی پێشەواكان (عصمه‌ الائمه‌)، گەڕانەوەی پێشەواكان (رجعه‌ الائمه‌) ، لەسەروو ئەمانەشەوە بیرۆكەی تەقیە و دەركەوتنی موعجیزە لەسەر دەستی پێشەواكان.

لەگەڵ ئەمەشدا زۆرێك لە زەیدیەكان لە ئیمام زەید و پێشینەكانیانەوە دەگێڕنەوە، كە تەنها پێشەوایەتی عەلی‌ و حەسەن‌ و حسەین لە رێگەی دەق‌ و دیاریكردنەوە بووە،  هاوكات  لەدوای پێغەمبەریش تەنها عەلی ‌و فاتیمە و حەسەن ‌و حسەین پارێزراوبوون.

 

     4- زەیدیەكان لە زۆرێك لە بنەما عەقیدەیەكاندا لەگەڵ موعتەزیلەكاندا یەكدەگرنەوە، بە تایبەت بنەماكانی (یەكتاپەرستی، سیفاتەكانی خودا،  دادی خوایی، پێغەمبەرایەتی، پاداشت‌ و سزا، یان پەیمان‌ و هەڕەشە)، هەربۆیە زەیدیەكان بەتوندی دژی بیری جەبریەت، نیسبەتدانی خراپە بۆلای خودا، بینینی خودا لە رۆژی دواییدا‌ و ئەزەلیەتی وتەی خودا وەستاونەتەوە، هەرئەمەش وایكردووە هاوشێوەی موعتەزیلەكان زەیدیەكانیش بە (العدلیه‌) ناسراون.

 

5- بە پێچەوانەی موعتەزیلەكانەوە زەیدیەكان لایانوایە بكەری تاوانە گەورەكان جگە لە تاوانی هاوبەش بۆ خودا پەیداكردن، لە سیفەتی موسوڵمانێتی دانابڕێت، ئەوەندە هەیە كەسێكی تاوانبارە، خودای پەروەردگار لە رۆژی دواییدا سزای دەدات، دواتر پاكدەبێتەوە و دەچێتە بەهەشت، هاوكات هەندێك لە دوایینەكانیان لایانوایە ئەگەر بكەری تاوانە گەورەكان تۆبە نەكات ‌و سوور بێت لەسەر تاوان، دەچێتە دۆزەخ بە هەتایی.

 

6-  زەیدیەكان باوەڕیان بە سزای ناوگۆڕ هەیە، هاوكات زۆرێك لە حاڵەت‌ و وردەكاریەكانی رۆژی دواییان بە واتا حەقیقیەكەی وەرگرتووە، بە پێچەوانەی موعتەزیلەكان كە راڤەی مەجازییان بۆ ئەو حاڵەت‌ و وردەكاریانە كردووە.

7- لای زەیدیەكان عەقڵ دەتوانێت پەی بە باشی ‌و خراپیەكان بەرێت لە پێش هاتنی شەرعدا، بەڵام بنەمای تەكلیف ‌و پاداشت‌ و سزا تەنها لە رێگەی شەرعەوە دەبێت. ئەمە رای ئیمام ئەبو حەنیفە و ماتوریدیەكانیش بووە، رایەكی ناوەند بووە لە نێوان رای موعتەزیلە و ئەشعەریەكاندا.

 

8- قورئان بەهێزترین بەڵگەی پێغەمبەرایەتی موحەمەدە، رەوانبێژی‌ و داڕشتنەكەی بێهاوتایە، هیچ كەم‌وكورتی ‌و زیادوكەمیەكی تێدا نییە، خودا پەیمانی پاراستنی داوە.

9-  واجبێتی فەرمان بە چاكە و رێگری لە خراپە لە رێگەی دەست ‌و زوبانەوە لە بنەما سەرەكیەكانی ئایینی ئیسلامە، لێرەوە زەیدیەكان، شۆڕش‌ و راپەڕینیان دژی فەرمانڕەوای ستەمكار و تاوانبار بە واجب داناوە.

 

10-  بەهۆی كاریگەری زەیدیەكان بە عەقڵانیەتی موعتەزیلە لە لایەك‌ و باوەڕی تەواویان بە وەستانەوە و شۆرشكردن دژی ستەمكاران لە لایەكی ترەوە، بە توندی تێڕوانینی عیرفانی‌ و ئاڕاستەی سۆفیگەریان رەتكردۆتەوە.

بەدرێژایی مێژووی زەیدیەكان چەند لق ‌و گروپێكیان لێبووەتەوە، دیارترینیان: بەتریەكان، ساڵحیەكان، سولەیمانیەكان یان جەریریەكان، جاروودیەكان،  ئەم گروپانە بێجگە لە جارودیەكان، لە بۆچوونی ئیمام زەید لایاننەداوە لە هەندێك مەسەلەدا نەبێت، بەڵام جارودیەكان زیاتر لە شیعەی ئیمامیەوە نزیكن.

 

 

فیقهی زەیدی

 

    ئیمام زەید زانایەكی ناودار و فەقیهێكی بەتوانای سەردەمی خۆی بووە، سەرمایەیەكی گەورەی فیقهیی لێبەجێماوە، لە رێگەی قوتابیەكانیەوە تۆماركراوە و پارێزراوە، دواتر زەیدیەكان لەسەر بنەمای بۆچوونی پێشەواكەیان‌ و بەراوردكردنی ڕاكانی بە ڕای پێشەوایانی وەك ئەبوحەنیفە ‌و مالك‌ و شافعی ‌و ئەحمەد‌ و جەعفەری سادق‌ و كەسانی تر، رێبازێكی فیقهیی فراوان ‌و سەربەخۆیان بنیاتناوە.

 

لەوانەیە هەڵە نەبین ئەگەر بڵێین فیقهی زەیدی پێشەنگی فیقهی سەرجەم مەزهەبە سوننی ‌و شیعیەكانە لە رووی كرانەوە‌ و وەرگرتن لە ئەوانی تر، ئازادی لێكۆڵینەوە‌ و رەخنەگرتن، كاڵیی دیاردەی چاولێكەری‌ و دەمارگیریی مەزهەبی تێیدا.

هەرچەندە بە شێوەیەكی گشتی فیقهی زەیدی لە سەرەتاوە زیاتر لە فیقهی حەنەفیەكانەوە نزیك بووە، بەڵام دواتر گەورە فەقیهـ و زانایانیان هەوڵیانداوە لە میتۆدی ئیجتیهاد‌ و راڤەی تەشریعیی مەزهەبەكانی تریش سوودمەند بن، لەبەر ئەمە فیقهی زەیدی فیقهێكی وشك ‌و وەستاو نەبووە، بەڵكو هەمیشە لەگەشەكردن‌ و نوێبوونەوە و فراوانبووندا بووە، كە ئەمەش چەندین هۆكاری بەهێزی لە پشت بووە، لەوانە:

 

1-  زەیدیەكان خاوەنی میتۆدێكی تەشریعی تۆكمەی كۆكەرەوە بوون لە نێوان عەقڵ ‌و دەقدا، سەرچاوەی شەریعەت ‌و بنەمای هەڵگۆزینی حوكمە شەرعیەكان لەلایان لە چەندین سەرچاوەدا خۆیدەبینێتەوە، كە دەتوانین بە كورتی ئاماژەیان پێبدەین:  قورئانی پیرۆز،  سوننەتی پێغەمبەر، كۆدەنگیی زانایانی ئەهلی بەیت  (الإجماع الخاص)،  كۆدەنگیی زانایانی موسوڵمان بەگشتی (الإجماع العام)،  پێوانەكاری (القیاس)، ئیستحسان، بەرژەوەندی واڵا (المصلحه‌ المرسله‌)،  گەڕانەوە بۆ بنەمای یەكەمجاری حوكم (الاستصحاب )،  وتەی هاوەڵان ‌و گەورە پێشەوایان، بەڵگەی عەقڵ.

 

2- بەردەوام دەرگای ئیجتیهاد واڵابووە و چاولێكەری  نادروست بووە، هیچ بەربەست ‌و رێگریەك نەبووە لەبەردەم زانایان‌ و شەرعزانانیاندا لە ئیجتیهادكردن.

3- زەیدیەكان خۆیان بەدوور گرتووە لە دەمارگیری مەزهەبی، هەردەم هەوڵیانداوە سودمەند بن لە بیروبۆچوونی ئەوانی تر23، هەربۆیە دەبینین لە نموونەی كتێبە فیقهیەكانی وەك (البحر الزخار الجامع لمژاهب علما‌و اڵامصار، الروچ النچیر شرح مجموع الفقه الكبیر) و چەندینی تر  میتۆدی  فیقهی بەراوردكاری باڵادەستە تێیاندا.

 

    4- بڵاوبوونەوەی مەزهەبی زەیدی لە زۆربەی ناوچە چەپەك و دووردەستەكانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەند، بەمەش زەیدیەكان ئاشنابوون بە چەندین بیر‌وبۆچوون‌ و دابونەریت ‌و كەلتوری جیاواز و هەندێكجار دژیەك.

 

5- لەگەڵ پەیوەستبوونی  زانایانی مەزهەبی زەیدی بە میتۆد و هێڵە گشتیەكانی ئیجتیهاد وەك ئەوەی لە ئیمام زەیدەوە گێڕدراوەتەوە، هاوكات چەندین پێشەوا و موجتەهیدی بەناوبانگ لە هەموو سەردەمەكاندا بوونیان هەبووە، لە چەندین باس‌ و بابەتدا بە پێچەوانەی ئیمام زەیدەوە ئیجتیهادیان كردووە، لە پێشەنگی ئەوانەش: قاسمی كوڕی ئیبراهیمی رەسی لە (246ك) مردووە، پێشەوای لقی قاسمیە لە فیقهی زەیدیدا، خاوەنی چەندین نوسراوە لە فیقهـ و عەقیدە و رەتدانەوەی زیادەڕەویەكانی شیعە و جەبریەكاندا، یەحیای كوڕی حسەین ناسراو بە هادی لە (298ك) مردووە، پێشەوای لقی هادەویە لە فیقهی زەیدیدا، حەسەنی كوڕی عەلی ناسراو بە  ناسری ئوتروش لە (304ك) مردووە، پێشەوای لقی ناسریە، ئەحمەدی كوڕی حسەین ناسراو بە  موئەیەد بیللا لە (411ك) مردووە، ئەحمەدی كوڕی یەحیا، ناسراو بە ئیبنولمورتەزا لە (840ك) مردووە،  خاوەنی دەیان نووسراوە لە زانستە شەرعیەكاندا.

 

   لەلایەكی دیكەوە لەم چەند سەدانەی دواییدا، لە نێو زانایانی زەیدیدا چەند كەسانێك دەركەوتن، بە توندی  دژایەتی چاولێكەری ‌و شوێنكەوتەی كوێرانەی مەزهەبییان دەكرد، تەنها شوێن بەڵگەی راست ‌و دروست ‌و بەهێز دەكەوتن، هەرچەندە ئەنجامی ئەو بەڵگانە،  پێچەوانەی مەزهەبی زەیدی‌ و ئاڕاستە فیقهیەكانیشی بوایە، لەناودارترینی ئەو زانایانە: ئیبنولوەزیری یەمانی لە (840ك) مردووە، جەلالی یەمەنی لە (1084ك) مردووە، ساڵحی كوڕی مەهدی موقبیلی لە ( 1108ك) مردووە، سەنعانی لە ( 1182ك) مردووە،  شەوكانی لە (1250ك) مردووە .

 

   لە بڵاوترین سەرچاوە فیقهیەكانی مەزهەبی زەیدی: (المجموع الفقهی) یان (المجموع الكبیر)ی ئیمام زەید، (الانتصار علی مژاهب علما‌و اڵامصار فی تقریر المختار من مژاهب اڵائمه‌ وأقاویل علما‌و اڵامه‌) ی موئەیەد بیللا، (الروچ النچیر شرح مجموع الفقه الكبیر)ی ئەحمەدی كوڕی حسەینی سیاغی، هەروەها كتێبـی (البحر الزخار الجامع لمژاهب علما‌‌و اڵامصار) دانراوی ئیبنولمورتەزا.

 

لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی پێشتر ئاماژەی پێدرا لە نوێخوازی‌ و كرانەوە و زیندوێتی لە مەزهەبی زەیدیدا، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە هەندێجار و لە چەند سەردەمێكدا ئاڕاستە جیاوازەكانی فیقهی زەیدی (قاسمی، هادەوی، ناسری) لە نێو خۆیاندا زۆر توند بوون ‌و یەكتریان تۆمەتباركردووە، كە زۆرتر هۆكارەكان سیاسی بوون‌ و زوو تێپەڕێندراوە، بەلام ئەوەی مایەی سەرنجە لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆربەی ناوچەكانی یەمەن دوچاری  ململانێی توندی ناوخۆیی بوونەتەوە، هاوكات بەهۆی خۆهەڵقورتانی هەركام لە ئێران ‌و سعودیە لە كاروباری یەمەندا و كاركردنیان دژی یەكتر، زۆرتر ململانێكان بەرگێكی ئایینی مەزهەبی پێوەلكێنراوە، ئەمەش گەورەترین كاریگەری نەرێنی لەسەر فیكر و فیقهی زەیدی لە ناوچەكەدا دروستكردووە، كە دوور نییە لە داهاتوودا زەیدیەكان ببنە بەشێك لە ئیمامیەكان.

 

 

سەرچاوە و پەراوێز:

 

1- –  أبو زهره‌:  الإمام زید، حیاته وعصره، ێراۆه وفقهه، دار الفكر العربی، القاهره‌، 2005،  ص42.

النشار، علی سامی: نشأه‌ الفكر الفلسفی فی الإسلام، دار السلام، القاهره‌، گ1، 2008،2/791.  الأكوع، إسماعیل بن علی: الزیدیه‌، نشأتها ومعتقداتها، مكتبه‌ الجیل الجدید، صنعا‌و، گ3، 2007، ص 14.

2- –  الگبری: تأریخ الرسل والملوك، تحقیق: محمد أبوالفچل إبراهیم، دار المعارف، مصر، 7/160-173.  الأمین، محسن: أعیان الشیعه‌، تحقیق: حسن الأمین، دار التعارف، بیروت، 1983، 7/115.

3-   الگبری: سەرچاوەی پێشوو7/180.

4- هەمان سەرچاوەی پێشوو7/186.

5-   الگبری:سەرچاوەی پێشوو7/228. الشهرستانی: الملل والنحل، صححه وعلق علیه: أحمد فهمی محمد، دار الكتب العلمیه‌، بیروت، گ2، 1992، 1/155.

6- ابن الأپیر: الكامل فی التأریخ، تحقیق: أبوالفدا‌و عبدالله القاچی، دار الكتب العلمیه‌، بیروت، گ 1987،3، 7/160- 175. الشهرستانی: سەرچاوەی پێشوو1/156.

7-  الشهرستانی: سەرچاوەی پێشوو1/156. الأكوع: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل31.

8-  الأكوع: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل32.

9-  الشهرستانی: سەرچاوەی پێشوو 1/154. ابن المرتچى:  مقدمه‌ كتاب البحر الزخار الجامع لمژاهب علما‌و الأمصار، تحقیق: عبدالله بن عبدالكریم الجرافی، دار الحكمه‌ الیمانیه‌، صنعا‌و، تصویر الگبعه‌ الأولى، 1989،ص 40. الأكوع: سەرچاوەی پێشوو ل 16 .

10-  الشهرستانی: سەرچاوەی پێشوو 1/154. ابن حمزه‌: الرساله‌ الوازعه‌ للمعتدین عن سب صحابه‌ سید المرسلین، المگبعه‌ المنیریه‌، القاهره‌، 1348ﻫ، ص 28.  ابن المرتچى: سەرچاوەی پێشوو، ل 40.

11-  أبوزهره‌:سەرچاوەی پێشوو ل 195،200،  204، 220.

12-  این حمزه‌: سەرچاوەی پێشوو، 8.  ابن المرتچى: سەرچاوەی پێشوو ، ل92، 96.

13-  ابن المرتچى: سەرچاوەی پێشوو ، ل 52، 61.  النشار:سەرچاوەی پێشوو2/ 806، 807.

14-   ابن حمزه‌:سەرچاوەی پێشوو، 31. الجلال الحسنی: العصمه‌ عن الچلال، المگبعه‌ المنیریه‌، القاهره‌، 1348ﻫ،ص 19.  النشار:سەرچاوەی پێشوو2/ 808.

15-  ابن المرتچى: سەرچاوەی پێشوو ، ل84.

16-  الجلال الحسنی: سەرچاوەی پێشوو ، ل 15. أبوزهره‌: سەرچاوەی پێشوو ، ل 230.

17-   ابن المرتچى:سەرچاوەی پێشوو ، ل75.

18- سەرچاوەی پێشوو ل96.

19-  مادیلونغ، ویلفرید:  موقف الزیدیه‌ إزا‌و الصوفیه‌، مجله‌ المسار، مركز التراپ والبحوپ الیمنی، السنه‌ الپامنه‌، العدد الپالپ والعشرون والرابع والعشرون 2007، ص 125.

20-  ابن حمزه‌: سەرچاوەی پێشوو، 34. الأكوع: سەرچاوەی پێشوو ل 30.

21-  ابن المرتچى: سەرچاوەی پێشوو، ل160و له‌وه‌دوا. أبوزهره‌: سەرچاوەی پێشوو ، ل355 و لەوەودوا.

22-  أبو زهره‌: سەرچاوەی پێشوو 475. الأكوع: سەرچاوەی پێشوو، ل 32.

23-  أبو زهره‌: سەرچاوەی پێشوو ل490.

24- سەرچاوەی پێشوو ، ل490.

25-  الأكوع:سەرچاوەی پێشوو ، ل 42.