چیرۆك و بەسەرهاتی سی و دوو هەزار توركەكەی سلێمانی

2019-02-21

لە عێراقی سەدام حوسێن و دوای ئەویش شتی سەیر و سەمەرە رودەدەن. لەو وڵاتە لێكدانەوە و بۆچوونی وا ئەژنەوین كە بە هیچ سەنگ و پێوانێك ناپێورێن. لە بەر ئەوەی عیراق وا نزیكەی نیو سەدەیە بۆتە لانەی شەر و ئاژاوە و خوێنڕشتن، هەرچەندە پێش ئەوەش ئەو وڵاتە ئاسودەیی بەخۆە نەبینیوە، دەڵێم بۆیە هەموو شتێ شەری خۆی هەیە.

لە تەك شەری دەستور، فیدیراڵی، مافی ژنان، رۆڵی ئیسلام لەو وڵاتە، شەری ئامار و ژمارەش تا بڵێی گەرمە. لەم بوارەدا توركمانەكان هەموو سنورێكیان بەزاندووە. دەڵێی لە قاری بازاری قۆریەن، هەر رۆژەی شتێ دەڵێن و ئەو رێژە و ژمارانەی رایدەگەیەنن و بڵاوی دەكەنەوە لە هەڵكشان و دابەزینێكی سەیردان. دەكرێ ئەو ژمارەیە لە سپێدە و سەر لە بەیانی یەك ملیۆن بێ و بۆ ئێوارە خۆی لە سێ ملیۆن و نیو بدا. رێژەكەش بە هەمان شێوە دەكرێ لە 2 % بگاتە 13% .


زۆر گوێ بە بەڵگە و ئامار و ئەم شتانەش نادەن. زۆر سەخڵەتیان بكەی دەڵێن خەدیجە (دەتوانێ ئەیتان و سۆنگوڵیش بێ) ناوێك لە یەكێك لە زانكۆكانی لۆندەرە (لەندەن) لەم بارەیەوە لێكۆڵینەوەی بێ غەل و غەشی ئەنجامداوە و ئەوەی ساخكردۆتەوە كە هەموو ئامار و سەرژمێرییە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق لە مەر ژمارە و رێژەی توركمان دروست نین. سەیر لەوەدایە ئەم قسە و قسەڵۆك و بالۆرانە لە سەر ئاستی سیاسی و لە هەموو ئەو بڵاوكراوانەدا كە لایەنگری لە مافی توركمان دەكەن وەكو راستیی و فاكتی مێژوویی و جوگرافی مامەڵەیان لە گەڵدا دەكرێت.

,,

هەندێ سیاسەتمەدار و نوسەری شۆڤینی عەرەب بە مەبەستی دژایەتی كردنی مافەكانی كورد و هاندانی توركمانە توندڕەوەكان پشتگیری لەو قسانە دەكەن و لێرە و لەوێ وەكو بەڵگە پیشانی دەدەن


هەندێ سیاسەتمەدار و نوسەری شۆڤینی عەرەب بە مەبەستی دژایەتی كردنی مافەكانی كورد و هاندانی توركمانە توندڕەوەكان پشتگیری لەو قسانە دەكەن و لێرە و لەوێ وەكو بەڵگە پیشانی دەدەن. ئەم دەردە ئێستا سوریاشی گرتووەتەوە، دوای ئەوەی چیرۆکەکانی عیراق بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبوو، ئێستا باس لە ملێۆنەها تورکمانی سوریا دەکەن. ئەوانەی ئەوێش وەکو بەرەی تورکمانی، چونکە لە هەمان سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، کە تورکیایە، هەمان گوتاریان هەیە و بە هەمان شیوە لە دژی کوردی سوریا لە گەڵ دوژمنەکانیاندا هاوپەیمانی دەبەستن و ناوی بزووتنەوەکەیان ڕەش دەکەن.


دەبوایە توركمانەكان بەر لە لایەنەكانی تر پەندیان لە مێژووی نزیكی خۆیان لەم بارەیەوە وەرگرتبا، چونكە هەندێ لە كەین و بەینەكانی ئەورۆی عیراق و كوردستان دەقا و دەق لەوانەی سەردەمی دوای شەری یەكەمی جیهانی و كێشەی موسڵ دەچن.

هەندێ جار برێمەر پێرسی كۆكس و هێنری دۆبس و ئێدمۆندزی وەبیر مرۆڤ دەهێنایەوە. هەر وەكو ئەوان لە گەڵ دۆزی كوردا هەڵس و كەوتی دەكرد. تۆ بڵێی پۆڵ برێمەر كتێبەكەی ئێدمۆندزی، كە بە نێوی ( كورد و تورك و عەرەب) بە وردی نەخوێندبێتەوە؟ .

هەر بە شێوازی ئەو سەردەمەش گروپە ئەتنیكی و مەزەبیەكان هەوڵدەدەن تا پێیان بكرێ ژمارەی هاوزمان و هاومەزەبەكانیان گەورە بكەن و بەزۆریان پیشان بدەن. وڵاتانی دەر و بەریش و لە سەروی هەموویانەوە توركیا وەكو ئەو دەمە خەریكی پیلان گیران و هەڕەشە و گوڕەشەن. هەڵبەتە كۆمەڵگەی كوردی ئەورۆ گەلێ جیاوازە لە هی ئەو سەردەمە. هەستی نەتەوەیی ئەورۆ لە گەڵ بیستەكانی سەدەی رابردودا بەراورد ناكرێ، هەرچەندە مرۆڤ ناتوانێ بڵێ كە لە نەخۆشییە خێڵەكی و ناوچەیی و مەزەبیەكان رزگاری بووە .

,,

بەریتانیا وەكو دەوڵەتی خاوەن مەندەیەت لە عێراق و توركیا هەوڵیاندەدا شوێن پێی خۆیان لەو ناوچەیە قایم بكەن و زۆرترین بەڵگە و ئامار پێشكەش بكەن كە دەیانتوانی بۆچونەكانیان پشتراست بكەنەوە.

ئەو كاتەش پرسەكانی پێكهاتەی نەتەوەیی دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ و ژمارە و رێژەكانیان یەكێ لە گرێ كوێرەكان بوو و هەر لایەنەی هەوڵیدەدا بەلای خۆیدا بارەكە دابشكێنێتەوە. ئەو كاتەش توركەكان وەكو توركمانەكانی ئەورۆ باسی ئامار و ژمارەو رێژەی سەیر و سەمەرەیان دەكرد. هەردوولا واتە بەریتانیا وەكو دەوڵەتی خاوەن مەندەیەت لە عێراق و توركیا هەوڵیاندەدا شوێن پێی خۆیان لەو ناوچەیە قایم بكەن و زۆرترین بەڵگە و ئامار پێشكەش بكەن كە دەیانتوانی بۆچونەكانیان پشتراست بكەنەوە. یەكێ لەو بەڵگە و زانیارییە سەیرانەی كە توركەكان پێشكەشیان کرد بە لێژنەی لێكۆڵینەوە لە كێشەی موسڵ و گەلێ پشتیان پێی قایم بوو، ئەوە بوو گوایە لە لیوای سلێمانی (32000) تورك دەژێن. سەرچاوەی ئەم زانیارییانەش وا دیارە لایەنگرانی كەمالیەكان بوون لە سلێمانی، بە تایبەتی فەتاح ئەفەنی ژنبرای شێخ مەحمودی حەفید.


فەتاح ئەفەنی لە لایەن كەمالیەكانەوە وەكو نوێنەری لیوای سلێمانی كرابوو بە ئەندامی شاندی توركی لەو لێژنەیە. ئەو لێژنەیە بە سەرۆكایەتی جەواد پاشا بوو كە ئەفسەرێكی پایەبەرزی سوپای توركیا بوو. جەواد پاشا سەركردایەتی هێزە سەربازییەكانی توركیای دەكرد لە بەرەی جەزیر و سنورەكانی ئەورۆی عیراق. لایەنگرێكی سەرسەختی مستەفا كەمال بوو. زۆر كینەی لە هاوپەیمانان هەڵگرتبو كە لە كاتی داگیركردنی ئەستەموڵدا لە ساڵی 1920 دەستگیریان كردبوو و بۆ دورگەی ماڵتەیان دوورخستبۆە. كەمالییەكان چەند كەسێكی دانیشتوی ناوچەكەیان قایل كردبوو بۆ ئەوەی بە نێوی لیواكانی ویلایەتی موسڵەوە ببنە ئەندامی شاندی تورك لەو لێژنەیەدا. لە تەك فەتاح ئەفەنی كە بە نێوی لیوای سلێمانیەوە بەشداری كردبوو، نازم بەگی نەفتچی زادە بە نێوی لیوای كەركوك و كامل بەگیش بە نێوی لیوای موسڵەوە جێگەیان لەو شاندەدا گرتبوو. توركەكان زۆر هیوایان بەم (نوێنەرانە) هەبوو و پێیان وابوو كە ئەمانە دەتوانن خەڵكی ناوچەكە بەلای توركدا رابكێشن و كێشەی ویلایەتی موسڵ بە قازانجی توركیا یەکلایی بکەنەوە.


دوای ماوەیەكی كەم جەواد پاشا بۆی دەركەوت كە دەرفەتی لایەنی توركی زۆر لاوازە و ئەم نوێنەرانە رۆڵی خۆیان گەورە كردووە و ئامار و ژمارەی دوور لە راستیان بە لایەنی توركی پێشكەش كردووە. هەر زوو بۆی دەركەوت كە كار لە كار ترازاوەو ئەمانە هیچیان پێناكرێ و ئینگلیز شوێن پێی خۆی لە ناوچەكە بە تەواوی قایم كردووە. لە گەڵ ئەوەشدا هیوایەكی بە هەڵوێستی لیوای سلێمانی مابوو، كە بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی دوایی خەڵكەكەی كێشەی زۆریان لە گەڵ بەرێوەبەرایەتی ئینگلیزدا هەبوو.


هەڵبەتە ئەوەشی لە بیر نەدەكرد كە ( 32000 ) توركەكەی سلێمانی لایەنگری كردنیان لە داخوازییەكانی توركیا مسۆگەرە!. هەر بە گەیشتنی لیژنەكە بۆ سلێمانی جەواد پاشا عەوداڵی بینینی ئەو هەموو توركە بوو. زۆری لا سەیر بوو كە قەت توشی بە توشی توركێكەوە نەدەبوو و بەتەواوی باورەی بە فەتاح ئەفەنی لەق بوو بوو. گەلێ هەوڵیدا هەندێ لە دۆستە كۆنەكانی توركیا ببینێ، لێ ئەوان چ لە بەر دڵی ئینگلیز و چ بە هۆی سیاسەتی كەمالییەکانەوە لە دژی کورد ئامادە نەبوون لە گەڵیدا كۆ ببنەوە.

,,

ئێدمۆندز بە تەوزەوە ئاماژە بەوە دەكا كە لایەنی ئینگلیزی بیرخەرەوەیەكی پێشكەشی لێژنەی كێشەی موسڵ كردبوو و پێی لە سەر ئەوە داگرتبو كە تەنانەت یەك تورك لە لیوای سلێمانیدا نییەو ئەوان داوا لە لایەنی توركی دەكەن نەك سی و دوو هەزار تورك بەڵكو یەك توركیان لە لیوای سلێمانیدا بۆ بدۆزنەوە


لە بارەی ئەم (سی و دوو هەزار توركەی سلێمانیەوە!) ئێدمۆندز بە تەوزەوە ئاماژە بەوە دەكا كە لایەنی ئینگلیزی بیرخەرەوەیەكی پێشكەشی لێژنەی كێشەی موسڵ كردبوو و پێی لە سەر ئەوە داگرتبو كە تەنانەت یەك تورك لە لیوای سلێمانیدا نییەو ئەوان داوا لە لایەنی توركی دەكەن نەك سی و دوو هەزار تورك بەڵكو یەك توركیان لە لیوای سلێمانیدا بۆ بدۆزنەوە. ئێدمۆندز زۆر راستی بۆ چووە كە زانیارییەكانی لایەنی توركی لە بارەی پێكهاتەی نەتەوەیی دانیشتوانی سلێمانیەوە نیشانەی گەوجی و بێ ئاگایی توركی دەرئەخست. هەر بە هەمان شێوەش گاڵتە بە جەواد پاشای بەستەزمان دەكا و دەڵێ گوایە (زۆر دڵی پێی دەسوتا). بەلای ئێدمۆندزەوە ئەو سەركردە سەربازییەی توركیا ناچار بوو بەرگری لە دۆزێكی دۆراو بكا.


ئێدمۆندز بەهەمان تەرز و تەوزەوە ئاماژە بەوە دەكا كە بۆ پێرابواردن و كات بە سەربردن، لایەنی ئینگلیزی بریاریاندا بیرخەرەوەیەكی نوێ بۆ لێژنەی كێشەی موسڵ بنێرن بۆ راستكردنەوەی هەڵەیەك كە لە نامەی پێشوودیاندا روویدابوو. لەوێ وترابوو كە لە لیوای سلێمانیدا تەنانەت یەك تورك نیە، لێ لە دوای گەران و لێكۆڵینەوە دەركەوت گوایە توركێكیان لە سلێمانی دۆزیوەتەوە. ئەو تاقانەیە لە كاتی خۆیدا لە سەربازگەی سوپای ئۆسمانی لە سلێمانی نۆكەر بووە (لای ئێمە بە واتای خزمەتكار دێ، هەرچەندە نۆکەر لە كاتی خۆیدا نێوی فەرمی سەربازانی ئوزون حەسەن "حەسەنە درێژ " بووە لە دەوڵەتی ئاق قۆینلو). تورکە تاقانەیە دوایی ژنێكی كوردی خواستووە و لە سلێمانی ماوەتەوە و بە وتەی ئێدمۆندز ئەو كاتە واتە لە سەرەتای ساڵی 1925 كرێكاری پاكردنەوە بووە لە شارەكەدا!.


بەو شێوەیە چیرۆكی سی و دوو هەزار توركەکەی سلێمانی بە دۆزینەوەی کارمەندێکی هەژاری پاكکردنەوە لە دارومولكی باباندا پەردەی بەسەردا داخرا و كۆتایی هات.