ئەو نامەیەی چارەنوسی ڕەوتی ئیسلامی لە كوردستان دیاری كرد

2018-02-24

لە سەروەختی ڕاگەیاندنی " بزوتنەوەی ئیسلامی" دا لە ئێران، سەحەلادین بەهادین كە ئەو كاتە بەرپرسی یەكەمی ئیخوان بووە لە ئێران، دەچێتە وڵاتی ئیمارات‌و لە ڕێكخستنی جیهانی ئیخوان موسلیمینەوە نامەیەك بۆ مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دێنێتەوە بە مەبەستی دەستبەرداربوونی لە بزوتنەوە چەكدارییەكە‌و ئەو نامەیەش دەبێتە فاكتەری كاریگەری جیاكردنەوەی ئاڕاستەو هێزەكانی ناو ڕەوتی ئیسلامی لە كوردستان .

لە 13- 5- 1987، ئەو ڕۆژەی كە خۆپیشاندانی گەورەو بەرفراوان لە هەڵەبجەو شارەزوور بەرانبەر ڕژێمی بەعس ئەنجامدرا، مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو ژمارەیەكی زۆر لە زانایانی ئایینی ناوچەكە ڕوویان لە ئێران كردو كۆچكردنەكەش ڕاگەیاندن‌و بەرهەمهێنانی "بزوتنەوەی ئیسلامی" لێكەوتەوە.


بەو پێیەی كە مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، ئەندامی ئیخوان بووەو لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكانیشدا بووەتە بەرپرسی یەكەمی ئیخوان لە كوردستان، بۆیە لە لایەن ئیخوان موسلیمینەوە داوایلێكرا كە وا دەستنەداتە كاری چەكداری‌و پەیوەستبێت بە ئەدەبیات‌و سروشتی كاركردنی ئیخوانەوە.

،،

سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی :

نامەكە زۆر گرنگبوو بۆ جیاكردنەوەی ئاڕاستەكان‌و یەكلاكردنەوەی هەڵووێست، بەو نامەیە مامۆستا " مەبەست مەلا عوسمان عەبدولعەزیزە" كەوتە دەرەوەی حاڵەت‌و جەمعی برایانەوەو دابڕانێكی كرداری ڕوویدا، نامەكە پەیامێكی ڕوون بوو بۆ شێخ عوسمان


ساڵی 1985 لە ئەنجامی ڕێككەوتنی نێوان ئیخوانەكانی ناوەڕاستی عێراق،" ئەوانەی لەكارو جموجوڵدا بوون"، بەڕێبەری " عیسام ئەلڕاوی"‌و ئیخوانەكانی كوردستان لە باڵەكەی مەلا سدیق عەبدولعەزیز كە خەتی دووی ئیخوانیان پێدەوترا، مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، كرایە بەرپرسی یەكەمی ئیخوان لە كوردستان.


لەو كاتەدا، هەردوو "عیسام ڕاوی‌و سدیق عەبدولعەزیز"، بە پێچەوانەی بڕیاری سەركردایەتی ئیخوان لە عێراق كاریان دەكرد، چونكە لە مانگی چواری ساڵی 1974وە ، بەهۆی مەترسییەكانی ڕژێمی بەعس لەسەر سەركردەو ئەندامانیان، ئیخوان بە فەرمی كاری ڕێكخستن‌و سیاسی لە عێراق ڕاگرتبوو، بەڵام ئەوان لەسەرەتای هەشتاكانەوە لەو بڕیارەی ئیخوان لایانداو كەوتنە جموجوڵ‌و كاری ڕێكخستن.


لەو كاتەدا هەردوو عیسام ڕاوی‌و سدیق عەبدولعەزیز، لە ژێر ڕەخنەی ڕێبەرانی ئیخواندا بوون‌و لۆمە دەكران بەوەی كە لە بڕیارو ڕاسپاردەی سەركردایەتی ئیخوانی عێراق لایانداوەو دەستیان بەكاری سیاسی‌و دروستكردنی ڕێكخستن كردووە.


ڕەنگە ڕێكەوتنی ئیخوانەكانی ناوەڕاستی عێراق‌و باڵەكەی سدیق عەبدولعەزیز لەوكاتەداو هێنانە پێشەوەی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، بەشێكی بۆ دەربازبوون بووبێت لەو تەنگژەیەی كە تێیكەوتبوون، چونكە لە لایەن سەركردایەتی ئیخوانی عێراقییەوە نەك وەكو دوو ڕێبەری ئیخوان دانیان پێدا نە دەنرا، بەڵكو لۆمەش دەكران بەوەی كە كارێكی نادروستدەكەن‌و بڕیاری سەركردایەتی ئیخوانیان شكاندووە، ئەو بڕیارەی كە سەركردایەتی ئیخوان لە 4-4 1971دەریكردو بە ڕەسمی كاری سیاسی‌و ڕێكخستنی لە بەرپرسان‌و ئەندامانی قەدەغە كرد.

عیسام ڕاوی، یەكێك لەسەركردە دیارەكانی ئیخوان بووە لە عێراق، لە ساڵی 1949 لە ئەنبار لە دایكبووەو لەساڵی 2006 لەلایەن گروپێكی چەكدارەوە لە بەغداد تیرۆر دەكرێت، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس‌و ماجستێرو دكتۆرا بووە لە زانستی جیۆلۆجیادا، لە ساڵانی هەشتاكاندا لە زانكۆكانی بەغدادو سەلاحەدین مامۆستابووە، لە ساڵی 1986 لەلایەن حكومەتی بەعسەوە دەستگیردەكرێت‌و بەتۆمەتی كاری نهێنی بۆ ئیخوان بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، پاشان حوكمەكەی دەگۆڕدرێت بۆ زیندانی هەتا هەتایی‌و دواتریش بە هۆی هەوڵی كۆمەڵێك كەسایەتی ئیسلامی لە دەرەوەی عێراق، ئازاد دەكرێت.


بەجۆرێكیتر ڕێكەوتنەكەی نێوان ئیخوانەكانی ناوەڕاستی عێراق‌و باڵەكەی مەلا سدیق عەبدولعەزیز، بۆ سدیق عەبدولعەزیز‌و هاوڕێكانی گرنگ‌و بە بایەخبوو، چونكە ئەمان جیا لەوەی كە لۆمە دەكران بەوەی كە لە بڕیاری سەركردایەتی برایان لایانداوە، لەگەڵ باڵی "سەلاحەدین بەهادین" یشدا لە كێشەدا بوون، ئەو باڵەی كە بە خەتی یەكی ئیخوان ناسرابوون.

،،

مەلا سدیق‌و هاوڕێكانی مەیلیان بۆ بەشداریكردن لە بزوتنەوە چەكدارییەكەدا هەبووەو بەوپێیەشی كە مەلا سدیق برای مەلا عوسمانە، مەیلی ئەوانی زیاتر كردووە، بەڵام وەكو خۆی ئاماژەی پێداوە ئەوان بەناوەرۆكی نامەكەوە پەیوەستبوون‌و دەستبەرداری ئەو مەیلەیان بوون.

ماوەیەك بەر لە ڕێكەوتنی نێوان " عیسام ڕاوی‌و سدیق عەبدولعەزیز"، سەلاحەدین بەهادین كە لەسەرەتای هەشتاكانەوە كوردستانی بەجێهێشتبوو بەرەو ئێران، لەوێوە چووبوویە وڵاتی ئیمارات‌و، لەوێ لە لایەن سەركردایەتی جیهانی ئیخوان موسلیمینەوە مۆڵەتی ڕەسمی كاركردنی وەرگرتبوو، ئەمەش كێشەیەكی گەورە بوو بۆ مەلا سدیق‌و باڵەكەی‌و پێدەچێت ویستبێتیان بەو ڕێكەوتنە كەمێك لەكاریگەری ئەو كێشەیە كەم بكەنەوە، كە ڕووی لە خەتی دووی ئیخوان كردبوو.
لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكانەوە، سەلاحەدین بەهادین‌و زۆرێك لە كارەكتەرە دیارەكانی خەتی یەكی ئیخوان، ئەوانەی كە پابەندی بڕیارەكەی سەركردایەتی ئیخوان بوون بۆ وەستاندنی كاری ڕێكخستن‌و جموجوڵی سیاسی، چووبوونە ئێران‌و، دواتریش بەتایبەت بەهۆی ئاشكرابوونی ڕێكخستنەكانی ئیخوانەوە لە ساڵی 1986، كە گوایە بەهۆی ئیعترافی "عیسام ڕاوی"ییەوە بووە، مەلا سدیق‌و زۆرێك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی باڵەكەی چوونە ئێران‌و جیا لە ئەندامانی خەتی یەك‌و دووی ئیخوان، لە لایەن كۆمەلێك زانای ئاینییەوەو لە ساڵی 1984 بەڕێبەرایەتی " شێخ محەمەد بەرزنجی‌و شێخ لەتیف واژەیی‌و مەلا عەلی بیارەو كامیلی حاجی عەلی‌و عەبدولقادری برایەتی"‌و كۆمەڵێك زانای ئاینیتر، پارتێكی ئیسلامی چەكدار، بەناوی " بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی كوردستان "ڕاگەیانرابوو، ئەم پارتە ئیسلامییە چەكدارە، لەساڵی 1978 بناغەكەی دانرابوو.


بەگەشتنی مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو كۆمەڵێك زانای ئایینی هەڵەبجەو شارەزوو لە ساڵی 1987 بۆ ئێران، بارودۆخێكی نوێ هاتە كایەوە، كۆچی مەلا عوسمان‌و ئەو زاناو كەسایەتییە ئاینییانە بۆ ئێران، لە سەروەختی ڕاپەڕین‌و خۆپیشاندانە بەرفراوانەكانی خەڵكی هەڵەبجەو شارەزوودا بوو دژ بە ڕژێمی بەعس لە 13- 5- 1987.

بەگەشتنیان بۆ ئێران، مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، لەگەڵ مەلا عەلی برایی‌و چەند مەلایەكیتردا، فەتوای جیهادیان دژ بە ڕژێمی بەعس ڕاگەیاندو، بەیەكگرتنیان لەگەڵ ، بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی، " بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان"یان ڕاگەیاندو شێخ محەمەد بەرزنجی شوێنەكەی خۆی بۆ مەلا عوسمان چۆڵكردو مەلا عوسمان بوویە ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی.


مەلا عوسمان پێیوابووە، هەموو ئەو گەنجە ئیسلامییانەی لە عێراقەوە كۆچیان كردبوو بۆ ئێران، لە هەردوو خەتەكەی ئیخوان، لە دەوری كۆدەبنەوەو بەشداری بزوتنەوە چەكدارییەكە دەكەن، ئەم بڕوایەشی لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو كە ئەو، تا ئەو ساتەی چووبوویە ئێران، كەسی یەكەمی ئیخوان بووە لە كوردستان.
سەلاحەدین بەهادین‌و ئەندامانی باڵەكەی، واتە خەتی یەكی ئیخوان، كە دووساڵ لەوەو بەر، مۆڵەتی ڕەسمی كاركردنیان لە ئیخوانی نێودەوڵەتییەوە وەرگرتبوو، داوایان لە مەلا عوسمان كردووە، كە دەست نەداتە خەباتی چەكداری‌و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵیان لەگەڵدا داوە.


بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی گشتی ئیخوان موسلیمین، هەركەس‌و گروپێك لە ئیخوان، لەوڵاتێكەوە كۆچبكەن بۆ وڵاتێكیتر، دەبێت بچنە ژێر بڕیارو ڕاسپاردەی بەرپرسانی ئیخوانی ئەو وڵاتەوە كە كۆچیان بۆ كردووە، لەم ڕووەوە سەلاحەدین بەهادین‌و باڵەكەی كە ڕێبەرایەتی ئیخوانیان لە ئێران دەكرد، پێیانوابووە، پێوویستە مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، پەیوەستبێت بەوانەوەو بچێتەوە ڕیزی برایانی ئیخوان لەوێ، نەك ببێتە ڕێبەری بزوتنەوەیەكی چەكداری - جیهادی.
پاش ئەوەی هەوڵەكانیان بێ ئاكام دەبێت‌و مەلا عوسمان پاشگەز نابێتەوە لە ڕێبەرایەتیكردنی بزوتنەوە چەكداری‌و جیهادییەكە، بەمەبەستی ڕازیكردنی مەلا عوسمان‌و بەوتەی خۆیان بۆ كۆتایی هێنان بەو فشارو فتوایانەی كە لەسەر ئەو گەنجانە هەبوو كە لە ئۆردوگاكانی ئێراندا دەژیان، بۆ چوونە ناو بزوتنەوە چەكدارییەكە، سەلاحەدین بەهادین دەچێتە ئیمارات‌و لەوێوە نامەیەك لە " دكتۆر نوعمان عەبدولڕەزاق سامەرائی" یەكێك لەسەركردەكانی ئیخوانی عێراقییەوە، دێنێت بۆ مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو، سامەرائی لە نامەكەدا داوا لە مەلا عوسمان دەكات دەستبەرداری بزوتنەوەی ئیسلامی ببێت‌و كارەكە بە مەلا عەلی عەبدولعەزیزی برای بسپێرێت.


نوعمان عەبدولڕەزاق، لە ساڵی 1935 لە شاری سامەرا لەدایكبووەو لە ساڵی 1972 بڕوانامەی ماجستێری لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوەو دكتۆرای لەیاساو شەریعەتدا لە زانكۆی قاهیرە وەرگرتووە، ئەو لەناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە، یەكێكبووە لەسەركردە دیارەكانی ئیخوان موسلیمین لە عێراق‌و یەكەمین سەرۆكی " حیزبی ئیسلامی عێراق"ی بووە.


دكتۆر نوعمان سامەرائی، لەنامەكەیدا، سەرباری ئەوەی داوای لەمەلا عوسمان كردووە واز لە بزوتنەوە چەكدارییەكە بێنێت، پێیشیڕاگەیاندووە كە ئیخوان لە ئێران قەوارەی شەرعی خۆی هەیەو پێوویستە پابەندبێت بەوانەوە" قەوارە شەرعییەكە مەبەست لێی سەلاحەدین بەهادین‌و هاوڕێكانی بووە كە دوو ساڵ بەر لە چوونی مەلا عوسمان بۆ ئێران، مۆڵەتی ڕەسمی كاركردنیان لە سەركردایەتی ئیخوانی جیهانییەوە وەرگرتبوو".


مەلا عوسمان نەك هەر ئامادەیی نیشاننەداوە بۆ پەیوەستبوون بە نێوەرۆكی نامەكەوە، بەڵكو تەواو نیگەرانیشی كردووەو لەدوای هاتنی نامەكەشەوە بارگرژییەكی سەخت لەنێوان سەركردەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و سەركردەو كارەكتەرە سەرەكییەكان‌و ئەندامانی هەردوو باڵەكەی ئیخواندا دروستبووە.

،،

مەلا عوسمان نەك هەر ئامادەیی نیشاننەداوە بۆ پەیوەستبوون بە نێوەرۆكی نامەكەوە، بەڵكو تەواو نیگەرانیشی كردووەو لەدوای هاتنی نامەكەشەوە بارگرژییەكی سەخت لەنێوان سەركردەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و سەركردەو كارەكتەرە سەرەكییەكان‌و ئەندامانی هەردوو باڵەكەی ئیخواندا دروستبووە.


مەلا عوسمان‌و ڕێبەرانی بزوتنەوە چەكدارییەكە لەو دەمەدا پێیانوابووە، جگە لەخەباتی چەكداری هیچ ڕێگەیەكیتر بەهای نییە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبی بەعس.


سەرباری ئەوەی كە ئیخوان موسلیمین لە هیچ شوێنێكی دونیادا بڕوای بەخەباتی چەكداری نییە، سەركردەكانی ئیخوان بەتایبەتی سەلاحەدین بەهادین‌و هاوڕێكانی، پێیانوابووە كە بارودۆخەكە ئاڵۆزەو هەر هێزێكی چەكداریش دروستببێت دەچێتە ژێر هەیمەنەو كۆنترۆڵی ئێرانەوە.


هەرچەندە سەلاحەدین بەهادین‌و هاوڕێكانی، هەڵسوڕێنەری ئەو پرۆسەیە بوون كە داوایان لە مەلا عوسمان دەكرد بۆ بەشدارینەكردن لە بزوتنەوە چەكدارییەكەدا، بەڵام مەلا سدیق عەبدولعەزیزو باڵەكەی كە خەتی دووی ئیخوانیان پێدەوترا، سەرباری ئەوەی كە مەیلیان بۆ بەشداریكردن لە بزوتنەوە چەكدارییەكەدا هەبوو، پابەندی نێوەرۆكی نامەكە بوون‌و بەوتەی خۆیان ئیلتزامیان كرد بەبڕیاری سەركردایەتی ئیخوانەوە لە عێراق.


لە مێژووی ڕەوت‌و بزافی ئیسلامی كوردستاندا، نامەكەی دكتۆر نوعمان عەبدولڕەزاق، بەیەكێك لە وێستگە گرنگ‌و جەوهەرییەكان دێتە ئەژمارو گشت كارەكتەرە سەرەكییەكانی ناو ڕەوتی ئیسلامی، بەتایبەت ئەوانەی لەو قۆناغەدا ڕۆڵیان هەبووە ، نامەكە بە ڕەنگڕێژكەرو دیاریكەری ئاڕاستەكانی ناو ڕەوتی ئیسلامی لە كوردستان دەزانن.


سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت:"نامەكە زۆر گرنگبوو بۆ جیاكردنەوەی ئاڕاستەكان‌و یەكلاكردنەوەی هەڵووێست، بەو نامەیە مامۆستا " مەبەست مەلا عوسمان عەبدولعەزیزە" كەوتە دەرەوەی حاڵەت‌و جەمعی برایانەوەو دابڕانێكی كرداری ڕوویدا، نامەكە پەیامێكی ڕوون بوو بۆ شێخ عوسمان، بەو پێیەی كە ئەو خۆی بە برا ئەزانێ‌‌و كەسایەتیییەكی گەورەی برایانە، نابێت پێشەوایەتی ئەو بزوتنەوە چەكدارییە بكات‌و نابێت فشار بخاتە سەر گەنجان بۆ چەكداری بەناوی جیهادەوە".


مەلا سدیق عەبدولعەزیز، ڕابەری پێشووی بزوتنەوەی ئیسلامی، كە ئەو دەمە ڕێبەرایەتی هێڵێكی ئیخوانی دەكردو باڵەكەی خەتی دووی ئیخوانیان پێدەوتراو دواتریش لەساڵی 1992دا " بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی- نەهزە"یان ڕاگەیاند، پێیوایە ئەگەر ئەو نامەیە نەبوایە ئەو هەموو گەنجە لە ئێران دەستبەرداری بزوتنەوەی ئیسلامی نەدەبوون‌و واقیعێكیتر لە ڕەوتی ئیسلامیدا دروستدەبوو، ئەو سەبارەت بەنامەكە دەڵێت:" ئەگەر ئەو كاغەزە نەبوایە، ئەو هەموو گەنجەی لە ئێران بوون، دەستبەرداری بزوتنەوە نەدەبوون‌و واقیعێكیتر دروستدەبوو، بزوتنەوە مەسارێكی سروشتی وەردەگرت‌و بەو شێوەیە دادەمەزرا كە لە ئاستی خواست‌و پێوویستدا بوایە‌و بزوتنەوەش ئاوای لێنەدەهات كە هەندێككەس دەستبگرن بەسەریداو نەزانن بەڕێوەی بەرن، بەڵكو هەموو یارمەتیمان دەدا، ".
سەلاحەدین بەهادین، نامەكە بە هەڵوێستێكی مێژوویی گرنگ ناو دەبات‌و دەڵێت:" هەڵوێستێكی مێژوویی گرنگبوو، چونكە بزوتنەوە لە ژینگەو بارودۆخێكی ڕاگوزەردا لە دایكبوو، هەرگیز توانای ئەوەی نەبوو كە ستراتیژێكی مەحكەم‌و دیدێكی ڕوونی هەبێت، نامەكە پێوویستبوو بۆ ڕزگاركردنی گەنجەكان لە فتواو فشاری سەركردایەتی بزوتنەوە".


هەرچەندە، سەلاحەدین بەهادین‌و هاوڕێكانی‌و خەتی یەكی ئیخوان، بەرلەهاتنی نامەكەش مەیلی خەباتی چەكداریان نەبووەو نەدەچوونە ناو بزوتنەوە چەكدارییەكەوە، بەڵام زۆربوون ئەوانەی كە بەهۆی نامەكەوە بەشداری بزوتنەوە چەكدارییەكەیان نەكرد، بەتایبەت مەلاسدیق‌و هاوڕێكانی‌و ئەندامانی خەتی دووی ئیخوان.


مەلا سدیق‌و هاوڕێكانی مەیلیان بۆ بەشداریكردن لە بزوتنەوە چەكدارییەكەدا هەبووەو بەوپێیەشی كە مەلا سدیق برای مەلا عوسمانە، مەیلی ئەوانی زیاتر كردووە، بەڵام وەكو خۆی ئاماژەی پێداوە ئەوان بەناوەرۆكی نامەكەوە پەیوەستبوون‌و دەستبەرداری ئەو مەیلەیان بوون.


ئەگەر بێت‌و مەلا سدیق‌و هاوڕێكانی بچوونایەتە ناو بزوتنەوەی ئیسلامییەوە، پێدەچوو ئەو بزوتنەوە چەكدارییە، شێوازی دیكەی وەربگرتایە، بەتایبەت كە كارەكتەرە سەرەكییەكانی باڵەكەی مەلا سدیق كەسانی خوێندەوار بوون‌و دەیانتوانی بزوتنەوەی ئیسلامی بە ئاڕاستەیەكی تردا بەرن‌و ئەگەر نەشیانتوانیایە ڕێ لە پەرتەوازەییەكانی ناو بزوتنەوە بگرن، ئەوا لێكترازانەكانی ناو بزوتنەوە بەجۆرێكی دیكە دەبوون‌و مێژووی ڕەوتی ئیسلامیش شكڵێكی دیكەی وەر دەگرت.

سەرنج:
بۆ نووسینی ئەم ڕاپۆرتە سوود لە گێڕانەوەی هەندێك كارەكتەری ئیسلامی وەرگیراوە، كە ئەو دەمە لە ئێران بوون‌و لێدوانەكانی هەریەك لە سەلاحەدین بەهادین‌و مەلا سدیق لە كتێبی " لە هەناوی ئیخوانەوە بۆ چەخماخەی چەك" وەرگیراوە، كە ئیدریس سیوەیلی ئامادەی كردووەو دیداری كۆمەڵێك سەركردەو بەرپرسی حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستانە.