ژینگەپارێزیی لە واقیعەوە بۆ خەونێكی مەحاڵ

2019-06-30

 عەزیز یاسین

بەپێی توێژینەوە زانستییەكان، ژینگەی سروشتی«Natural Environment» ٪‏٦٠ ئەو توخمە سەرەكیانەی لە دەست داوە كە پێویستە هەبن بۆ ژیانێكی تەندروست، هەر بەپێی پێوەرە زانستییەكان بۆ ئەوەی مرۆڤ خاوەنی ئارامی و هاوسەنگیی دەروونی بێت پێویستە ژینگەیەكی تەندروست هەبێت تیادا هەناسە بدات.

 

،،

پێچەوانەی گەشەكردن و پێشكەوتنەكانی سەردەم، ژینگە لەپاشەكشەیەكی مەترسیداردایە، بەشێكی زۆری هۆكارەكەی بۆ چینی سەرمایەدار و وڵاتە پیشەسازییەكان دەگەڕێتەوە.

 

 

 بەڵام لە سایەی تێگەیشتنی مۆدێرنیستانە* بۆ سروشت ئەم قەیرانە بەرە بەرە تۆختر دەبێتەوە. پرسیار ئەوەیە لە سەردەمێك كە هەموو بەها مرۆییەكان خراونەتە خزمەت سیاسەت و ئابووریی چۆن دەتوانین لەم دۆخە ڕزگارمان بێت؟

 

 وەڵام: گۆڕانكارییەكی تەواو ڕیشەیی بۆ تێگەیشتن لە سروشت و خودی مرۆڤ، بەوەی كە هاوكێشەكە ژیرانە پێچەوانە بكەینەوە و سیاسەت و سەرمایە بخەینە خزمەت ژینگە و بەها مرۆییەكان.

 

 هەڵبەتە ئەم كارە خەونێكە تەواو نزیكە لە مەحاڵ، چونكە خودی قەیرانی ژینگەیی لە پرسێكی زانستی و مرۆییەوە بۆتە پرسێكی سیاسیی، لە ناو سیاسەتیش ئەوەی ئەرزشی هەیە هێز و ئابوورییە نەوەك ناڵەی ستەم لێكراوانی هاوشێوەی سروشت

 

 

 

 

 هەر زلهێزێكی جیهان بییەوێت حورمەتی ژینگە بگرێت و پابەند بێت بە بنەما ژینگەییەكان لە بواری وەبەرهێنان و پیشەسازیی، پێویستە واز لە كۆمەڵێك چاوچنۆكیی و وێرانكاریی بهێنێت بەرامبەر سروشت، ئەگەرچی دواجار لە كاروانی كێبڕكێی ناشەریفانەی سەرمایەداریی پاشەكشە دەكات و لە ئاستی ئابووریی دەبێتە كیانێكی لاواز لەبەرامبەر نەیارەكانی.

 

  لە دۆخێكی وەهادا بۆ ئەوەی وەك خاوەن هەژموونێكی بەهێز بمێننەوە، دەوڵەتە پیشەسازییەكان پێویستیان بەوەیە بەردەوام بن لە بێحورمەتییەكانیان بەرامبەر سروشت و لەبەرچاونەگرتنی پرسە ئەخلاقییەكان لەبواری سیاسەت و ئابووریی.

 

 زلهێزەكان بەردەوام پێداگیریی دەكەن لەسەر ئەوەی ئامادەن لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابورییەكانیان تا ئاستی جەنگێكی خوێناوی هەنگاوبنێن، بۆ نموونە: كاتێك پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتانی جیهانی سێهەم دەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیی زلهێزەكان.

 

 هەموویان یەكدەنگن لەسەر ئەوەی كە پێویستە ئەو جۆرە وڵاتانەی نیازی ئەوەیان هەیە بگەن بە كەناری داڕمان و لە ناوچوون، بێگومان ئەمە لەبەر پاراستنی نازی ژینگە و مافی مرۆڤ نییە، بەڵكو ترسە لەوەی ئەوان نەتوانن بۆ هەمیشە بەگوێرەی حەزی خۆیان ژینگەی سروشتیی و گەلانی تر بدۆشن.

 

لەبەر ئەوەی خاوەنی، توخمە سەرەكییە سروشتییەكانین، باژینگە پارێزی لەڕواڵەتەوە بكەینە واقیع.

 ئێمە لە كوردستان لەبەردەم مەترسیی ژینگەیی گەورە داین بە حوكمی ئەوەی داهاتی سەرەكی وڵاتی ئێمە پشت بە سەرچاوە سروشتییەكان دەبەستێت، بۆیە گرنگە هۆشیاریی ژینگەیی كاری جددیی لەسەر بكرێت هەم لە ئاستی مەعریفیی و كولتووری، هەم لەئاستی سیاسیی و كرداریی.

 

  هەروەها ژینگە پارێزیی لە دروشمێكی ڕواڵەتی بیكەین بەخەونێكی بەدیهاتوو، چونكە هەتاكو ئێستا ئێمە خاوەنی زۆرێك لە توخمە ژینگەییە سروشتییەكانین،.بەپێچەوانەوە هەمان سیناریۆی وڵاتانی تر لە نێو ماڵی ئێمەش زۆر خراپتر دووبارە نەبێتەوە.

 

 دەرەنجام: بە حوكمی ئەو دۆخەی تیایداین لە چەند ساڵێك زیاتر بەرگەی كارەساتە ژینگەییەكان ناگرین. تێبینی: تێگەیشتنی مۆدێرنیستانە بریتییە لەو ڕوانگەیەی كە پێی وایە سروشت خاوەنی هیچ قودسییەت و بەهایەكی مەعنەویی نییە.