چیرۆكی دەركەوتنی حەسەن زیرەك، بەگێڕانەوەی مام جەلال

2019-01-22

حەسەن زیرەك، گەورە هونەرمەندی كوردو پادشای هونەری كوردی، لەرێی جەلال تاڵەبانییەوە ناوبانگی دەركردووەو بەهەوڵی ناوبراو توانیویەتی هەنگاو بەرەو مەزنی و دنیای ناوبانگ و شوهرەت بهاوێت، لەكاتێكدا زیرەك كرێكارێكی ماندوو بووەو بەدەست نادادی ژیان و سەختی رۆژگارەوە ناڵاوندویەتی.

 
چیرۆكی دەركەوتنی حەسەن زیرەك، پەراوێزخراوترین چیرۆكی كوردییە، كە تایبەت بێت بەهەڵكەوتوترین كەسایەتی هونەری، لەكاتێكدا نوسەرەكەی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردوی عێراق و یەكێك لەسەركردە دیارەكانی باشووری كوردستان

،،

شەوانە ناوبەناو كە ئیشی كەم دەبوو دەهاتە لام لەژورەكەم، تارۆژێكیان بەسەریدا چوم كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێرگۆڵان)ی دەگوت. منیش تاوێك هەستم لێ راگرت و گوێم لێگرت و زۆرم بەلاوە خۆش بوو


جەلال تاڵەبانی، لەنوسینێكدا كە لەژمارە 41ی گۆڤاری خاكدا بڵاویكردۆتەوە، بەمجۆرە باسی دەركەوتنی حەسەن زیرەك و بەشێكی ژیانی ئەو هونەرمەندە دەكات: "بەهارو هاوینی ساڵی خوێندنی 1945-1955 لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی كە تازە لەئەمریكا هاتبوەوە، پێكەوە لەژورێك دەژیاین لەئوتێل (الشمال الكبیر) لەوێش حەسەن زیرەك وەك كرێكار كاری دەكرد."

 
لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی ئاشنایەتی و هاوڕێیەتی لەگەڵ زیرەك، تاڵەبانی دەڵێت: "منیش ئەوسا وەك لاوێكی چەپی خۆ بەماركسیست زان عەوداڵی هۆشیاركردنەوەو رێكخستنی رەنجدەران و كرێكاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد. كەزانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی رەویەوە كە سیخوڕی عێراق بێت. بۆیە زوتر لەگەڵیا چوومە ناو باسەكانەوەو لەرێی كوردایەتیەوە رامكێشا بەلای خۆماندا، چی هی خۆمان و چی هی حزبەكانی تر لای ئەوم دادەناو ئەویش لەژوورەكەی سەرەوەی ئوتێلەكە لەسەربانەكە، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا بۆی دەشاردمەوە."

 

 


تاڵەبانی لەبارەی چۆنیەتی دەركەوتنی بەهرە هونەرییەكەی زیرەكەوە، بەمجۆرە دەنوسێت: "شەوانە ناوبەناو كە ئیشی كەم دەبوو دەهاتە لام لەژورەكەم، تارۆژێكیان بەسەریدا چوم كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێرگۆڵان)ی دەگوت. منیش تاوێك هەستم لێ راگرت و گوێم لێگرت و زۆرم بەلاوە خۆش بوو. ئیتر پیرۆزباییم لێكردو تەشویقم كرد، شەویش كە هاتە ژورەكەمان داوام لێكرد كە گۆرانییەكەمان بۆ بڵێتەوە، بەراستی زۆرم بەلاوە خۆش بوو، ئەویش هەندێ گۆرانی فۆلكۆری كوردی بۆ گوتین كە لەناویاندا (دەسماڵ هەریری سورە)شم زۆر بەلاوە خۆش بوو."

 

،،

هەرچەندە ئەم راستیانەی سەرەوە وا بۆ یەكەمین جارە بڵاودەكرێتەوە بەڵام خانمی حەسەن زیرەك لێی ئاگادارە، خوالێخۆش بوو خۆیشی جارێكیان باسی كردووە، بەڵام چونكە لەزەمانی شادا نەیدەوێرا ناوی من بهێنێت دەڵێت یەكێك ئەوی بردۆتە رادیۆ كە پێیان دەگوت مام

 
دەنگ خۆشی حەسەن زیرەك، بەجۆرێك كاریگەری لەسەر تاڵەبانی دروستكردووە، كە ناوبراو ناچار ببێت هەوڵ بۆ دەركەوتنی بدات، هەربۆیە بریاری ئەوە ئەدات بیگەیەنێتە رادیۆی كوردی لەبەغدا، تاڵەبانی لەوبارەوە دەڵێت: "ئیتر لەگەڵ حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆشدا تادەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ كە كارەكانی لەسەر سوك دەبون، دەهاتەلام لەژورەكەمان و گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین.

پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە، بەتایبەت شارەزاییەكی باشی هەیە لەگۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەییم بەرادیۆ كەوتەسەر. بۆیە هەڵسام چومە لای كاك عارف تاڵەبانی خزممان كە ئەوسا موفەتیش ئیداری بوو لەوەزارەتی ناوخۆو زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی كوردی بەغدا بوو، لەلای كاكە عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانیەكانیم بۆ كردئەویش بەلایەوە باشبوو بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا. هەربۆیەش لەبەرچاوی خۆم قسەی لەگەڵ مودیری ئیزاعەی كوردی كردو ئەویش رازی بوو، داوای كرد من حەسەن زیرەك بەرمەلای و ئەوانیش تاقیبكەنەوە، ئەوەبوو منیش چوومە ئوتێل و مژدەكەم دا بەحەسەن زیرەك، ئەویش لەخۆشیانا قاچی ئەرزی نەدەگرت."

 

 
لەدرێژەی نوسینەكەیدا، تاڵەبانی دەڵێت: "بۆ رۆژی دووەم كەبردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعە زۆر لەسەرەخۆ لەتاقی كردنەوەدا بەشداری كردو سەركەوتوو بوو، لەو رۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانی بێژ بەو شەرتەش هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەرجارە 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەوەش ئەوی رۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە ئوتێلەكە جگەلە خواردن و نوستن تەنها 3 دیناری وەردەگرت. بەو جۆرە حەسەن بووبە گۆرانیبێژ وەزعی مالیشی باش بوو."

 

لەكۆتاییشدا تاڵەبانی نهێنییەك دەدركێنێت و دەڵێت: "هەرچەندە ئەم راستیانەی سەرەوە وا بۆ یەكەمین جارە بڵاودەكرێتەوە بەڵام خانمی حەسەن زیرەك لێی ئاگادارە، خوالێخۆش بوو خۆیشی جارێكیان باسی كردووە، بەڵام چونكە لەزەمانی شادا نەیدەوێرا ناوی من بهێنێت دەڵێت یەكێك ئەوی بردۆتە رادیۆ كە پێیان دەگوت مام."

 

 
حەسەن زیرەك لە ساڵی 1921 لەشاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، ئەو یەكێكە لەبەناوبانگترین هونەرمەندانی كورد كە بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینەیەك لەهونەری ئاوازو گۆرانی كوردییە كە بەدەنگی ئەو وتراوەتەوە، لەساڵی 1972 لەشاری بۆكانی زێدی خۆی كۆچی دوایی كردووە.