زیرەکی سۆزەکی چییەو چ کاریگەرییەکی لەسەر کەسایەتی مرۆڤ هەیە؟

2020-03-20

ئامادەکردنی: یوسف بورهان

زیرەکیی سۆزەکی نیشانەیەکی گرنگی پێگەیشتوویی سۆزدارییە و پێوەرێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیان.

زیرەکیی سۆزەکی (EQ) بریتییە لە ناسین، پێزانین و تێگەشتن لە هەست، سۆز و هەڵچوونیی خۆیی و کەسانی دیکە، هەروەها بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنیان بێ‌ کەم و کوڕیی و بە درووستی.

بوونی کارامەیی زیرەکیی سۆزەکی یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە پەیوەندییەکاندا. زیرەکیی سۆزەکی (EQ) یەنگانگیری زیرەکیی‌پێو (IQ) نییە، بەو واتایەی ڕەنگە کەسێ لە کار، پیشە، فێرگە، زانستگە و ... هتد، زیرەک و سەرکەوتوو بێت، بەڵام لەڕووی کۆمەڵایەتی، سۆزداری و ژینی تایبەتییەوە شکستخواردوو بێت؛ بۆیە تاک بەمەبەستی باشترکردنی پەیوەندییەکان و سەرکەوتن لەڕووی کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەوە پێویستی بە کارامەیی زیرەکیی سۆزەکییە. بەگشتی، زیرەکیی سۆزەکی لە پێنج پێکهاتەی سەرەکی پێکدێت: 

۱. پێزانینی خۆیی

۲. هاندانی خۆیی

۳. بەڕێوەبردنی هەستەکان (لێهاتوویی سۆزەکی)

٤. بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان (لێهاتوویی سۆزەکی)

٥. هاوسۆزی ٭ ئەو کەسانەی (نێر و مێ) کە کارامەیی زیرەکیی سۆزەکییان نەبێت، ئەوا لێهاتوویی کۆمەڵایەتییان نییە، واتە لەڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لاوازن، بەهەمانشێوە لە ژیانی هاوسەرێتی و سۆزداریشدا لاوازن.

٭ تایبەتمەندی کارامەیی زیرەکیی سۆزەکی لە ئافرەتاندا:

۱. کەسایەتییەکی ئارام و هێمنی هەیە. ۲

. متمانەی بەخۆی هەیە

. ۳. دڵگیری، ئارامی و سەنگینی لە ڕووخساریدا دەدرەوشێتەوە.

٤. کەسایەتییەکی ساغ و ئاسوودە و بەرزەخۆیی هەیە.

٥. گرفتاری خۆپەرستی، خۆبەزلزانی و ڕەفتاری نەرێنی نییە.

٦. لە پەیوەندییەکانیدا (هاوڕێیەتی، خێزانی، هاوسەرگیری) وەفادارە.

۷. لە ئەرکەکانیدا بەرپرسیارەو خۆگرە.

۸. سەربەست و ئامانجدارە؛ بە درووستی ئامانجەکانی هەڵدەبژێرێت و بێ‌کەمو کوڕیی ئامانجەکانی دەپێکێت.

۹. بوێرانە و لەسەرخۆ هەڵسوکەوت دەکات.

تایبەتمەندی کارامەیی زیرەکیی سۆزەکی لە پیاواندا:

۱. بەبڕشت، بڕوابەخۆبوو، هیوابەخشەو سەربەخۆیە.

۲. لە دەربڕینی هەستەکانیدا لێزانە.

۳. بە کارامەیی هەستەکانی دەردەبڕێت، بەجۆرێ کاریگەریی لەسەر بەرانبەر درووست دەکات.

٤. بەرانبەر ئەویندار و هاوسەرەکەی وەفادارە.

٥. بەرانبەر خزم و خوێش دڵسۆز و میهرەبانە.

٦. چاودێر و پاڵپشتی‌خوازە.

۷. خۆویست و لەخۆبایی نییە.

۸. هەست بە بەپرسیارێتی دەکات.

۹. گەر تووشی هەڵەیەک ببێت، خاکییەو داوای لێبووردن دەکات.

٭ زۆرێک لە توێژینەوە زانستییەکانی زانستگە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆئاواییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لەڕووی زیرەکیی سۆزەکییەوە ئافرەتان کارامەترن.