ئایا لە کۆرۆنا بترسین؟

2020-02-28

د. بێستوون ئەبوبەکر ــ پزیشکی ڤێتێرنەری

ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە بە دێوەزمەیەک و دونیای گیرۆدە کردووە، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی مرۆڤ کە لە وڵاتی چین تووشبوون و گیانیان لە دەستداوە، وە بە هۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی لە نێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوەندە ترسناک بێت خەو و خۆراک و ژیانمان بکەین بە قوربانی ترس لە کۆرۆنا.

،،

هەمیشە وریایی و ئاگاداربوون و خۆپاراستن پێوویستە، نەک تۆقین و ترس لە ڤایرۆسێک کە لەناوبردن و خۆپاراستن لێی زۆر زۆر ئاسانە.

ئەم ڤایرۆسە یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی کە لە ڕێگەی هەواوە ناگوێزرێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی پرژە و دڵۆپی دەم ولوتەوە لە کاتی پژمین و کۆکەدا دەگوازرێتەوە یان دەستت بەر شوێنێک بکەوێت کە پیس بووبێت بە دەردراوی کەسێکی تووشبوو.

کەواتە بەکارهێنانی ماسک تەنها بۆ ڕووپۆشکردنی هەستی ترساوی خۆمانەو بڕواهێنانە بە خۆمان کە دەمانپارێزێت لە کۆرۆنا، بێجگە لە کەسانی تووشبوو و ئەوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن ئەویش بە بەکارهێنانی ئەو جۆرەی لە نەشتەرگەریدا بەکاردەهێنرێت.

ئەی چۆن خۆمان بپارێزین؟

۱ . دەست شۆردنی بەردەوام بە ئاو و سابوون و خۆ خاوێن ڕاگرتن.

۲ . تف و بەڵغەم فڕێنەدانە سەر زەوی.

۳ . دەستنەدان لە دەم و لوت و چاو کە ئەمەش ناڕەحەترین بەشی خۆپاراستنەکەیە، چونکە ئەگەر ڕۆژانە سەیری دەورووبەری خۆمان بکەین هەر ئەوەندەت زانی خەیاڵ داویەتی لە شەقەی باڵ و پەنجە تاقانەکەشمان بۆ کونەلوتمان ملی ڕێ ئەگرێتەبەر. یان دەست دان لە دەم و چاو بەتایبەتی دوای بازاڕکردن یان تەوقەکردن یان دەست دان لە دەسکی دەرگای شوێنە قەرەباڵغەکان یان بەردەوام ڕێککردنی ئەو ماسکەی بەستووتە ئەبێتە هۆکارێک بۆ بەردەوام دەستدان له دەم و چاوت.

٤ . بەکارهێنانی پاککەرەوە پزیشکیەکان.

،،

ئەمانە قسەی وەزیری تەندروستی چین بوو. ڤایرۆسێک ئەگەر بە ئاو و سابوون لەناو بچێت ئەبێت خۆی بە چی عەنتەرێک بزانێت.

بەو پێیەی ئێمە کەلتووری خۆپاراستنمان نیە له هەموو نەخۆشیەک بۆیە ئاوا تۆقیوین. بە ڕاستی هیچ ترسێکی ناوێت با خۆپاراستن بکەین بە چەکی دەستمان و تەندروستی و ژیانی خۆمانی پێ بپارێزین لە هەموو نەخۆشیەک نەک تەنها کۆرۆنا. هەمیشە قسەیەک هەیە کە گەورە و بچووک لە سەر زاریانە دەڵێت خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن..!

واتە خۆپاراستن نییە لە مردن بەڵکو لە نەخۆش کەوتنە، ئەگەر پژمە و کۆکەیەکت گرت زۆر بە سادەیی وەری بگرە، بڕۆ لە نەخۆشخانەی تایبەتی شارەکەت پشکنینێکی ئاسایی خۆت بکە بە بەلاش، ئەگەر تووشی نەخۆشیەکە بووبوویت زۆر ئاسایی وەری بگرە چەند ڕۆژێک خزمەتێکی تایبەت ئەکرێیت لەو نەخۆشخانەیەی کە تایبەتکراوە بۆ ئەم مەبەستە کە ئینشائەڵا هەمووان بە دوور ئەبن لە تووشبوون بە هەموو نەخۆشیەک ئەگەر پەتایەکی ئاسایی بوو بڕۆ لە ماڵەوە پاڵی لێ بدەرەوە و مەیە دەرەوە بۆ ئەوەی زووتر چاک ببیتەوە .. چونکە ڕاستیەکەی ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێ بۆخۆیان هۆکارێکی کوشندەترن تا ڤایرۆسێک...

ترسەکە لە مردنە ؟!!! ترس لە مردن هیچ لە ژیانمان ناگۆڕێت، چونکە مردن بە دوامانەوە نییە لە پێشمانەوە وەستاوە کاتی خۆی هات یەخەت ئـەگرێت ئەگەر گوێز بە بن باڵیش بشکێنیت...

( قُلْ إِنَّ الْمَوْتَ الَّذِي تَفِرُّونَ مِنْهُ فَإِنَّهُ مُلَاقِيكُمْ ۖ ثُمَّ تُرَدُّونَ إِلَىٰ عَالِمِ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ ﴿٨﴾سورة الجمعة