کۆمەڵگەی کوردی و هۆشیاری دەستەجەمعی

2020-02-28

هۆشیاری دەستەجەمعی بابەتێکی گرنگی کۆمەڵناسیە و گوزارشتە لە ئاگایی و بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە دەوروبەر و کلتور و هەڵوێست و کاروکردەوەی دەسەڵات، واتە بەشێوەیەکی گشتی کۆی ئەو شتانەی لە لەدەوروبەری تاکەکان ڕوودەدات.

هۆشیاری دەستەجەمعی و ئاگایی کۆمەڵ چەنێک بابەتێکی کۆمەڵایەتیە ئەوەندەش بابەتێکی زاتی و ئامادەگی خودیی تاکەکانە، بۆ نمونە ستایلی ژیانی کۆمەڵگەی ئەوروپی لەسایەی سیستمی لیبراڵیزمەوە ژیانێکی تاکگەرایانەیە و سیستمی کۆمەڵایەتی خێزانی کاڵترە بە بەراورد بە ژیانی تاکگەرایی و ژیانی سەربەخۆی تاکەکان، بەڵام هۆشیاری دەستەجەمعی ئامادەگی زیاترە لەو کۆمەڵگایانەدا بە بەراورد بە کۆمەڵگا ڕۆژەهەڵاتی و عەرەبی و کوردیەکان، کە لەسایەی کلتوری تۆکمەی خێزانی و کلتوری ئاینی خێزانداری، ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیووەندیە توندوتۆڵە خێزانیەکان تیایدا بەرجەستەیە.

نمونەی ئەم بەرواردەش ئەوەیە کە زۆرجار ئەبینین لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی ڕۆژئاوادا کاتێک هێزێک یان لایەن و گروپێکی سیاسی یان ئابوری یان کۆمەڵایەتی دەیەوێت پێچەوانەی خواستی زۆرینەی کۆمەڵگا کار و کردەوەیەک ئەنجام بدات هەمووان پێکەوە هەڵوێست دەردەبڕن، هەڵبەت کاردانەوەی کرداری و کاریگەر نەک تەنها لە سۆشیال میدیا و گفتوگۆی ناو بازاڕەکان، بە نمونە لەیەکێک لە وڵاتەکاندا کاتێک نرخی هێلکە زیاتر لە سنوری خۆی گران کرا لەلایەن کۆمپانیایەکی وەبەرهێنی هیلکەوە، ڕاستەوخۆ هاوڵاتیان بایکۆتی کڕینی هێلکەیان کرد وەک سزا و نواندنی هەڵوێست بەرامبەر ئەو کۆمپانیا، دواجار کۆمپانیاکە ناچار بەوە کرا زیاتر لە نرخی پێشوتر نرخی هێلکە داببەزێنێت کە زیانێکی ئێجگار گەورەیشی پێکەوت بەهۆی ئەو بایکۆتەوە، ئەمە کرۆکی هۆشیاری دەستەجەمعیە.

بەڵام ئەم هۆشیاریە دەستەجەمعیە لەکۆمەڵگای کوردی خۆماندا هێشتا نامومکینە و ئامادەیی نیە، لەکاتێکدا هەمووان بە ئاگایشن لەوەی وڵات نغرۆی گەندەڵی و پەتای ئابوری سیاسی دروستکراوی هێزو گروپە سیاسیەکانە ، گروپە ئابوریەکانیش بە پاڵپشتی و سەپۆرتی دەسەڵات ئازادانە نرخی کاڵاکانیان زۆر زیاتر دائەنێن لە سنوری خۆی بەڵام کۆمەڵگا نەیتوانیەوە بەیەک کردەوە مەسیجێکی ڕاستەقینە بدات بەو هێز و گروپانە لەهەمبەر ئەو هەمووە نادادی و ستەمەدا، بۆ نمونە کۆمپانیای کۆڕەک و ئاسیا کە تایبەتن بە خزمەتگوزاری هێڵی پەیوەندیە تەلەفونیەکان پارەیەکی زۆر زیاتر لە نرخی ڕاستەقینەی خۆیان لەسەر کڕینی باڵانس داناوە، ئێ ئەگەر لەم ساتی ستەم کردنەی ئەم دوو کۆمپانیایەدا ، تاکەکان هۆشیار بن بە مافەکانی خۆیان و هۆشیاری دەستەجەمعی ئامادەیی هەبێت لە فەرهەنگ و بیرکردنەوەی کۆمەڵگادا، ئەوکات ئەگەر بەلایەنی کەمەوە بۆ هەر هەفتەیەک تەنیا 10 سەعات بایکۆتی پەیوەندی کردن بکرێ لە ڕێگەی ئەم دوو کۆمپانیایەوە، بەدڵنیاییەوە زیانێکی خەیاڵی گەورەیان پێ دەگات و مەسیجی ڕاستەقینەی خەڵکیان پێ دەگات، وە لەم کاتەدا ناچار دەبن بە داشکاندنی نرخی پەیوەندیەکان بەگوێرەی خواستی خەڵک 

،،

بەڵام ئەم هۆشیاریە کۆمەڵایەتیە تا ئێستا نەتوانراوە دروست ببێت لە کۆمەڵگای خۆماندا.

زۆرێک تا ئێستا لە نیوەی پێناسەی هۆشیاری تێگەیشتوون ، واتا هۆشیاری تەنیا گوزارشتە لە زانین دەربارەی ئەوەی کە لە دەوروبەردا ڕوودەدات، بەڵام لەوە نەگەیشتوون کە هۆشیاری لەوێشەوە بەردەوام دەبێت و لەدوای زانینمان دەربارەی کارو کردەوەکانی دەوروبەر ئەرکی تەعامول کردن و جۆری تەعامول کردنیشمان دێتە ئەستۆ ئەگەر قەرار بێت ئێمە تاکێکی هۆشیاربین.

بۆ نمونە لەبەرامبەر ئەو هەمووە ستم و گەندەڵی و دزی و توقاندنەی دەسەڵاتی کوردیدا هەمووان زانینیان هەیە دەربارە ئەوە ، بەڵام تەعامولێکی بەرپرسیارانەیان نەبووە لەبەرامبەریدا، ئەوەی کە هەیە تەنها لەسۆشیال میدیا و چایخانە و گفتوگۆی سەجادەکاندا دەکرێت، کە ئەمە بەهیچ جۆرێک ناچێتە خانەی هۆشیارییەوە.