کــــــاوە کـــــــــێیــە؟

2020-03-21

محـەمـەد بـــەکر

ئاشکرایە کاوەی ئاسنگەر ڕەمزی ئازادی کوردانەو وەک سیمبولی ئازادی نەتەوەیی لەکۆنەستی کورددا جێگەی گرتووە... بۆیە سوپای تورک لەعەفرین یەکەم ڤیدۆ خستیانە بەر دیدەی جیهان شکاندنی پەیکەرەکەی کاوەبوو.

،،

وشەی کاوە لە مانادا واتە: "کاک" کە هەمان مانای وشەی "ئەفەندی" تورکی و "سەییدی" عەرەبی دەگەیەنێ.

ڕەگی مێژوویی وشەکە لە ئاڤێستادا "کاویە" لە پەهلەوی بە "کەی" هاتووە..کە پاشاکانی "ماد"ی باپیرانی کورد لەپێش ناوی خۆیان دایاندەنا...

بۆ نمونە

کەی خوسرەو       واتە خوسرەو شا

کەی قوباد             واتە قوباد شا

کەی کاوس            واتە کاوس شا

کەی بانو                واتە شاژن ،

لەفارسیدا بووە بە"شابانوو" لای شارەزایانی مێژوو ڕوونە هەر میللەتێک لە کۆندا نازناوێکی بۆ سەرۆک و پادشاکانی هەبووە...

بۆنمونە:

میسریەکان     فیرعەون

ئێرانیەکان        کیسرا

ڕۆمەکان          قەیسەر

تورکەکان        خان یان سوڵتان

عەرەبەکان      مەلیک یان خەلیفە

جا پادشاکانی کوردیش نازناوی "کەی" یان هەبووە کە هەمان کاوەیە بەمانای سەرۆک یان میرو پاشا ....لێرەوە خوێنەر تێدەگا کە کاوە کێیە.

جگە لەوەش لە ئاڤێستادا "کاوی" یان "کاڤی" کە زەردەشت گلەی زۆری لەدەست کردوون، هەر ئەو سەرۆک خێڵە کوردانەن، کە بونە هۆی سەرهەڵگرتنی زەردەشت، "کاوی" بەپێی هەندێک لێکدانەوە مانای "کێوی" دەگەیەنێ، ئەوەش مان هەر قبوڵە، دیسان کاوە هەر دەبێتەوە بە کورد.

چۆن؟

بەپێی چیرۆکی کاوەو زوحاک ئەو گەنجانەی کە لەدەستی زوحاک ڕزگاریان بووە دەچونە چیاکان و فیردەوسی شاعیری فارس دەڵێ کورد لەنەوەی ئەو لاوانەن...کەواتە کاوە دیسان دەبێتەوە کورد، دوژمنانی ئێمە کوردو چیایان هەمیشە پەیوەستکردووە بەیەکەوە و لە خەیاڵدانیانا نەیانتوانیووە وێنەی کورد بکەن بەبێ چیا، هەروەک چۆن قوتابیەکی سەرەتایی کورد نەیدەتوانی وێنەیەک بکێشێ ئەگەر بەشی سەرەوەی لاپەڕەکە بەوێنەی چیا نەنەخشێنێ.

( من لەکتێبی کوردو چیادا زۆرینەی ئەو چیرۆکانەم هێناوە ) کەواتە ئەگەر ئەو لێکدانەوەیەش ڕاست بێت کە " کاوی" ئاڤێستا واتای کێوی بدا ئەوا دیسان کاوە کوردەو ڕۆڵەی نیشتمانە شاخاویەکەی بووە...بیریشمان نەچێ سۆمەریەکان بەچیایان دەوت "کور" پاشگری "دی" گوزارشتە لەناسنامە واتە کاتێک دەڵێین "کوردی" واتە ئاماژەیە بە خەڵکێکی چیایی.. کەواتە دیسان کوردو کاوە هەر لەو ڕەگەزە دێرینەی چیاکانی زاگرۆسن کە ڕەگیان لە قوڵایی مێژوودایە.