عەینەدین: خۆزگە هەر قورئانم بخوێندایە

2020-03-18

دیداری، گروپی گوڵنار

لەم دیدارەدا، هونەرمەندی میللی " عەینەدین مەریوانی" باس لە سەرەتای ژیان و ئەو دەمە دەکات کە لە خوێندنی حوجرەو قورئان خوێندنەوە ڕووی کردووەتە گۆرانی وتن و ئاماژە بەوە دەدات کە پەشیمانە لەوەى كە قورئان خوێندن و خوێندنی ئایینی بۆ گۆرانى و هونەر جێهێشتووە.

ــ عەینەدین كێیە؟

عەینەدین: ناوى تەواوم عەینەدین ساڵح مەحموودە، پێشم دەگوترێت عەینەدینی ئەڵماسی، ناسراویشم بە عەینەدینی مەریوانى، لەساڵی 1960ى زایینی لەدایكبووم لە گوندی دزڵی سەر بە شارى مەریوانى ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناحیەى سەڵواوا، پاش ئەوەى كە نێردراومەتە بەر خوێندنی ئایینی و قورئان خوێندن، هەروەها لە ساڵی حەفتاكان دا من دەرسم بە كارى هونەرى و گۆرانى گوتن كردووە و یەكەمجار لە ڕادیۆى سنە لەڕێی خانمێكەوە بەناوى فەریدەى ئەییازی من ئاشنا بووم بە ڕادیۆى سنە و لەوێ سەرقاڵی گۆرانى گوتن بووم، پاشان بۆ ڕادیۆكانى كرماشان و قەسرى شیرین و مەریوان و مهاباد گۆرانیم تەسجیل كردووە و پێشكەشی هونەردۆستان و ئەدەب پەروەرانم كردووە.

ــ هۆكارى چوونت بەرەو گۆرانى گوتن و پشتكردنت لە قورئان خوێندن و خوێندنی شەرعی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

عەینەدین: نەبێتە خۆهەڵكێشان، لەو كاتەى كە من خەریكی قورئان خوێندن بووم دەنگم بۆ قورئان خوێندن زۆر باش و خۆش بوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى كە خوێندنگەى منداڵانی گوندەكەم (دزڵی) كراوەتەوە، منیش هاوشێوەى منداڵانی ئەوێ دەستم كردووە بە گۆرانى گوتن بۆ منداڵانی ئەو خوێندنگەیە، چونكە خوێندنگەكە دراوسێ ماڵی ئێمە بووە، منداڵان سەرقاڵی گۆرانى گوتن و یاری كردن بوون لە پۆلی یەكی سەرەتاییەوە تا پۆلی شەشی سەرەتایی، كە ئەوا گۆرانیان دەگوت من پێی ناڕەحەت و بێتاقەت دەبووم، چونكە هەموویان خەریكی یارى و خۆشی خۆیان بوون و منیش بێ بەش بووم لە هەموو ئەو خۆشییانە، مامۆستاى گوندەكەمان ئەو هەستەى كردووە كە من حەزم لە گۆرانى گوتنە و مۆڵەتی لە باوكم وەرگرتووە كە منیش بچمە ئەو خوێندنگەیە و گۆرانى لەگەڵ منداڵەكان دا بڵێم، ئینجا كۆڕێكیان پێكهێنا بەناوى كۆڕى گۆرانى و سروود، منیش بەشدار بووم بە نابینایی. هەر ئەو خانمەى كە ناوم هێنا (فەریدەى ئەییازی) لەڕێی ئەوەوە بانگهێشتكرام بۆ شارى سنە و دەستم كردووە بە گۆرانى گوتن.

ــ خوێندنی ئایینیت كەى بوو و چۆن دەستت پێكرد؟

عەینەدین: ئەوە بوو لە ساڵی هەشتاكان دا لەوێ منیان ناردە بەر خوێندنی قورئانى پیرۆز لە ماڵی مەلاى گوندەكەمان، قورئانم بە جوانى خوێندووە، هەر لە ساڵی هەشتاكان دا چوومەتە مەریوان بەهۆى ئەو دەنگە خۆشەى كە هەمبووە لە قورئانى پیرۆزدا. كە زانیان دەنگم خۆشە منیش قورئانم نەخوێند و چوومە ڕادیۆى سنە و دەستمكرد بە گۆرانى گوتن.

ــ چ كاریگەرییەكی حوجرەت بەسەرەوە ماوە و چیت لەبیرە لە زانستەكانى حوجرە؟

عەینەدین: دەتوانم ئەوە بڵێم كە حوجرە بۆ چاوساغ دەبێت، لاى ئێمە عادات و تەقالید وابوو تەنها منداڵی نابیناى مەلا دەیتوانى قورئان لەبەر بكات و دەرسی قورئان بخوێنێت، بەڵام حوجرە بۆ فەقێیەكان و ئەوانەى پێیان گوتوون سوختە بووە بە چاوساغییەوە، بەڵام منێك كە چاوساغ نیم و نابینام، نە بە سوختە نە بە قوتابی و نە بە فەقێ ناویان نەدەبردین، بەڵكو بە حافز قورئان ناویان دەبردین، ئێمە چونكە لە حوجرەدا نەبووین و لە ماڵی مەلادا دەمانخوێند بۆیە پێیان دەگوتین فەقێ، كە حوجرەشمان نەبوو ئیتر شتێكمان نییە پێی بگوترێت بیرەوەریی كە من بۆ ئێوەى باس بكەم.

ــ ئێستا هیچ قورئانى پیرۆزت لە بیر ماوە كە ئەو كاتە لەبەرت كردبێت؟

عەینەدین: بەڵێ چاكم لە بیر ماوە.

ــ پەشیمان نیت لە وەرچەرخانت لە قورئان خوێنی و خوێندنی ئایینییەوە بۆ گۆرانى و هونەر؟

عەینەدین: ئەوەى ڕاستی بێت پەشیمانم، لەلایەكی تریشەوە شانازی بە هەردووكیانەوە دەكەم، چونكە وەك پێمگوتی بۆ یەكێكى نابیناى وەك من دەستی نەدەدا كە بەردەوام بم لە خوێندنی ئیسلامیی، ئینجا من توانیومە هەردوو بوارەكە (قورئان و گۆرانى) بە باشی ئەزموون بكەم و فێریان ببم، چونكە بەقورئان خوێندن توانیومە دڵی موسڵمانان و شەیدایانى قورئانى پیرۆز خۆش بكەم

،،

بەوەى كە من حافیز قورئانم، هەروەها لە گۆرانى گوتنیش دا توانیومە دڵی ئەو كەسانە خۆش بكەم كە پەیوەندیان بە هونەر و هونەرمەندییەوە هەیە و بەڕاستی سوپاسی خواى گەورە دەكەم كە لە هەردوو بوارەكە بێ بەشی نەكردووم و توانیومە لە هەردوو بوارەكەدا بەهرەم هەبێت.

ــ مەزهەری خالقی دەڵێ من گۆرانى تەنها بۆ خۆم و ڕووحی خۆم دەڵێم، تۆش ئاماژەت بەوە كرد كە قورئان بۆ قورئان خوازان و گۆرانیش بۆ گۆرانى خوازان دەڵێیت، دڵی خۆت زیاتر بەلاى كامیان دا شكاوەتەوە؟

عەینەدین: بەحوكمی ئەوەى كە قورئان خوێندن واتا دووبارە كردنەوەى كەلامی خواى گەورە، بۆیە من بە قورئان خوێندنەكە زیاتر دڵم شادە و زۆرجاریش هەبووە كە بەڕاستی بۆ خۆم و بە تەنها گوتوومە: بریا و خۆزگە من لە قورئان خوێندنەكە لام نەدابا و هەر قورئانم خوێندبا! كە گۆرانییەكەش دەڵێم پەیوەندی بەوەوە هەیە كە هەموو مرۆڤێك خەمێك لە دڵی دا هەیە، دەبێ ئەو مەراق و خەفەتەش لە دڵی دا لاببات، هەركەسە و بە جۆرێك لای دەبات، منیش بە گۆرانى لام بردووە، كەواتە ئەتوانم بڵێم من گۆرانى دەڵێم بۆ دڵشادى خۆم و قورئانیش دەخوێنم بۆ دڵخۆشی موسڵمانان، گۆرانى شتێكە كە زاخاوى مێشك و دەروون دەدات، تۆ نازانى ئێستا دڵی من چی تێدایە، بەڵام خۆم دەزانم چ مەراقێكى تێدایە، وە حەز بە شتێك دەكەم كە بتوانێ ئەو مەراقە لە دڵی من دا كەم بكاتەوە كە ئەو شتەش تەنها گۆرانییە!

ــ زۆربەى گۆرانى و بەرهەمەكانى تۆ وەسف و پیاهەڵدان و خۆشەویستی ئافرەتە، تۆیەك كە چاوەكانت هیچ ئافرەتێكیان نەدیتووە و ناشزانى باڵا و خەت و خاڵ و ڕەنگى چاو و قژی چۆنە تا خۆشەویستییەكەى بچێتە دڵتەوە و بتوانی گۆرانى بە باڵای دا هەڵ بدەی، كە پێوەرى سەرەكیش بۆ خۆشەویستی ماددى بریتییە لە بینین، تۆ كە چاوت هیچ ژنێكى نەدیتووە چۆن توانیوتە یا دەتوانى ئەو هەموو گۆرانییەى بەسەردا بڵێیت؟

عەینەدین: من لە دە مانگی دا كە بینایی چاوەكانم لە دەست داوە نەك وێنەى هیچ ئافرەتێك بەڵكو وێنەى دایكی خۆشمم نایەتەوە خەیاڵ و نەمدیتووە، بەڵام لە وەڵامی پرسیارەكەت دا تەنها ئەوەت پێ دەڵێم من گۆرانیم بۆ ئەوە گوتووە كە خەڵك و جەماوەر بۆ خۆم ساز بدەم و خەڵك خۆشیان بوێم، ئەگینا من نە چاوم هەبووە تا ئافرەتی پێ ببینم تا گۆرانى پیادا هەڵدەم، نە ئافرەتێكی تایبەتیش لە دڵم دا هەبووە تا بتوانم گۆرانى بەسەر ئەویش دا هەڵدەم. تەنها مەبەستم ئەوە بووە كە سەرنجی ئەوانە بەلاى خۆم دا ڕاكێشم كە دۆست و خولیاى هونەرن.

ــ ئێستا جەنابت كێشەت لەگەڵ ئەو خێزانەت هەیە و پێم وابێت شەش خێزانت هەبوون لە ڕابوردوودا تا ئێستا؟

عەینەدین: بەڵێ كێشەمان هەیە لەگەڵ خێزانم و تا ئێستاش شەش جار هاوسەرگیریم كردووە.

ــ هۆكارى سەرنەكەوتنت لە هاوسەرگیرییەكانت بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی ئەم خێزانەت داواى جیابوونەوەت لێ دەكات؟

عەینەدین: لەبەر ئەوە داواى جیابوونەوەم لێ دەكات كە ژنم بەسەردا هێناوە، وە من شاهیدیشم هەیە كە دە ساڵە ئەم خێزانەم كە ئێستا داواى جیابوونەوەم لێ دەكات داواى لێكردووم كە ژن بهێنم، كە ژنیشم هێناوە دەڵێت: من گوتوومە ژن بهێنیت بەڵام نەك ئەم ژنەى كە ئێستا هێناوتە! باشە دەبێ چی وای كردبێت لە خێزانم كە ڕازى نەبێت بەم خێزانەى كە ئێستا هێناومە.

ئێستا لەو شەش ژنەش كە هێناومن تەنها دووانیان ماون، ئەو خێزانەشم كە داواى جیابوونەوە دەكات لە من، خۆى پێی گوتووم بڕۆم ژن بهێنم، ئەویش بە خاترى ئەوەى كە خۆى پێی گوتووم و داواى لێكردووم كە ژنم بهێنم، بە ماوەى دە ساڵ ئەم خانمە بە منی گوتووە ژن بهێنە بەڵام ئەم ژنە نا كە ئێستا هێناوتە.

ــ بەپێكەنینەوە مامۆستا لەوەچێ پێشتر پەیوەندیت پێیەوە هەبووبێت یا تەڕ و جوانتر بێ لە خێزانەكەى پێشووترت؟

عەینەدین: نەخێر هیچ پەیوەندییەكم لەگەڵی دا نەبووە، ناشزانم بیانوو و هۆكارى ناڕازى بوونی چییە؟ دەبێ لە خۆى بپرسن.

ــ چەند منداڵت هەیە لەو شەش خێزانەت؟ عەینەدین: سێ منداڵم هەیە و لە دوو ژنن. ــ ئەو شەش خێزانەت بە مردن یا بە تەڵاق لێك دابڕاون؟

عەینەدین: بەداخەوەم كە دەتوانم بڵێم یەكەم ژنم كە دایكی دوو منداڵمە و ناوى ئەختەر بوو كۆچی دوایی كردووە، وە سێ ژنی تریشیانم تەڵاق داون، وە پێنجەمیان كە كێشەى هەیە و داواى جیابوونەوە دەكات نازانم ئایا ئەویش دەچێتە سەر تەڵاق دراوەكان یا دەمێنێتەوە، ژنی كۆتاهەمینیشم لە پایزی ساڵی 2017دا هێناومە.

ــ مامۆستا لەسەر باڵی دەستە چەپت شتێكت نووسیوە: (عەشق بێ سەرەنجامە)، نهێنی ئەو نووسینەمان پێ بڵێ و بۆچی عەشق بێ سەرەنجامە؟

عەینەدین: عەشق بۆ من بێ سەرەنجامە، چونكە نە توانیومە بە چاو ئەو عەشقە ببینم، وە نە ئەو عەشقەش عەشقێك بووە كە لە دڵی من دا بتوانێت مێخی خۆى دابكوتێت و لە دڵم دا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوە من چونكە هیچ شتێكم نەبینیوە، ئیتر وەك ئەوە وایە كە دەڵێن:

،،

كوێر كێو لە تاریكی دەكوتێت! ئێمە ئەو عەشقەمان بەڕاستی بێ ئەنجام بووە و هیچ كەڵكێكى بۆ من نەبووە

بەڵام هیوادارم ئەم شەشەمین ژنەم كە هێناومە ببێتە عەشقێك كە بەڕاستی هیچ كات لە دڵی من دا ئاگرەكەى نەكوژێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ گڕەكەى لە دڵی من دا كڵپە بستێنێت.

ــ ئەگەر تەنها پێنج خولەك بینایی چاوت بۆ بگەڕێتەوە و پێت بڵێن تەنها دەتوانى یەك كەس ببینی، تامەزرۆى بینینی چ كەسێكى؟

عەینەدین: ئەگەر مەسەلە بینین بێت چونكە هیچ كەسێكم بە چاو نەبینیوە تا خولیاى بینینی بم، دەڵێن لە ڕێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان دا ڕێكخراوێك هەیە لە پەراوێزى ئەوان دا كە گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان ئاڵاونەتە ئەو ڕێكخراوە، ئەو گەلە بێ دەوڵەتانەش كە من بە گەورەی دەزانم و لە هەمووشی گەورەترە گەلی كوردە، كە بەڕاستی بێ دەوڵەتە لە جیهان دا، ئەگەر خوداى گەورە بۆ یەك خولەك چاو بە من ببەخشێتەوە، ئەوا دەمەوێ بەرزى و گەورەیی و سەرفرازى ئەو گەلە ببینم كە گەلەكەى خۆمە لە جیهان دا كە كوردە، وە ببێت بە خاوەنی دەوڵەتێك بۆ خۆى.

ــ ڕۆژانە هیچ دەردەدڵ و موناجات و پاڕانەوە و گریانێكت لە حزوورى خودادا هەیە؟

عەینەدین: موناجات بریتییە لە پاڕانەوە و دوعاكردن لە خوداى گەورە، من هەموو كاتێك دەڵێم خودایە وەهام لێ نەكەی كە خەڵكى بێزم لێ بكەنەوە، چونكە ئێمە زۆر كەسمان بینیوە كە چاوساغیش بوون، بەڵام كاتێك كە خواى گەورە ویستوویەتی بەرەو لاى خۆى بیانباتەوە بوون بە سەربارى خەڵك و عائیلەكەى خۆیان، بۆیە من داواكارم لە خوداى گەورە بە هەمیشەیی كاتێك ویستی بمباتەوە بۆلاى خۆى لە خەوێك دا بمباتەوە بۆلاى خۆى كە سەرم خستبێتە سەر سەرین و بەیانى هەڵنەستمەوە و خەڵكیش بمبەن بەرەو گۆڕستان، پێمخۆشە لە ماڵەكەى خۆمەوە تا گۆڕستان سەرباری خەڵك بم تا ئەوەى چەند ساڵ بمێنمەوە و خەڵكی خزمەتم بكەن، من ئێستا خۆم بە سەربارى خەڵك دەزانم چونكە چاوم نییە، تا دەچمە ژوورێكى تر یا نزیكترین شوێنێك بانگ لە دۆست و نزیكێكى خۆم دەكەم كە یارمەتیم بدات، من هیوادارم كە خوداى گەورە ئەو منەتەم بخاتە سەر كاتێك كە مردم لەمە زیاتر نەبمە عەزییەت و ئازار بۆ خەڵكی و لە بازاڕى مردن و ژیان دا زیاتر بمێنمەوە.

ــ بەدەر لەو بوارەى كە خۆت گۆرانى تێدا دەڵێی، بۆ بوارى عیرفانى و تەسەووفی هیچ بەرهەمێكت هەبووە؟

عەینەدین: بەڵێ بەرهەمی عیرفانیشم هەیە، شیعرێكى مامۆستا نارى (كاكە مەلا حەمەى بێلوو) كە گوتوومەتەوە و لە وەسفی پێغەمبەرى خودادایە.

ــ ئەگەر شیعرى شاعیرێكت پێ خۆش بێ و بتەوێ بیكەیتە گۆرانى، چۆن لەبەرى دەكەى بۆ ئەوەى دواتر بتوانی بیڵێیتەوە؟

عەینەدین: نەبێ بە گلەیی (پاك و بێگەردى بۆ خودا كەس ناوانێت گلەیی لە خواى گەورە بكات) خواى گەورە كە بینایی پێ نەداوم، ئەوا قەرەبووی بۆ كردوومەتەوە بە شتێكى تر، شیعرێكى فارسی هەیە ڕاڤەكەى دەڵێت: خواى گەورە ئەگەر دەرگایەك لە مرۆڤ ببەستێ ئەوا دەرگایەكی ترى بە ڕوودا دەكاتەوە! خواى گەورە وەك ئەوەى كە چاوى پێ نەبەخشیم، سوپاسی دەكەم بۆ ئەو خەڵاتەى لە شوێنێكى ترەوە دەرگایەكی ترى لێ كردوومەتەوە بۆ ئەوەى بتوانین ئەو شتانە لەبەر بكەین كە پێویستمانن، وەك چۆن توانیمان قورئانى پیرۆز لەبەر بكەین بە هەمان شێوەش ئەو شیعرانەى كە دەمەوێن ئاوا لەبەریان دەكەم. كاتی خۆى جوزئی عەممە و تەبارەكم لەقورئانى پیرۆز لەبەر كردبوون لەگەڵ سوورەتی موبارەكی یاسین دا.

ــ بۆ زانیاریی و خۆ دەوڵەمەندكردنی خۆت لە بوارەكانى مێژوو و فیكر و كۆمەڵایەتی چۆن بەهرە وەردەگریت و سوود لە كتێبەكان وەردەگریت؟

عەینەدین: ئەگەر بمەوێ بچمە ناو ئەو بوارانەوە دەبێ یەكێكى تر بۆم بخوێنێتەوە، چونكە من هیچ نابینم و نەشچوومەتە خوێندنگەى خوێندنی (برێل)یش كە بتوانم ئەو نووسینانە دەرك پێ بكەم و بتوانم بیانخوێنمەوە، تەنها ئەو شتانە دەزانم بڵێمەوە كە لەبەرم كردوون.

ــ پەیوەندیت لەگەڵ سیاسەت دا چۆنە؟ بەتایبەت ئەو سیاسەتەى كە لە خزمەتی نەتەوەكەت دا بێت؟

عەینەدین: پەیوەندییەكی بەو شێوەیەم نییە، بەڵام تەنها ئاوات و ئارەزووم ئەوەیە كە ئێمە لە گەلانی بێ دەوڵەت دا بێینە دەرەوە و ببین بە گەلێكى خاوەن دەوڵەت.

ــ پەیوەندیت لەگەڵ ماددە هۆشبەرەكان دا چۆنە؟

عەینەدین: ماددەى هۆشبەر دوو جۆرە، جۆرێكیان كحوولییە و جۆرێكى تریشیان دووكەڵاوییە، من لەگەڵ دووكەڵەكەدا تەنها جگەرە و نێرگەلە دەكێشم، بەڵام لە بوارى كحوولییەكەدا جار و بار بۆ بێتاقەتی خۆم ئەگەر بۆم بكرێت یەك دوو بیرە دەخۆمەوە. بەڵام من لە نێرگەلەكەدا سوود لە تووتنێك وەردەگرم پێی دەگوترێت: تووتنی شیر. ئەو شیرە من پێی ناكۆكم و ساڵی جارێك ئەگەر دەستم بكەوێ نێرگەلەیەك یا دووان دەخۆم لەبەر ئەوەى كە بێتاقەت نەبم.

ــ شیعرى چ شاعیرێك زیاتر لە گۆرانییەكانت دا جێ دەكەیتەوە؟

عەینەدین: مامۆستا مەولەویی و مامۆستا هێمن و مامۆستا قانع.

،،

من لەناو خەڵكی دا بە زۆرى بە پارێزەرى فۆلكلۆر ناوبانگم دەركردووە، واتە شیعرێك سەد ساڵ لەمەوپێش دانرابێ و سینە بە سینە هاتبێ و گەیشتبێ بە بەمن، من سوود لەو شیعرانە وەردەگرم و شانازى دەكەم توانیومە تا ئێستا وەكو پارێزەرى فۆلكلۆر ناوم بڕوات

وە شانازیش بەوە دەكەم چونكە لەبەر ئەوەى دەتوانم بڵێم ناسنامەى هەر میللەتێك زمان و كەلتوورییەتی، چونكە بەڕاستی هەر میللەت و نەتەوەیەك كەلتوور و زمانى نەبێ، كەس نایناسێت و نازانن سەر بە چ نەتەوە و میللەتێكە.

ــ ئەو نەخۆشییانە چین كە پێیانەوە گیرۆدەى؟

عەینەدین: الحمدلله نەخۆشییەكی وا شك نابەم كە تیام دا بێت.

ــ لە هونەرى میللی دا بەكێ سەرسامی؟

عەینەدین: بەردەوام گوێ بۆ ئەو هونەرمەندە كۆچكردووانە دەگرم وەكو مامۆستا حەسەن زیرەك، مامۆستا تاهیر تۆفیق، مامۆستا حەمەساڵح دیلان و مامۆستا حسێن عەلى و مامۆستا عەلى مەردان و زۆری تریش.

ــ كامیان بە مامۆستاى خۆت دەزانى؟

عەینەدین: لە مەقامات دا مامۆستا عەلى مەردان بە مامۆستاى هەموو هونەرمەندان دەزانم. لە بابەتی بەند گوتن دا مامۆستا حەسەن زیرەك.

ــ بژێوى و مەعیشەتی ژیانت چییە و بەچی دەژی؟

عەینەدین: من هەر بەو گۆرانییانە دەژیم كە بۆ خەڵكیان دەڵێم، بۆ نموونە كەسێك دێت پێم دەڵێ كە لەگەڵی بچم گەعدەیەكی بۆ ڕێك بخەم، منیش بەو پارەیەى كە دەمدەنێ ژیانى خۆم بەڕێوە دەبەم و سوپاسی خواش دەكەم كە تا ئێستا لەسەر ژیانى خۆم ڕاوەستاوم.

ــ پێناسەت بۆ ئەم چەمك و كەسایەتییانە چییە؟

ئیسلام: ئایینێكە كە ڕەگ و ڕیشەى لە نێو ئێمەدا داكوتاوە وەكو لە هەزار و چوارسەد ساڵ پێش ئێستا، كە ئێمە باو و باپیرانمان لەسەر ئەم ئایینە ئێمەیان تا ئێرە هێناوە.

كورد: میللەتێكى هەتا بڵێی ڕەحم لە دڵە و زۆر بەداخەوە كە نەبوونی یەكبوونیمان بۆتە هۆى ئەوەى كە تەنانەت منێك ئەگەر خوێنەواریم تا عەرشی باڵاش ببێ، ئەوا نەتوانم میللەتی كورد بە میللەتێك دابنێم كە بەڕاستی جێگەى شانازی بێت لەبەر نەبوونی یەكبوونی نێوان خۆمان، چونكە نێوماڵی كورد زۆر لاوازە، وە هیوادارم ڕۆژێك لە ڕۆژان بتوانین ئەو لاوازییە لە نێوان خۆمان دا نەهێڵین و وەك گەلێك چۆن خاوەن مێژووین بتوانین ببینە خاوەنی مەعریفە و خۆشەویستی لەنێوان یەكتردا كە بەڕاستی گەلانی دونیا لە ئێمە وانەى یەكبوونی وەربگرن.

نابینایی: خەڵاتێكى خواى گەورەیە و كەس لە نابینایی خۆى ناڕازى و زویر نەبێت.

هەژارى: لەنێو هەموومان دا هەیە، بەڵام من سوپاسی خواى گەورە دەكەم تا ئێستا لەسەر پێی خۆمان وەستاوین و پێویستمان بە كەسی تر نەبووە.

كۆمارى مهاباد: من واى دەبینم هەر شتێك وابەستە بوو بە كەسانى ترەوە بۆ سەركەوتنی من زۆر قەناعەتم پێی نییە، چونكە كۆمارى مهاباد بە سۆڤییەتی ئەوساوە وابەستە نەبووایە ئەوا واى لێنەدەهات.

قازی موحەممەد: كەسێك بوو كە لە پێناوى گەلەكەی دا گیانى خۆى بەخت كرد، هیوادارم ئێمەش وەكو ئەو بەڕاستی ئەوەندەمان جەوهەر تێدا بێ كە لە پێناوى گەل و نیشتمانەكەمان دا گیانى خۆمان بەخت بكەین.

هێمن موكریانى: شاعیرێكى زۆر پاك و هەست ناسك بووە، كە لە هەموو بوارێك دا ئامانجى خۆى گەیاندووە.

مەولەویی هەورامی: ناسك خەیاڵترین و بەرزترین شاعیرى كورد بووە.

سەید عەلى ئەسغەرى كوردستانى: وەكو داودی دووەم ناوى دەركردووە، چونكە خواى گەورە كاتێك كە دەنگخۆشی داوە بە بەندەكانى خۆى، یەكەم كەسێك كە دەنگخۆش بووە حەزرەتی داود پێغەمبەر بووە (علیە السلام)، كە ئێستا سەید عەلى ئەسغەرى كوردستانیان ناو ناوە داودى دووەم.

هەژار موكریانى: بلیمەت بوو لە كارەكانى خۆى دا و توانیویەتی قورئانى پیرۆز بكاتە زمانى كوردى كە ئەوە بە زۆر كەس ناكرێت.

مامۆستا مەلا عبدالكریمی مودەڕیس: كەسێك بووە لە پێگەیاندنی زۆر كەسی گەورەدا دەستی باڵاى هەبووە و ئەگەر ئێستا من بڵێم وا بووە و وا گەورە بووە، لەوەچێ خەڵكێك بڵێن ئەوە هەورامی بووە بۆیە وا وەسفی دەكات، بەڵام جیا لە هەموو مەسەلەیەك، بەڕاستی مامۆستاى مودەڕیس كەسێك بووە كە بەڕاستی ناوەكەى ناسنامەى خۆى بووە كە بریتی بووە لە (مودەڕیس).

نەوشیروان موستەفا: خوالێخۆشبوو كاك نەوشیروان موستەفا ئەمین كتێبێكى نووسیوە بەناوى (پەنجەكان یەكترى دەشكێنن)، ئێوە لەو كتێبەوە دەتوانن گەورەیی و كەسێتی كاك نەوشیروان ببینن و بۆتان دەركەوێ، كە چ مرۆڤێكى زانا و بلیمەت و بەڕاستی ڕۆشنبیر بووە.

ــ لە مەرگ دەترسیت؟

عەینەدین: هەموو كەس لە مەرگ دەترسێت، منیش لێی دەترسم.

ــ چیت بۆ مەرگ ئامادە كردووە؟

عەینەدین: تەنها ئەوەم ئامادە كردووە كە بە خوداى گەورە دەڵێم: وكو نابیناى كردووم لەوە زیاتر زەلیلم نەكات لە كاتی مەرگ دا.

ــ لە چ شتێكى ژیانت پەشیمانى؟

عەینەدین: ژیان هەمووى واتا گاڵتە، من كە نەتوانم تۆ ببینم و نەتوانم بچم بە شوێنێك دا و پێویستم بە خەڵك نەبێ، بەڕاستی خۆم بە خۆم دەڵێم بریا نەهاتمایەتە دونیاى ڕۆشنەوە.

ــ كێت زۆر خۆش دەوێ؟

عەینەدین: خۆمم لە هەموو كەس خۆشتر دەوێت.

ــ مەرگی كێ زۆر ئازارى داوى؟

عەینەدین: بۆ مەرگی هەموو ئازیزێكم خەم دەخۆم.

ــ گەورەترین خولیا و ئاواتت چییە؟

عەینەدین: ئاواتەخوازم كە میللەتەكەم ببینم بە سەربەرزى و ببێتە میللەتێكى یەك دەست كە منیش بتوانم لە سایەى وڵاتێكى پڕ لە خۆشەویستی و عەشق و ئەوین دا ئەو ماوە كورتەى كە ماومە لە ژیان دا بیگوزەرێنم و ئاخ و خەفەتم نەبێ بۆ بێ وڵاتی میللەتەكەم.

ــ وەسییەتت چییە؟

عەینەدین: كۆتا وەسییەتم ئەوەیە: ساقی بۆم تێكە لەو بادە و مەیە، موتریبان لێدەن لەو دەف و نەیە، گەردوون تۆش ئەمڕۆ بمدە فرسەتێ، با لەلاى یاران بكەم وەسییەتێ، یاران وەسییەتێك دەكەم بۆ ئێوە، دڵتان بە هەركەس مەدەن لە ڕێوە، دڵ بە كەسێك بەن خاوەن وەفا بێ، پابەندى عەهد و عەشق و سەفا بێ، دەخیلە یاران هەتا قیامەت، لەگەڵ بێ وەفا نەكەن ڕەفاقەت، زامی بێ وەفا وەسە زامی مار، كەسێك عاقڵ بێ مار ناگرێ بە یار!

ــ پێتخۆشە شوێنی گۆڕەكەت لەكوێ بێ؟

عەینەدین: بەدڵنیاییەوە پێمخۆشە گۆڕەكەم لە خاكی كوردستان بێ و لە گوندی دزڵی ڕۆژهەڵاتیش بێت.