دكتۆر عەلی زەڵمی: پەیوەندی نێوان تاك‌و حیزب هەمان پەیوەندی نێوان خێڵ‌و ئەندامانی خێڵە

2018-02-17


نوسەرو ڕۆشنبیر، دكتۆر عەلی زەڵمی، لەم دیدارەیدا لەگەڵ " دیپلۆماتیك مەگەزین"، سەبارەت بە خێڵ‌و حیزبی كوردی دەدوێت‌و بڕوایوایە ئەو تەماهی‌و پەیوەندیەی لەنێوان تاکی کوردی‌و حیزبەکانی ئەم هەرێمەدا هەیە، درێژکراوەی هەمان پەیوەندی پێشوتری نێوان خێڵەکان‌و ئەندامانی خێزانەکانە، هەربۆیە پێیوایە ئەو فاکتانەی لەپشت ئەوە ئەوە بوون وا بکات کە تاکێکی ئەو سەردەمەی کورد وەلائی بۆ خێڵکەی هەبێت تاڕادەیەک هەمان هۆکارن ئێستاش وا دەکەن تاکێکی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی وەلائی هەبێت بۆ حیزبێک لە حیزبەکان.

دیپلۆماتیك مەگەزین: کە دەڵێین حیزبی کوردی فۆرم و سیستمی" خێڵ"ی تێنەپەڕاندووە، با بپرسین لە پێکهاتەو دونیابینی و لە گوتارو لە ڕەفتاردا، چۆن گوزارشتی لەم خێڵبوونەی خۆی کردووە؟

دكتۆر عەلی زەڵمی: دەبێت لەسەرەتادا ئەوە روونکەینەوە کە مەبەستم لە خێڵ‌و سیستمی خێڵایەتی چییە، خێڵ لە پێناسە ئەنسرۆپۆلۆژی‌و سۆسیۆلۆژییەکاندا بە مانای گروپێک، یان کۆمەڵە خەڵكێک دێت کە هێشتا لە قۆناغی بەربەری سەرەتاییدا دەژین، واتە نا شارستانی، بەجۆرێ کە هەموویان دان دەنێن بە سەرۆک خێڵێک‌و لەفەرمانی دەرناچن‌و هەروەها هەرهەموشیان دەچنەوە سەر یەک بەرەباب.


" دی ئێن ماجومەدار" وا پێناسەی خێڵ دەکا کە گروپێکی کۆمەڵایەتی وابەستەی یەکتر، واتە خاوەن یەکجۆر ئینتماو بێئەوەی تایبەتمەندی پیشەیی دیاریکراو بێت بۆ هەرکەسێک‌و لەلایەن سەرۆک خێڵەوە کارو ئەرکیان بۆ دیاری دەکرێت، یەک زمان‌و دیالێکت کۆیاندەکاتەوە.


ئێمە لێرەدا چ ئەو پێناسە گشتییەی سەرەوە بۆ خێڵ‌و پێکهاتەی خێڵ تێدەپەڕێنین‌و هەروەها تا ڕادەیەکی زۆریش پێناسەکەی ماجومەداریش جێ دەهێڵین، بەڵکو ئێمە مامەڵەیەکی جیاواز دەکەین لەگەڵ چەمکی خێڵ، زیاترمەبەست لە بەکارهێنانەکەی دەبەستینەوە بە کۆمەڵێک بەهاو نۆرمی کۆمەڵایەتی لەناو گروپێکی کۆمەڵایەتیدا، بەجۆرێک ئەو بەهاو نۆرمانە بوونەتە رەنگڕێژکردنی جۆرێک لە ئەقڵیەت‌و دونیابینی سیاسی‌و ئەو گروپە دەقی پێوە دەگرن‌و قوتاربوون لەو چەقبەستووییە کارێکی هەروا ئاسان نییە.

،،

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەراستی هەردوو چەمکی هاوڵاتیبوون‌و تاکی سەربەخۆ جێگای ئەندامی خێڵیان گرتوەتەوە، یان بەجۆرێکی دیکە ئایا بەڕاستی ئەندامانی حیزبەکان بەڕاستی قۆناغی ئەندامێتی خێڵیان تێپەڕاندوە ؟ گەر بەکورتی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە ئەوا دەڵێن بەداخەوە هەرچەندە کورد شاری هەیەو ئێستا هەمووی لە لادێدا ناژی.


بۆیە بەم تێگەیشتنە مەرج نییە ئەو خێڵە، یان ئەو سیستمی خێڵایەتییە لە دەرەوەی مێژوو بن، یان ناشارستانی بن بەمانا لەدەرەوەی دەسکەوتەکانی مۆدێرنە بژین وەک شارو هۆکانی گواستنەوەو گەیاندن‌و تەکنەلۆژیای ئاسانکاری ژیان لەهەموو بوارەکاندا، بەڵکو خێڵ دەکرێ نوێترین ئامێری تەکنەلۆژی‌و فاخیرترین ڤیلاو ئۆتۆمۆبیلی هەبێت، بەڵام دواکەوتوترین شێوە ژیان مومارەسەبکا، بۆ نمونە لە سعودی عەرەبی پیاو دواهەمین مۆدێلی سەیارە لێدەخورێ‌و ژن بۆی نییە شۆفێری بکا. لێرەوە ئاڵۆزی مامەڵکردن لەگەڵ ئەم چەمک‌و دیاردەیە دەردەکەوێ‌و ئەکرێ ئەوەش بڵێن زۆرێک لەوانەی خوێندنەوەیان بۆ سیستمی حوکمڕانی ناوچەکە کردوە کە چەندین فۆرمی خێڵەکی تیاییە ئەم ئاڵۆزیەیان نادیدە گرتووە.


ئێمە لەم دیدەوە مامەڵە لەتەک چەمکی خێڵ دەکەین و وا دەزانین دەبێ خێڵ بەو مانا ئاڵۆزەی لێکبدرێتەوە لە مەڕ قسەکردن لەسەر هەرێمی کوردستان.



دیپلۆماتیك مەگەزین: کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی تەواو حیزبییە، ڕۆڵ و کاریگەری خێڵ لە بەرقەرارکردنی ئەم دۆخەدا چییە؟ یاخود بە حیزبی بوونی کۆمەڵگەی کوردی چ پەیوەندییەکی بە سیستم و دونیابینی خێڵایەتییەوە هەیە؟

دكتۆر عەلی زەڵمی: بێگومان دیاردەی حیزبیبوونی کۆمەڵگەی کوردی خوێندنەوەی وردی سۆسیۆلۆژی دەوێ‌و پەیوەندی بە بونیادی کۆمەڵگەوە هەیە، واتە هەر ئەوە گرنگ نییە کە بۆچی خەڵکی بەگشتی لەکوردستاندا دابەشبوون بەسەر پارتەکانداو پانتایی نا ئەندام بوونی حیزبی زۆر تەسکە.
بەڵکو لەوەش گرنگترئایا هۆکاری ئەم وابەستەبوونە چییەو بۆچی تاک‌و گروپە کوردییەکان ئاوها مەیلێکیان لاهەیە کە هەردەم بە یەکەوە ( collectively ( ئینتمای خۆیان دەربڕن، لێرەدا ئێمە تەفاسیلی ئەم دیاردە باس ناکەین وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەمە لەسەر وەستانی وردی دەوێ، بەڵام هەروا سەرە قەڵەمێک باس بکەین لەمڕوە یارمەتیمان دەدا بۆ تێگەیشتن لە کۆی وێنەکە.


تاڕادەیەکی زۆر بڕوام بەوە هەیە ئەو تەماهی‌و پەیوەندیەیی لەنێوان تاکی کوردی‌و حیزبەکانی ئەم هەرێمەدا هەیە هەر درێژکراوەی هەمان پەیوەندی پێشوتری نێوان خێڵەکان‌و ئەندامانی خێزانەکانە، واتە لەڕووی جەوهەرەوە گۆڕانکارییەکی ئێجگار گەورەی وا رووینەداوە ئەوەندە گۆڕانکاری لە شکڵ‌و فۆرمدا روویداوە بە نسبەت ئینتماوە.


ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەو فاکتانەی لەپشت ئەوە ئەوە بوون وا بکات کە تاکێکی ئەو سەردەمەی کورد وەلائی بۆ خێڵکەی هەبێت تاڕادەیەک هەمان هۆکارن ئێستاش وا دەکەن تاکێکی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی وەلائی هەبێت بۆ حیزبێک لە حیزبەکان، بۆ نمونە یەکێک لەو هۆکارە زەقانەی وایکردوە هەردەم کەسێک لە گوندێکدا بە شێوازێکی توند وابەستەی خێڵەکەی بێت، دەکرێ کورتی بکەینەوە لە دووشتدا، یەکەمیان من ناوی دەبەم بە ترسی تاککبوونەوەو بوونە تاکێکی سەربەخۆ (individual (، واتە مرۆڤەکان ژیانێکی دەرەوەی خێڵ‌و شێوەژیانی بەکۆ هەمیشە وەک مەترسێکی گەورە وێنا کردووە.


ئەم ترسەش لۆجیکی خۆی هەبووە، چونکە ئەو تاکە نەک تەنها لەڕووە کۆمەڵایەتییەکەوە وابەستەی گروپ بووە، بەڵکو لە تەواوی کایەو بوارەکانی ژیانی ئەو ژیانی گرێدراوە بە خێڵەوە.

،،

 هێشتا تاکی کوردی نەیتوانیوە قۆناغی ئەندامێتی خێڵ تێپەڕێنێ، چونکە شێوە ژیانی هەروەک جاران وابەستەی گروپە، نە دارایی سەربەخۆو نە ژیانی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ نە گۆڕانکاری کەلتوری وەک ئینتمای ئاینی‌و مەزهەبی نەگۆڕاوە بەو شێوازە.


ئەمەیە ئێمە لەپاش چەمکی ئیندڤجواڵیزم وەک دووەم چەمک سودی لێوەردەگرین لە شیکردنەوەکەمانداو ناومانناوە "جەبری" شێوەژیان (lifestyle ). واتە کاتێ تۆ لە لادێیەکدا دەژیت هەمیشە دەبێت بۆ ئەوەی بمێنیتەوەو بەردەوامی بەژیان بدەی بیر لە یاخیبوون نەکەیتەوە چونکە تۆ ئیمتیدادی ژیانت بەستراوە بەوانی دیەوە، وەک پرۆسەی ژنوژنخوازی‌و مناڵخستنەوە، مەسەلەی دارایی‌و بژێوی‌و کاری بەگەل لە کشتوکاڵ‌و مەڕوماڵات بەخێوکردن، بازرگانی‌و ئاڵوگۆڕکردنی بەروبوم بە شتومەک‌و پێداویستی.


کەواتە لەرووی دەروونییەوە هەستێک هەبووە کە لادان لە خێڵ واتە مەترسی لەناوچوون‌و نابووت بوون، چونکە گەر کەسێک لە گەڵ خێڵەکەی نەبوایە، ئیدی ناوی دیکەی نەبوو جگە لە هەڵگەڕاوەو خائین.


هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کەسەکە دەبوو هەمیشە خۆی لەناو تەواوی گروپەکە ببینێتەوە بۆ ئەوەی هەست بە ئارامی‌و مانەوە بکات.


گەر سەیری ژیانی تاک‌و گروپەکان بکەین لە دونیاداو لەسەردەمی پێش مۆدێرنە بەگشتی، لەو جۆرە ژیانەی سەرەوە ئاماژەمان پێکرد هاوبەشن، بەڵام کاتێ مۆدێرنە دێتەکایەوەو گۆڕانکاری ئێجگار گەورە لەستراکتۆری کۆمەڵگەدا روودەدات‌و ئەو شێوەژیانە دەگۆڕێ، ئەمە بەتایبەتی کاتێ شار دروست دەبێت‌و جۆری کارکردن‌و فەرمانڕەوایی‌و ئیدارەکردن‌و گروپاندن پەیدا دەبێت کە زۆر جیاوازن لەوەی کە لە ژیانی سەرەتایی لادێدا هەبوو.


پرۆسەی هاوڵاتیبوون‌و تاکگەرایی وەک دوو چەمکی مۆدێرنی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و سەردەمیانە مانای نوێی ئینتماو وابەستەبوونیان گۆڕی‌و بونیادی کۆمەڵگاش بەشێوەیەکی ئێجگار گەورە گۆڕانی بەسەردا هات.


جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەراستی هەردوو چەمکی هاوڵاتیبوون‌و تاکی سەربەخۆ جێگای ئەندامی خێڵیان گرتوەتەوە، یان بەجۆرێکی دیکە ئایا بەڕاستی ئەندامانی حیزبەکان بەڕاستی قۆناغی ئەندامێتی خێڵیان تێپەڕاندوە ؟ گەر بەکورتی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە ئەوا دەڵێن بەداخەوە هەرچەندە کورد شاری هەیەو ئێستا هەمووی لە لادێدا ناژی، بەڵام هێشتا تاکی کوردی نەیتوانیوە قۆناغی ئەندامێتی خێڵ تێپەڕێنێ، چونکە شێوە ژیانی هەروەک جاران وابەستەی گروپە، نە دارایی سەربەخۆو نە ژیانی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ نە گۆڕانکاری کەلتوری وەک ئینتمای ئاینی‌و مەزهەبی نەگۆڕاوە بەو شێوازە.
واتە ئەو ترسەی کەجاران هەیبوو لەتاکببونەوە ئێستاش هەمان ترسی هەیەو بەبێ گروپ ناتوانێ ژیانی خۆی دامەزرێنێ، لێرەوەیە لەوە تێدەگەین بۆچی حیزب لە هەرێمی کوردستاندا تەنها وەزیفەیەکی سیاسی رووتی نییە، وەک ئەوەی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا هەیەتی، بەڵکو حیزب لێرە باوکە، سەرۆکە، هۆکاری بژێوییە، حیزب لەهەموو خانەو یەکەکانی ژیاندایە، لە فتبۆڵ‌و میوزیک‌و حەرەمی زانکۆو دیوەخانی سوڵح‌و محرابی مزگەوت و هتد.

دیپلۆماتیك مەگەزین: هەردوو هێزی دەسەڵاتداری کوردی هەمیشە وەک دوو هێزی ناسیۆنالیستی خۆیان وێناکردووەو ناسیۆنالیزمیش وەکو جوگرافیا، وەکو گوتار، وەکو دونیابینی و فیکر، تەواو پێچەوانەی سیستمی خێڵە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەم دوو هێزە چۆن توانیویانە لەبەرگی ناسیۆنالیزمدا درێژە بە ڕەفتارو گوتاری خێڵبوونی خۆیان بدەن؟ هەروەها " شازدەی ئۆکتۆبەر، شکستی ناسیۆنالیستی کوردییە"، ئەمە قسەو بۆچوونی ئێوەیە، مەبەستتان شکستی ئەو ناسیۆنالیستەیە کە پارتی و یەکێتی لە بەرگی خێڵدا خۆیان تێخزاندووە، یان مەبەستتان کۆی پرۆژەی ناسیۆنالیستی کوردییە وەک فیکرو پرۆژە بۆ گەشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان؟

،،

ئەگەرچی کورد زۆرترین قوربانی داوە لەمەڕ سەربەخۆیی‌و زۆرترین خەباتی کردووە بەچاو گەلانی ناوچەکەدا، بەڵام خراپترین دەرئەنجامی هەبووە، ئەمە نابێ چیترهەر بە شیعروهوتافی سیاسی‌و عاتیفی بلاوێنرێتەوە، بەڵکو دەبێ زمانی زانست‌و شیکردنەوە قسەی لەسەر بکات، ئێمە لەو قەناعەتەوە گەیشتوینەتە ئەوەی کە ناوی بەرین بە شکستی ناسیۆنالیزم.

دكتۆر عەلی زەڵمی: خۆی یەکێک لە ئیشکالیەتی ئەقڵی کوردی ئەوەیە توانای بەخۆییکردن، یان بەکورداندنی چەمەکەکانی نییەو خۆیشی لە بەرهەمهێنانی چەمکگەلی زانستیدا تارادیەکی زۆر کۆڵەوارە.


ئیدی ئەمە پەیوەندی بەکێشەی ترەوە هەیەو لێرەدا مەودای باسکردنیان نیە، ئەوەی من مەبەستمە بیڵیم ئەوەیە کە کورد بەدرێژایی سەدەیەک خەریکی هاوردەکردنی چەمکەکانە، وەک چەمکی ناسیۆنالیزم، سۆسیالیزم، کۆمۆنیزم ، بەمدوایەش چەمکی، سۆشیال دیموکرات‌و لیبڕاڵ‌و کاری ئیسلامی سیاسی، بەڵام هەمیشە کورد کۆپیکەرێکی خراپ بووە، هەمیشە نەیتوانیوە ئەمانە بکوردینێ، بەڵکو هەمیشە یا کۆپی دەقاو دەقی ئەوانی کردووە، یا رەدفیعلی ئەوانی تربووە.
ئەو دەستەواژەی سەرەوە کە بەڕێزتان ئاماژەتان پێکردوە وەک بۆچونێکی ئێمە لە یەک دوو شوینی دیکەدا باسمان کردووە، لەمەڕ خوێندنەوەمان بۆ بارودۆخی دوای ڕیفراندۆمەکەی سێپتەمبەری ٢٠١٧ و رووداوگەلی دواتر، دەچێتە خانەی هەمان نیگەرانی ئێمە لەمەڕ خوێندنەوەی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی کورد بەدرێژای سەدەیەک، بەوەی ١٦ ئۆکتۆبەریشەوە.


واتە ئەگەرچی کورد زۆرترین قوربانی داوە لەمەڕ سەربەخۆیی‌و زۆرترین خەباتی کردووە بەچاو گەلانی ناوچەکەدا، بەڵام خراپترین دەرئەنجامی هەبووە، ئەمە نابێ چیترهەر بە شیعروهوتافی سیاسی‌و عاتیفی بلاوێنرێتەوە، بەڵکو دەبێ زمانی زانست‌و شیکردنەوە قسەی لەسەر بکات، ئێمە لەو قەناعەتەوە گەیشتوینەتە ئەوەی کە ناوی بەرین بە شکستی ناسیۆنالیزم، چونکە کورد سەدساڵە خەریکی دروشمێکە بەڵام لە واقعدا شتێکیتر ئەکا، کەواتە دەبێ بپرسین ئەرێ بەراست کورد هەردەبێ دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەبێ‌و ئەوە دوا ئامانجیەتی، یاخود پێوویستە دەکرێ دەسکاری ئەو ئامانجە بکرێ، ئایا کورد پێش دەوڵەت پێوستی بە دەسکاری تاکەکانی‌و حیزبەکانی نییە، واتە ئێمە بتوانین تاکێکی سەربەخۆ بونیاد بنێنین کە هاوڵاتی بێت‌و هەروەها فۆرمێکی حیزبی بهێنینە کایەوە کە ئەندامبوون‌و ئەندامنەبوون تیایدا وەک چوونە ناوەوەو دەروەی خێڵ نەبێت.


کورد دەبێ فێری ئەوە بێت فۆرمی نوێی ناسیۆنالیزم، بەڕێوەبردن ، کاری حیزبی تاقی بکاتەوە، نەک چەقبەستن بەهەمان فۆرم‌و شێوەی کارکردن کە بێگومان ئەمە شکستەکانی قووڵتر دەکاتەوەو ئەگەری هەڵسانەوەی زۆر لاواز دەبێ.