حیکایەتی گۆرانی " انا و لیلی" ی کازم ساهیر

2020-02-08
ئەردەڵان عەبدوڵا

کازم ساهیر یەکێکە لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی عیراق و جیهانی عەرەبی و لەناو هەودارانیشیدا نازناوی» قەیسەر»ی هەیە. ئەو یەکەمین گۆانیبێژی عیراقییە، کە توانی گۆرانی عیراقی، لە سنووری خۆی تێپەڕینێت و بیگەینێتە هەموو ماڵێکی عەرەبی و تەنانەت جیهانیش.

راستە لە عیراقدا پێش کازم ساهیر کۆمەڵێک گۆرانیبێژی ناسراو هەبوون، کە لە وڵاتانی تری عەرەبی دەناسران بۆ نموونە « نازم غەزالی و یاس خزر» بەڵام کەسیان نەیانتوانی دەنگیان بگەیننە هەموو وڵاتانی عەرەبی. یەکێک لە گۆرانییە خۆش و ناسراوەکانی کازم ساهیر» انا و لیلی» یە.

بەش بەحاڵی خۆم زۆررجار گوێی لێدەگرم تەنانەت لە کاتی نووسینی ئەم وتارەشدا گوێی بۆ دەگرم. کازم ساهیر ئەم گۆرانییەی لە ساڵی 1998 دا وتووەو هەر زوو بەناو جیهانی عەەبیدا بڵاوبوویەوە.

نەک ئەوەش تەنانەت بوو بە یەکێک لە گۆرانییە جیهانییەکانیش. لە راپرسییەکی کەناڵی بی بی سی دا لە ساڵی 2002 ، ئەم گۆرانییە پلەی شەشەمی لەسەر ئاستی جیهان وەرگرت، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی گۆرانی عیراقیدا، گۆرانییەک ئەو ئاستە جیهانییە بەدەستبهێنێت.

دیارە لەپشت ئەم گۆرانیەشەوە حکایەتێکی خۆشەویستی گەورە هەیە، لەهەمانکاتیشدا دزینی ئەدەبیش هەیە، چونکە هەتا خاوەنە ئەسڵیەکەی پەیدا بووە، چوار کەسی تر خۆیان کردووە بە خاوەنی، لەمەشدا کازم ساهیر رۆڵی جوامێری هەبووە، بۆ ئەوەی خاوەنەکەی بدۆزێتەوەو مافی نەفەوتێت و کەسیش خۆی نەکات بە خاوەنی، ئەویش مامۆستایەکی زمانی عەرەبی هەژاری خەڵکی عەمارە بووە.

لێرەدا بە کورتی باسی ئەم حکایەتە دەکەین. خوێندکارێکی هەژار و دڵێکی بریندار حەسەن مەروانی خوێندکارێکی هەژاری باشووی عیراق بووە و خەڵکی شاری عەمارەیە »میسان»، لە ساڵانی حەفتاکاندا لە زانکۆی بەغداد بەشی ئادابی عەرەبی دەخوێنێت. لە کاتی خوێندندا لەناو پۆلەکەیدا عاشقی کچێک دەبێت، کە ناوی « لەیلا» دەبێت.

ئەم کچە هەموو ناخۆشیی و هەژارییەکی لە بیر دەباتەوە، بەڵام لە دوایین ساتدا، بەتایبەتی لە دوا ساڵی خوێندندا ئەم عشقە ، دڕکێکی بۆ پەیدا دەبێت، لەیلا دەبێتە جەلادێکی گەورە بۆ رۆحی ئەم کوڕە هەژارە، لەیلا واز لە حەسەن دەهێنێت و شوو بە خوێندکارێکی دەوڵەمەند دەکات. حەسەنیش تووشی داڕمان، بێزاری، بێئومێدی لە ژیان دەبێت، بەشێوەیەک خەریکە خۆی بکوژێت، بۆیە واز لە خوێندن دەهێنێت.

لێرەدا حەسەن شانسێکی باشی دەبێت، کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر باشی دەبێت، ئەوان پشتگیری دەکەن و دڵنەوایی دەدەنەوەو داوای لێدەکەن کە لەیلا و خۆشەویستەکەی لە بیر بکات و بگەڕێتەوە بۆ خوێندن، ئەویش دواجار رازی دەبێت بگەرێتەوە بۆ زانکۆ و دەست بە خوێندن بکاتەوە.

بەڵام دڵی حەسەن زۆر برینیدارە، ئەم برینە قووڵەش ، دەبێتە شانسێكی باش بۆ ئەدەبی عیراقی، چونکە موژدەی لەدایک بوونی شاعیرو شیعرێکی جوانی پێیە. حەسەن حکایەتی خۆشەویستییەکەی خۆی کۆ دەکاتەوەو دەیکاتە شیعرێکی زۆر جوان، پاشان لەکاتی ئاهەنگی دەرچووندا، حەسەن دەیەوێت شیعرەکە بخوێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت و دەلەرزێت، تومەز هێشتا دڵەکەی بریندارە، بەڵام دووبارە هاوڕێکانی پشتگیری دەکەن و داوای لێدەکەن بیخوێنێتەوە، ئەویش دواجار رازی دەبێت و دەیخوێنێتەوە. هەموو نزاو پاڕانەوەکانم لەبەردەم میحرابی چاوەکەنتا مردن ئاڵاکانیشم لەبەردەم رەشەبای بێئومێدیدا خۆیان تەسلیم کرد.

خەتای تۆ نەبوو، کاتێک هەموو هیواکانمت لەباربرد تۆ هیچ گوناحێکت نەکردووه، بەڵکە ئەوە گەمژەیی خۆم بوو. بەراستی کاتێك شیعرەکە دەخوێنیتەوە، هەست بەو ئازار و بریندارییە گەورەیەی رۆحی شاعیرەکە دەکەیت، لەهەمانکاتیشدا شیعرەکە لێوانلێوە لە جوانی و سۆز و عیشق و خۆشەویستی. هەر ئەم شیعرەش ،هێزێکی گەورەی بە گۆرانییەکە بەخشیوە.

پاشان حەسەن، هەژاریی و جەنگ و رژێمی سەدام، زۆر شتی لەبیر دەباتەوەو تێکەڵی ژیانە ناخۆشەکەی عیراق دەبێت. لە ساڵانی نەوەتدا بەهۆی خراپی باری ژیان، وەکو زۆرێک لە هاوڵاتیانی عیراقی، بیر لە کۆچ دەکاتەوە بۆئەوەی بژێوی ژیان دابین بکات، بۆیە کۆچ بۆ لیبیا دەکات و وەکو مامۆستای زمانی عەرەبی کار دەکات. ماوەی چەند ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوەو پاشان دەگەڕێتەوە بۆ عیراق.

کردنی بە گۆرانی لە ساڵانی نەوتەکاندا ئەم شیعرە دەگاتە دەستی گۆرانیبێژی ناسراوی عیراقی « ریاز ئەحمەد» ، ئەویش زۆر بە دڵی دەبێت و بە شێوەی مەوال، لە فیستیڤاڵی بابل لە ساڵی 1996 پێشكەشی دەکات.

بەڵام هێشتا ئەو ناوبانگە پەیدا ناکات، هەتا دەگاتە دەستی کازم ساهیر. کازم ساهیر و شاعیرێکی داماو پاشان ساڵی 1998 شیعرەکە دەگاتە دەستی کازم ساهیر، ئەویش هەموو شیعرەکە نا، بەڵکە چەند بەیتێکی.

پاشان هەر خۆی ئاوازێکی زۆر جوانی بۆ دادەنێت و هەر خۆشی دەیڵێت. گۆرانییەکە نزیکەی چارەکە سەعاتێک دەبێت، کاتێکیش بڵاودەبێتەوە، سەدایەکی گەورەی دەبێت و لەناو جیهانی عەرەبیدا، هێندەی تر کازم ساهیر ناوبانگ پەیدا دەکات.

پاشان چ لە عیراق و چ لەدەرەوەی عیراقیش زۆر کەس خۆی دەکات بە خاوەنی ئەم شیعرە، کورد وتەنی « سەرکەوتن باوکی زۆرە، شکست هەتیوە» بەڵام کازم ساهیر بە زیرەکی خۆی خاوەنە ئەسڵەکەی دەدۆزێتەوە، لەمبارەیەوە لە دیدارێکی تایبەتیدا لەگەڵ رۆژنامەی « الشرق الاوسط» دا، بە ووردی باسی ئەم شیعرەو شاعیرەکەی دەکات و دەڵێت:

من ناچار بووم بانگەوازێک لە رۆژنامەکان بڵاوبکەمەوەو داوامکرد، کە کێ خاوەنی ئەم شیعرەیە، ئاگادارم بکات. پاشان چوار کەس خۆیان کرد بە خاوەنی. بەڵام لەرێگەی برادەرێکەوە، زانیم کە خاوەنی ئەم شیعرە کێیە. ئەوەبوو حەسەن مەروانی هاتە لام، 35 بەیت شیعری پێشکەش کردم، ئەو کابرایەکی زۆر هەژار و بەڕێز و موحتەرەم بوو. لەو باوەڕەشدام، لەبەرئەوەی کەسێکی هەژار و بەرێز بوو، بۆیە زۆر کەس خۆی کرد بە خاوەنی.

دوا قسە دیارە ئەم گۆرانییە چ شیعرەکەی چ شاعیرەکەی گوزارشت لە حکایەتێکی گەورەی خۆشەویستی دەکات، لەلایەكی ترەوە ئەم شاعیرە وەك چۆن خۆشەویستەكەی لەلایەن كەسێكی ترەوە دەدزرێت و خەونی خۆشەویستی بەدی نایەت، لەهەمان كاتیشدا خەڵكانێكی نەفس نزم شیعرەكەشی كە بۆ خۆشەویستەكەی نوسیبو و گوزارشتی لەعەشقە دۆڕاوەكەی دەكرد ئەویش دەدەزن و خۆیان دەكەن بەخاوەنی، بەڵام ئەمجارەیان جوامێری كازم ساهیر دەردەكەوێت و مافی شیعرەكە بۆ ئەو دەگێڕێتەوە، لەكۆتایشدا ئێمە نازانین ئایا دڵخۆشبین بەوەی کە « لەیلا» خیانەتی لە حەسەن مەروانی کردووەو برینداری کردووە، یان دژی بین، چونکە گەر حەسەن مەروانی هێندە بریندار نەبوایە، نەیدەتوانی ئەم شیعرە جوانە بنووسێت.

بەڵام لەهەمانکاتیشدا گەر لە لایەنێکی مرۆییشەوە سەیری مەسەلەکە بکەین، بەڕاستی خیانەتی ناو خۆشەویستان، شتێکی زۆر ناخۆشە و جەرگ بڕە و نابێت کەس پشتگیری بکات.

سەرچاوەکان: 1/ كاظم الساهر: شاعر «أنا وليلى » سرق أربعة مرات لأنه فقير. رۆژنامەی الشرق الاوسط. الجمعـة 02 صفـر 1427 هـ 3 مارس 2006 العدد 9957. 2/ كاظم الساهر سادسا على العالم. سایتی بی بی سی. 23/1/2002