ئایین لەژێر سێبەری ئەخلاقدا

2017-12-15

بەدرێژایی مێژووی گفتوگۆکردن لەسەر ئایینەکان ، پرسیارێکی سادە هاتووەتە پێشەوەو بەدوای وەڵامدا وێڵ بوە، پرسیارێک کە عەوداڵی وەڵامی چیەتی پەیوەندی نێوان ئایین و ئەخلاقه ، لە راستیشدا ئەم پرسیارە دەکرێت بە سادەتريش بکرێت ئەویش ئەوەیە ئەخلاق چیە؟ ئایین چیە؟ دوا جار پێناسەکردنی هەر چەمکێک کاریگەری دەبیت لەسەر مامەڵە لەگەڵ کردنی.


پێدەچێت ئەو پرسیارانەی لەمەر پەیوەندی نێوان ئایین و ئەخلاق زۆر بەربڵاون، دەکرێت بەشێکیان ئاماژە پێبدەین، لەوانەش ئایا ئایینەکان دروستکەری کرداری ئەخلاقین؟ یان بەشێوەیەکی دیکە دەری ببڕین ئایا ئایینەکان موشەڕیعی ئەخلاقین؟ یان نەخێر پرسی ئەخلاقی و بابەتە ئەخلاقیەکان خۆیان بونێکی سەربەخۆیان هەیە و وەزیفەی ئایینەکان بریتیە لەوەی ئەو بونە حەشاردراوە بخەنە بەر رۆشنایی، یان نەخێر لە بنەڕەتەوە ئایین و ئەخلاق هیچ جۆرە پەیوەندیەکیان پێکەوە نیە، دوو کیانی سەربەخۆن، تا ئەو ڕایەی پێمان وابێت نەک پەیوەندی ئەرێنیان لەنێواندا نیە بەڵکو ئایین بکوژی ئەخلاقە، چونکە ئەخلاق لە هێزێکی ویژدانی و ناوەکی مرۆڤەوە دەگوازیتەوە بۆ جەبر و فشاری دەرەکی.

،،

ئایا ئایینەکان دروستکەری کرداری ئەخلاقین؟ یان پرسی ئەخلاقی و بابەتە ئەخلاقیەکان خۆیان بونێکی سەربەخۆیان هەیە و وەزیفەی ئایینەکان بریتیە لەوەی ئەو بونە حەشاردراوە بخەنە بەر رۆشنایی


ئەگەر ئێمە لە ڕووی گريمانەییەوە لە پەیوەندی نێوان ئایین و ئەخلاق وەک دوو کایەی سەرەکی بەشێوەیەکی ئەبستراکت بکۆڵینەوە، واتە سەربەخۆ بوونی ئایین لە ئەخلاق و ئەخلاق لە ئایین وەک پێشگريمانە وەربگرین و شۆڕی نەکەینەوە بۆ بازنەی گریمانەو سەلماندن، ئەوا دەتوانین وەک دوو کیانی سەربەخۆ و موجەڕەد گریمانەی چەند جۆرێک لە پەیوەندی لە نێوان ئەو دوو کیانەدا بکەین ، لەوانە


یەکەم : ئەخلاق لە موشتەقاتی ئایین وەرگیراوە، بەو واتایەی ئێمە بڵێین ئەخلاق بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانی ئایین.


دووەم: ئایین لە موشتەقاتی ئەخلاق وەرگیراوە، بەو واتایەی ئایین بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانی ئەخلاق.


سێیەم: ئایین و ئەخلاق دوو کایەی سەربەخۆن و هیچ جۆرە پەیوەندیەک لەنێوان ئایین و ئەخلاقدا نیە.


چوارەم : ئایین و ئەخلاق، پەیوەندی و هەماهەنگیان لە نێواندا هەیە، هیچیان بەرهەم و دەرهاویشتەی ئەوی دیکەیان نین ، لە هاندانەوە بۆ لەپێش بوون.


پێنجەم: ئایین و ئەخلاق لە ناسازگاری بەشەکیدان، واتە لە بەش و لاوەکیاتدا پێکەوە دەکەونە ناسازگاریەوە.


شەشەم : ئایین و ئەخلاق لە ناسازگاری هەمەکیدان، واتە بەشێوەی هەمەکی ئایین و ئەخلاق ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن.


ئەگەر ئێمە لەو جەدەلیەتە فراوانە تێپەڕين كە لەو بوارەدا هەن ، چونکە تێکڕای ئەو ڕایانە لایەنگر و ئارگیومێنتی خۆیان هەیە و دەرفەتی گفتوگۆکردنیان لەسەرو دەرفەتی بابەتێکی لەم چەشنەوەیە، بەڵکو بەرەو پرسیارێکی زۆر سەرەتایی و سادە بڕۆیین، ئایا بەشێوەی بنەڕەتی، ئایین پێویستی بە ئەخلاقە لە سەرەتایی ترین پنتیەوە یان ئەخلاق پێویستی بەئایينە.


ئەڵبەتە وەک وتمان هەردوو تەوژمەکە موناقەشەی ڕایەکانی دیکەیان کردوە، بەشێک لە ڕایەکان وابوون ئایین نەک لەپێشتر و زەرورەتی ئەخلاقیە بەڵکو موشەڕیع و خولقێنەری پێوەرەکانی کرداری ئەخلاقیە، لە بەرامبەریشدا ڕای پێچەوانە و جیاوازیش هەن، کە پێیان وایە نەخێر لەدەرەوەی بازنەو بنەما و روئیای ئەخلاقیەوە، بێ ڕەچاوکردنی ئەسڵە ئەخلاقیەکان قسەکردن لەسەر ئایین دەبێتە خەیاڵ پڵاوی و مانایەک بۆ ئایین لە دیوە وجودیەکەشەوە نامێنێتەوە.

،،

 ئەگەر پێشگریمانەى ئەخلاقی نەبێت، ناتوانین بڕوا بکەین ئەوەی لە ئاییندا هاتوە فرمانی خودایە، واتە لەدەرەوەی ئەخلاقەوە تێگەشتن و بڕوا هێنان بە ئایین خۆ خەڵەتاندنە.


ئەم دیدەی دوایی بۆ سەلماندنی ڕایەکانی خۆی پەنا دەباتە بورهانێکی قوڵ ئەویش بە تەسەورکردنی دۆخێک کە ئەخلاقی تێدا نزیک بووبێتەوە لە سفر، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانین وێنای بابەتەکە وەک خۆی بکەین دەبێت ئەم دوو کایەیە بەجیا بخەینە ناو کەوانەوە و هەرجارێک یەکیان پاسیڤ بکەین تا بزانین کامیان شەرعیەت دەدەنە ئەوی دیکەیان، واتە پرۆسێسی پلاسیبۆیان بۆ تەوزیف بکەین، دروستکردنی دۆخێک بە خاڵی کردنەوەی یەکیک لە پێکهاتە کاریگەرەکان. بۆیە لە سەرەتاوە دەبێت وێنای کۆمەڵگەیەکی خاڵی لە ئایین بکەین، بزانین ئایا ئەخلاق تێیدا مومکینە، ئایا دەکرێت ئەخلاقێک هەبێت لەڕووی تیۆریەوە کە ئایین بونی تێدا نەبێت، بە پێچەوانەشەوە کۆمەڵگەیەک خاڵی لە مەفاهیم و چەمک و بەهای ئەخلاقی، ئایا ئایین لێرەدا لانیکەم لەڕووی تیۆریەوە مومکینە بوونی ببێت.


هەردو دیدەکە بونیان هەیە، هەم ئەوەی ناتوانین لەدەرەوەی ئایینەوە وێنای ئەخلاق بکەیین و هەمیش بە پێچەوانەوە، بەڵام لەو روەوە ئێمە پێمانوایە رای دوەمیان بەڵگەی بەهێزتری هەیە زیاتر لەسەر ئەو دیدە کاردەکەین، کە یەکێک لە دەلیلەکانی لە پێشتر بوونی ئەخلاق بەسەر ئاییندا بریتیە لەوەی بۆ تێگەشتن لە ئایین پێویستە کۆمەڵێک پێشگریمانەی ئەخلاقیمان ببێت، ئەگەر ئەو پێشگریمانە ئەخلاقیانە نەبێت، ناتوانین بڕوا بکەین کە ئەوەی لە ئاییندا هاتوە فرمانی خودایە، واتە لەدەرەوەی ئەخلاقەوە تێگەشتن و بڕوا هێنان بە ئایین خۆ خەڵەتاندنە.


بنەمای ئەم تێڕوانیە لێرەدا ئەوەیە بۆ ئەوەی بڕوامان بە پێغەمبەر ببێت، دەبێت لە پشتیەوە کۆمەڵێک مەفاهیمی ئەخلاقی و بنەمای مۆراڵی بوونیان ببێت، ئەگەر ئەو بنەمایانە نەبن ناتوانین بڵێین نوێژ پێویستە، ڕۆژوو پێویستە، کوشتن تاوانە، مەگەر ئەوکاتەی بیسلەمێنین ئەوانە فەرمانی خودان و ئێمەش بڕیارمان دابێت ئەوەی فەرمانی خودا بێت ئێمە گوێڕایەڵی ببین، واتە لە ڕووی لۆجیکیەوە دوو پێشەکی پێویستن


یەکەم: پابەندی ئێمە بەهەموو فرمانێکی خوداوە
دووەم: نوێژکردن فرمانی خودایە

ووتەکان

 شوناسی ئەخلاقی مرۆڤ لەپێشترە لە شوناسی دینی مرۆڤ، مەقامی ئەخلاق و بەهاکەی لەسەرو بەهای دینەوەن ، بۆیە ناکرێت قوربانی بدرێت بە پەیامی ئەخلاقی بۆ پەیامی دینی، ئەگەر پەیامێکی دینی پیجەوانەی


کەواتە ئێمە پابەندین بەنوێژە کردنەوە، ئەم قەزیە لۆجیکیە لەروانگەی ڕێکخستنەوە گرفتێکی نیە ، بەڵام پرسیارەکەی ئێمە مادەی لۆجیکیە، واتە دەمانەوێت بزانین لە غیابی بەهای ئەخلاقیدا ئایا مەتریاڵەکانی ئەم دەربڕینە لۆجیکیە دروستن.


بۆ سەلماندنی ڕاستیەتی قورئان وەک پەیامێکی ئاسمانی لانی کەم دوو پێشگریمانەی ئەخلاقی پێویستن، یەکەم ڕاستگۆیی، واتە پێغەمبەر ڕاستگۆ بوەو و دووەم ئەوەی پێغەمبەر فریودەر نەبووە، ئەم دوو بنەمایە بنەمای ئەخلاقین ، هەر ئەمەش نهێنی بوونی ئەو هەموو سیفەتەی پێغەمبەر لە مێژووی موسڵماناندا بایەخیان پێدراوە، بەوەی کەسێکی راستگۆ و بە رەوشت بوە. یان لانی کەم لە زانستی فەرمودەدا مەرجی دادپەروەری وەک مەرج وەرگیراوە لە گێڕەڕەوەی فەرمودە، ئەمە بە تەنها لە خودی پێغەمبەردا کورت ناکرێتەوە ، بەڵکو هەمان شت بۆ فریشتەی وەحیش دروستە، تەنانەت ئەگەر بڕوامان وا نەبێت خودا وەک خاوەنی سروشتیش جدی بوە وەک چەمکێکی ئەخلاقی ناتوانین بڕوا بە ئایین بهێنین.


پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئێمە پێمان وابێت ئایین لەژێر چەتری ئەخلاقدایە چ دەرهاویشتەیەکی دەبێت لەسەر ژیانی کردەیی باوەڕداران و تێگەشتن لە ئایین، دەتوانێت لە کامە گۆشەی ئایینی پراکتیکی مرۆڤەوە رۆڵی ببێت، ئەگەر زۆر سادەی بکەینەوە، ئەو جیاوازیانە چین کە دێنە ئاراوە لە ئایین ناسی ئێمەدا و پراکتیک کردنی ئاییندا کاتێک باوەڕمان وابێت ئایین لەناو فەزای ئەخلاقیدا هەم شەرعیەت وەردەگرێت و هەمێش مانا دەبەخشێت.

،،

نابێت تێگەشتنی ئایینی پێچەوانەی بنەما ئەخلاقیەکان بێتەوە،  ئەگەر هەر تێگەشتنێکی دینی دژ یان ناسازگار بوو بە بنەما ئەخلاقیەکان لە روانگەی ئەم تێگەشتنەوە ناتوانێت دین بێت، ناتوانێت تەفسیری دروستی ئایین بێت


یەکەم دەرهاویشتەیەک ئەم دیدە دروستی دەکات بریتیە لەوەی بڕوامان وابێت بۆ گەران بەدوای ئەخلاقدا پێویستە لەسەرجاوەیەکی دیکەی دەرەوەی ئایینەوە سێرچ بکەیین، واتە گەڕان بەدوای بابەتە ئەخلاقیەکاندا نابێت لەناو ئاییندا بێت، چونکە لەم دۆخەدا لەروی لۆجیکیەوە دەور دروست دەکەین ، دەور لە پیناسەیەکی زۆر سەرەتاییدا بریتیە لە وەستانی شتێک لەسەر ئەو شتەی لەسەری وەستاوە، بۆ نمونە ئەگەرئێمە تاکە بەڵگەمان لەسەر بەشداری کەسێک لە چالاکیەکدا بریتی بێت لەوەی هەواڵێک لەبارەی ئەو روداوەوە دەگێڕێتەوە و تاکە بەڵگەشمان لەسەر راستیەتی گێڕانەوەکە بریتی بێت لەوەی ئەو کەسەی دەیگێڕێتەوە بە چاوی خۆی بینیویەتی، لە کاتێکدا ئەم دوو لایەی هاوکێشەکە لەسەر یەکتر وەستاون و پێویستی یەکترن، لە رووی لۆجیکیەوە ئەم دەورە ناتوانێت ببێتە بەڵگە، بۆیە ئەمە بۆ پەیوەندی ئایین و ئەخلاقیش دروستە، ئەگەر شەرعیەت پێدەری ئایین بریتی بێت لە ئەخلاق و سەرچاوەی ئەخلاقیش ئایین بێت، کەواتە ئەوکاتەی ئایین هێشتا نەهاتبوو ئەخلاق چۆن بونی هەبوو تا ببێتە پێوەری راستیەتی ئایین، بۆیە ئەمە یەکێک دەبێت لە دەرهاویشتەکانی باوەڕ بوون بە لە پێشتر بونی ئەخلاق بەسەر ئاییندا.

دووەم: دەرهاویشتەی دووەمی ئەم بۆچونە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە پەیڕەوکارانی ئایین و راڤەکارانی باوەڕیان وابێت فەرمانە ئایینیەکان چوارچێوەیەکی ئەخلاقیان هەیە ، ناتوانن ئەو چوارچێوەیە تێپەڕێنن، نابێت تێگەشتنی ئایینی پێچەوانەی بنەما ئەخلاقیەکان بێتەوە، بە کورتی ئەگەر هەر تێگەشتنێکی دینی دژ یان ناسازگار بوو بە بنەما ئەخلاقیەکان لە روانگەی ئەم تێگەشتنەوە ناتوانێت دین بێت، ناتوانێت تەفسیری دروستی ئایین بێت، بۆ ؟ چونکە هەر ئایین و تێگەشتنێکی ئایینی بیەوێت پێچەوانەی تەعالیمی ئەخلاقی بێت کێشە بۆ ریشە بنەڕەتیەکانی خۆی دروست دەکات، بنەمای شەرعیەت بەخشی خۆی دەخاتە بەر گومان و ژێر پرسیارەوە، ئەو لقە دەبڕێتەوە کە خۆی لەسەری وەستاوە، بەرەکە لەژیر پێی خۆیدا رادەكێشێت، ئەمە دیارترین دەرهاویشتەی کردەکی ئەو پیشگریمانەیەیە کە ئێمە خستومانەتە روو، ناچار کردن و بە ئەرک هەژمارکردنی گونجاندنی تێگەشتنی ئایینی لەگەڵ بنەما ئەخلاقیەکاندا، ئەمەش لەبەرژەوەندی ئاییندایە، ئەخلاق وەک رەقیبێک بەسەر ئایینەوە بێت ، تا ئەو ساتانەی ئەخلاق دەبێتە چاودیرێکی ئەکتیڤ بەسەر ئایینەوە، ئایین زیندوە، بۆیە دەبێت ئەو رەقیبە بمێنێ تا تێگەشتنی ئایینی ئەو گیانە لەدەست نەدات كە پێی دەژی، تاوەکو ئایین هەمیشە وەک زەرورەتیک بمینێتەوە لەناو کۆمەلگەدا، ئەمە خەسڵەتێکی ئەزمونکراوی میژووشە، هیچ کایە و هیزێک بی چاودێر نەبێت، تەنانەت جیاکردنەوەی دەسەلاتەکانیش لەناو دەوڵەتی مەدەنیدا بۆ ئەوەیە چاودێر هەبیت بەسەر دەسەلاتەکانەوە.

،،

ئەگەر پەیامێکی دینی پێچەوانەی پەیامێکی ئەخلاقی بوو ئەو کات مرۆڤی باوەڕدار ئامادە نیە پەیامە ئەخلاقیەکە فەرامۆش بکات بۆ هاتنە دی پەیامە دینیەکەی


سێیەم: قوڵکردنەوەی تۆلیرانس و پیکەوەژیان لەنێوان ئایینە جیاوازەکاندا، ئەمەش لەو روەوە شوناسی ئەخلاقی مرۆڤ لەپێشترە لە شوناسی دینی مرۆڤ، ئەمە دوو پەیامی یەکجار گرنگ دەگەیەنێت، پەیامی یەکەم ریزبەندی تەعالیمی ئەخلاق و دین بە پێی شوێنیان لەناو هەرەمی هیرارەکی بەها بنەڕەتیەکاندا، لەم دیدەوە مەقامی ئەخلاق و بەهاکەی لەسەرو بەهای دینەوەن ، بۆیە ناکرێت قوربانی بدرێت بە پەیامی ئەخلاقی بۆ پەیامی دینی، ئەگەر پەیامێکی دینی پێچەوانەی پەیامێکی ئەخلاقی بوو ئەو کات مرۆڤی باوەڕدار ئامادە نیە پەیامە ئەخلاقیەکە فەرامۆش بکات بۆ هاتنە دی پەیامە دینیەکەی، بەمەش زال دەبیت بەسەر هەموو ئەو توندڕەوی و رادیکاڵیە ئایینیەدا کە پەیامی ئەخلاقی لە تیگەشتنی دینیدا دەبیننەوە، یان پێیان وایە فەرمانی ئایینی لە پێش فەرمانی ئەخلاقیەوەیە، بۆ نمونە کوشتن کە فەرمانێکی نائەخلاقیە لەسەر ئایین ، بەلام چونکە تێگەشتنی دینی ئەو رێگەی پیدەدات ئەوا لای ئەو کارێکی رەوایە، پەیامی دووەم کۆبونەوە لەدەوری شوناسە رەسەن و گەورەترەکان و قوربانیدان بە شوناسە بچوكترەكان، بۆ نمونە جەخت کردنەوە لەسەر شوناسی ئەخلاقی کە زۆربەی ئایینەکان لەبارەیەوە نزیکن ، بەمەش هاوئاهەنگی مرۆیی زیاتر دیتە ئاراوە، چونکە دین نەهاتوە شوناسی مرۆیی مرۆڤ تێک بشکینێ بەڵکو هاتوە مرۆڤ مرۆڤتر بکات بەمەش شوناسی مرۆیی بونی ئەو باڵا تر بکات.

،،

دین نەهاتوە شوناسی مرۆیی مرۆڤ تێک بشکینێ بەڵکو هاتوە مرۆڤ مرۆڤتر بکات بەمەش شوناسی مرۆیی بونی ئەو باڵا تر بکات.


چوارەم: دین وەک پەیژەیەک بۆ ژیانی ئەخلاقیانە، ئەگەر ئێمە پێمان وابیت ئەخلاق پایەی شەرعیەت دانە بە ئایین، ئەوا لە هەمانکاتیشدا هەوڵ دەدەیین پایە بنەرەتیەکانی شەرعیەت دان بە ئایین بەهێز بکەیین، لەو روەوە تا پایەکانی شەرعیەتدان بە ئایین بەهیزتر ببن ئایینیش لەسەر پایەیەکی بەهێزتر دەوەستێت، ئەمەش زۆر لەگەڵ ئەو تێڕوانینە تەفسیریەی دینیشدا یەک دەگریتەوە کە پێی وایە ، دین لە سێ‌ ئاست پێک دێت، ئاستی یەکەم خەبەرەکان، ئاستی دوەم فرمانەکان و سروتەکان، ئاستی سێیەم داخوازیە ئەخلاقیەکان، خەبەرەکان تا بڕوایان پیبکەیین و پابەند ببین بە ئەنجامدانی سروتەکانەوە، سروتەکانیش دواجار ئامانج لێیان هەنگاو نانە بەرەو ژیانی ئەخلاقیانە، بۆ نمونە کاتیک باسی نوێژ دەکریت لە قورئاندا دەفەرمویت (ان الصلاە تنهی عن الفحشا‌و و المنکر)، بەرونی هەست بەوە دەکرێت ئامانجی نوێژ لیرەدا دور کەوتنەوەیە لە رەزیلەتی ئەخلاقی و رۆشتن بەرەو فەزیلەتی ئەخلاقی.