شانۆ لەبەردەم دیدى ئەفلاتۆنیدا

2019-03-28

شانۆ وەك یەكێك لە هونەرەكان سەرەتاكەى دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانیەكان وە بە باوكى هەموو هونەرەكان دادەنرێت، وە شانۆ لە یەكەمین ئامانجیدا هەوڵ دەدات كە دیاردەكانى ناو كۆمەڵگە بە بچوككراوەیى و لەسەر تەختى شانۆدا پیشانى بینەرانى بدات و هەوڵ دەدات پرۆسە كۆمەڵایەتیەكان لە روانگە و دنیابینى خۆیەوە بەسەر عەقڵى بینەردا بسەپێنێت.


بە واتایەكیتر، شانۆ و هونەر بەگشتى بانگەشەى ئەوە دەكەن كە لە هەمووان زیاتر دنیابینییان هەیە بەرامبەر حەقیقەت و فۆرمى بەرزى دیاردەكان، بەڵام بزانین ئەفلاتۆن چۆن لە ڕوانگەى فەلسەفە میتافیزیكیەكەى خۆیەوە ئەم گوتارەى هونەر لە بێژنگى ڕاستى دەدات (میتافیزیك= ئەودیو سروشت یان ئەودیو شتە هەستپێكراوەكان، هەرشتێك خۆى بەو دیو جیهانى هەستپێكراوەوە خەریك بكات پێى دەوترێت میتافیزیك، ئەم چەمكە لە روانگە دینیەكەیەوە بە ماناى جیهانى ئەودیو ئەم دنیا یان جیهانى پاش مردن دێت).

ئەفلاتۆن كە پێویست ناكات لەسەر بایۆگرافى و ژیان و ناساندنیەوە هێندە بدوێین چونكە خاوەن نەریتێكى فەلسەفى دەوڵەمەندو گشتگەرایە، واتە ئێمە لەسەر هەر ڕوانگەیەكى ژیان یاخود هەر ڕوانگەیەكى بیركردنەوەوە قسەبكەین دەتوانین سود لە عەقڵ و جیهانبینى ئەفلاتۆن وەربگرین، لەبەرئەوەى سیستەمە فەلسەفیەكەى ئەفلاتۆن سیستەمێكى سەرتاپاگیرە و هەموو ڕەهەندە فیكرییەكان و سیستەمە كۆمەڵایەتى و سیاسى و مرۆییەكانى لە خۆوە گرتووە.

ئەگەر بمانەوێ لە سەر هەر لایەنێكى فیكرى ئەفلاتۆن قسە بكەین، ئەوا مەحاڵە بە بێ گەڕانەوە بۆ سیستەمە میتافیزیكەیەكەى بتوانین وردبینى بۆ لایەنە فیكریەكانى ترى بكەین، بۆ نمونە پێویستە لە ڕوانگە میتافیزیكیەكەیەوە سیستەمە سیاسیەكەى هەڵبسەنگێنین بە هەمانشێوەش لە میتافیزیكەكەیەوە بۆ رەهەندە ئەپستمۆلۆژیەكەى و رەهەندە ئۆنتۆلۆجیەكەی و سەرجەم جیهانبینیەكانى ترى بڕۆین،بۆیە باسكردن لە شانۆ و شیعر و شێوەكارى و پەیكەرتاشى و هونەر بەگشتى لەدیدى ئەفلاتۆنەوە دەكەوێتە هەمان چوارچێوەوە.

,,

میتا فیزیكى ئەفلاتۆن باسكردنە لە دیوى نادیارى شتەكان، هەر ئەوەندەى كە دەڵێین دیوى نادیارى شتەكان راستەوخۆ تێگەیشتن لە ڕاستەقینە یاخود حەقیقەت لە جیهانى هەستپێكراودا بوونى خۆى لە دەست دەدات یاخود بە لایەنى كەمەوە فۆرمى ڕێژەگەرایى وەردەگرێت

باسكردنى میتافیزیكى ئەفلاتۆن زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێت كە لە وتارێكدا شوێنى بكەینەوە، بەڵام هیچ نەبێ ڕەنگە بتوانین باگراوەندێك لە دیدگاى میتافیزیكى ئەفلاتۆن بخەینە بەردەستەوە .میتا فیزیكى ئەفلاتۆن باسكردنە لە دیوى نادیارى شتەكان، هەر ئەوەندەى كە دەڵێین دیوى نادیارى شتەكان راستەوخۆ تێگەیشتن لە ڕاستەقینە یاخود حەقیقەت لە جیهانى هەستپێكراودا بوونى خۆى لە دەست دەدات یاخود بە لایەنى كەمەوە فۆرمى ڕێژەگەرایى وەردەگرێت، واتە حەقیقەتى هەموو شتەكان لەم دنیایەدا خۆى بەدەرناخات كە بە بڕواى ئەفلاتۆن ڕاستەقینەى هەموو شتەكان لە جیهانێكى بەرزتردایە كە بە جیهانى فۆرمە بەرزەكان یان جیهانى ئایدیاكان ناوى دەبات.

لەم جیهانەدا هەموو شتەكان بونى كامڵى خۆیان هەیە و لەكات و شوێن و ماتەر بەدەرە واتە نە سەرەتاى هەیە و نەكۆتایى هەیە وە ئەم فۆڕمانە سادەن و ئاوێتەنین ئەمەش بەو مانایە دێت كە هەرگیز لە ناو ناچن، بۆ نمونە لە جیهانى هەستپێكراودا ئاو پێكهاتەیەكى سادەى نیە و لە ئاوێتەى دوو گەردى هایدرۆجین و گەردێكى ئۆكسجین پێكهاتووە كەواتە ئاو ناتوانێت بۆ هەمیشە بمێنێتەوەو گۆران و كارلێكى بەسەردا دێت و هەڵدەوەشێتەوە، كەواتە ئاو لەناودەچێت لەبەرئەوەى فۆرمێكى سادەى نیە بۆیە لەناو شوێن و كاتدا دەژى و كاتى كۆتا بوونى هەیە، یاخود لەبەرئەوەى ئاوێتەیە كەواتە لە ڕێگەى گۆڕان لە پێكهاتەكانیدا گۆڕان لە فۆرمى ئاویشدا ڕوودەدات، بەڵام ئەم گۆرانكارییانە لە جیهانى فۆرمە بەرزەكان یان ئایدیاكانى ئەفلاتۆندا بوونى نیەو هیچ گۆڕانكاریەك روونادەن لەبەرئەوەى فۆرمەكان بوونێكى پەتى و سادەیان هەیەو ئاوێتەنین تاكو بە هۆى كارلێكەوە لەناو بچن یاخود گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، بەم مانایەش خەسڵەتى هەمیشەیى وەردەگرێت و لە ناو كات و شوێندا نامێنێتەوە وەك ئەوەى لە ئاوەكەدا هەبوو.

ئەم ڕوانگە میتا فیزیكیە بەهامان شێوە بەها ئەخلاقیەكانیش دەگرێتەوە، بۆ نمونە جوانى یان دادپەروەرى لە جیهانى هەستەكیدا بەشێكى وەرگیراون لە جوانى یان دادپەروەرى جیهانى فۆرمە بەرزەكان، واتە لە جیهانى هەستەكیدا واتە ئەم دنیا جوانى یان دادپەروەرى بەشێوەیەكى رەها بوونى نیە، بۆ نمونە جوانى كەسێك لە ڕوانگەى كەسێكەوە بۆ كەسێكى تر دەگۆڕێت واتە لاى كەسێك جوانە و لاى كەسێكى تر ناشرین، یاخود بەلاى هەمان ئەو كەسەوە كە جوانە لە كاتێكى تردا ناشرینە كەواتە چوارچێوەى كات و شوێن وەردەگرێت.


ئەم نەریتە فەلسەفیەی ئەفلاتۆن زیاتر لە بیروڕای فەیلەسوفە ئاینیەکانیشەوە نزیکە بۆ نمونە کاریگەری زۆری لەسەر فەیلەسوفانی مەسیحی و ئیسلام هەبوە لەوەی کە باسی جیهانی فۆڕمە بەرزەکان دێنێتە کایەوە کە لەگەڵ قیامەتی ئیسلام و مەسیحیەت لێکچویی و هاوشێوەییان زۆر پێوە دیارە، بۆ نمونە یەکێک لەو باوەڕانەی کەلە ئیسلامدا هەیە ئەوەیە ئەوانەی دەڕۆنە بەهەشتەوە هیچ بوغز و توڕەییان لەدڵدا بەرامبەر یەک نامێنێت، دڵیان بە پاکێتییەکی ڕەها دەگات، ئەمە باوەڕی ئەفلاتۆنیشە بەڵام بەشێوازی دەربڕینێکی تر کە دڵێت لەجیهانی فۆڕمە بەرزەکاندا شتەخراپەکان بونیان نامێنێت هەموو فۆڕمەکان چاکن بەڵام خودی چاکە نیە.وە ئەفلاتۆن دەڵێت کە لەجیهانی فۆڕمە بەرزەکاندا فۆڕمی بەرزترین هەیە کە چاکەیە و سەرچاوەی هەموو بوونەکانە ئەمەش ئەرستۆ جوڵێنەری یەکەم یان فەلسەفەی یەکەمی ناو لێدەنێت و فەیلەسوفە ئیسلامیەکانیش خوای گەورەی لێ ناو دەنێن.

ئێستا ڕوانگە میتافیزیكیەكەى ئەفلاتۆن بەرەو روانگە ئەپستمۆلۆژیكەى (مەعریفەتناسى یان زانین)خۆى دەمانبات كە لێرەدا لەگەڵ بابەتەكەمان كە شانۆیە ئاشنا دەبینەوەو هەڵسەنگاندنەكەمان دەستپێدەكات بە ستانداردە ئەبستمۆلۆژیەكەى ئەفلاتۆن.

ئێمە وتمان كە ئەوەى لە جیهانى سروشتیدا هەیە هەڵگرى بەشێك لە خەسڵەتە یان بەهایەكە لەكات و شوێنێكى تردا هەڵگرى خەسڵەت و بەهاى دژەكەیەتى یان جیاواز لەخۆیەتى، واتە ئاوێتەیە بەڵام ئەمە لە جیهانى فۆرمە بەرزەكاندا نابینرێت تەنها سادەیە لەیەك خەسڵەتدا، بۆ نمونە لە جیهانى سروشتدا شتێك جوانە بەڵام لە كاتێكیتردا جوان نیە، یاخود ئێمە كاتێك لە سەر مادەیەكى سپى مرەكەبى رەنگ شین دەڕێژین هەر شین دەردەكەوێت، بەڵام ئەگەر لەسەر مادەیەكى ڕەش بیڕێژین بە رەنگى سور دەردەكەوێت ئا لێرەدایە كە ئەفلاتۆن دەڵێت ناتوانین بریار لەسەر ڕەنگى ئەو مرەكەبە بدەین ئەو بریارەش كەدەیدەین ناچێتە چوارچێوەى زانینەوە یان مەعریفەوە، بەڵكو دەچێتە چوارچێوەى بۆچوونەوە، چونكە زانین لەبارەى خەسڵەتە راستەقینەكانەوە دەدرێت واتە نابێ بگۆردرێت بەڵكو ئەوە بۆچوونەكانن دەگۆڕدرێن وەك رەنگى مرەكەبەكە، واتە كاتێك بەمرەكەبە شینەكە دەڵێین شین لەسەر مادە سپییەكەو لەسەر ماددە رەشەكەش بە هەمان مرەكەبە شینەكە بڵێین سور بەمە ناوترێت مەعریفە، بەڵكو پێى دەوترێت بۆچوون یان گریمانە، بۆیە زانین تەنها لەبەرامبەر خەسلەتە راستەقینەكاندا دێتە بوون راستەقینەش تەنها لە دنیاكەى تردا بوونى هەیە كە جیهانى فۆرمە بەرزەكانە.

لە پێشتردا باسمان كرد كە شانۆ یان شانۆكار هەمیشە وەك مەعریفەیەك لە كۆمەڵگەدا خۆى دەردەخات و دەیەوێت پێمان بڵێت كە حەقیقەتى دیاردەكان دەردەخات كە زۆرجار بە دیاردە كۆمەڵایەتیەكانەوە خۆى خەریك دەكات، بەڵام ئێستا با بێن لەڕوانگەى ستانداردە ئەبسمۆلۆژیەكەى ئەفلاتۆنەوە مەعریفەتگەراییەكەى شانۆ بدەین لە بێژنگى راستى یان

,,

شانۆ یان شانۆكار دێت‌و لەسەر تەختەى شانۆ نمایشى دیاردەیەكى كۆمەڵایەتى دەكات و لەگەڵیشدا باس لە حەقیقەتى دیاردەكە دەكات ئەوا لە ئەگەرى پێچەوانە بوونەوەى حەقیقەتى پشت دیاردەكە وەك رەنگى مرەكەبەكە ئەگەر كەسێكى ئاسایى یەك پلە لەحەقیقەت دوور كەوتبێتنەوە لەبەرامبەردا كەسى شانۆكار یان شانۆ داڕێژ دوو پلە لە حەقیقەت دوور كەوتۆتەوە

مەعریفە:

یەكەم: كاتێك شانۆ یان شانۆكار دێت‌و لەسەر تەختەى شانۆ نمایشى دیاردەیەكى كۆمەڵایەتى دەكات و لەگەڵیشدا باس لە حەقیقەتى دیاردەكە دەكات ئەوا لە ئەگەرى پێچەوانە بوونەوەى حەقیقەتى پشت دیاردەكە وەك رەنگى مرەكەبەكە ئەگەر كەسێكى ئاسایى یەك پلە لەحەقیقەت دوور كەوتبێتنەوە لەبەرامبەردا كەسى شانۆكار یان شانۆ داڕێژ دوو پلە لە حەقیقەت دوور كەوتۆتەوە، لەبەرئەوەى كە پێشتر باسمان كرد حەقیقەتى هەموو شتەكان یان دیاردەكان وەرگیراوى بەشێكن لە حەقیقەتى هەمان شت یان دیاردە لە جیهانى فۆرمە بەرزەكاندا، بۆیە ئەوەى كە شانۆكار كردوویەتى وەرگیراوى حەقیقەتە ڕەهاكەیە .

دووەم: بە پێچەوانەى بانگەشەى شانۆكارەوە ئەوەى كە شانۆكار گوزارشت لەدیاردەكان دەكات ناچێتە چوارچێوەى مەعریفەوە، بەڵكو تەنها دەچێتە چوارچێوەى بۆچوونەوە یان گریمانەوە، ئەمەش لەبەرئەوەى كە پێشتر وتمان مەعریفە لە بەرامبەر راستەقینەى ڕەهاى شتەكان یان دیاردەكان دەوەستێت و گۆرانكارى لە دیدگاى مەعیفەكەدا ڕوو نادات، بەڵام بۆچوون یان گریمانە لە بەرامبەر حەقیقەتى رێژەگه‌رایى شتەكان یان دیاردەكاندا دەوەستێت، ئەو دیاردانەیش كە شانۆكاران باسیان لێوە دەكەن هەڵگرى حەقیقەتى ڕێژەگەران كەواتە دەچنە چوارچێوەى بۆچوون و گریمانەوە.

سه‌رنج:
وێنه‌كان، فۆتۆگرافه‌ر " هه‌ڵۆ جه‌بارى" گرتوونى‌و دیمه‌نى شانۆیی " یارییه‌كى خۆش"ه‌، كه‌ به‌رهه‌مى تیپى شانۆى نالییه‌‌و له‌ ڕۆژى جیهانى شانۆدا نمایشت كرا.