نوسین بە زمانی فەرش

2020-01-22

فەرشچنە ئەسفەهانیەکە وا ڕاهاتبوو کە فەرشەکانی لە خوری حوشتری بیابانەکانی دەوروبەری شاری یەزد، یان ئەو ئاوریشمانەی کە لە شارەکانی تاشقەند و ئەشقەباتەوە، بۆ قەیسەریەکانی مەیدانی نەقشی جیهان، لە ئەسفەهان دەهێنران، بچنێت. بەهۆی کاریگەری بە فەلسەفەی (مەلا صەدرا)ی شیرازی، هەندێک لە وتە و ئامۆژگاریەکانی ئەو فەیلەسوفە ئیسلامیەی لە سەر چەند دەست چنێکی خۆی نەخشاندبوو.

ئەو نوسەری بواری گێڕانەوە ڕۆژهەڵاتییەکان بوو، لە ڕێگەی چنینی فەرش و نەخشاندنی چیرۆکەکان تێیاندا، کە چەندین چیرۆکی ناوداری ڕۆژهەڵاتی لە فەرشەکانیدا، گێڕابوویەوە! کاتێک لە نزیک ئاتەشگا کۆنەکە بینیم، وتی: چەند ساڵێک لەمەوبەر بە خۆشەویستەکەی وتووە، حەزدەکەم فەرشێکت بۆ بچنم، کە هەموو چیرۆکی ناو ئەفسانەکانی ڕۆژهەڵاتی تێدا گێڕدرابێتەوە!

هێندە بە عەشق و شادیەوە باسی چنین و نەخشاندنی چیرۆکە ڕۆژهەڵاتیەکانی ناو فەرشەکانی دەکرد، مرۆڤ حەزی دەکرد، وێنەی ئەندێشەکراوی عاریفێکی کۆنی ڕۆژهەڵاتی، ناو خەیاڵەکانی ئەو بێت و لە شەبەقی بەیانیەکی ئەسفەهاندا، دوای لێبوونەوە لە نوێژی بەیانیدا، لەگەڵ کچە پورەکەی دەست بە چنینی بکەن! وەک دەیگێڕایەوە، ئەوان لە بنچینەدا، خەڵکی کاشانن، چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ خانەوادەکەی هاتوونەتە ئەسفەهان و تا ئێستاش بەردەوامە لە درێژەدان بە چنینی فەرش و گێڕانەوەی چیرۆکەکان تێیاندا، بەزمانی نەخشاندن!

ئەو خۆشحاڵیەی لەبارەی چنین و گێڕانەوە بە زمانی نەخش تێیاندا، لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە هەر ساڵێک نەدەبوو، لە شاری دەلهی هیندستان، بە گێڕانەوەی چیرۆکی شەهرزاد و شەهریار( هەزار و یەک شەوە) لە چنینێکدا، بەشداری پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کردبوو.

فەرشچنە ئەسفەهانیەکە، شانازی بەخۆیەوە دەکرد کە لەو پێشانگایەدا، خەڵاتی جوانترین چنراو بۆ ئەم بووە! ئەو، دەیگێڕایەوە کە لیژنەی هەڵسەنگاندنی فەرشە چنراوەکان، لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکەی شاری دەلهی هیندستان، لە ناو ئامادە بواندا، نەیان توانیوە سەرسوڕمانی خۆیان بە شێوەی فەرشە چنراوەکەی ئەم بشارنەوە، پێیان ڕاگەیاندووە کە چنراوەکەی فەرش چنە ئەسفەهانیەکە، هاوشێوەی وێنەی (مۆنالیزا)ی لیۆناردۆ داڤێنشی، شێوەیەکی سیحراوی دەنوێنێت و هەر جارە و بە شێوەیەک دێتە بەر دیدە!

دەفتەرێکی بچوک، کە بە پارچە مافورێکی بچوک و جوان و نەخشێنراو بەرگی گیرابوو، ئەو بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵ خۆیی دەبرد، بەدەستیەوە، سەرنجی ڕاکێشام، پێم ووت: ئەو دەفتەرە چی تێدا نوسراوە؟

وتی: فەرموو سەیری بکە. ئەوە جگە لەو سەرنج و تێبینیانەی کە لە بارەی چنینەکانمەوە تێیدا نوسیومن، لە بەشێکی تریدا، چەند زانیاریەکم لەبارەی مێژووی داهێنانی فەرش و مێژووی فەرش چنین لە ئێراندا، تێدا کۆکردووەتەوە . کە چوومە سەر بەشی زانیاریەکان، لەبارەی مێژووی ئەم هونەرە ناوازەیە لە ئێراندا، تێیدا نوسرابوو: ساڵی ۱۹٤۹، سێرگی ڕۆدینگۆی ڕوسی، لە باشوری سیبریا لە ڕووسیا، فەرشی(پازیریک)ی دۆزیەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زاین.

،،

بە کۆنترین فەرشی جیهان دادەنرێت! شوێنەوارناسان پێیان وایە، یەکەم داهێنانی ئەم هونەرە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەری ناوچەی دەریای قەزوێن.

لەگەڵ ئەوەشدا هونەری فەرش چنین لە ئێراندا، مێژوویەکی کۆنی هەیە، بە پێی سەرچاوە مێژوویەکان مێژووی ئەم هونەرە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی [ قۆناغی برۆنز- Bronze Age] کە دەکاتە دووەم قۆناغ لە سێ قۆناغەکەی چاخی بەردین.

لە دەفتەری فەرشچنە ئەسفەهانیەکەدا، نوسرابوو: من لە بنچینەدا، خەڵکی (کاشان)م. هونەری فەرش چنین لە ئێراندا، لە شارەکەی مندا،لە دایک بووە و گەشەی کردووە.

هەر لەبەر ئەوەیە کە شاری (کاشان) وەک، پایتەختی فەرش لە جیهاندا، لە لیستی کەلەپورە جیهانیەکانی ڕێکراوی یونسکۆ،دا، جێگیر کراوە کە زیاد لە هەزار کارگەی چنینی فەرش لە شارەکەدا، بوونی هەیە! کات خەریک بوو درەنگی دەکرد، دەبوو بگەڕێمەوە، دەبوو بگەڕێمەوە، بەڵام، زانیاریە چێژ بەخشەکانی ناو دەفتەرەکە نەیدەهێشت دەستەبەرداری خوێندنەوەی بم!

لەو بەشەدا، چوومە لاپەڕەی سێهەم و تێیدا نوسرابوو: شارەزایان و پسپۆڕانی بواری فەرش، حەوت فەرشی ئێرانیان وەک باشترین و جوانترین فەرش لە جیهاندا، دەست نیشانکردووە کە چوار دانەیان لە شارەکەی من (کاشان)دا، چنراوە!

زیاتر، نوسرابوو: بێگومان ئەم هونەرە هەر تەنها لە شاری (کاشان)دا، پەرەی پێ نەداراوە. بەڵکو لە چەندین شاری تری ئێراندا، کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەت شارە گەورەکان. هەر بۆیە ساڵی ۲۰۱۹ سەرۆکی ئێران، پەردەی لەسەر گەورەترین فەرشی دەست چنراوی ئێران، لادا. کە چنینەکەی ماوەی شەش ساڵی خایاندووە!

فەرشەکە لە شاری تەبرێز چنراوە کە ڕووبەرەکەی ٦۰۰ مەتر چوار گۆشەیە و کێشەکەی(۳ تۆن) دەبێت! و ۷۰ جۆر ڕەنگ لە چنینیدا، بەکار هاتووە. میدیاکانی ئێران پێیان وایە کە ئەمە گەورەترین فەرشی جیهانە کە تا ئێستا چنرا بێت!

فەرشچنەکە لە کۆتایی ئەو بەشەی دەفتەرەکەیدا، نوسی بووی: ئێستا وڵاتەکەم گەورەترین هەناردەکاری فەرشی جیهانە!

،،

ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی لەم هونەرەوە دەست دەکەوێت، زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەم هونەرەوە سەرقاڵن و بەرهەمەکان بۆ ۱۰۰ دەوڵەتی جیهان هەناردە دەکەن!

دوای خواردنەوەی چایەک بە قەندی ئەسفەهانەوە، لە کافێ گەشتیاریەکەی تەنیشت ئاتەشگا کۆنەکە، فەرشچنەکە وتی: ئاواتی ئەوەیە کە ڕۆژێک بچێتە کەر بەلا و لەوێ چیرۆکی شەهید کردنی (ئیمام حسین) لە چنینێکدا، بگێڕێتەوە!.

سەرنج: سەبارەت بە زانیاریەکانی ناو ئەم نوسینە لەبارەی مێژووی فەرش و هونەری فەرش چنینەوە سود لە چەند سەرچاوە و گرتە ڤیدۆییەکی هەواڵیی لە یوتیوب وەرگیراوە.