نامەیەکی زۆر تایبەت بۆ مامۆستایان

2019-12-18

یکتور فرانکل کەپزیشکێکی پسپۆڕی دەمار ودەروونناسی نەمساوی بووەو یەکێک بووە لە ڕزگاربووەکان لە ھۆلۆکۆستی نازییەکان لە کتێبێکیدا بەناوی ( مرۆڤ بە دوای مانادا دەگەڕێت ) دەڵێت:" ئێمە کاتێک بێ ئومێد دەبین لە گوڕینی واقیع و حەقیقەت، ئیدی ھەوڵەکانمان بۆ ئەوە دەبێت کە لەخۆمان بگۆڕین".

ئەم وتەیەی دکتۆر فرانکڵ مانایەکی زۆر ھەڵدەگرێت، و بۆ زۆربەی سەردەمەکان دەگونجێت. دکتۆر فرانکل لێرەدا مەبەستی گۆڕینە لەناخی خۆمان، لە دیدی خۆمان بۆ سەیرکردنی شتەکان، بۆ جوانکردنی شتەکان و کارەساتەکانی بەسەرمان دێت.

زۆرینەیەک لە مرۆڤی ئەم سەردەمە مۆدێرنەو جیھانی سەرمایەدارییەی تێیکەووتوین ئەم وتەیە سەد دەر سەد تەتبیق دەکات و بەئەنجامی دەگەیەنێت، بەڵام لەجیاتی ئەوەی لەخود و ناخی خۆیی بگۆڕێت و دیدی بۆ بینینی شتەکان بگۆڕێت، دەچێت لە شێوەی ڕووخسار و جەستەی دەگۆڕێت و ئومێدەوار دەبێت بەوە بتوانێت واقع و ژیان جوانبکات کەئەمەش شتێکی مەحاڵە، لەبەرئەوەی زۆر بە ئاسانی ھەرگیز جوانکردنی ڕووکەش نابێتە ھۆی جوانکردنی ژیان و واقیع.

مرۆڤی ئێستا ڕووکەشگەراییەکی ترسناک باڵی کێشاوە بەسەر فکر و بیریدا. ڕووکەشگەراییەک کە گەورەکردنی کوڵمەکانی لا گرنگتر بێت لە گەورەکردنی عەقڵ و تیفکرینی، قنجی لووتی لا گرنگتر بێت لە ڕاگرتنی بەرزی کەرامەتی، تێکردنەوەی فیلەرەکانی لێوی ھەموو شەش مانگ جارێک پڕ بایەخ تر بێت لە ئەپدەیت بوونی لەزانست و زانیارییە ھەمەجۆرەکان لەم جیھانە تازەو مۆدێرنەدا، کە بەریتمێکی ھێندە خێڕا دەڕوات کە دەتوانم بڵێم سەری ھەموو کاژێرێک زانستێکی نوێ و ئینفۆرمەیشنێکی تازە دێتە کایەوە.

من لێرەدا سەروکارم لەگەڵ ھەندێک لەو مرۆڤانە نیە ( ئەوانەی وەکو مۆدێل و نمایشکار و پێشکەشکاری ھەندێک لەبەرنامەکانی کەناڵە ڕاگەیاندنەکان و ئەو بوکەڵانەی سیستمی سەرمایەداری دروستی کردون و دەیەوێت لە ڕێگایانەوە کاڵاکانی ساغ کاتەوە)، چونکێ دەزانم کارەکەیان بەنمایش و خۆدەرخستن دەڕوات بەڕێوەو ڕێژەی سەرکەوتنەکەیان بە بەرزی کوڵم و قنجی لووت و گەورەیی ھەندێک ئەندامی جەستەیی دەپێورێت ! من ڕووی دەمم بەتایبەت بۆ چینێکی زۆر گرنگی کۆمەڵگایە، چینێک ھەموومان تا دەمرین قەرزاریانین، چینێک ھاوشێوەی دایک و باوک لەگەڵماندا ماندوو و ھیلاک دەبن، چینێک ھێندە خۆشەویست و بەڕێزن لەدڵماندا کەھەرگیز لەیادەوەریماندا ناسڕێنەوە.

من ڕووی دەمم لە مامۆستا ئازیزەکانمانە، بەخێوکەرەکان، ئەوانەی نەوەی داھاتوومان لەژێر دەستی ئەواندا پەروەردە دەبێت و کاریگەریان ھەیە لەسەر بنیاتنانی کەسایەتیان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە.

من دەمەوێت بە شێوەیەکی سادە بەو مامۆستا ئازیزانە بڵێم:" لەبیرمە، لەپۆڵی چواری ناوەندی بووین کە بۆ یەکەمجار وانەی کیمیایی پێگووتین. ئافرەتێکی ڕەنگ زەردی قژ خورمایی لوول، باڵا مامناوەندی لاواز، لووتێکی تیژ و دوو گوپی تەخت و نیگایەکی خۆبەزلزانی ھەبوو، دەموچاوێکی کەمێک زیپکاوی، بەھیچ جۆرێک مەیک ئەپی بەکار نەئەھێنا، کەمێک ڕەق بوو لەمامەڵەکردندا، بەڵام کەبەتەواوەتی دەتناسی تابڵێی میھرەبان بوو، تابڵێی زیرەک و دڵفراوان بوو ، تابڵێی ڕووخساری جوان دەھاتە بەرچاوت.

ست (سوعاد) ڕۆڵ مۆدێلی ھەموو قوتابیەکان بوو، ھەموومان شەیدای بووین، ھەموومان حەزمان دەکرد پۆشاکێک بپۆشین لە پۆشاکەکەی ئەو بچێت، شێوەمان والێکەین لەو بچین، قژمان لوول و ئاڵۆزکاو کەین بەشێوەی ئەو، ھەموومان حەزمان بە وانەیی کیمیا بوو بەتەمەڵەکانیشمانەوە تەنیا لەبەرئەو، ئەو وبەس.

چونکێ مامۆستا و بەخێوکەر بوو بە ھەموو ماناکانیەوە، دەستێکی باڵای ھەبوو لە دروستکردنی کەسایەتیمان". ئەم مامۆستایەو چەندەھا مامۆستایی تری ھاوشێوەی ئەو لەیادوەری ئێمەی قوتابیان و نەوەی ئەو کاتە ھەرگیز وون نابن ، چونکێ وێنەی مامۆستا و پیرۆزی مامۆستا زۆر گرنگە بۆ قووتابی و ھەتا ھەتایە لەبەرچاوی دەمێنێتەوە، ئێمە ھەموومان لەناخماندا وێنەی مامۆستایەک ھەیە کە ھەمیشە ئومێدمان ئەوە بووە لەو بچین و بەشێوەی ئەو ڕەفتار کەین.

بەڵام بە داخەوە ئەو وێنە جوانانەی مامۆستای جاران خەریکە لەم سەردەمی سەرمایەداری و دیجیتاڵیەتەدا بەرەو کاڵبوونەوە بچێت، ھەندێک مامۆستا( بێگومان ھەمووی ناڵێم و ھیواداریشم کەمینە بن )، بەداخەوە ھێندەی گوێ بە جوانکردنی ڕووخساریان دەدەن گوێ بە جوانی بیرو فکر و زانستەکەیان نادەن، ھێندەی گوێ بە گەورەکردن و بچووککردنەوەی بەشەکانی جەستەیان دەدەن، مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیەکانیان و شێوازی پەروەردەکردنیان لا گرنگ نیە.

مامۆستای ئازیز ئەگەر من قوتابی تۆبم یان ھەر کەسێکی تر کە قوتابی تۆیە، کاتێک کوڵمە ھەڵئاوساوەکەت دەبینین بە فیلەرو چەوری و لوتت دەبینین بە پلاستەر پێچراوەو لێوەکانت دەبینن بەشێوەی قاز ئەستوور بووە، دڵنیابە حەز بە لاساییت دەکەینەوەو دڵنیابە ھەر ئەوەنەی تەمەنمان ڕێی پێداین جوانکاری بکەین لە تۆ خراپ تر دەستکاری ڕوخسارمان دەکەین.

مامۆستای ئازیز دڵنیابە قوتابیەکەت کە دەبینێت تۆش وەک نمایشکارێک دەستت دەچێتە ڕووخساری خۆت و ھەر ڕۆژەی بەجۆرێک دەیگۆڕیت، زانست و پەروەردەکەت نرخی نامێنێ لای، تێدەگات تۆ ڕووکەشت لاگرنگترە لە ناخ، جوانی ڕووخسارت لا گرنگترە لەجوانی بیر و ھۆش وفکرت، ھەر بۆیە بەشێوەی تۆ مامەڵە دەکات و لەتەمەنێکی بچووکەوە دەست دەکات بە ماکیاژ و ئارایشتکردن و جوانکاری و تەرکیز و ھۆشی بەوەوە دەکوژێت لەجیاتی زانست وزانیاری وانەکانی (جگە لەو مەسرەفە زۆرەی بە خێزانەکانیانی دەکەن بەھۆی پارەی ماکیاژ و نەشتەرگەری جوانکاری ھەر لەتەمەنێکی زۆر بچووکەوە) .

مامۆستایان چینێکن ھەمیشە ڕۆڵ مۆدێل و نموونەن بۆ قوتابیەکانیان، بۆ نەوەکانی داھاتوو، چینێکی ماندوونەناس و بەردی بناغەی کۆمەڵگان، چینێکی دروستکەری کەسایەتیمانن ھەر لە منداڵیەوە، بۆیە زۆر گرنگە ئەم چینە ڕۆشنبیر بن پڕ بە مانایی ووشەکە، ڕۆشنبیری نەک بەمانایی گوتنەوەی ووتاری ئایدیاڵ و پەروەردەیی و زانستی بەبێ ئەوەی خۆت ھیچ شتێکی لێ ئەنجامبدەیت و قوتابیەکانیشت تەنیا لەڕوخسارە ھەڵئاوساوەکەت بڕوانن وھیچیتر، نەخێر مامۆستایی ڕاستەقینە خۆیی نموونەیە بۆ قوتابیەکانی، نموونەیە لە جلوبەرگ و ڕێکپۆشی دا ، نموونەیە لە ڕەفتار و ھەڵسووکەوتیا، نمونەیە لە میھرەبانی و بەخشندەیی لە پێدانی ئەو زانست و زانیارییەی ھەیەتی.

پێغەمبەری مەزنمان (د.خ) لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت : " ان الله جمیل یحب الجمال'، بە مانای " خودا جوانە، و جوانیشی خۆشدەوێت "

بۆیە خۆجوانکردن و خۆ ڕازاندنەوە مافی ھەموو مرۆڤێکە و مافێكی مرۆڤانەی خۆیەتی، بەڵام زیادەڕەوی تیایدا و ئالوودەبوون پێوەی بەتایبه‌ت کاتێک تۆ لە شوێن و پێگەیەکا بیت کە دەوری ڕۆڵ مۆدێل و نموونە دەبینیت بۆ کەسانێکی تر ئەوە نەک ھەر ماف نیە بەڵکو تاوان وستەمە کە یەکەم بەرامبەر جەستەی خۆت دەیکەیت ، دووەم بەرامبەر قوتابیەکانت و نەوەکانی داھاتوو دەیکەیت کە ڕۆڵی نمایشکارێک دەبینیت و دەبیت بەنموونەیەکی خراپ بۆیان.