٢٠١٩ ساڵی کرانەوەی دەرگای تاوانەکان، لە هەرێمی کوردستان

2019-09-12

 

 باوەر تەها

کۆمەڵگەى کوردى هەنگاو بەرەو لێوارێکى مەترسیدار دەنێت و بەرپرسان و حزبەکانیش بەپێچەوانەوە هەنگاوەکانیان بەرەو کۆنگرە و خەمى شەخسى و حزبییە.

 

هەرێمی کوردستان سەرەراى هەرەشەو مەترسییەکانى چوار دەورى، بە ئارامترین ناوچەی عێراق و دەوروبەری دەژمێردرێت ئەمەش وایکردووە هەر لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئارامی و ئاسایشدا بمێنێتەوە، بەڵام لە ماوەی تەنها نۆ مانگی ساڵی ٢٠١٩ دا ڕێژەی تاوانکردن ئاستێکی زۆر بەرزی تۆمار کردوە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە پاش پڕۆسەی ئازادی عێراق، بە تایبەت ڕووداو و تاوانەکانی کوشتن و تیرۆر و باندەکانی دزیکردن و دەستدرێژی و هتد.

 

،،

 لەگەڵ چەندان پرسیار بۆ ئەم بابەتە، چەندا وەڵامى جۆراو جۆر راست دەبنەوە..!

 

بۆیە جێگەی سەرسوڕمان و پرس و هەڵوەستە لەسەرکردنە بۆچی لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە تاوانەکان روویان لە زیادبوون کردوە ؟

ئایا هۆکارەکەی دەستێکی نادیارە بۆ شێواندی ئاشتی و سەقامگیری هەرێم ؟

یان دەستێکی باڵا و ئاشکرایە بۆ سەپاندی هێزی دەسەڵات و نواندنی دەزگاکانی ئاسایش و سەرکوتکردن و ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی بزاڤ و هزر و هێزی مەدەنی بەرەو گۆڕانکاری و سەربەخۆیی ؟

بەواتاى هۆکارەکەی ئەوەیە کەسانی تاوانبار بێ خەم و بێ ترسن لە سزادان و دادگا و بەند و حوکمدان و چونکە تاکو ئێستا لە دادگا و بەندیخانەکانی هەرێم تاوانباران لە دوای بەندکردنیان بە ئاسانی بە کەفالەتی مادی و شەخسی ئازاد دەکرێن و دێنەوە سەر هەمان ڕێچکە و بەردەوام دەبن و وەک دەوترێ لە سجندا دابەستە دەکرێن بۆ ئەوەی دوای ئازادبونیان زیاتر کارامە و دەسکراوە و چاونەترس و سورتربن لەسەر دوبارەکردنەوەی تاوان.

وە بەشێکی دیکە لە تاوانباران دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بە ئاسانی راستەوخۆ بەرەو دەرەوەی ووڵات هەڵدێن و دەرباز دەبن ، یان بەشێکی دیکەش لە سوڵحێکى عەشایەریدا دەبەخشرێن  ، و هەندێکى دیکەش بە پاڵپشتی هێز و کەس و حیزب و دەزگا هیچکام لەوانەی پێشویان پێویست نیە و بە ئازادی تاوانەکان ئەنجام دەدەن  و بێ خەمیشن لە تۆڵەسەندنەوە و مەترسی .

،،

 هەندێک لە کەناڵەکانى راگەیاندن رۆڵێکى خراپیان گێراوە لەم بوارەدا.

کەواتە ئەمانە هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی تاوانن لە ساڵی ٢٠١٩ ؟ یان هێشتا هۆکارگەلێک هەن لە پشت ڕودانی ئەم تاوانانەوەن ؟

بەشێک لە ڕوداوەکان ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە کە لە ڕابردوەوە بەستراتیژ و پلانێکی وورد زەمینەسازی کراوە بۆ ئەم مەبەستە و بە میکانیزم و ڕێگەی جۆربەجۆر جێبەجێکراون .

یەکێک لە میکانیزمە سەرەکیەکان میدییا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدییاکانن کە حاشا هەڵنەگرە، نەبونی سانسۆر و فلتەر لەسەر پەخشی پرۆگرام و پەیامی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وای کردوە ببنە مەترسی و تێکدانی کولتور و ڕەوشت و یاسا و بەها باڵاکان و ئایدۆلۆژیا و دەرونی تاکی کورد لە چین و توێژ و تەمەنە جیاوەزەکانیش.

لەگەڵ کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەبێ پلانی و نادروستی بە ڕووی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت  جارێکی دیکە منداڵ و لاوان وگەنجان لەژێر کاریگەری نەرێنی و خراپی پێگە و سۆشیال میدیا و یارییە ئەلکترۆنیرکان پارێزراو نەبون و تاوان و ووردەکاری و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان پێ ئاشنا بوە .

یەکێک لە رووداوەکانى کوشتن لە هەرێم

ئەگەر پاش شیکردنەوە بۆ هۆکاری تاوانەکان ووردببینەوە دەبینین بەشێکی سەرەکی رودانیان لە ئەستۆی حوکمەت و دەزگاکانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان ، کە بەشێک لە هاوڵاتیان پێیان وایە کە حوکمەت و دەزگاکانی کەمتەرخەم بوون.

بەڵام بەشێکی تریش لە ئەستۆی تاک و خێزان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیە کە هۆکارن چونکە لە غیابی پەروەردەی دروست و چاودێری و هاودەمی دایک و باوکان و مامۆستا و دەرس و دەروی پەروەردەیی و مزگەوت و زیادبونی کافتریا و یانە شەوانەکان و چەندین شتی تر کە هەمویان لە کەمتەرخەمی و لاوازی بەرپرسیارێتی و پێگەی ئایین و بەهاباڵاکان و پەروەردەوە سەرچاوە دەگرن کە ئێمە وەک تاک و خێزانەکان لێیان بەرپرسین .