دەمیرتاش لە زیندانەوە دەبێتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئەدەب

2020-03-01

فولیا ئۆزێرکان ـــ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا AFP وەرگێڕانی ــ وریا حەمە تاهیر

سیاسەتمەداری کورد سەڵاحەدین دەمیرتاش، ڕەنگە لە زیندان لاواز ببێ، بەڵام لەڕێی کتێبەکانی کە لە ڕەفەکانەوە دەفڕێن و دێنە دەرەوە، چووە ڕیزی ئەو نووسەرە درەوشاوانە کە لە زیندانەکانی تورکیاوە بەناوبانگ بوون.

دەمیرتاش کاندیدی پێشووی سەرۆکاتی تورکیا کە زیاتر لە سێ ساڵە لە زیندانە، بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکە و داوا دەکرێت ١٤٢ ساڵ زیندانی بکرێت.

ئەو هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە. دەڵێت "من لە زۆر بەرەی خەباتدا بەشدار بووم، من زیندانی سیاسیم، ئەوەش هانمدەدات پەی بە بەهرە و داهێنانەکانم ببەم". ئەم وەڵامە بە نوسراو لەڕێی پارێزەرەکانییەوە و لە زیندانەکەیەوە کە لەرۆژئاوای شاری ئیدرینە هەڵکەووتووە، نێردراوەتەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا .AFP سەرەڕای ئەو هەموو تۆمەت و هەڕەشەی سزادانە، دەمیرتاش لەڕێی کتێبەکانی و خوێنەرە زۆرو زەوەندەکانیییەوە کە تادێت زیاتر دەبێت، ئارامی دۆزیوەتەوە. کتێبەکانی دەگەن بە سەدان هەزار خوێنەر کە بەزمانی تورکی نووسیونی.

کتێبی یەکەمی کە کۆمەڵي چیرۆکە لە ژێر ناوی "سەحەر" لە ٢٠١٧ چاپکرا، کە ڕەنگدانەوەی ژیانی خەڵکی ئاساییە، بەتایبەت ژنان، کە دەنگ و ناڵەیان زۆر جار ناگاتە جێ! سەحەر بوو بە بەرهەمێکی ناوازە و سەرکەوتوو، وەرگێڕدرا بۆ ١٦ زمان و ٢٤٠ هەزار نەدای لێ چاپکرا. پاشان دەورانی چاپکرد، ئێستاش ڕۆمانی لەیلانی نووسیووە.

"بێ یەک و دوو ئەدەب هەڵدەبژێرم، نەک سیاسەت" ئەو سیاسەتمەدارە کاریزمایە، کە پارتی ئازادی گەلانی دامەزراند و ڕابەرایەتی دەکرد، ڕۆژانێک بە ئۆبامای کورد بانگ دەکرا لەلایەن هەوادارانییەوە، بە هۆی لێوەشاوەییەکەیەوە. دەمیرتاشی ٤٦ ساڵان کە پێشتر پارێزەر بووە، لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦ لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستبەسەرکراوە، ڕەخنەگرانی ئەردۆگان دەڵێن ئەوە بەهانەیەک بوو بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی.

،،

دەمیرتاش دەڵێت " ئەمڕۆکە سیاسەت هیچ نییە جگە لە کەڵەکەبازی، ئێمە لە زیندانین لەبەرئەوەی من و هاوڕێکانم لەم ساختەکارییەوە نەگلاوین و بەشێک نین لە بازنەی کەڵەکەبازی".

"هەرچۆنێک بێت ئەدەب زیاتر ساکارانە ترو خاکێکی خاوێنە، بەلانی کەمەوە خوێنەر ئازادە بۆ خۆی بڕیار بدات". ئەو دەشڵێت " نووسین جۆرێکە لە خۆڕاگری لە بەرامبەر خەڕەکی ژیانی بەندیخانە.

" "لێرە هیچ شتێک نییە، چوار دیوار و دەرگایەک، زۆربەی کاتەکانمان لە ژوورێکی بچووکدا بەسەردەبەین، هەموو شێک بۆ ئەوەیە کە خواستت لاوازبکەن و کەسایەتیت تێکبشکێنن."

سەرەڕای بەناوبانگییە بەرفراوانەکەی، دەمیرتاش نەیاریشی هەیە لەو دۆخە سیاسییە ناحەزەی تورکیادا. زۆرێک لە لایەنگرانی ئەردۆگان و نەتەوەپەرستەکان دەڵێن ئەو نەیتوانیووە خۆی بە دووربگرێت لە پارتی کرێکارانی کوردستان. لەکاتی خستنە بازاڕی کتێبی دووەمی دەمیرتاش، دۆخەکە ناکۆکی لێکەوتەوە، وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیلۆ وتی " ئەوانە ناتوانن دەستە خوێناوییەکانیان بە کتێب و شانۆگەری پاککەبکەنەوە".

دەمیرتاش لە وەڵامدا بە AFP کە ئەو سۆیلۆ بەهەند وەرناگرێت، وەک وەزیر لە یەکێک لە هەرە حکوومەتە ستەمکار و نایاساییەکانی مێژووی سیاسی تورکیادا.

ئەمیر عەلی تورکمان بەڕێوەبەری خانەی بڵاوکردنەوەی دیپنۆت، کە بەرهەمەکانی دەمیرتاشی چاپ کردووە، دەڵێت دەمیرتاش چووە ڕیزی کۆمەڵێک نووسەری بەناوبانگی تورکیاوە کە لە زیندانەوە بەرهەمەکانیان نووسیووە.

"بەداخەوە، زیندانەکانی تورکیا بەدرێژایی مێژوو نووسەریان بەرهەم هێناوە، وەک نازم حیکمەت، کە ئەمڕۆ وەک یەکێک لە هەرە گەورە شاعیرکانی لە دنیادا ناسراوە. هەندێک لە کتێبەکانی لەزینداندا نووسیوە"، ئەمیر تورکمان چەند ناوی دیکەی ڕیزکرد، وەک عەزیز نەسین، ئورهان کەمال و سەباحەتین عەلی. "

بەداخەوە ئەمە قەدەری تورکیایە". بەهۆی چاپککردنی بەرهەمەکانی دەمیرتاشەوە، دیپنۆت هەڕەشەی لێکراوە لەلایەن نەتەوەپەرستەکانەوە، بەڵام تورکمان دەڵێت " هەڕەشەکان هیچ نین لەچاو ئەوکاتانەی کە کتێب لە زیندانەوە دەنووسراون و دەسەڵات قەدەغەی دەکردن".

،،

کتێبە نوێیەکەی دەمیرتاش بەتەواوی فرۆشراوە، لەهەندێک لە کتێبفرۆشییەکاندا.

هەروەک بورجو یازلەری کتێب فرۆش دەڵێت. "هاوسۆزی بۆ دەمیرتاش هەیە، کتێبەکانی تروسکایی هیوایان داوە بە خەڵکانێکی زۆر، تەنانەت ئەوانەشی دووڕدۆنگ بوون وا کتێبەکە دەکڕن و دەیخوێننەوە." دەمیرتاش دەڵێت کتێب و هەواڵی دەرەوەی زیندان و خەون، بەردەوام ئیلهامی پێدەبەخشن. ئەو وەک تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەر بەردەوام دەبێت لەڕووی ئەوانەدا کە لە کونجی زینداندا بەندیان کردووە، "ئەوە هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت کە ئەوان لەپشت پڕوپاگەندە و چەواشەکارییەوە حەشارداوە، بەرخودانی ئێمە بەسەریاندا سەردەکەوێت".