عــەقـــڵیـــەتی کـۆچـەری لە کۆنەستی نەتەوەیەکدا.

2019-06-15

محـەمەد بـەکـر

ئاژەڵداری لای کورد پیشەیەکی نەتەوەیی بووە لەمێژوودا، تا سەد ساڵێک بەر لەئەمڕۆش نیوەی کوردان کۆچەری بوون، واتە خەریکی پیشەی ئاژەڵداری و کۆچی گەرمیان و کوێستان بوون بەدوای لەوەڕدا، ئەم خێڵە کۆچەرییانە بەپێچەوانەی نیشتەجێکانەوە"گۆرانەکان" ەوە کەمتر ملکەچی دەوڵەتان و تەنانەت میرنشینە کوردییەکانیش دەبوون، زۆرترین توانای جەنگی کوردەکان و میرە کوردەکانیش هەر هێزی ئەم خێڵانە بوون، بەجۆرێک دەتوانین بە "سەربازی سروشتی" ناودێریان بکەین.

،،

ئیتیکی کۆچەری گەلێک زیانی لە پرۆسەی بە نەتەوە بوون و گەشەسەندنی هەستی نەتەوایەتی کوردی داوە

  

 

لەم شێوازە لەژیاندا ئەوەی بەرهەمدێ، بریتییە لە: ئازایەتی، دەمارگیری، میوانداری، ڕێگری، ...هتد کە زیاتر خەسڵەتی ئەخلاقین. بەڵام پیشە و هونەر و زانست و پلاندانان و کشتوکاڵ و شارسازی کەلایەنی مادی و ڕۆحی شارستانیەتن بەدەگمەن نەبێت لەم شێوازەی ژیاندا گەشە ناکات.

ئەگەرچی کۆچ و ڕەوی ساڵانەی ئەم خێڵانە دەبونە هۆی کاڵکردنەوەی جیاوازییە کلتورییەکانی نێوان کوردان، بەڵام ئیتیکی کۆچەری گەلێک زیانی لە پرۆسەی بە نەتەوە بوون و گەشەسەندنی هەستی نەتەوایەتی کوردی داوە، تا بەئەمڕۆش دەرهاویشتەکانی ئەم ئیتیکە کۆچەرییە لای کوردان و حوکمڕانانی دەبینرێ، کە لێرەدا دەرهاویشتەکانی ئەم عەقڵیەتە بەچەند نمونەیەک باس دەکەم:

۱ـ بێ پلانی: ئاشکرایە لای خێڵی کۆچەری پلان دانان بایەخێکی ئەوتۆی نیە، چون هەر شێوازی ژیانەکە پلاندانان ناخوازێت..بۆ خێڵی کۆچەری ئەوە سروشت و دیاردە سروشتییەکانن بڕیار دەدەن کە "کەی لە کوێ بن" واتە کە زستان هات دەبێ ئەوان بێنەوە بۆ گەرمیان، وە کە بەهار هات بۆ دامێن چیاکان و هاوین بۆ سەر چیاکان و پایز دیسان بۆ دامێن چیاکان و زستان دیسان بۆ گەرمیان...وەک دەبینین لەم شێوازەی ژیاندا مێژوو هیچ نیە جگە لە دووبارە بوونەوەیەکی بەردەوام نەبێت، چون لێرەدا هەوڵنیە بۆ گۆڕینی سروشت، بەڵکو ئەوە گۆڕانکاری سروشتە ئەو دەجوڵێنێ و ئاراستەی دەکا، بۆیە لەساڵە بێ باران و وشکەکاندا بەهۆی کەمی لەوەڕەوە ئەم خێڵانە توشی کارەسات دەبوون، ئەمەش ناچاری دەکردن "عێل ڕاه" کانیان بگۆڕن و سنوری یەکدی ببەزێنن و بەمەش ناکۆکی و شەڕو فەرتەنەی خێڵەکی لێدەبووەوەو کە بەدرێژایی مێژوو بەشێک بووە لە ناتەبایی نێوان کوردان. واتە لە باشترین حاڵەتدا خۆگونجاندن هەبووە لەگەڵ سروشتدا نەک هەوڵ بۆ گۆڕینی دژوارییەکانی سروشت.

ئەوەی لەئەمڕۆدا دەیبینی لە بێ پلانی و نەبونی ستراتیج لای تاکی کورد و حوکمڕانەکانی مانەوەی ئەو عەقڵیەتەیە کە لە زیهنمانا هێشتا جێی گرتووە.

۲ـ قازانجی خێرا: ئابووری خێڵە کۆچەرییەکان لەڕابردوودا لەسەر دوو بنەما وەستا بوو: ئاژەڵ بەخێوکردن و ڕێگری، ڕێگری خێراترین ڕێگای دەوڵەمەندبون بوو، لای ئەم خێڵانە و زۆر لە ئاغاکانی کورد ئەم نەریتە عەیبە نەبوو، بەڵکو نیشانەی ئازایەتی بوو، شەرەفخان دەڵێ: زۆرکەس هەیە هەر ڕێگری نەکردووە بەڵام بۆئەوەی پێی بڵێن ئازایە دەڵێ لەو بارەوە لەکڵ دەرهاتووم" ئەم ڕێگرییە خێراترین ڕێگەی دەوڵەمەندبوون بووە لەڕابردوودا، لە ئەمڕۆشدا تەنها پشت بەستن بە فرۆشتنی نەوت کە قازانجی خێرایە و فەرامۆش کردنی کەرتەکانی تر دەرهاویشتەی هەمان عەقڵیەتە.

،،

 ئەو خەڵکەی ئەمڕۆ لە کاتی گەشت و سەیراندا  پاشماوە جێدەهێڵن وگوێ بەژینگە نادەن ، دەرهاویشتەی  عەقڵیەتی کۆچەریە

 

۳ـ گوێنەدان بەژینگە: ژیان لە شێوازی کۆچەریدا کەمتر پەیوەستت دەکات بە خاکەوە، کۆچەرییەکان بەپێی وەرزەکانی ساڵ هەوارەکانیان دەگۆڕن، لەکاتی گوێزانەوەی هەواردا هەرچی زیادەیەک لە کەلوپەل و پاشماوە هەیە بە جێی دەهێڵن تا لەسەفەردا بۆیان نەبێتە بارگرانی، جا ئەو خەڵکەی ئەیبینی ئەمڕۆ لە کاتی گەشت و سەیراندا ئەو هەموو پاشماوە جێدەهێڵن و هیچیش گوێ بەژینگە نادەن هەر دەرهاویشتەی ئەو عەقڵیەتە کۆچەریەیە کە لە کۆنەستی ئێمەی کورددا ماوەتەوە.

٤ـ پەلکێش کردنی سوپای بێگانە: لەڕابردوودا کوردانی نیشتەجێ گەلێک زیان و ئازاریان بەدەست خێڵە کۆچەرییەکانەوە دەچەشت، هەر لە تاڵانکردن و بەسەردادان و "زیانی" واتە ئاژەڵ بەرەڵا کردنە ناو خەلەو خەرمان و کشتوکاڵی گوندنشینەکان، ئەمە وای دەکرد کوردانی نیشتەجێ دادیان بەرنە لای دەوڵەتانی دراوسێ و بەمەش جێ پێی ئەو دەوڵەتانەیان بەتایبەت لەسنورەکانی کوردستاندا قایم دەکرد. تا بەئەمڕۆش هەر هێزێکی کوردی کە بەهێز دەبێ، حساب بۆ ئەوانی دی ناکات و ناچاریان دەکات دادیان ببەنە لای دەوڵەتە دراوسێکان

تێبینیەکان:

٭ ژیانی کۆچەری لەرابردوودا وەک ئازاد ترین شێوازی ژیان بارودۆخی جوگرافی و شەڕوشۆڕی بەردەوامی دەوڵەتان لەسەر کوردستان دەیانسەپاند.

٭ عێل ڕاە: وشەیەکی تورکیە، واتە ڕێگای ساڵانەی عێل، یان ئەو ڕێگایەی کە خێڵ ساڵانە بۆ گەرمیان و کوێستان بەکاری دەهێنا. خێڵی کوردی بەپێچەوانەی خێڵی عەرەبیەوە ڕێگای ساڵانەی دیاری کراو بوو، بەڵام خێڵی عەرەبی زیاتر خولانەوە بووە بەدوای لەوەڕو ئاودا لەبیاباندا و ڕێگای ساڵانەیان دیاری کراو نەبووە.

٭ گۆران بەخەڵکی نیشتەجێ دەوترا و بەکۆچەراکانیش دەوترا کورد، هەمیشە لەنێوان ئەم دوو شێوازەی ژیاندا ململانێ هەبووە، هەرووەها وشەی گۆران ناوە بۆ یەکێک لە دیالێکتەکانی زمانی کوردی و ناوی خێڵێکی گەورەشە لە دەوروبەری کرماشان.

٭ لەو پاشماوەی کە خێڵە کۆچەرەکان بەجێیان دەهێشت لە هەوارەکانیان، ئەو بەردانەبوون کە لەبری سێ کوچکە قاپ و قازانیان لەسەر دادەنا و ئاگریان لە ژێردا دەکردەوە، جا ئەو شیعرەی"سەیدی"کە هونەرمەند "هانی" کردویەتی بە گۆرانی سکاڵای شاعیرە لای ئەو بەردانە لەدوای ئەوەی کە خێڵ هەواریان بەجێ هێشتووە، شاعیر هاتووە لە شوێن هەوارەکانیان سکاڵا لای ئەم بەردانە دەکات و هۆکاری ڕەشبونەوەو ئەحواڵی لەیلی "یار"ی لێ دەپرسێ:

سەنگی هەواران

سەنگی هەواران سەنگی سیاڕەنگ

کۆنە هەواران