گوندەکانی شار؟!

2020-01-08

لە ئەدەبیاتی جوگرافیا و کۆمەڵناسیدا گوند و شار وەک دوو پانتایی جیاواز و هەندێکجار ڕکەبەر مامەڵە دەکرێن.

بەڵام من باس لە دیاردەیەکی نوێ دەکەم، دیاردەی گوندەکانی ناو شار. یەکێک لەو دیاردانەی کە لە ساڵانی ڕابوردودا بە خێرایی گەشەی کردوە لە کوردستان دیاردەی دروستبونی گوندە لە شارەکاندا. ئەمە خۆی بەشێکە لە پرۆسەی بە شاربونی خێرای کۆمەڵگای ئێمە. بە شاربون دیاردەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام وەک زۆر دیاردەی تر قسەی لە سەر ناکرێت.


مەبەستم لە گوندەکانی شار ئەو جێگایانەیە کە بە گوندی ئەڵمانی و ئیتالی و ئەمریکی و لوبنای و گوندی تر ناسراون. بەکاربردنی چەمکی گوند بۆ ئەم جڤاتانە چەمکێکی سەرنجڕاکێشە. هەندێکجار گوێت لە بەرابەرە عەرەبیەکەیشی دەبێت لە هەندێک جێگادا، قەریە.


ئایا دەکرێت گوند سەرلەنوێ لە پانتاییەکی جودادا بچەمکێنین. بە مانای ئەوەی ناوی گوند ببێتە هەڵگری مانا و دەلالاتێکی تر لەوەی کە زانراوە؟ دەکرێت بەڵام رەنگە هێندە نەتوانێت خەسڵەتی سەرەکی ئەم دیاردەیەمان پێ بڵێت. لە دونیادا ئەم جێگایانە بە ناوی ترەوە ناسراون.


لای تورکەکان کاپیلی سایتە. وشەی قاپی لە زمانی کوردیشدا بەکاردێت کە تورکیەکی عوسمانیە. بەمانای جێگا یان شوێنە قاپیدارەکان دێت.

،،

ئەم چەمکە نزیکە لە ئەو ناوە بڵاوەی لە زمانە ئەوروپیەکاندا کە گەیتد کۆمینیتیە: بە مانای جڤاتە دەروازەدارەکان.


گوند لە خەیاڵی کوردیدا یانی جێگایەکی بچوکی دورەدەست. بەڵام گوند سۆسیۆلۆژی خۆی هەیە، کە لە زۆر خەسڵەتدا پێچەوانەی گوندی بەرهەمهاتوی سەردەمی شارە. گوند بە تێکەڵی و ناسراوی و خزمایەتی و یادەوەری و هەندێکجاریش بە شەڕ و ململانێی سەخت ناسراوە. بەڵام گوندی شار، زۆربەی ئەم خەسڵەتانەی نیە.

لە گوندی شار، پەیوەندی نیە، کەسەکان لە ماڵەکانیاندا کۆیلەی ئامێرە تەکنەلۆجیەکانیانن. پەیوەندییان لە گەڵ کەسانی دور هەیە، بە زۆری یەکتر ناناسن.


بەڵام ئەم دیاردەیە لەوە زۆر زیاتر ئاڵۆزترە. ئەگەر تەنها میتۆی چاودێری، ئۆبزێرڤەیشن، بەکاربەرین دەبینین گوندەکانی شار ئەو پانتاییانەن کە بە شورا و دیوار دەورە دراون، یەک یان دوو دەروازەیان هەیە و لەم دەروازەیانەدا پۆلیس و چەکدار ئامادەییان هەیە. هاتنە ژورەوە و چونە دەرەوە بەردەوام لە ژێر تیلەی چاودێرەکانەوە دەبێت و دەکرێت لە هەر ساتەوەختێکدا کەسێک ڕێگەی لێبگیرێت.

پانتایی ناوەوەی ئەم دیوارانە جیگایەکی جودان، لە بێدەنگی و ڕێکخراویی و پاکێتی. جودا لە پانتاییەکانی دەرەوەیان.

هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵێن؟ جڤاتە دەروازەدارەکان یان گوندەکانی شار، دیاردەیەکی جیهانین. خوێندنەوەیان پێویستی بە تێگەیشتنە لە دۆخی جیهان.

ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە، بەشێکی زۆری لاسایی و بەشێکی تریشی کاریگەرییە.

،،

بە کورتی گوندەکانی شار بەشێکن لە ئەو وەرچەرخانە گەورەیە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پیایدا تێدەپەرێت، لە دەوڵەت نەتەوەوە بۆ جیهانگەریی.


بۆ ئەوەی ئێمە لە دیاردەی گوندەکانی شار تێبگەین دەبێت لە ئەو وەرچەرخانە تێبگەین کە جیهانگەریی لە سەر دەوڵەت نەتەوە دایناوە. دەوڵەت نەتەوە هەڵگری کۆمەڵێک خەیاڵ و ئامانج بون، لەوانە: بە یەککردنی سەرجەم خەڵکی ناو پانتایی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی سنوری دەوڵەت لە گەڵ وڵاتانی تردا، دروستکردنی هۆمۆجینییەتی. هەرچەندە ئەمە لە ئاستی ئابوریدا هێندە بە چڕی بەڕێوە نەدەچوو وەک لە ئاستەکانی تری وەک شوناس و ناسنامە و خیتاب و ئاسایش و حوکمڕانیدا بەڕێوە دەچوو.


لێرەدا دەتوانین لە ڕوانگەی سنورەوە لەم دیاردەیە بنواڕین. لە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەدا، سنور لە پەراوێزی دەوڵەتدا بوو، بەڵام لە گوندەکانی ناوشاردا، سنور هەیە، ئەم سنورانە، وەک سنوری وڵاتان پارێزراوە و کەسەکان بە هاتن و چونیان دەبێت ڕەزامەندی چاودێرەکان وەربگرن. گەر لە دیدی نیومارکسییەکانەوە لە سنور بنواڕین دەبینین کە سنور لە سەردەمی جیهانگەرییدا نەک کۆتایی پێهات، بەڵکو لە پەراوێزی دەوڵەتەوە هات بۆ ناو پانتایی شارەکان و خەڵکەکان لە یەکتر جودا دەکاتەوە.


گوندەکانی شار، نیشانەی بەرجەستەبونی نادادپەروەریی ئابوریە. بەڵام لە ئاستی پانتایی و جۆری ژیان و ژیار و ئازادی هاتوچۆوە بەڕێوە دەچێت. گوندەکانی شار ئاماژەیە بۆ ڕێگری لە دانیشتوانی شار بۆ ئەوەی بە ئازادی بە پانتاییەکانی شاردا بگەڕێن. ئەم کۆنترۆڵکردنی پانتایی شارە، کۆتایی هاوڵاتی بونە بە ماناکەی سەردەمی دەوڵەت نەتەوە. شار لە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەدا سنوری ڕەقی نەبوو. دیوارەکان لە هەناو شارەکاندا نەبون، سیمبولەکانی جیاکردنەوەی خەڵک لە پانتاییەکان بونی نەبوو.


دیوار و شوراکان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەند، هاتنەوەیان لە سەردەمی جیهانگەریدا، لە سەرەتادا وەک ناوازەیەک دەردەکەوێت، بەڵام گەڕانەوە بۆ کەمینەی سەرمایەدار و زۆرینەی بێ سەرمایە دەمێکە بوەتە مژاری ئابوریناسان لە دونیادا. تێزەکانی تۆماس پێکتی لە ڕوانگەیەوەیە.


دیوارەکان لە جەستەی هەمان شاردا، گۆرانی شارە لە پانتاییەکی کراوەی بێ فۆرمەوە بۆ پانتاییەکی کۆنترۆڵکراوی لە یەکتر دابراو. بە جۆرێک لە هەمان شاردا بە تەنیشت یەکەوە دونیای یەک و دونیای سێ دەبینیت.

خەڵکی ناو شوراکان، خەڵکی گوند نشینەکان لە هەمو رەهەندێکی ژیارییەوە جیاواز دەبن لە خەڵکانی دەرەوەی شوراکان، ئەمە هەتا بێت بە تێپەڕینی نەوەکان جیاوازییەکان فراوانتر دەبیت.

بە جۆرێک دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە تیزەکەی بندیکەت ئەندرسن کە نەتەوە جڤاتێکی خەیاڵکراوە توشی قەیران دەبێت، چونکە نە خەڵکی ناوەوەی شوراکان دەتوانن خەیاڵی دەرەوە بکەن و نە خەڵکی دەرەوە دەتوانن خەیاڵی ناوەوە بکەن. بەڵکو هەر یەکەو خەیاڵی بۆ دونیایەکی جودایە.


لێرەوەیە نادادپەروەری کە بنەمای ئەم سیستەمەیە، دەبێت بنەما بۆ ناسەقامگیرییەکی کوشندە، کە سەرەتاکانی لە دونیادا دەمێکە دەیبینین.

لە قۆناغی نیولیبرالیزمی جیهانگەریدا، نایەکسانی و نادادپەروەری وەک باش و زۆرجاریش وەک پێویستیەک دەبینران.

پێویستیەک بۆ دروستکردنی داینامیکێک بۆ جوڵەی ئابوری و کۆمەڵایەتی. بەڵام لە پاش قەیرانی ئابوری ٢٠٠٨ەوە ئەم دیدە بە چڕی جێگای ڕەخنەیە.


بەرهەمهێنانەوەی پانتاییەکانی دونیای ئێمە، لە زۆر ئاستدا ڕودەدەن، بەڵام ئاگایی پانتاییانەی ئێمە هێشتا بونی نیە. دونیای کوردی بە گشتی دونیایەکی بێ تیورەیە. ئێمە پێویستیەکی هەنوکەییمان هەیە بۆ وەرچەرخانی پانتاییانە لە مامەڵەکردن لە گەڵ دونیای خۆماندا. بە هیوام ئەم ماوەیەکی کە لە کوردستانم لە نزیکەوە لەم مژارانە بنواڕم.