فەلسەفەو عیرفان و شەرع چۆن لە مۆسیقا دەڕوانن

2020-03-12

جەمیل عوسمان

ئەهلی عیرفان و تەسەوف هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوون ئەو شتانە کەشف بکەن، کە ڕۆحی مرۆڤ پێیان کاریگەر ئەبێت، دواجار ئەوەیان بۆ یەکلا بۆتەوە کە دەنگ و ئاوازی خۆش و جوانی، کاریگەری لەسەر مرۆڤ دائەنێن، ئەوترێت:" هەندێکجار گوێیەکان بەر لەچاوەکان عاشق ئەبن"، جگە لە ئەهلی عیرفان، توێژەرانی بواری فەلسەفەو زانست، ئەڵێن:" مۆسیقاو ئاوازی خۆش کاریگەری لەسەر مرۆڤ و تەنانەت ئاژەڵەکانیش هەیە"

هەندێک لەفەیلەسوفەکان وتویانە: مرۆڤ کاتێک گوێ لەنەغمەو ئاوازی مۆسیقا ئەگرێت، جەوهەری وجودی ئەدرەوشێتەوە، بۆیە ئەگەر مرۆڤ ناخ و جەوهەری پاکبوو، ئەوا مۆسیقا شوێنەواری پاک جێئەهێڵێت، وەگەرنا بەپێجەوانەوە. زۆرێک لە عاریف وسۆفیەکان، وەکو ئامڕازو وەسیلەی وەرگرتنی وەحی و ئیلهام، لەئاواز و ئیقاعاتی مۆسیقایان ڕوانیوە،

،،

پێیانوایە مرۆڤ لەڕێگای مەستی و سەرگەرمبوونەوە ڕۆحی باڵا ئەکات و ئەگاتە ئەوجی سکونەت

مەحوی وتەنی:" سەر کەجۆشێکی نەبێت زرکە تاڵم بۆچییە، دڵ کە هۆشێکی نەبێت شیشەی بەتاڵم بۆچییە"، غەزالی کە یەکێکە لە گەورە عاریف و فەیلەسوفە ناودارەکانی ئیسلام، دەربارەی مۆسیقا شتگەلێکی وتووە کە کۆک و هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونی فەلاسیفەی هاوچەرخی خۆرئاوادا، ئەو پێیوایە هەرکەس جوانی و گوڵەکانی وەرزی بەهار، وە ژێ و ئاوازەکانی مۆسیقا ناخی نەهەژێنن، ئەوە میزاجی تێکچوەو پێویستی بە عیلاج و چارەسەرە (من لم یهزە الربیع وازهارە، والعود واوتارە، فهو فاسد المیزاج، یحتاج الی العلاج)، لەبەرامبەردا، مۆسیقا لای پێشەوا غەزالی ئیرادەیەکی هەمیشەیی و جاویدانییە، کەمرۆڤ لەڕێگەیەوە ئەتوانێت پەردەکان ببڕێت و بگاتە ئەو شتانەی کەنابینرێن، لەبەرامبەر ڕوانینی غەزالی بۆ مۆسیقا شوبنهاوەر ئەڵێت:" قسە زمانی عەقڵە، بەڵام مۆسیقا زمانی شعورە".

هەروەها مۆسیقاری مەزنی ئەڵمانی(بتهۆفن) لەپێناسەی مۆسیقادا ئەڵێت:" جیهانی هەستەکان و جیهانی ڕۆح پێکەوە ئەبەستێتەوەو ژیانی نهێنی و ئاشکرا گرێ ئەدات، بەڵام فرۆیدو شوێنکەوتوانی لەپێناسەی مۆسیقادا زیادەڕۆییان کردوەو پێیانوایەمۆسیقا ڕۆڵێکی مادی و شەهوانی لەکۆمەڵگادا ئەبینێت، پێیانوایە ئاوازەکانی مۆسیقا کۆمەڵێک ڕەمزن و شعورێکی نەرجسی و ناسک لەئارەزووەکانی مرۆڤ ئەخۆلقێنێن، بەتایبەت کاتی ئەنجامدانی کرداری سێکسی.

بەڵام عاریف و سۆفیەکان کاتێک گوێ لەمۆسیقا ئەگرن ڕاستەوخۆ ڕۆحیان کاریگەر ئەبێت و ئەچنە مەقام و حاڵێکەوە کەپێی ئەڵێن: (مەقامی مەستبوون و تەجەللی) لەلایەکی ترەوە گەورە فەیلەسوفی خۆرئاوایی نیتشە ئەڵێت:" مۆسیقا توانایەکی سیحری سامدارە، کەئەتوانێت ئاسۆی ڕۆحە مەزنەکان بکاتەوەو گەردوون لە وێنایەکی جوانا نیشان بدات".

هەندێکیتر پێیان وایە مۆسیقا ئەتوانێت شارستانیەتی مرۆڤایەتی نوێ بکاتەوە، بەهەمان شێوە (لۆسەر) ئەڵێت: " مۆسیقا ڕازاوەترینی هونەرە جوانەکانە، ئاواز و تۆنەکانی مۆسیقا، وتەکانی ژیان ئەگێڕنەوە، وخەمەکانی دەروون ئەڕەوێنن" هەروەها ئەڵێت:" کەسێک بتوانێت گوێ لە هونەری مۆسیقا بگرێت ئەوە شیاوی ئەوەیە هەموو ڕۆڵێکی شایستە لەژیاندا بگێڕێت".

،،

جگە لە فەیلەسوفەکان، هەندێک لە فەقیهـ و زاناکانی بواری شەرع، لەگەڵ عاریف و سۆفیەکاندا لەسەر ئەوە کۆکن کە مۆسیقا ئەتوانێت ڕۆڵێکی باش و کاریگەر لەژیانا بگێڕێت

بەڵام بەکۆمەڵێک مەرجی دیاری کراوەوە، ئەوان لەم بۆچونەیاندا، پشتیان بەکۆمەڵێک دەقی قورئانی بەستووە، کە جەخت لەسەر دوو ڕەگەزی سەرەکی ئەکەنەوە کە بریتین لە( جوانی و سود)، فەقیهەکان ئەڵێن: "خوا لە خولقاندنی ئاسمان و زەمین و زەریاکانا، وەلە مرۆڤ و ئاژەڵەکانا ڕەچاوی جوانی و سود(جمال ومتاع)ی کردوەو ئاماژەشی پێداوە، (والانعام خلقها لکم، لکم فیهادفئ، ومنافع ومنها تٲكلون، ولكم فها جمال حین تریحون وحین تسرحون)،(وهو االذی سخر البحر لتاكلوامنه لحما طریا وتستخرجوا منه حلیة تلبسونها)النحل. (افلم ینظروا الی السماء فوقهم كیف بنینها وزینناها ومالها من فروج)ق (ولقد جعلنا فی السماء بروجا وزیناها للناظرین)الحجر.

هونەر و جوانی و ئاوازو دەنگی خۆش، مرۆڤەکان لە فەنابونەوە ئەگوازنەوە بۆخلودو ژیانی جاویدانی، ئەوانەی نەیارن بە ئاوازەکانی مۆسیقا، ئەوانەی جوانی و هونەر فەرامۆش ئەکەن، یاخود قەدەغەو حەرامی ئەکەن، لەژیانی دونیادا خاوەن دونیابینیەکی کورت و مادی وبەختەوەریەکی ناتەواون، چونکە بەژیانێک ڕازین، کەسەرنجی هونەری و سەلیقەو جوانی پەسەندی ناکات، لەڕاستیدا چەمکی فەزیلەت لەبەر جوانبونی ئەو ماناو بەهای هەڵگرتوە، لەبەرامبەریشدا چەمکی ڕەزیلەت لەبەر ناشیرینی ئەو مانای پێ بەخشراوە، ئەوەش باشترین پێوەرە بۆ حوکمدان لەسەر حەق و باتڵ و جیاکردنەوەیان لەیەک، پێوویستە هەر هونەر و ئاوازو مۆسیقایەک کار بۆ بەدیهاتنی فەزیلەت نەکات پەسەند نەکرێت، چونکە خاڵییە لەجوانی و سوود.