مێژووی هاتنی جولەکە بۆ هەڵەبجە

2019-12-24

دروست نازانرێ جولەکەکانی هەڵەبجە کەی هاتوونەتە شار و تیایدا نیشتەجێ بوون، بەڵام ئەوە زانراوە کە لە خەڵکە یەکەمینەکانی شارن، ئەگەر ئەوە ڕاستبێ کە بنەماڵەی شێخ عەبدوڵڵای خرپانی لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا هەڵەبجەیان ئاوەدانکردووەتەوە و بەردی بناغەی شاریش لە گەڕەکی پیر محەمەد دانرابێ ئەوا گەڕەکی جولەکان دووەمین گەڕەکی شار بووە، جولەکەکان دوای ئاوەدانکردنەوەی شارەکە جا ئیتر لە هەرکوێوە هاتبن ئەو گەڕەکەیان بۆ خۆیان ئاوەدانکردووەتەوە.

خۆ ئەگەر بنەماڵەی سیانزە ماڵە کە وەک خۆیان و زۆر سەرچاوەی دیکە دەڵێن ئەوان سەرلەوێ هەڵەبجەیان ئاوەدانکردبێتەوە(چونکە پێشتر ئاوەدان بووە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە جا مرۆیی بن یان سرووشتی وایانکردووە چەند جارێک ڕووبەڕووی وێرانکاریی و چۆڵبوون ببێتەوە) و یەکەمین بەردی بناغەشیان لە نزیک مزگەوتی تەکیەی ناو شار دانابێ کە گەڕەکی ناوبراو دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی هەمان ئەو شوێنەی کە بە گەڕەکی جولەکان ناسراوە، ئەوا دەتوانین بڵێین جولەکەکان دوای بنەماڵەی سیانزە ماڵەو شێخ عەبدڵڵای خەرپانی سێیەمینی ئەو خەڵکانەبوون کە هاتوونەتە شارەکە و ئاوەدانیان کردووەتەوە، لەوە بەدوا گەڕەکەکەیان بە گەڕەکی جولەکان ناسرا.

،،

دوای گیرسانەوە و نیشتەجێبوونیان یەکێک لەو کارانەی کە کردوویانە دروستکردنی کەنیشتەیەک بووە بۆ سرووتە ئاینییەکانیان، کەنیشتەکە دەکەوتە ناوەڕاستی گەڕەکەکەیانەوە کە هەمووی (۱۰۰ -۱٥۰) مەترێک دوورە لە مزگەوتی تەکیەوە.

 

بەوشێوەیە وەک چۆن مسوڵمانەکان خاوەنی مزگەوت بوون جولەکەکانیش بوون بە خاوەن کەنیشتەی خۆیان بۆ جێبەجێکرنی سرووتە ئاینییەکانیان، ئەڵبەتە جولەکەکان لە زۆر شار و شار و شارۆچکەی کوردستاندا بوونیان هەبوو، بەڵام لە هەموویاندا خاوەنی کەنیشتە نەبوون، لە سنووری سلێمانیدا ئەگەر هەڵەنەبم تەنها لە سلێمانی هەڵەبجە خاوەنی کەنیتشە بوون، ڕەنگبێ ئەوەش پەیوەندی بە سرووشتی هەردوو شار و زۆری ڕێژەیانەوە بووبێت لەو دوو شارە کە ئەوەش دیسانەوە هۆکاری خۆی هەیە.

جولەکەکان و خەڵکی شار:

جولەکەکان پەیوەندی توند و تۆڵیان هەبووە لەگەڵ خەڵکی شار و تەنانەت ژنیانداوە بە زۆر کەسی مسوڵمان، بەڵام ژنیان نەدراوەتێ، خەڵکێکی کاسبکار و گورج و گۆڵ بوون، لە هەرشوێن و جێگایەک هەبووبن جوڵەی بازاڕیان بەدەستبووە، هەربۆیە لە دەوڵەمەندانی ئەو شوێن و جێگایانە بوون کە تیایدا نیشتەجێ بوون، ئەم ڕاستییە بۆ هەڵەبجەش هەروابووە، وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن پاشا و بەگزادەکانی جاف و خودی خانمی پاشا زۆر ڕێزیان لێکرتوون و پاراستوونیان لەهەر دەستدرێژییەک کە بە ناڕەوا بکرێتە سەریان، تەنانەت ژنیان لێخواستوون، ئەوەش وایکردووە بەبەراود بە شارەکانی دیکەی کوردستان جولەکەکانی هەڵەبجە وەک شاکر فەتاح ئەڵێ ئازادتر و سەربەست تربن.

نۆژەنکرنەوەی کەنیشتەکەیان:

ساڵێک جولەکەکان ئەیانەوێت کەنیشتەکەیان نوێ بکەنەوە، ئەڕۆن بۆ باخەکۆن بۆ لای شێخ حوسامەدین و داوای داری چناری لێ ئەکەن، ئەویش فەقێکان ڕائەسپێرێت کە بڕۆن چل داریان پێ ببەخشن، ئەوانیش سەریان لەوکارەی شێخ سوڕئەمێنێ!! چۆن ئەکرێت داری ماڵی شێخ ببڕدرێت و بدرێت بە جولەکەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی کەنیشتەکەیان؟!

ئەویش لە وەڵامدا پێیان ئەڵێ: بۆ دواڕۆژ ئەو کەنیشتەیە هەربۆ مسوڵمانان ئەبێ.

زەمەن دێت ئەڕوا، دەوڵەتی ئیسرائیل دائەزرێت، پەڕلەمان و حکومەتی عێراق جنسیەی عێراقی لە جولەکەکان وەردەگرنەوە و ناچاریان ئەکەن عێراق بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل(بەریتانیا دەستێکی گەورەی هەبوو لەم بابەتەدا)، حکومەت داوایان لێدەکات لە ماوەی یەک ساڵدا دەست لە ئیشوکارەکانیان هەڵبگرن و هەرچی ماڵ و موڵکیان هەیە بیکەن بە پارە، ئەگەرچی لە کۆتا ڕۆژەکانی ناردنەوەیاندا بەبیانووی ئەوەی کە موڵک ماڵی ئەوان هی دەوڵەتە، چونکە لە عێراقدا پەیدایان کردووە، تەواوی سامانەکانیان لێوەردەگیرێت و بەدەستی بەتاڵ دەنێردرێنەوە بۆ ئیسرائیل، ئەوەش وادەکات جولەکەکانی عێراق ببنە هەژارترینی ئەو جولەکانەی کە بەزۆر ئاخود ئارەزوومەندانە لە دنیاوە گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.

کردنی کەنیشتەکە بە مزگەوت:

یەکێک لەو جێگایانەی کە فرۆشتوویانە، بریتی بوو لە کەنیشتەکەی هەڵەبجە (زانیاری ئەوەم لا نییە کە جولەکەکان خۆیان فرۆشتوویانە یان حکومەت دوای گەڕانەوەیان کردوویەتی بە موڵکی دەوڵەت و فرۆشتوویەتییەوە).

 

،،

مەلا عومەر کوڕی شێخ عەبدولعەزیزی پریسی ژوورو ساڵێک دوای گەڕانەوەی جولەکەکان(۱۹٥٤) کەنیشتەکەیانی بەبڕی (٥٥)دیناری عێراقی بەپێی عەقدێک کڕیوە و دواتر کردوویەتی بە مزگەوت و ناویناوە مزگەوتی (ئەحمەدی)، بەناوی (ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل)ەوە.

لەوکاتیشەوە هەتا کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە(۱٦/ ۳ / ۱۹۸۸) خۆی ئیمام و پێشنوێژی مزگەوتەکە بووە، وەک من لە مامۆستا نەجمەدینی کوڕی مامۆستا مەلاعومەر و مامۆستا عەبدولی برازایم بیستووە، کەنیشتەکە دوای کردنی بە مزگەوت زۆر دەستکاری نەکراوە، تەنانەت ڕووگەی جولەکەکان هەتا ڕووخان و وێرانبوونی لە ساڵی ۱۹۸۸ هەر ماوەو تێکنەدراوە لەناو مزگەوتەکەدا.

بەڵام لەو ساڵە بەدواوە مزگەوتەکە هەر بەوێرانی ماوەتەوە و دروست نەکراوەتەوە، لە ئێستادا دوای سۆراغێکی وردی بنەماڵەی مامۆستا مەلاعومەر هێنانەوەی نەخشە و دۆسیەی مزگەوتەکە و وێنەیەک لە عەقدی کڕینی کەنیشتەکە و پاش ڕەزامەندی دامودەزگاکانی هەڵەبجە سەرقاڵی سەرلەنوێ بنیاتناونەوەی مزگەوتەکەن، ئەگەرچی لە ڕووی کەرەستە و شێوازی بیناسازییەوە تایبەتمەندی مزگەوتەکە و گەڕەکەکە لەبەرجاو نەگیراوە، ئەوەش جێگای داخە، دەبوو لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانهێشتاوە بەو کەرەستە نوێیانەو بەو لەسەر ئەو شێوازە ئەندازیارییە بکرێتەوە، بەڵکو ئەوەیان بکردایە بەمەرج کە لە بنیاتنانەوەی مزگەوتەکەدا تایبەتمەندی گەڕەکەکە وەک ناوچەیەکی کەلەپووری لەبەرچاو بگیرایە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوە بەمەرج و وەک م.عەبدولیش پێی ڕاگەیاندم توانای ئەوان دیاریکراوە و زیاتر لە ڕێگەی خێرخوازانەوە یارمەتی کۆدەکەنەوە بۆ سەرلەنوێ دروستکرنەوەی، ئەگەرچی ڕووبەری مزگەوتەکە زۆر بچووکە و دەکرا بەکەرەستەی بیناسازی کۆن لەسەر هەمان تەرزی کۆن بکرایەتەوە یان لانیکەم تایبەتمەندی گەڕەکەکە لەبەرچاو بگیرایە.

تێبینی:

سەرچاوەکانی ئەم بابەتە لای نوسەری ئەم بابەتە پارێزراون.