نه‌ورۆز له‌ دیدى هێمن موکریانی شاعیره‌وه‌

2019-03-20


دیپلۆماتیك مەگەزین

لەبارەی نەورۆزدا زۆرشت گوتراوەو نوسراوە، مێژوونووسان دەڵێن ئەو ڕۆژەی کە ئاگر دۆزراوە خەڵک کردییە جێژن و ناوی نا نەورۆز، یا دەنووسن ئەو ڕۆژەی کە کاوەی ئاسنگەر لە زوحاکی خوێنخۆرو زۆردار ڕاپەڕی دوایی بەدەسەڵاتی زۆردارانەی هێنا، کرا بەنەورۆز.

تەنانەت لەهەندێ برادەری شیعەم بیستووە، کەحەزرەتی عەلی سڵاوی خوای لێبت لەوڕۆژەدا لەدایکبووە، هیچ کام لەو بۆچوونانە بۆ ڕەتکردنەوە نابن، دۆزینەوەی ئاگر ئەو نیعمەتە خودای گەورە، ڕاپەڕینی کاوەو لەناخ ڕۆکردنی زەحاکی زۆر دارو، لەدایک بوونی حەزرەتی عەلی ئەو سەردارە بەناوبانگەی ئیسلام هەموو بۆیە دەبن جێژنیان بۆ بکەی.
بەڵام بۆچوونی من لەبارەی نەورۆزدا بۆچونێکی لادێیانەو کرمانجانەیە، لەوەش ناترسم مێژووزانەکانی شارستانی پێم بڵێن کەڕە کرمانجی مێژوو نەزان و نەخوێندەوار ئەوەت لەکوێ هێناوە.

من پێموایە ئەم ڕۆژە پیرۆزەو ئەم جێژنە گەورەی زۆربەی گەلانی ڕۆژهەڵات پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەیە، جا ئیجازە بدەن بەکورتی لەو بارەیەوە بدوێم تابزانن منی کەڕە کرمانج کەنگێ و لەکوێم دەرسی ئیقتساد خوێندووە تاقسەی زل بکەم، بابە با نەخوێندەواریشبم خۆ ئەوەندەم لەخوێندەواران بیستووە کە ئەوگەلانەی بەزمانی گەلی ئێرانی دەدوێن لەڕۆژێکدا کە نە من دەزانم کەنگێیەو نەئەو کەسانەی خۆیان بەمێژووزان و مێژووناس دەژمێرن بۆیان ساغ نەبۆتەوە چەند هەزار ساڵ دەبێ لەقەفقاز سەرەو ژێر بوونەوەو هەر یەک بۆلایەک ڕۆیشتن.

،،

ئەو جەژنە ئەوەندە گەورەبووە کە عەرەب وەریگرتووەو کردویانە بە ( میهرەجان ) بەهەموو ڕۆژێکی خۆش دەڵێن میهرەجان، مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ پێشینان دەڵێن مەڕ بە سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەردێ و مەترسی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە، جێژنی سەدە کە ئێستاش لەزۆربەی شوێنی کوردستان دەکرێ و پێی دەڵێن ( بێڵن دانا ) پەیوەندی لەگەڵ ئەم باسە هەیە

ئەم گەلانە هەموویان شوانە وێڵەو مەڕدار بوون و ژیانیان بەپێست و گوانی ئەم گیانلەبەرە خۆین شرین و بەستەزمانە کەزۆر زوو دەستەمۆ بووە دابین کردووە.
ڕوونتر بڵێم خۆراکیان لەشیرو پۆشاکیان لەخوری ئەو حەیوانە بووە، جا بۆیە خۆشیان ویستووەو گەرمیان و کوێستانیان لەگەڵ کردووەو بەدوای هەوارو لەوەڕگادا وێڵ بوون و گەڕاون، نەزۆر شارەزای نوسینەکانی ( هیرۆدت )و ( تەبەری ) و ( گەزنەفۆن ) و( فیردۆسی ) و ( مینۆرسکی ) و ( زێڕنۆف ) و ئەوانەم کە بنچەکەی کورد بەرمەوە سەر کاردۆخ و مادو نازانم کێ و کێ؟ بەڵام دەزانم کوردیش یەکێکبووە لەو گەلانەی کە لەپێشدا شوانە وێڵە بووە، ئێستاش ئەگەر کارەساتی ڕۆژگار لێگەڕێ کەیفی لەشوانیەتیەو وڵاتەکەشی بۆ ئاژەڵداری یا بەزمانی ئیمڕۆ دامداری و دامپەروەری دەناڵێ.

ئێستاش هەرچەندە بەداخەوە مەڕداری لەکوردستاندا زۆر کەم بووەو دامپەروەرەکان کاتی بەران تێبەردانیان گۆڕیوە، بەڵام ئەو دابە هەر نەگۆڕاوە هەرکەس کەرتە مەڕێکی هەبێ ئەوڕۆژە بەران دەمەڕی دەکا، میوانداری لە جیرانان دەکا مێوژ و خورماو شرینی دەدا بە منداڵان و ئەگەر خەڵاتێکی زۆر باش بۆ شوان لەئەستۆی بەران نەکا، کاکی شوان نایەڵێ بەرانی ڕەنگاو بچێتە نێو مێگەل، بەڵام زۆر دوور نییە هەر بە بیری منى مەڕدار لەئاخرو ئۆخری مانگی( میهر ) بەرانیان لە مەڕ کردووە جەژنی مهرەگانیان بۆ کردووە.

دیارە ئەو جەژنە ئەوەندە گەورەبووە کە عەرەب وەریگرتووەو کردویانە بە ( میهرەجان ) بەهەموو ڕۆژێکی خۆش دەڵێن میهرەجان، مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ پێشینان دەڵێن مەڕ بە سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەردێ و مەترسی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە، جێژنی سەدە کە ئێستاش لەزۆربەی شوێنی کوردستان دەکرێ و پێی دەڵێن ( بێڵن دانا ) پەیوەندی لەگەڵ ئەم باسە هەیە، دوو مانگ پایزو سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ لەشەوی ئەوەڵی بەهاردا زەوی مەڕدێ و جێژنی هەرە گەورەی مەڕدارە.

پێم وانییە پێویستی بەڕوونکردنەوەبێ، بەرخی مەستە شیر پاشی سێزدە ڕۆژ دەبێ لەکۆز دەرکرێ و بەزاوە ماک بیبەینە لەوەڕ، ئەوەش سێزدە بەدەرەکەمان.

ئەوەیە بۆچوونی منی کەڕە کرمانج کە لەژیانی باوکم بەسەر مەڕدا ڕادەگەشتم و گەرمیان و کوێستانم دەکردو بەپسپۆڕی ناوبانگم هەبوو، بەڵێ ماوەیەکی زۆر وێڕای شوانی و شەوگەڕو شەنگەبێری توندوتۆڵ لەکوێستانە جوانەکانی کوردستانی ڕەنگین ژیانم ڕابواردووە.

سه‌رنج:
ئه‌م بۆچوونه‌ى مامۆستا هێمن موكریانى، له‌ كتێبى " هه‌وارى خاڵى" دا خراوه‌ته‌ ڕوو.