ئەگەر خۆر نەمێنێت چی ڕوودەدات؟

2019-12-28


بێگومان ئەگەر لەسەرەتاوە خۆر نەبووایە واتە ئێمەش و گۆی زەویش نەدەبووین، کۆمەڵەی خۆریش نەدەبوو، بەڵام گریمان بەم دۆخەی ئێستای گۆی زەوی ئەگەر کتوپڕ خۆر لەشوێنی خۆی نەمێنێت و ون بێت، چی ڕوودەدات؟

-لەبەر ئەوەی خۆر نزیکەی 8 خولەکی تیشکی دوورە لە ئێمە، واتە تیشکەکەی بە نزیکەی 8 خولەک دەگاتە زەوی، کەواتە ئەگەر ئێستا خۆر ون بێت تا دوای نزیکەی 8 خولەک ئینجا هەست بەنەمانی خۆر و تیشکی خۆر دەکەین...

-هەرچی لەنێو کۆمەڵەی خۆردا هەیە بەهەموو هەسارەکان و هەسارۆکەکان و تەنەکانی تریشەوە بەهۆی هێزی کێشکردن بە خۆرەوە بەند بوون و بەدەوریدا دەسوڕێنەوە، بە نەمانی خۆر هەموو ئەو تەنانەی نێو کۆمەڵەی خۆر بە گۆی زەویشەوە هەریەکەی بەرەو لایەکی بۆشایی ئاسماندا دەڕۆن و وون دەبن...

-مانگ کە پاشکۆی گۆی زەویە و بە زەویەوە بەند بووە لەگەڵ زەوی دەمێنێتەوە، بەڵام بەتەواوی تاریک دەبێت وهیچی تر نایبینین لە ئاسمان چونکە تیشکی خۆری بەرناکەوێت و درەوشانەوەی نامێنێت، بەهەمان شێوە هەسارەکان هەریەکەیان بەلایەکدا دەڕۆن و وون دەبن و هیچی تر نایانبینین، ئەگەری بەریەککەوتنی تەنەکانی نێو کۆمەڵەی خۆریش بۆماوەیەک گەلێک زۆرتر دەبێت چونکە هەموو تەنەکان لە خولگەکانیان دەردەچن...

-هەردوو دیوی گۆی زەوی لە تاریکیەکی تەواودا نقوم دەبێت، تێکڕای پلەکانی گەرما یەکسەر پێ بە پێ دەست بە کەمبوونەوە دەکەن، لەماوەی هەفتەیەک تێکڕای پلەکانی گەرما لەسەر هەموو ڕووی گۆی زەوی دەگاتە خوار سفری سەدی...

-بەهۆی سەرما و نەمانی تیشکی خۆر گەڵای هەموو ڕووەکەکان پێ بەپێ دەست بە وەرین دەکەن و وردە وردە دەمرن، زۆربەی هەرە زۆری زیندەوەرانی سەر ووشکایی و مرۆڤەکانیش پێ بەپێ دەست بەلەناوچوون و مردن دەکەن لەبەر سەرما و نەمانی خۆراک، هەندێک لە مرۆڤەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک لەوانەیە بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە لە ئەشکەوتەکان و لە ژێر زەویش، بەڵام ژیان وردە وردە سەختتر دەبێت و زۆربەی هەرە زۆریان لەماوەی چەند مانگێک لەناودەچن لەبەر سەرما و تەواوبوونی خۆراک...

-تێکڕای پلەکانی گەرما دوای تەنیا یەک مانگ دەگاتە خوار 70 پلەی سەدی لەژێر سفر...

-لە دوای تەنیا یەک ساڵیش پلەکانی گەرما لەسەر ڕووی گۆی زەوی دەگاتە 240 پلەی سەدی لە خوار سفر، لەو کاتەدا گازەکانی نێو بەرگە هەوای گۆی زەویش لەبەر نزمی پلەکانی گەرما شل دەبنەوە دەچنە دۆخی بەستوو، لەبەر ئەوەی بەرگە هەوا نامێنێت هەرچی جۆرە ژیانێکیش ئەگەر مابووبێت لەسەر ڕووی زەوی بەهۆی تیشکە زیانبەخشەکانی گەردوون پێ بەپێ لەناودەچن...

-ئاوی چینی سەرەوەی زەریاکان هەمووی هەر دوای چەند هەفتەیەک دەیبەستێت، ئەویش لەبەر دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما، بەڵام ئاوی چینەکانی ژێرەوەی زەریاکان هەر بەشلی دەمێننەوە لەبەر ئەو کەمە گەرمیەی کە لە کرۆکی گۆی زەویەوە پەرش دەبێتەوە و دەگاتە چینەکانی ژێرەوەی ئاوی زەریاکان، دۆخی ئاوی ژێرەوەی زەریاکان هەر بە شلی دەمێنێتەوە بۆ ماوەی ملیۆنەها ساڵ، لەبەر ئەوە ئەگەری مانەوەی بەکتریاکان و هەندێک خۆر لە زیندەوەرانی ئەو چینە قوڵانە بە زیندوویی هەر لەئارادا دەبێت، چونکە لەو قوڵاییە زۆرانە ئەو زیندەوەرانە پشت بە کرداری تیشکە پێکهاتن نابەستن بۆ ژیان...

-ئەگەر گۆی زەوی ڕاوبکرێت لەلایەن ئەستێرەیەکی تر بەهۆی هێزی کێشکردن ئەوا دووبارە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ژیان لە ئارادا دەبێت لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی، بەڵام ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی مرۆڤ یان بوونەوەرێکی وەک مرۆڤ لە سفر نزیکە، لەڕاستیدا ئەو ئەگەرە هەندێک زیاترە لە سفر...

بۆ زانیاریشتان خۆر تەمەنی سنوردارەو بە دڵنیاییەوە کاتێک دێت ووزە و سوتەمەنیەکەی تەواو دەبێت و دەکوژێتەوە، ئەو کاتە دەبێت بە قەزەمێکی سپی، بەڵام ئەوە ڕوونادات تا پتر لە 5 ملیار ساڵی تر، بۆیە جارێ کاتێکی زۆر زۆر ماوە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی ئەگەر تا ئەو کاتانە بمێنێت ماڵێکی تر بدۆزینەوە..!