خەڵاتی یۆبیلی تەنەکە

2020-02-18

گۆران ڕەووف

ئەمڕۆ مەراسیمێک سازدرابوو، بۆ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە ئوتێل ڕامادا، لە سلێمانی، ڕوونە کە لقی سلێمانی سازیدابوو..

تێیدا چەند وتارێکی سواو و پەیوەندی نەدار بە بۆنەیەکی وەهاوە دران، دواتر خەڵاتی کۆمەڵێک لە ئامادەبووان کرا.. تائێرە وەک هەموو مەراسیمە تەقلیدی و سواوەکان تێپەڕی و ئاسیی بوو.

بەڵام ئەوەی پرسیارە لەم لقەی یەکێتی نووسەران ئەوەیە، کە بەکام پێوەر ئەو هاوڕێیانەی خەڵاتکران، هەڵبێژردارون؟ بەکامە پێودانگ و بنەما و سیاغە خەڵات دراوە بەم هاوڕێیانە و نەدراوە بە کەسانی دیکە؟

لەکاتێکدا لەتەواوی دنیادا و بەتایبەت لە بوارێکی وەک ئەدەب و ڕۆشنبیریدا، کە مەراسیمێک یاخود خەڵاتێک یان ڕێزلێنانێک دەکرێت، لەگەڵیدا ئاماژە بەوە دەدرێت کە هۆکاری ئەم خەڵات و ڕێزلێنانە بۆچییە و کام بنەما و لۆژیکی لە پشتەوەیە.

،،

بەڵام ئەوەی تێینەگەیشتین ئەوەبوو ئەم خەڵاتانە بۆ دران بەم کەسانە و نەدراوە بە کەسانێکی دیکە؟ نەبوونی بنەما بۆ پێدانی خەڵات و ڕێزلێنانەکان، کۆی مەراسیم و ئەو لقە داماوەش کە مێژوویەکی هەیە دەخاتە ژێر پرسیارە.

بۆچی گرنگە قسە لەبارەی ئابڕووچونێکی وەهاوە بکەین؟

لە دنیادا، ئەوەی ڕەخنەبارانی کۆی هاوکێشە ناڕێکەکان و کۆی جموجوڵەکانی کۆمەڵگا و تەواوی بوار و کایە هەمەچەشنەکان دەکات، نووسەر و ڕۆشنبیرانە و دواتر دامەزراوەکانی ئەم بوارانەیە کە دەبنە هاندەر و پاڵپشت، بۆ زیاتر نیشاندانی ناڕێکی و ناشیرنییەکان.. بەڵام بەم کارەساتەی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد، تەواو ئەو لۆژیکە پێچەوانەکرایەوە و خۆیان بوونە دیاردەیەکی ناڕێک و نائەقڵانی.

لەهەمووی کۆمیدیتر ئەوەیە، سەرۆکی ئەم لقە، بەزمانە تەنزەکەی خۆی گاڵتە بەهەموو شتێک دەکات و وتە و سەرنجەکانیشی وەک قسەی بازاڕییان لێهاتووە، بەڵام بەداخەوە خۆی و لقەکەی نابینێت، کە چەندە لقێکی خوار و لارە. جا ئەم لقە، بەنیازە ڕۆژێکیش تەرخان بکات، بۆ تەنەکە بەخشینەوە، بەو نووسەرانەی ئەمڕۆ خەڵاتی چەوریان بەنسیب نەبووە، لە نێو لقەکەیان.

،،

ئەمە ڕێک دەبێتە تەواوکاریی بۆ کارە خواروخێچەکەی ئەمڕۆیان و ئەوەمان نیشاندەدات، کە نووسەرە ئەرستۆکراتەکان کێن و نووسەرە ڕەشۆک و گەڕوگوولەکانیش کێن.

ئەی ئەوەتا ئەمڕۆ لە ئوتێلێکی ڕاقی خەڵاتی چەوریان داوە بە نووسەرە ئەرستۆکراتەکان و بڕیارە خەڵاتی تەنەکەکەش بدەنە نووسەرە گەڕوگوولەکان لە نێو لقەکەیاندا کە وەک سەرۆکی لق دەیفەرموو لقەکەمان بێ مومتەلەکات و داماوە. واز لە سەرۆک و ئەندامانی باڵای لق بهێنە، کە خۆشیان دەزانن کام پێناسە دەیانگرێتەوە.. بەڵام مایەی شەرم و گاڵتەجاڕییە، بۆ ئەو نووسەرانەی ئەندامن لەوەها یەکێتییەکدا و لەوەها لقێکدا، کە کارێکی وەهایان بەسەردا تێپەڕێت و فزەنەکەن، بەجۆرێک لە جۆرەکانیش بۆ ئەو نووسەرانەش کە ئەمڕۆ خەڵاتی چەوریان وەرگرتووە و قسەناکەن!

لەکاتێکدا لێیان بپرسە بۆ خەڵاتکراوی؟ دەڵێت نازانم. لەوەش بپرسە کە خەڵاتی چەور نەکراوە و تەنەکەیەک چاوەڕێی دەکات، بۆ ئەمڕۆ خەڵات نەکراویت؟ هەردەڵێ بەخودا نازانم.