كۆرۆنا ڤایرۆس، "ئەوەى ئەوان باسی ناكەن"

2020-03-12

 

چاوپێكەوتن لەگەڵ: ڕۆب واڵاس، بایۆلۆژیستی پەرەسەندن

سازدانی: یاك پابست-بەرلین

و. پێشڕەو محەمەد

 

كۆرۆناڤایرۆس جیهان دەخاتە ناو حاڵەت و بارودۆخی شۆك و هەژانەوە. بەڵام، حكومەت لەجیاتی بەرەنگاربوونەوەى هۆكارە بنچینەییەكانی پەتا جیهانییەكە، پەنا دەباتە بەر هەنگاوە لەناكاو و نائاساییەكان. لێرەدا گفتوگۆ لەگەڵ بایۆلۆژیستی بواری پەرەسەندن، ڕۆب واڵاس دەكەین دەربارەى مەترسییەكانی كۆڤید-19، بەرپرسیارێتیی پیشەسازیی كشتوكاڵیی و چارەسەرە بەرگەگیراوەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشییە كوشندەكان.

 

پرسیار: كۆرۆناڤایرۆسی نوێ چەندە مەترسیدارە؟

ڕۆب واڵاس: پەیوەندیی بەوەوە هەیە لە كاتی بڵاوبوونەوە و دەركەوتنی شوێنی كۆڤید-19 تۆ لەكوێیت: ئایا ئەم پەتا جیهانییە تەنها سەرەتایەتی، گەیشتووەتە لوتكەى خۆی، یان لەدوایین پۆناغی خۆیدایەتی؟ چەندە بەباشیی سیستەمی تەندروستیی لە ناوچەكەدا وەڵام دەداتەوە؟ تەمەنت چەندە؟ ئایا سیستەمی بەرگریی لەشت بەرگەنەگر و لاوازە؟ بارودۆخی گشتیی تەندروستیت چۆنە؟ پرسیاركردن لە ئەگەرێكی ناقابیلی دەستنیشانكردن: ئایا جێنەتیكی بۆماوەیی بەرگرییت، ئەو جێنەتیكانەى دەكەونە ناو سیستەمی بەرگریتەوە، دەرەقەتی ڤایرۆسەكە دێن یان نا؟

 

پرسیار: كەواتە هەموو ئەم هاتوهاوارە دەربارەى ڤایرۆسەكە تەنها لەپێناوی دروستكردنی ترسدان؟

ڕۆب واڵاس: نا. بەدڵنیاییەوە نا. ڕێژەى حاڵەتی مردن (case fatality rate)ی كۆڤید-19 لەسەرەتای دەركەوتن و بڵاوبوونەوەى لە شاری ووهان لەنێوان 2% بۆ 4%ی خەڵكانی تووشبوو دابوو. لەدەرەوەى ووهان، ڕێژەى حاڵەتی مردن پێدەچوو لە 1% بێت و تەنانەت كەمتریش. بەڵام ئێستا لە شوێنانی دیكەش ڕێژەكە زۆر بەرزە، بۆ نموونە ئێستا لە ئیتاڵیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئەم ڕێژانەى مردن پێناچێت بەراورد بە لە 10%ی ڕێژەى مردن بە ڤایرۆسی سارس، بەرزتر بن، "هەڵامەتی ئیسپانیی" لە 1918 گەیشتە 5% بۆ 20%، "ئەنفلۆنزای باڵندە" (H5N1) 60% یاخود لە هەندێك شوێندا ئیبۆلا 90%ی مردنی ئەوانەى بەدواوە بوو كە تووشببوون. بەڵام ئەم ڤایرۆسە بەرزترە لە 0.1%ی ڕێژەى حاڵەتی مردنی ئەنفلۆنزای وەرزیی. لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسییەكە تەنها لە ئاستی ڕێژەى مردندا نەماوەتەوە. ئێمە دەبێت سەیری ئەو شتە بكەین كە پێیدەگوترێت دزەكردن یاخود ڕێژەى هێرش و پەلامار بۆسەر كۆمەڵگا. بە مانایەكی دیكە: چەندە ڕێژەیەكی گەورەتری دانیشتووانی جیهان لە پێشەوە ڤایرۆسەكە هەڵدەگرن؟

 

پرسیار: دەتوانیت زیاتر ئەمە ڕوون بكەیتەوە؟

ڕۆب واڵاس: تۆڕی گەشتكردنی جیهانیی لە ئاستی بەرز دایە. لەبەرئەوەى هێشتا نە ڤاكسین نە ئەنتی ڤایرۆسی تایبەت دژ بە ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا بوونیان هەیە، نە هیچ پارێزبەندییەكی بەهێز بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە، تەنانەت بە ڕێژەى 1%ی حاڵی مردن لەنێو تووشبوانیشەوە دەكرێت هەڕەشەیەكی مەترسیدار و بەرچاو بێت. لەڕوانگەى كاتێكی تەشەنەكردن لە ماوەی دوو حەفتەدا و دەركەوتنی ئەو نیشانانەى ڕوویانداوە پێش بڵاوبوونەوەى ڕاستەقینەی نەخۆشییەكە – واتا پێش ئەوەى بزانین ئایا تەنانەت خەڵك تووشبوون یان نا – لەوانەیە تەنها چەند شوێنێك لە جیهاندا هەبن تووش نەبووبێتن. بۆ نموونە ئەگەر كۆڤید-19 1% لە چوار ملیاری خەڵك بكوژێت، ئەوا ڕێژەى مردن دەبێتە 40 ملیۆن. ڕێژەیەكی سەدیی كەمی ژمارەیەكی گەورە هێشتا دەتوانێت ژمارەیەكی گەورە بێت.

 

پرسیار: ژمارەیەكی زۆری ترسێنەر بۆ بەڕواڵەت نەخۆشییە كەمتر خراپەكان هەن...

ڕۆب واڵاس: بێگومان و ئێمە تەنها لە سەرەتای ڕوودان و دەركەوتنی داین. زۆر گرنگە لەوە تێبگەین كە زۆرێك لە تووشبوونە تازەكان بەدرێژایی ڕەوتی نەخۆشییەكان دەگۆڕێن. تووشبوون، كوشندەیی یاخود لاوازبوون. لە لایەكی دیكەوە، دەركەوتنەكانی دیكە كوشندەبوونی نەخۆشییەكە زیاتر دەكەن.

یەكەم شەپۆلی پەتای جیهانیی ئەنفلۆنزا لە بەهاری 1918 بەشێوەیەكی ڕێژەیی، تووشبوونێكی ئاسایی و نەرمی بەدواوە بوو.

ئەوە دووەم و سێیەم شەپۆلی ئەو زستانە و 1919 بوو كە ملیۆنان كەسی كوشت.

 

پرسیار: بەڵام گومانكارانی نەخۆشییە درمەكان دەڵێن خەڵكێكی زۆر كەم تووش هاتوون و خەڵكێكی زۆر كەمتر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا مردوون بەراورد بە ئەنفلۆزا وەرزییەكانی دیكە. بۆچوونت لەسەر ئەمە چییە؟

ڕۆب واڵاس: ئەگەر ئەم دەركەوتنە ئاوا ببێت دەبێت جەژنی بۆ بگێڕین. بەڵام ئەو هەوڵانەى بۆ بەكەمگرتنی كۆڤید-19 وەك مەترسییەكی مومكین دەدرێن بە بەراوردكردنی بە پەتاكانی دیكە، بەتایبەت ئەنفلۆنزا، ئامرازێكی بەلاغیین بۆ زیادكردنی خەم و دڵەڕاوكێ دەربارەى كۆرۆناڤایرۆس.

 

پرسیار: كەواتە بەراوردكردن بە ئەنفلۆنزای وەرزیی، بەراوردكردنێكی لەنگە...

ڕۆب واڵاس: مانابەخشە ئەگەر نەخۆشییەكان بەراوردی دوو بەشی جیاوازی دەركەوتەی نەخۆشییەكان بكەین. بەڵێ، ئەنفلۆنزای وەرزیی ملیۆنان كەس لە ئاستی دونیادا تووش دەبن، دەمرن، و بەگوێرەى خەمڵاندنی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی، لەسەرووی 650 هەزار كەس لە ساڵێكدا دەمرن. بەڵام كۆڤید-19 تەنها خەریكە گەشتی نەخۆشیناسانەى خۆی دەستپێدەكات. و بەپێچەوانەى ئەنفلۆنزاوە، نە ڤاكسینمان بۆی هەیە نە پەردەیەكی بەرگریی بۆ هێواشكردنەوەى تووشبوون و بەرگریكردن لەو خەڵكانەى دەكرێت بە ئاسانیی تووش ببن.

 

پرسیار: تەنانەت ئەگەر بەراوردكردنیش سەرلێتێكدەر بێت، هەم نەخۆشییەكان سەر بە ڤایرۆسەكانن، تەنانەت بە گروپێكی زۆر تایبەتەوە، واتا ڤایرۆسەكانی RNA (Ribonucleic acid). هەم دەبنە هۆی نەخۆشیی. هەم ئاسەوار لەسەر دەم و قوڕگ بەجێدەهێڵن و هەندێكجار جگەر و گورچیلەش. هەروا بەتەواوییش زوو دەگوازرێنەوە.

ڕۆب واڵاس: ئەمانە كۆمەڵە لێكچوونێكی ڕواڵەتیین كە بەشی هەرە بنچینەیی و تایبەتی ناو بەراوردكردنی دوو نەخۆشییەكە لەبیر دەكەن. ئێمە شتێكی زۆر دەربارەى داینامیكەكانی ئەنفلۆنزا دەزانین. كەمێكیش زانیارییمان لەسەر كۆڤید-19ـەكان هەیە. ئەوانە هەنگاویان ناوەتە ناو هەرێمی نەناسراوییەوە. لەڕاستیدا، شتێكی زۆر هەیە دەربارەى كۆڤید-19 كە تەنانەت قابیلی ناسین نییە هەتا بەتەواویی ڕوونەدات. لەهەمانكاتدا، زۆر گرنگە لەوە تێبگەین كە ئەمە پەیوەندیی بە ئەنفلۆنزای ڤایرۆسەكانی كۆڤید-19ـەوە نییە. ئەمە بەڵكو كۆڤید-19 و ئەنفلۆنزایە. دەركەوتنی ژمارەیەكی زۆری توانای تووشكردن و بەردەوامبوونی نەخۆشییەكە، و هێرشكردنە سەر دانیشتووان بە فراوانیی، دەبێت ببێتە نیگەرانیی یەكەم و سەرەكیی.

 

پرسیار: ساڵانێكی زۆرە لێكۆڵینەوە لە نەخۆشییە درمەكان و هۆكارەكانیان دەكەیت. لە كتێبەكەتدا "كێڵگە گەورەكان ئەنفلۆنزا گەورە دەكەن" هەوڵدەدەیت ئەم پەیوەندییانە لەنێوان پراكتیكەكانی پیشەسازیی كشتوكڵیی، كشتوكاڵیی ئۆرگانیی و درمناسیی ڤایرۆسیدا دروست بكەیت. بۆچوونەكانت چین؟

ڕۆب واڵاس: مەترسیی ڕاستەقینەى هەر دەركەوتنێكی نوێی نەخۆشیی شكستە –یاخود بە دەربڕینێكی باشتر – ڕەتكردنەوەى گونجاو بۆ تێگەیشتن لەوەى هەر كۆڤید-19ـەیەكی تازە ڕووداوێكی دابڕاو و سەربەخۆ نییە. ڕوودان و دەركەوتنی ڕوولەزیادی ڤایرۆسەكان بەشێوەیەكی هەرە نزیك بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی خۆراك و قازانجویستیی كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكانەوە. هەركەسێك بیەوێت لەوە تێبگات بۆچی ڤایرۆسەكان زیاتر و زیاتر مەترسیدار دەبن دەبێت لێكۆڵینەوە لە مۆدێلی پیشەسازیی كشتوكاڵیی و زۆر بەتایبەتیش، لە بەرهەمهێنانی كەرەستەى خۆراكیی بكات. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، چەند حكومەت و چەند زانایەكی كەم، ئامادەن ئەم كارە ئەنجام بدەن. بەڵام پێچەوانەكەى تەواو ڕاستە.

كاتێك نەخۆشییە درمەكان دەردەكەون، حكومەتەكان، میدیا و تەنانەت زۆربەى دامەزراوە پزیشكییەكانیش بەتەواویی تەركیز دەكەنە سەر هەر یەكێك لە دەركەوتەكان بەشێوەى جیا جیا و دابڕاو، ئەو هۆكارە بنچینەییانە فەرامۆش دەكەن كە فڕێدەدرێنە نێو ژمارەیەكی زۆری نەخۆشییە پەراوێزخراوەكانی جیهان، یەك بەدوای یەكدا.

 

پرسیار: دەبێت كێ سەرزەنشت بكرێت؟

ڕۆب واڵاس: گوتم پیشەسازیی كشتوكاڵییە، بەڵام ئامانجێكی گەورەتر بۆ ئەمە هەیە. سەرمایە پێشەنگی هێرشكردن و لەناوبردنی زەوییەكانە تا نێو دوایین دارستانی سەرەتایی و كۆن و مەزرا و كێڵگە بچووكەكان لە ئاستی جیهاندا. ئەم سەرمایەگوزارییانە دەبنە هۆی وێرانكردنی دارستانەكان و ئەم گەشەسەندنانە دەبنە هۆی دەركەوتنی نەخۆشیی و درمەكان. جۆرایەتیی و ئاڵۆزیی كاركردنی ئەم كاریگەرییە زۆرانەى زەویی بەجۆرێك كاریگەریی دادەنێن كە نەخۆشییە شاراوەكانی پێشوو ئێستا دزەدەكەنە نێو كەرەستەى خۆراكیی و كۆمەڵە مرۆییەكانەوە. بە كورتیی، سەنتەرەكانی سەرمایە، شوێنەكانی وەك لەندەن، نیویۆرك، و هۆنگ كۆنگ، دەبێت وەك خاڵی چڕبوونەوەى سەرەكیی نەخۆشییە كوشندەكان سەیر بكرێن.

 

پرسیار: ئەمە حاڵەتی كام نەخۆشییانەیە؟

ڕۆب واڵاس: سەرمایە بەدەر لە نەخۆشییەكان لەم خاڵەدا بوونیان نییە. تەنانەت دوورترینیشیان تووش دەبن، ئەگەر زۆریش دوور بن لە سەنتەرەوە. ئیبۆلا، زیكا، كۆرۆناڤایرۆسەكان، تا و زەرهەڵگەڕانی دووبارە، جۆرێكی ئەنفلۆنزای باڵندە، و ئەنفلۆنزای بەراز لەنێو ئەو زۆر و زەوەند نەخۆشییە ڤایرۆسییانەن كە ڕێگای خۆیان لە دوورەدەترین ناوچە كەنارییەكانەوە بەرەو ئەڵقەى شارەكان و پایتەختی هەرێمەكان و دواجار بۆ نێو تۆڕی گەشتی جیهانیی. لە شەمشەمەكوێرەى میوەخۆرەوە بۆ كۆنگۆ بۆ كوشتنی كەسانی خۆبەرتیشكی خۆری میامی لە ماوەی چەند حەفتەیەكدا.

 

پرسیار: ڕۆڵی كۆمپانیا فرەنەتەوەكان لەم پرۆسەیەدا چییە؟

ڕۆب واڵاس: هەسارەى زەویی، بەشێوەیەكی گەورە لەم پنتەدا هەسارەى كێڵگەیە، هەم زیندەوەران و هەم زەوی بەكارهێنراو. پیشەسازیی كشتوكاڵیی دەیەوێت گۆشەى بازاڕی خۆراك بگرێت. بەنزیكەیی سەرجەمی پڕۆژەى نیۆلیبراڵیزم لەدەوری ئامانجی پشتیوانكردنی هەوڵی ئەو كۆمپانیایانە ڕێكدەخرێت كە لەسەر بنەمای وڵاتانی پێشكەوتووی پیشەسازیی دامەزراوە تا زەوی و سەرچاوەكانی وڵاتانی لاوازتر تاڵان بكات. وەك دەرەنجامێكیش، زۆربەى ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسیی/بەكتریاییە تازانەى پێشتر لەڕێگای ئیكۆلۆژییە ماوەدرێژە دارستانییەكاندا دەپشكنران و هەڵدەگیران، ئێستا پەرتەوازە دەبن و ئازادانە بڵاودەبنەوە و هەڕەشە لە هەموو جیهان دەكەن.

 

پرسیار: كاریگەرییەكانی میتۆدەكانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی كشتوكاڵیی لەسەر ئەمە چییە؟

ڕۆب واڵاس: كشتوكاڵی ئاراستەكراو لەلایەن سەرمایەوە كە شوێنی ئیكۆلۆژییە تەواو سروشتییەكانی گرتووەتەوە، كۆمەڵە ئامرازێكی وەها فەراهەم دەكات كە بەهۆیەوە نەخۆشییە ڤایرۆسیی/بەكترییەكان دەتوانن گەشە بە كوشندەترین نەخۆشییەكان و  فۆنۆتیپە نەخۆشیی و تووشبووەكان بدەن. تۆ سیستەمێكی لەمە باشترت بۆ پەروەردەكردنی نەخۆشییە كوشندەكان هەرگیز دەستناكەوێت.

 

پرسیار: چۆن؟

ڕۆب واڵاس: گەشەسەندنی مۆنۆكەڵچەرە (زراعە أحادیە) جەنەتیكییەكانی ئاژەڵە ماڵییەكان ئەو بەرگرییە جەستەییە لەناو دەبات كە دەكرێت گواستنەوەى نەخۆشییەكان هێواش بكاتەوە. [بەم هۆیەوە] دانیشتووانێكی بەرفراوانتر قەبارە و فرەیی ڕێژەیەكی گەورەتری گواستنەوەى نەخۆشییەكان ئاسانتر دەكەن. ئەمجۆرە هەلومەرج و بارودۆخە قەرەباڵغانە وەڵامی بەرگریی لەش لاواز و تووشی كێشە دەكەن. بەشێوەیەكی فراوان، هەر بەشێكی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی، بە بەردەوامی خواستی تازەكراوی هەستیاریی فەراهەم دەكات، واتا جۆرە خۆراكێك بۆ پەرەسەندنی نەخۆشییە كوشندە ڤایرۆسییەكان. بە مانایەكی دیكە، پیشەسازیی كشتوكاڵ هێندە تەركیز دەخاتە سەر ئەو قازانجانەى دەبنە هۆی ڤایرۆس، كە هەڕەشەی كوشتن و لەناوبردنی ملیارێك مرۆڤ دەكات

،،

دەكرێت وەك ڕیسك و مەترسیی مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بكرێت.

 

پرسیار: چی؟

ڕۆب واڵاس: ئەم كۆمپانیایانە تەنها خەریكی بەدەرەكییكردنی تێچوونەكانی كردەوە مەترسیدارەكان (لەڕوانگەى نەخۆشیناسییەوە)ی خۆیانن لەسەر هەموو كەسێك. لە خودی ئاژەڵانەوە بۆ بەكاربەران، كرێكارانی سەر كێڵگەكان، ژینگە لۆكاڵییەكان و بوارەكانی یاسادانی حكومەتەكان. لەناوچوون و وێرانبوونەكان هێندە زۆر و فراوانن كە ئەگەر ئەم تێچوونانە لە باڵانسی كۆمپانیاكان بوایە، ئەوا وەك دەزانین پیشەسازیی كشتوكاڵیی بۆ هەمیشە كۆتایی دەهات. هیچ كۆمپانیایەك پشتیوانیی لە تێچوونەكانی ئەو كاولكارییە ناكات كە خۆى هۆكارەكەى بووە.

 

پرسیار: لە زۆربەى میدیاكاندا بانگەشەى ئەوە دەكرێت كە خاڵی دەستپێكی كۆرۆنا ڤایرۆس لە "بازاڕێكی سەیر و سەمەرەى خۆراك" بووە لە ووهان. ئایا ئەم بابەتە تا چەند ڕاستە؟

ڕۆب واڵاس: بەڵێ و نەخێر. نیشانەیەكی زۆری شوێنیی هەن سەبارەت بەم بابەتە. شوێنپێ هەڵگرتنی ئەوانەى تووشبوون دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی خواردنی دەریایی بەكۆ لە ووهان، كە تیایدا ئاژەڵە كێوییەكان دەفرۆشرێن. نموونەی ژینگەیی و ئینڤایرۆمێنتیی وادەردەكەوێت ئاماژە بە بەشی كۆتایی خۆرئاوای بازاڕەكە بكات كە تیایدا ئاژەڵە كێوییەكان هەڵدەگیرێن.

بەڵام دەبێت چەند بگەڕێینەوە دواوە و چەندە بە بەفراوانیی لێكۆڵینەوە بكەین؟ هەر بەڕاستیی و كتومت دەركەوتنی ڤایرۆسەكە كەی دەستیپێكرد؟ تەركیزخستنە سەر بازاڕەكە ڕیشە و سەرچاوەكانی پیشەسازیی دڕندە و تێكدەر لە وڵاتە كەنارییەكان و بە سەرمایەكردنە بەردەوام و ڕوولەزیادەكەى لەبیر دەكات. بەشێوەیەكی جیهانیی، و لە چین، خواردنی كێویی بەردەوام وەك كەرتێكی ئابووریی، زیاتر ئاسایی دەبێـتەوە. بەڵام پەیوەندییەكەى بە كشتوكاڵی پیشەسازییەوە بەسانایی دەچێتە ئەودیوی هاوبەشكردنی هەمان كیسەكانی پارەوە. وەك پیشەسازیی بەرەمهێنان و پەروەردەكردنی بەراز، پەلەوەر و فراوانكردنی هاوشێوەكانی بۆ نێو دارستانە سەرەتاییەكان، فشار دەخاتە سەر بكەرانی خۆراكی كێویی تا زیاتر و زیاتر دارستانەكان لە دانیشتووانە ڕەسەنەكەى پاك بكەنەوە و ئاستی زەوییەكەى بۆ نەخۆشیدروستكەرە تازەكان، بە كۆڤید-19ـشەوە خۆش بكەن.

 

 پرسیار: كۆڤید-19 یەكەم ڤایرۆس نییە لە چین گەشەی كردبێت، كە حكومەت دەیەوێت بیشارێتەوە.

ڕۆب واڵاس: بەڵێ، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەمە خەسڵەتێكی ئاوارتەیی چینیی (Chinese exceptionalism) نییە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەوروپاش زەویی لەباریان بۆ ئەنفلۆنزا تازەكان بەرهەمهێناوە، بەم دواییانە H5N2 (ڤایرۆسی ئەنفلۆزای لاوەكیی 2) و H5Nx (ئەنفلۆزای پەلەوەر)، و بریكارە فرەنەتەوەیی و نیۆكۆڵۆنیالیستەكانیان بوونەتە پاڵنەری دەركەوتن و سەرهەڵدانی ئیبۆلا لە ئەفریقای خۆرئاوا و زیكا لە بەڕازیل. بەرپرسانی تەندروستیی گشتیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پیشەسازیی كشتوكاڵییان لە میانەى ئەنفلۆنزای دەركەوتنی H1N1 (2009) و H5N2 شاردبووەوە.

 

پرسیار: ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ئێستا دەركەوتنی ئەم ڤایرۆسە وەك "دۆخی لەناكاوی تەندروستیی پەتای جیهانیی" ڕادەگەیەنێت. ئایا ئەم هەنگاوە بە دروست دەبینیت؟

ڕۆب واڵاس: بەڵێ. مەترسیی ئەمجۆرە نەخۆشییە بەجۆرێكە بەرپرسانی بواری تەندروستیی ناتوانن مامەڵە لەگەڵ دابەشكردنی ڕیسكە سەرژمێرییەكەى بكەن. ئێمە نازانین چۆن نەخۆشییەكە وەڵام دەداتەوە. ئێمە بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەكەمان لە بازاڕێكدا بینیی كە لە ماوەی چەند حەفتەیەكدا هەموو جیهانی تووش كرد. دەكرێت نەخۆشییەكە ئێستا تەنها بسووتێنرێت. ئەوە شتێكی مەزن دەبوو. بەڵام ئێمە نازانین. ئامادەكاریی باشتر، دەبێتە چانسێكی باشتر بۆ ڕێگریكردن لە هەڵاتن و ڕاكردنی زیاتر و خێراتری نەخۆشییەكە.

ڕاگەیاندنەكەى ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییش بەشێكە لەوەى من پێیدەڵێم شانۆی پەتای جیهانیی (pandemic theater). ڕێكخراوە نێودە,ڵەتییەكان بەهۆی ناچالاكییەوە هەموویان مردوون. با بیر لە كۆمەڵەى گەلان (League of Nations) بكەینەوە. گروپی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش نیگەرانن بەرانبەر بە هەنوكەییبوون، دەسەڵات و توانای داراییان. بەڵام ئەمجۆرە ئاكسیۆنیزم (كردەخوازییە ڕووتە) دەكرێت هاوشان و هاوشێوەى ئامادەكارییەكی ڕاستەقینە و ڕێگریكردنی جیهانیی بێت لە وەستاندنی زنجیرەكانی گواستنەوەى كۆڤید-19.

 

پرسیار: دووبارە ڕێكخستنەوەى سیستەمی چاودێریی تەندروستیی لەلایەن نیۆلیبراڵیزمەوە هەم لێكۆڵینەوە و هەم چاودێریی گشتیی نەخۆشەكانی خراپتركردووە، بۆ نموونە، لە نەخۆشخانەكان. ئایا ئەگەر زیاتر پشتیوانی دارایی سیستەمی چاودێریی تەندروستیی بكرێت، لە شەڕ دژی ڤایرۆسەكەدا، چ جیاوازییەك ڕوودەدات؟

ڕۆب واڵاس: چیرۆكێكی مەترسیدار، بەڵام حیكایەتی كارمەندێكی كۆمپانیای كەرەستەى پزیشكیی میامی هەیە كە لە گەڕانەوەیدا لە چین بە نیشانەكانی هاوشێوەى هەڵامەتەوە لەلایەن خێزانەكەی و كۆمەڵەكەیەوە كارێكی دروستیان ئەنجام دا و داوای پشكنینی نەخۆشخانەى لۆكاڵییان بۆ كۆڤید-19 لەو كرد. كارمەندەكە نیگەرانی ئەوە بوو كە بژاردەى نیمچە بیمەى تەندروستیی ئۆباما [ئەو بیمە كەمە تەندروستییەى ئۆباما دایهێنابوو-وەرگێڕ] بەشی تاقیكردنەوە و پشكنینەكان نەكات. ئەو لەسەرحەق بوو. ئەو لەناكاو خۆی بینییەوە كەوتووەتە نێو تەڵەى 3270 سێ هەزار و دوسەد و حەفتا دۆلارەوە. خواستێكی ئەمریكیی دەكرێت ببێتە نەزمێكی لەناكاو و پەیماننامەى ئەوە ئیمزا بكرێت كە لە میانەى بڵاوبوونەوەى پەتایەكی جیهانییدا، هەموو ئەو تێچوونە زۆرە پزیشكییانەى پەیوەندییان بە پشكنین و مامەڵەكردن لەگەڵ پشكنینی پۆزەتیڤەوە هەیە، لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە دابین بكرێن و حكومەت ئەركەكە بگرێتە ئەستۆ. ئێمە دەمانەوێت هانی خەڵك بدەین داوای یارمەتیی بكەن، نەك ئەوەى خۆیان بشارنەوە – و ئەوانیدیكەش تووش بكەن – تەنها بەهۆی ئەوەى توانای پارەدانیان بۆ پشكنین و تاقیكارییەكان نییە(واتا مادام تێچوونی پشكنین هێندە زۆرە بۆیان دابین ناكرێت، خۆیان دەشارنەوە). چارەسەری ڕوون و ئاشكرا بریتییە لە خزمەتگوزارییەكی تەندروستیی نیشتمانیی – بەتەواویی ئامادەكراو و ئامرازی پێویست دابینكراو، وەك كۆمەڵە – لەناكاوە فراوانەكان – كێشەیەكی وەها قێزەون هەرگیز ناتوانێت كاری پێكەوەیی كۆمەڵ لەناو ببات.

 

پرسیار: هەركە ڤایرۆسەكە لەوڵاتێكدا دەردەكەوێت و كەشف دەبێت، حكومەتەكان لە هەموو شوێنێكدا كۆمەڵە هەنگاوی دەسەڵاتخوازانە و سزادەرانە دەگرنە بەر، وەك بەكەرەنتینەكردنی ناچاریی سەرجەمی ناوچەكانی هەرێم و شارەكان. ئایا ئەمجۆرە هەنگاوە قورسانە هیچ پاساوێكیان لەپشتەوەیە؟

ڕۆب واڵاس: بەكارهێنانی قەیرانی كۆرۆناڤایرۆس بۆ پشكنین و تاقیكردنەوەى دوایین بژاردەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئۆتۆكراتیی و ستەمكارییانە نیشانەیەكی سەرمایەداریی كارەساتبارە كە چیتر قابیلی قبوڵكردن و بەرگەگرتن نییە. لەڕانگەى تەندروستیی گشتییەوە، من متمانە و دڵسۆزیی لەپێشتر دادەنێم، كە زۆر گرنگن لەساتەكانی پەتا جیهانییە جۆراوجۆرەكاندا. بەبێ ئەمانە، حكومەتەكان پشتیوانیی دانیشتووان و گشتیی لەدەست دەدەن. مانایەكی هاوپشتیی و ڕێزگرتنی بەرانبەر و هاوبەش بەشێكی هەرە سەرەكیی نیشانەى كاری پێكەوەییە كە ئێمە پێویستمانە بۆ مانەوە لەبەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا. خۆ-كەرەنتینەكردن بە پشتیوانییەكی شایستە، یارمەتیی هاوسێیانی ڕاهێنراو، دابینكردنی لۆرییەكانی خۆراك دەرگا بەدەرگا بگەڕێن، بیمەی كارنەكردن و بێكاریی – دەتوانێت ببێتە هۆى جۆرێك لە هاریكاریی و كاری پێكەوەیی، كە ئێستا بەجۆرێك هەر هەموومان پێویستمانە.

 

پرسیار: وەك ئاگاداریت، لەگەڵ پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) لەم وڵاتەدا، ئێمە حزبێكی دیفاكتۆی نازییمان هەیە كە 94 كورسیی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا هەیە. پارتی نازیی و گروپە ڕاستڕەوەكانی دیكە كە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی ئەم حزبە كاری هاوبەش دەكەن، قەیرانی كۆرۆناڤایرۆس بۆ بڵاوكردنەوەى ڕق و كینە بەكاردەهێنن. ئەوان كۆمەڵە ڕاپۆرتێكی هەڵە و ساختە و نادروست دەربارەى ڤایرۆسەكە بڵاودەكەنەوە و داوای زیاتری هەنگاوە دەسەڵاتخوازیی و كۆنتڕۆڵكردنەكان لە حكومەت دەكەن: سنوورداركردنی گەشتە ئاسمانییەكان و وەستاندنی گەشتی كۆچبەران، داخستنی سنوورەكان و زەخت و فشار لەسەر كەرەنتینەكردنی [پەنابەران و كۆچبەران]...

ڕۆب واڵاس: قەدەغەكردنەكانی گەشتكردن و داخستنی سنوورەكان كۆمەڵە خواستێكن كە ڕاستڕەوە ڕادیكاڵەكان دەیانەوێ بۆ بەڕەگەزییكردن (racialize)ی ئەو شتە بەكاریبهێنن كە ئەمڕۆ ئێمە پێیدەڵێین پەتا و نەخۆشیی جیهانیی. بێگومان، ئەمە تەواو بێمانایە. لێرەدا، كە ڤایرۆسەكە هەر لەسەرەتاوە ڕێگای خۆی بەرەو هەموو شوێنەكانی دونیا كردۆتەوە، دروستترین و پڕماناترین شت ئەنجام بدرێت ئەوەیە كار لەسەر گەشەدان بە جۆرێك سیستەمی تەندروستیی گشتیی بەچەشنێك بدرێت كە گرنگ نییە تووشبوو كێیە، ئێمە دەبێت هەموو ئامرازەكانی چارەسەركردنی بۆ بەكاربهێنین. بێگومان، وەستاندنی لەناوبردن و دزینی زەویی خەڵكانی وڵاتانی دیكە و پاڵنانیان بۆ دەرچوون و ڕاكردن لەسەر زەوییەكانیان

،،

بە پلەى یەك و ئێمە دەتوانین نەخۆشییەكان لە هەمان شوێنی یەكەم، بووەستێنین و نەهێڵین بڵاوببێتەوە.

پرسیار: دەبێت گۆڕانكارییە تەحەمولكراو و جێگیرەكان چۆن و چی بن؟

ڕۆب واڵاس: لەپێناوی كەمكردنەوە و داكشاندنەوەى دەركەوتن و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی نوێ، دەبێت بەرهەمهێنانی خۆراك بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ گۆڕانی بەسەردا بهێنرێت. سەربەخۆیی جووتیاران و كەرتێكی بەهێزی گشتیی دەتوانێت زامنی پاراستنی ژینگەیی و دەرپەڕاندنی تووشبوونەكان بێت. هەروەها دابینكردنی هەموو جۆرەكانی زەخیرە و دانەوێڵە هەم لە ئاستەكانی كێڵگە و هەم هەرێمایەتییشدا. ڕێگەدان بە ئاژەڵانی خواردن بۆ بەرهەمهێنانەوەى تێپەڕین بەنێو پشكنینی سیستەمەكانی بەرگرییدا. بەستنەوەى بەرهەمهێنانی دادپەروەرانە بە بژاردن و دەستاودەستكردنی دادپەرورەانە. كۆمەكی دارایی پشتیوانییەكانی نرخ و پرۆگرامەكانی فرۆشتن بۆ بەكاربەران، و بەرهەمهێنانی ئیكۆلۆژیی كشتوكاڵیی. بەرگریكردن لەم ئەزموونە تاقیكارییانە لەو ئیجبار و ناچارییانەى ئابوورییە نیۆلیبراڵەكان بەسەر تاكەكان و كۆمەڵەكاندا وەك یەك دەیسەپێنن و بەرگرتن بە هەڕەشەى ئەو قەیران و داكشانەوەى سەرمایە هەڕەشەى پێ لە وڵاتان دەكات.

 

پرسیار: دەبێت سۆسیالیستەكان لەڕووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ بەرزبوونەوە و هەڵكشانی داینامیكەكانی سەرهەڵدانی نەخۆشیی و درمە جیهانییەكاندا، بانگەواز بۆ چی بكەن؟

ڕۆب واڵاس: پیشەسازیی كشتوكاڵیی وەك مۆدێلێكی بەرهەمهێنانەوەى كۆمەڵایەتیی دەبێت لەپێناوی چاكەى گشتییدا كۆتایی پێبهێنرێت، تەنها لەئێستادا وەك بابەتێكی گرنگی تەندروستیی گشتیی. بەرهەمهێنانی خۆراك و بەسەرمایەكردنی ئەم بەرهەمهێنانە بەشێوەیەكی بەرز پشت بەو پراكتیكانە دەبەستێت كە هەڕەشە لە سەرجەمی مرۆڤایەتیی دەكەن، لەم حاڵەتەدا ڕێگا خۆشدەكەن بۆ ئازادكردن و لەكۆنتڕۆڵ دەرچوونی پەتا جیهانییە تازە هەرە كوشندە و مەترسیدارەكان. ئێمە دەبێت داوای سۆسیالیزەكردنی سیستەمەكانی خۆراك بەشێوەیەك بكەین كە نەخۆشییە ترسناكەكانی لەم چەشنە دەبێت لە یەكەم شوێنی دەركەوتنیاندا، ڕابگیرێن. ئەمە پێویستی بە دووبارە ئاوێتەكردنەوەى بەرهەمهێنانی خۆراك دەبێت بۆ نێو پێداویستییەكانی كۆمەڵە گوندییە یەكەمەكان. ئەمە پێویستی بە پراكتیكەكانی ئیكۆلۆژیی كشتوكاڵ دەبێت كە بەرگریی لە ژینگە و جووتیاران دەكات، ئەوانەى گەشە بە خۆراكی ئەمە دەدەن. وێنە گەورەكە، ئێمە دەبێت دابڕان و پچڕانە گەورە میتابۆلییەكان چاكبكەینەوە كە ژینگە ئیكۆلۆژیەكانمان لە ئابوورییەكانمان جیادەكەنەوە. بەكورتیی: ئێمە هەسارەیەكمان هەیە بۆ بردنەوە و دەبێت ئەم هەسارەیە ببەینەوە.

 

یاك پابست: زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێكەوتنە

وەڵام: شایانی نییە.

 

- پرۆفیسۆر ڕۆب واڵاس بایۆلۆژیستی بواری پەرەسەندن فیلیۆجیۆگرافەر بۆ تەندروستیی گشتیی لە ئەمریكا. زیاتر لە 25 ساڵە دەربارەى ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی پەتا تازە جیهانییەكان كاردەكات و نووسەری یەكێك لە بەناوبانگترین كتێبەكانی جیهانە لەم بوارەدا بەناوی "كێڵگە گەورەكان ئەنفلۆنزا گەورە دەكەن" و هەروەها "ئیبۆلای نیۆلیبراڵ" و هتد.

- یاك پابست، سەرنووسەری گۆڤاری ماركس21ـە لە بەرلین