لە لیبیاوە بۆ هەڵەبجە ئەویش چیرۆکێکی هەبوو!

2020-02-17

ئێوارەی ئەو ڕۆژە کە سێ کارمەندی ڕێکخراوێکی بیانی لە ناو بازاڕی هەڵەبجە بەدوای قاوەخانەیەکدا دەگەڕان تا قاوەیەکی عەرەبی تێدا بخۆنەوە، ئەوکات بۆ قاوەخانەیەکی بچوک لە کوچەیەکی پێچ و پەنای ناوبازاڕدا ڕێنمایم کردن.

،،

دووان لە بیانیەکان داوای قاوەی عەرەبیان کرد،وەک ئەوەی کە بیانەوێت لە ڕێگەی بە گوێدادانی وشەی (عەرەبی) چیرۆکی ئەو عەرەبە ئیفریقیە بە من بگێڕنەوە کە لە سەرتاکانی سەدەی بیستەمدا دەگاتە هەڵەبجە.

قاوەخانەکەیی کە لەگەڵ بیانیەکان بۆی چووین،لە کوچەیەکی بچوک و باریکی بازاڕدا بوو،سەکۆکەی بەردەمی دەیڕوانی بەسەر حەوشەیەکی گەورەی سیاجکراوی پڕ لە چیرۆکدا، کە کانگای سەدان چیرۆکی تۆز لێ نیشتووی لە دۆڵابدا پێچراوەی سەدەی ڕابردووە! ئەو سێ هاوڕێ دوانیان ئەڵمانی و دانەیەکیان سویسری بوون، ئەوان ئەندامی ڕێکخراوێکی بیانی بوون بۆ کار و باری مرۆیی و ژینگە.

بەحوکمی ئەوەی کە پڕۆژەیان لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا هەبوو،چاودێری دۆخی وڵاتانی ناوچەکەیان دەکرد. نازانم بۆچی؟ باس و خواسەکانمان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆی کە گێڕانەوەی چیرۆکی (مستەفا)ی لیبی بۆ هەڵەبجە، ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت! تێنەگەیشتم ڕێکەوت بوو، یان دەسەڵاتی زمان لە گێڕانەوەدا، دەیویست بەرەو ئەو ئاڕاستەیەمان بەرێت؟!

ئەو کاتەی کە (مەرسا) کچە سویسریەکە لەڕێگەی مۆبایلە سمارت فۆنەکەیەوە سەرقاڵی چاودێریکردنی دۆخی شاری تەڕابلوسی لیبیا بوو، بۆ ئەوەی بزانێت کە دەتوانن مانگی داهاتوو بەشێک لە هاوکاریە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکەیان بگەیەننە خەڵکی ئەوێ کە لە ئێستادا، لە ژێر جەبری شەڕێکی ماڵوێرانکەری سوپای نیشتیمانی وڵاتەکە و سوپاکەی خەلیفە حەفتەر،دایە، لەو کاتەدا، (مەرسا) ووتی: تەماشاکە چۆن ئەو دوو سوپایە دژی یەکتر دەجەنگن و ئەو وڵاتەیان وێران کردووە لە دوای شۆڕش! منیش بە (مەرسا)م ووت: هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەبێت تا کۆتایی تەمەنیان لە ژێر جەبری شەڕدا بن! تا (مەرسا) و هاوڕێکانی قاوە و نۆتێلاکەیان دەخۆنەوە، منیش چیرۆکی #مســـتەفا_بەگ تان بۆ دەگێڕمەوە.

مێجەر سۆن دەڵێت: "لە گەشتەکەمدا بەرەو هەڵەبجە،ئەو شوێنەی بەو هەمووە ڕێگایەدا،لە ئەستەمبوڵەوە هاتبووم بۆ بینینی. لە سلێمانی پاش ماوەیەکی کورت لە مانەوەم، پیرە مستەفا بەگی دراوسێم هات بۆ لام". بۆ سۆراخی مستەفا بەگ، لە ئەرشیفخانەیەکی شاراوەی کەنار گرتوودا، یاداشتنامەی خاوەنە هەرە بەتەمەنەکەی ئەرشیفخانەکەم کردەوە کە لە چەند پشتێکی با پیرانیەوە بۆی مابوویەوە. لە یاداشتنامەکەی خاوەنی ئەرشیفخانەکەدا، چیرۆکی زۆرێک لەو کەسە بیانیانەی تێدا نوسرابوو کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا گەیشتبوونە هەڵەبجە و لە شارەکەدا ژیابوون.

دەربارەی (مستەفا بەگی تەڕابلوسی) نوسرابوو: مستەفا کاتێک لە ئەستەمبوڵ بوو، وەک ژمێریاری هەڵەبجە دانرابوو. تەڕابلوسی، بەتەنها دوای چوار مانگ، لە تەڕابلوس پایتەخی لیبیای زێدی خۆیەوە، لە ئەفریقاوە،گەیشتە هەڵەبجە. بەهۆی ئەو پەیوەندیە دۆستایەتیەی کە حکومڕانی ئەوکاتەی هەڵەبجە، لەگەڵ ئینگلیزەکان هەیبوو، هەیمەنەی دەسەڵاتی ئینگلیز لە هەڵەبجەدا بوونی هەبوو.

،،

بۆیە جلخواری بۆ تورکەکان کەم بوو یان بوونی نەبوو. ئەمە وایکرد، لەبەر ئەوەی مستەفا تەڕابلوسی لە ئەستەمبوڵەوە بە ژمێریای هەڵەبجە دانرابوو، خەڵک بەتورکی لەقەڵەم بدەن و ڕازی نەبن لەناویاندا بمێنێتەوە!

مستەفا کەسێکی ڕەنگگرتوو بە پەژارە بوو، چونکە بە هۆی بە تورک لەقەڵەم دانیەوە، خەڵک ناچاریان کرد لە شارەکە بڕوات! ئەوکاتەی مستەفا هەڵەبجەی جێهێشت گەڕایەوە سلێمانی و کرا بە بەڕێوەبەری "گوڵعەنبەر"ی پایتەختی کۆنی شارەزوور. بەڵام دیسان بەهۆی ئەوەی خەڵکی ئەوێش ڕازی نەبوون تورکێک بەرپرسیان بێت ئەوا نەیتوانی ئەو پۆستەش وەربگرێت!

تەڕابلوسی، لە سەرای سلێمانی بۆ ماوەی شەش هەفتە زیندانی کرا، ڕۆژانە بەو تۆزە پەنیر و نانە دەژیا کە پاسەوانەکان پێیان دەدا. مێجەر سۆن دەڵێت: " لە سلێمانی، پێش هاتنم بۆ هەڵەبجە پیرە پیاوەکە (مستەفا بەگ) حەزیدەکرد باسی ئەستەمبوڵ و ڕۆژئاوام لەگەڵدا بکات.چونکە پێی وابوو دەگمەنە لە کوردستاندا، گەشتیارێک ئەو شوێنانەی بینیبێت".

سۆن،دەڵێت: " ئەو بە ویژدانەوە، کەسێکی پاک بوو، هەندێکجار دادەنیشت غەمگین،دەگریا، بیری لەو مەودا دور و بیابانانە دەکردەوە کە لە خێزان و نیشتیمانەکەی جیایان کردووەتەوە". تەڕابلوسی، هەمیشە بەدوای کەسێکدا، دەگەڕا، کە دەردە دڵی خۆی لا بکات، تەنیا ئاواتی بینیەوەی جارێکی تری دەریای ناوەڕاست و شەپۆلەکانی بوو،پێش مردنی. ئەو بە "سۆن"ی، وتبوو: " ئاوارە دەبێت لەگەڵ ئاوارەدا، بە بەزەیی بێت".

  سێ هاوڕێ بیانییەکە قاوەکانیان نۆشکرد، پێم وتن: ئەوە چیرۆکی هاوڵاتیەکی ئەو وڵاتە بوو، کە ئێوە چاودێری بارودۆخی دەکەن چونکە ئێستا لەژێر جەبڕی شەڕدایە، ئەو هاوڵاتیە لیبیە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، خۆی گەیاندووەتە ئەم حەوشەی تەنیشتمان کە کۆشکی (پاشا) و حکومڕانی ئەم شارەی لێ بوو!

پێم وتن: ئەم حەوشە، چیرۆکی مستەفابەگی تەڕابلوسی و سەدان کەسی تری بیانی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە کە سەردەمێک شەو ڕۆژیان تێدا کردووەتەوە. گارسۆنەکە،هات پارەکەمان واسڵکرد. ئێوارەی گێڕانە،وەی چیرۆکەکە، هەڵەبجە سارد بوو ماڵئاوایم لە (مەرسا) و هاوڕێکانی کرد.

#تێبینی : ۱. مەرسا، ناوێکی خوازراوە. ۲. لە کتێبەکەی (مێجەر سۆن)ەوە، زانیم کە مستەفا بەگی تەڕابلوسی هاتووەتە هەڵەبجە. ۳. بۆ بەرهەمهێنانی ئەم گێڕانەوەیە، سود لە دانیشتنێکی خۆم و سێ هاوڕێی بیانی لە هەڵەبجە و کتێبەکەی "سۆن" [گەشتەکەم بۆ میزۆپۆتامیا...] وەرگیراوە. ٤.وێنەکەی لەگەڵ ئەم چیرۆکە، لە گۆگڵەوە وەرگیراوە و وەک شوبهاندن تێکەڵکراوە و دانراوە.