ئایا چاو تەکاندن ڕاستە؟

2019-09-22

د. ماکۆک محەمەد/ پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو

سەرەتای باسەکە بە وتەیەکی جوانی د. ئیدریس ئەحمەد دەست پێدەکەم، کە دەڵێت:" هەرکەس لە هەر شوێنێکی دنیا هەمان کردار بە هەمان ڕێگا دووبارە بکاتەوەو هەمان ئەنجام دەربچێت، ئەوە زانستە".

 

لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایە ٤+٤=۸، ئەمە زانستی بیرکارییە.

کاتێک دەرمانێکی دژە شەکرە، یان زەخت لەهەر شوێنێکی دنیاو هەر کەس بەکاری بێنێ هەر هەمان ئەنجامی دەبێت، ئەمەیان زانستی پزیشکییە.

لەوە بەدەر، یان فێڵ و جادووە، یان هیچ نییە.

،،

بەرد لەچاو دەركردن هیچ بنەمایەکی زانستی نییە

 ئەو کاتەی قەفەسێکی بەتاڵ دانراوەو پەڕۆیەک دەدرێت بەسەریداو لا دەبرێت کەنارییەکی تێدایە، ئایا ئەگەر من و تۆ هەمان کردار دووبارە بکەینەوە هەمان کەناری دەبینین؟ بێگومان نەخێر، ئەمە زانست نییەو شتێکی ترە.

هەندێک کەس هەن بەرد لە چاو دەردەکەن، ئەمە پیشەیەکی ئاساییە، نەک کارێکی زانستی، چونکە هیچ بنەمایەکی زانستی نییەو تەنها جۆرێکە لە خەڵەتاندنی خەڵکی لە پێناوی بژێوی ژیانی خۆیان.

ئەو کەسانە هیچ کارێکی زانستی بۆ خەڵکی ناکەن، بەڵام خەڵکی سوودێکی کەمیان لێ دەبینین، چونکە هەست ئەکەن شتێکیان بۆ کراوەو دەروونیان ئارام دەبێتەوە.

ئەو کەسەی گیرۆدەی نەخۆشییەکی درێژخایەن بێت، ناچارە پەنا بۆ چەندین جۆر چارەسەری زانستی و نازانستی ببات، کورد وتەنی:" ئەو کەسەی خەریکە بخنکێ دەست بۆ تاڵە پوشێکیش دەبات".

 

،،

ئەوەی کە دەکرێت تەنها دەسهێنانە بە پێڵووی چاوداو هیچ فەن و قورسییەکی تیا نییە

بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی لەبەر سێ هۆکار ڕوو دەکەنە ئەم جۆرە چارەسەرانە:

۱- ناچاری: چونکە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەیەو چارەسەری نییە.

۲- هەندێک کەسیش هەن تەنها بۆ تاقیکردنەوەی بابەتەکە دەچنە لایان.

۳- زۆرینەش بەهۆی نەبوونی هۆشیاری زانستییەوە دەچنە لایان.

یەکێک لەو کەسانەی بەرد لە چاو دەردەکات چەندین جار بۆ نەخۆشی چاوی خۆی سەردانی منی کردووە، هەرکاتێک هاتبێت، ئەو نەخۆشانەی تر کە دوای ئەو دەهاتنە ژوورەوە دەیانپرسی:« ئەرێ دکتۆر، فڵانەکەس بۆ ئەوە هاتبوو گفتوگۆی زانستی بکەن؟»، «ئەرێ دکتۆر فڵانە کەس لە دەرەوە وتی دکتۆر خۆی بانگهێشتی کردووم و داوای هاوکاری کردووە، ئەمە ڕاستە؟» وە زۆربەشیان دەیانپرسی: «ئەرێ دکتۆر، فڵانەکەس بۆچی هاتبوو؟».

واتە زۆرینەی خەڵکی لەو بڕوایەدا نەبوون کە ئەویش چاوی نەخۆشەو بۆ چارەسەر هاتبێت، لەکاتێکدا بەلایانەوە ئاساییە دکتۆرێک نەخۆش بکەوێت و سەردانی دکتۆرێکی تر بکات.

کێشەی خەڵکی لەوەدایە حەزیان لە فاکت و حەقیقەتی زانستی نییە، حەزیان لە زانستێکە کە بەدڵی ئەوان بجوڵێتەوە، ئێ ئەمەش بوونی نییە، چونکە زانست بە گوێرەی دڵی من و تۆ نیە و بنەما و ڕێسای خۆی هەیە، لەبەرئەوە پەنا بۆ درۆیەک دەبەن کە بە پێی ویستی ئەوان بجوڵێتەوەو دڵیان خۆش بکات، تەنانەت ئەو پزیشکەی کە بە پێی ویستی نەخۆش پشکنین بنوسێت و چارەسەر بدات لای خەڵکی خۆشەویستترە لەو پزیشکەی کە بە تەواوەتی پابەندی زانستە.

ئەوەی کە دەکرێت تەنها دەسهێنانە بە پێڵووی چاوداو هیچ فەن و قورسییەکی تیا نییە، باشە بۆچی ئەگەر تۆ ئەو کارە بکەیت بۆ کەسێکی تر بەرد لە چاوی ناکەوێتە خوارەوە.

جا مەڵێن خۆ کلێنسەکەی دەستی پاکەو هیچی تیا نییەو ئەی بەردەکان لەکوێوە دەکەونە خوارەوە؟

هەزاران کەس هەیە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەوەیە لە کلێنسێکەوە کۆتر و کەناری و کەروێشک دەردەهێنن.