كۆرۆنا لە رێگەی گۆشت و خواردنەوە دەگوازرێتەوە ؟

2020-03-17


د.ئەركان مەنوچەر – پسپۆڕی تەندروستی گۆشت- كەنەدا


ئەگەرچی توێژینەوە و زانیاریەكان لەسەر نەخۆشی كۆرۆنای ناسراو بە كۆڤۆید 19 كەمن و بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەڵام لە ڕوانگەی دوو پەتای پێشووی كۆرۆنا كە بریتی بوون لە كۆرۆنای ناسراو بە سارس(severe acute respiratory syndrome coronavirus (SARS-CoV))، لەگەڵ كۆرۆنای مێرس (Middle East respiratory syndrome coronavirus (MERS-CoV)) ، توانرا لە ڕێگەی دامەزراوە زانستیەكانی خۆراك ئەوە بوترێت تا چەندێك گۆشت و خۆراك هۆكارن بۆ گواستنەوەی كۆڤۆید 19.


لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆڤۆید 19 ناسراو بە كۆرۆنا، لە یەكێك لە بازاڕەكانی فرۆشتنی بەرهەمە گۆشتیەكان لە شاری وهان،ڕاستەوخۆ خواردنی گۆشت و بەرهەمە گۆشتیەكان بوونە سەرچاوەی مەترسی لای خەڵكی و خۆیان لێ دەپاراست بە جۆرێك هەندێك بانگەشە بووە مانشێتی ڕاگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، لەوانە ئەوەی دەوترا ( نەبوونی گۆشت یەكسانە بە نەبوونی كۆرۆنا)، بەگشتی ڕۆشنبیری ئەوە بڵاوكرایەوە كە بە خۆ دورگرتن لە خواردن و بەكارهێنانی گۆشت هۆكارێكە بۆ خۆ بە دورگرتن لە كۆرۆنا لەم كاتەدا.

،،

ئەوەی لای زۆرێك خەڵكی بڵاوە تاوەكو ئێستا لە ڕووی زانستیەوە نەسەلمێنراوە و پێچەوانەكەی ڕاستە كە خۆراك بە تایبەت گۆشت هۆكارێك نیە بۆ گواستنەوەی كۆڤۆید ئەمەش لە لایەن دامەزراوەی سەلامەتی خۆراكی ئەوروپی پشت ڕاست كراوەتەوە.


سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا لە شاری وهان ، سەرجەم توش بوەكان ئەو كەسانە بوون كە لە بازاڕی گۆشت فرۆشان دا كاریان دەكرد كە چەندین جۆر گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەری تێدا دەفرۆشرێت لەوانە گۆشتی مار و شەمشەمە كوێرە و پانگۆلین و شتی تریش، هەر لەسەرتاوە ئەوە یەكلا نەكرایەوە ئەگەر سەرچاوەی نەخۆشیەكە گۆشتی بازاڕەكە بوو بێت، نازارێت گۆشتی چ گیاندارێك بووە، ئەگەر چی ڕیزبوونی جینی كۆڤۆید زۆر لەو كۆرۆناوە نزیكە كە لە ماردا هەیە نەك لە شەمشەمە كویرە و مریشك و ئەوانی تر، ئەگەر چی ڕیزبوونی جینی ئەو جۆرەی كۆرۆنا كە بە سارس ناسرابوو چەند ساڵی ڕابردوو بڵاوبویەوە بە نزیكەی لە سەردا 96 لەوەی شەمشەمە كوێرە دەچوو بەڵام دیسان نەتوانرا ئەوە بسەلمێنرێت ڕاستەوخۆ ئەو هۆكاری گواستنەوەی سارس بووە.


داتا و توێژینەوەیەكی فەرمی تا ئێستا لە بەردەستدا بێت بریتیە لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستی خۆركی ئەوروپی كە لەم بارەوە بڵاویان كردۆتەوە تیایدا ڕایدەگەیەنن كە

،،

تا ئێستا نەتوانراوە ئەوە بسەلمێنرێت خۆراك بە گشتی و گۆشت بە تایبەتی هۆكاربووە بۆ بڵاوبونەوەی كۆڤۆید 19.


بە گوێرەی توێژینەوەكان لە كۆتا دوو پەتای هاوشێوەی كۆرۆنای كۆڤۆید كە بریتی بوون لە كۆرۆنای ناسراو بە سارس(severe acute respiratory syndrome coronavirus (SARS-CoV))، لەگەڵ كۆرۆنای مێرس (Middle East respiratory syndrome coronavirus (MERS-CoV)) ، نەتوانرا ئەوە بسەلمێنرێت كە گواستنەوە لە ڕێگەی خواردنەوەوە ڕویداوە بە تایبەت گۆشتی پەلەوەر و ئاژەڵەوە.


بە هەمانشێوە سەنتەری ئەوروپی بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكان، ڕایگەیاند ئەگەرچی پێ دەچێت سەرچاوەی یەكەمی نەخۆشیەكە ئاژەڵ و پەلەوەر بووبێت لە وڵاـی چین( كە ئەمەش یەكلا نەبوەتەوە)، بەڵام هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی پەتاكە لە مرۆڤ بۆ رۆڤ بووە لە ڕێگەی دەنكۆڵەی ئاوی هەناسەدانە و كۆكە و پژمینەوە بووە.


هەر لەوبارەوە ڕێكخراوی تەندورستی جیهانی (WHO ) وەك هەمیشە پێی وایە ڕێگاكانی مامەڵە كردن لە گەڵ خۆراكی تەندروست باشترین ڕێگایە بۆ هەڵس و كەوت لەگەڵ خۆراكدا وەك دەست شتن و كوڵاندنی تەواوەتی خۆراك و ڕێگاكانی تری خۆپاراستن لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆشت و خۆراكی تەندروستدا.