بۆچی شێخ رەزا هەجووی خزمەکانی خۆی کردووە؟

2019-01-18

هیوا غفور شێخ پاڵەوانی

شێخ ڕەزای تاڵەبانی یەکێکبووە لەو شاعیرانەی کە زۆرترین شیعری هەجووی هەبووە، زۆریش هەجووی خزم و کەسووکارەکەی خۆی کردووە.

،،

شێخ رەزا هەتا چووە ئەستەمبوڵ و هاتەوە، رووی نەکردبوە شیعری هەجوو (داشۆرین)

 

 

زۆر ڕووداو لە ژیانی شێخ ڕەزادا ڕوویداوە، کە وایکردووە ڕووبکاتە شیعری داشۆرین و قسە بە بەرامبەرەکانی، تەنانەت نزیکەکانیشی بڵێت.

شێخ ڕەزا هەر بە منداڵی لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووەو دواتر دەچێت بۆ کۆیە لەلای ئەسعەدی جەلی زادە، لەگەڵ کەیفی شاعیر پێکەوە دەرس دەخوێنن، دوای ماوەیەک لەگەڵ کەیفی شاعیر تێکدەچن‌و دەبێتە شەڕیان، ئەمە وا دەکات شیعری شەڕە جنێو بەسەر یەکدا بڵێن‌و دواتر لەبەر شێخ رەزا، جەلی زادە، کەیفی شاعیر دەردەکات.

 

پەیکەری شێخ رەزای تاڵەبانی

 

 لەساڵی ۱۸۳۰ شێخ رەزا دەچێت بۆ ئەستەمبوڵ و دوو ساڵ لەوێ دەبێت، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا باوکی کۆچی دوایی دەکات، هەتا دێتەوە بۆ کوردستان شێخ بابە عەلی برای و کەسەکانی، هەموو سەروەت و سامانەکەی باوکی دابەشدەکەن و هیچ بە شێخ رەزا نادەن و بێبەشی دەکەن، ئەمەش وایلێدەکات لەگەڵیاندا ببێتە شەڕ و ناخۆشییان و شێخیش هەجوویان بکات، ئەوەی تێبینی دەکرێت، شێخ رەزا هەتا چووە ئەستەمبوڵ و هاتەوە، رووی نەکردبوە شیعری هەجوو (داشۆرین).

لە شیعرێکدا روو دەکاتە شێخ عەلی برایی و دەڵێ:

شێخ عەلی خۆتۆ منت ئاوارە کردوو دەربەدەر

چاکە هەجوێکت بکەم، ئەما موفیدو موتەسەر

بۆ حەمەی وەستا فەتاح ئێمەت هەموو ئاوارەکرد

ئەی حەمەی وەستا فەتاح، دایکت بەکێری نێرەکەر

 

 

یەکێکیتر لەو کەسانەی کە شێخ رەزا هەجووی زۆر کردووە، مامە غەفوری بووە، ئەویش لەبەر ئەوەی مامە غەفوری ماڵی لەکۆیە دەبێت، بانگی دەکات بۆ لای خۆی و پێی رادەگەیەنێت کە کچەکەی خۆی دەداتێ، پاش ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ کاری قورس و تاقەت پڕوکێنی پێدەکات، پەشیمان دەبێتەوەو کچەکەی ناداتێ ئەویش هەجووی زۆری مامی کردووە، لە شیعرێکدا دەڵێت:

چایەکەی مامە غەفورم، زەردە وەک میزی نەخۆش

ئیحتیاج ناکات بە ئاگر، بە دوو تڕ تێنێتییە جۆش

 

یان دەڵێت:

 مامەکەم قەحبە ژنە دەوڵەتی شەددادی هەیە

تالعی رەهبەر و بەختێکی خودا دادی هەیە

من لە کەرکوکەوە دێنێتە کن ئەم قەحبەژنە

لەگەڵم خەسمە فەلەک نیەتی بێدادی هەیە

هەروەها شێخ رەزا رقێکی زۆری لە رەشیدی ئامۆزای خۆی و کوڕی مامەغەفوریشی دەبێت و لەشیعرێکدا پێی دەڵێت:

رقی زۆرم لە رەشیدی کوڕی گەووادی هەیە

رەنگی کەر، دەنگی بەقەڕ، هەیئەتی سەگ، خوی چەقەڵ

 

،،

شێخ رەزا هەجووی خەڵکی شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و سنەشی کردووە

 

 

 

هەروەها یەکێکیتر لەو کەسانەی کە خزمی خۆیەتی و هەجووی کردووە، مامی شێخ ساڵح بووە، ئەمیش جارێکیان لە ڕێیەکی دوورەوە سەردانی ماڵیان دەکات، بەڵام ڕێزی زۆر ناگرن و بۆ خواردن تەنها هەندێ نان و کەرەی بۆدا ئەنێن، ئەمیش ئەوەی پێناخۆش دەبێت بە شیعرێک هەجووی دەکات و دەڵێت:

گەرچی فەقیروموفلیسە شێخ مامە ساڵحم

نەمدی کەسێ وەک وئەوساحێبی کەرەم

میوانی بووم نان وکەرەی نایە بەردەمم

ئێستاش بەبێ مەوداهەنە مەمنونی ئەوکەرەم

 

جارێکی تریش لەسەر کەرێک بەینی لەگەڵ مامە حەسەنی تێکدەچێت و پێیدەڵێت:

بۆ کەرێک ئیعلانی حەربی کرد لەگەڵما شێ حەسەن

سەیری کەن یاران چی گۆبەنێکی گێڕا ئەم کەرە

 بەگشتی شێخ رەزا،هەجووی زۆرکەسی کردووە، ئەوەی کە زۆر هەجویەکی ناشیرینی کردووەو قسەی پێوتوە، شوکری فەزڵی شاعیر بووە، هەروەها شێخ رەزا هەجووی خەڵکی شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و سنەشی کردووە.