چیرۆکی خولۆکە، چیرۆکی مەزنترین داهێنراوی میکانیکی

2020-03-25

لە عەرەبییەوە: نەوزاد عەلی فەتاح

خولۆکە، چەماوەیەکی داخراوە بەدەوری چەقەکەیدا دەخولێتەوە، ڕەنگە وەک ئامێرێکی ساکار بیبینین و بەداهێنانێکی زیرەکانەی ئەژمار نەکەین، لێ لەباری بەکارهێناندا داهێنراوێکی وردەکار و بەهادارە، کە کودەتایەکی گشتگیری بەرپاکردووە لە جیهانی ئامێر و ئامرازە جۆربەجۆرەکانی پێداویستی ژیانی ڕۆژانەدا.

پێدەچێت تەواوی داهێنانەکان، گەڕانەوەبن بۆهەندێک لەو ئەرک و کردارانەی کە لەسروشتدا ڕوودەدەن، چاو، زوومێکە بە قۆقزیی فراوان دەبێت و دەچێتەوەیەک، ئامێری وێنەگرتن "کامێرا"یش جگە لە لاسایی کردنەوەی ئەو چی دیکە نییە، لە جەستەماندا چەندین چەق و بەرزکەرەوە هەیە، وەک چۆن دەمارە بۆرییە ئاڵۆزەکان خوێنیان پێدا دەڕوات، ژمارەیەک زمانە، فەرمانڕەواییان دەکەن و ترومپایەکی بەهێزیان پێکهێناوە، ئەویش دڵە، کارەبایش لە سروشتدا لە شێوەی جۆراو جۆردایە، لەوانە ڕووناکیی، وزەی هەڵگیراو لە بەشەکانی هەندێ دروستکراوی دەریایی و جیاوازدا، وە تەزووە ڕێکوپێکەکانی کە نادیارن لە هەناودا، بۆ پاڵنانی ماسولکەکان بۆ بزاوتن، هەروەها دەبینین کە هەمووجۆرە کردارە کیمیاییەکان کە ڕوودەدەن لەسروشتدا، لە تۆزی کانزاکانی زەوییەوە دەستپێدەکەن، بۆ گۆڕانە خێراکان کە ڕوودەدەن لە ڕووەک و ئاژەڵاندا، هەروەها دەبینین کە گۆڕانە گەردیلەییەکان بەردەوام ڕوودەدەن لەسروشتدا، وەکئەوەی لە گڕکانە بەردەوامەکانی ئەستێرەکانی ئاسماندا هەیە، دەکرێت زۆرێک لە داهێنراوەکانی مرۆڤ، لاسایی کردنەوەی ئەوانەی پێشتر بن، کە هەبوون لەسروشتدا.

،،

بەڵام هەرگیز نابینیت خولۆکەیەک بووبێت بەدەوری چەقەکەیدا خولابێتەوە، بۆیە ئەم ئامێرە کە داهێنراوی مرۆڤە زیادکردنێکی میکانیکی بوو بۆ زانستە مرۆییەکان و پێشتر ئەو بیرۆکەیە نەبووە.

"دەکرێت خولۆکە بە تاکە داهێنراوی ڕەسەن دابنرێت کە بۆ هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، تاکە ئامێریشە کە بێوێنەیە لە سروشتدا".

کێ داهێنەری خولۆکە "تایە"یە؟

بەشێوەیەکی دیارییکراو کەس نازانێت، کێ داهێنەری خولۆکەیە؟ داهێنراوێکە پێ بەپێ لەماوەیەکی درێژدا، لە ئاکامی هەوڵی زۆرێک لە پیاوان و چەندین ڕۆشبیریی جیاجیا و ئەزموونگەلێکی دوورودرێژ هاتووەتە کایەوە، مەرج نییە، خولۆکە بورکانێک بووبێت لە هزری تاکە داهێنەرێکدا، بەڵکو لەمیانەی چەند سەدەیەک کاری زەحمەتکێشانەدا هاتووەتە ئاراوە، کە زۆرێک لە داهێنەرەکان پێی هەستاون، بووەتە هۆی خێراکردنی بزاوتی مرۆڤەکان و کارئاسانیی گواستنەوەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

خولۆکە، لە شارەکانی نزییک دەریای ناوەڕاست، لەزۆر جێگەدا و لەسەر شێوەی جۆراوجۆر سەریهەڵدا، ئەگەر بە پێوانەی سەرجەم مێژووی مرۆڤایەتیی بپێورێت، مێژوویەکی کۆنی نییە، خولۆکەی تەواوی سەرەتایی، لە زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر هاتووەتە ئاراوە، بەخێرایی لەگەڵ دروست بوونیدا بە هەموو کون و قوژبنێکی جیهانی کۆندا بڵاوبووەتەوە.

کاریگەریی خولۆکە لەسەر پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیا: چیرۆکی خولۆکە، لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر، بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی بۆ مرۆڤ، لە چەرخە کۆنەکاندا نمایش دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە کە مرۆڤی کۆن، نزیکەی ملیۆنێک ساڵ پێش ئێستا، دەستیکردبێت بە بەکارهێنانی ئامێرەکان، وە سەدان هەزار ساڵ بەر لە خولۆکە تێپەڕیوە، بەڵام ئەو پێشکەوتنە فراوانەیش جێی بایەخە، کە لەماوەیەکی کورتی ڕێژەییدا بەخۆوەی دیوە، داهێنانی خولۆکە، دادەنرێت بە شەش هەزار ساڵ، ئەوە پێشکەوتنێکی سەرنج ڕاکێشە، شەش هەزار ساڵ بەرانبەر ملیۆنێک ساڵ، بایەخی گەورەی خولۆکە دەردەخات، لەگەشەکردنی تەکنەلۆجی بۆ مرۆڤ لەو سەردەمە و بەردەوامیشە، لەنێو پاشماوەکانی ئاشوورییەکان و بابلییەکان و میسرییە کۆنەکاندا، خولۆکەی سەرەتایی دۆزراوەتەوە، ئەگەرهەیە کە خولۆکە لەهەمان کاتدا لەو وڵاتانەدا دۆزرابێتەوە، چونکە دەبێت لەوە دڵنیابین، کە خولۆکە داهێنراوێک نییە لە دونیای نوێدا.

کە ئیسپانییەکان لە چەرخی شانزەهەمدا، نیوەی گۆی زەوییان داگیرکرد، درکیان بەوەکرد کە شارستانییەتی سەرەتایی ئەمریکییەکان، بەشێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتوو بووە، بەڵام خولۆکەیان نەبوو.

هەنگاوی یەکەم لە داهێنانی خولۆکەدا:

ژمارەیەک لە زانایان لێکۆڵینەوەیان لەبنەماکانی تەکنۆلۆجیای مرۆیی ئەنجامدا، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بیرۆکەی یەکەم لەسەر خولۆکە، لە ئەنجامی سەرنجدانی جوڵە نیوەبازنەییەکانی جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵ هاتووەتە ئاراوە، وەک باسکەکان و لاقەکان و قۆڵەکان، تەنانەت کەلـلەسەریش، کە تا ئاستێکی دیاریکراو دەسوڕێنەوە، بەڵام توانای خولانەوەیەکی تەواویان نییە بەدەوری خۆیاندا، مرۆڤەکان لە کۆندا سەرنجی ئەوانەیان داوە و بۆ هەڵگرساندنی ئاگر بەکاریان هێناوە، کاتێک لوولەکێکی دارییان بە خێراییەکی زۆر خولاندووەتەوە، لەو کارەیاندا پەتێکیان بە لوولەکەکەدا پێچاوە و بەستوویانەتەوە بە کەوانەیەکەوە، کە بۆ پێش و دواوە جوڵەی کردووە، بەو جۆرە لوولەکەکە بە نیوەیی خولاوەتەوە، ئەوە بووە بە یەکەمین جووڵەی خولاوە کە مرۆڤ هەستی پێکردووە، بەڵام جووڵەیەکی تەواو بازنەیی نەبووە، هەر کە لوولەکەکە دەگەیشتە نیوەبازنەییەکە، بەپێچەوانەوە دەخولایەوە، ئەوە وایکرد هەوڵی بەدەستهێنانی ئامێرێک بدەن کە بەبەردەوامیی و بەبەهەمان ئاراستە بخولێتەوە. هەنگاوی یەکەم لەم پێناوەدا، داهێنانی دەرگایەکی چەندلا بوو، لەچەرخە بەراییەکاندا جیاکەرەوەیەکی کانزایی نەبووە، لەبەرئەوە دەرگاکان لەسەرەوە و خوارەوەی بە مێخ داکوتراون، کە لە کونەکانی چواردەوی خانووەکانیان جێگیریان کردوون، نموونەی ئەوانەیش لەپاشماوە دێریینەکانی ئاشوورییەکاندا بینراون، مێژووی هەندێکیان بۆ ٤٥٠٠ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە، وەک چۆن لەهەندێ ناوچەی قەراغ دەریای ئیجە و لەهەندێ خاکی ئەوروپای ناوەڕاستیشدا دۆزراونەتەوە، کە هەرهەموویان دەگەڕێنەوە بۆ هەمان سەردەم لە مێژووی کۆندا.

"ڕەنگە بیرۆکەی مێخی خولاوە لە کون و بۆشاییەکاندا، زۆر دوور نەبێت لەبیرۆکەی دروستکردنی خولۆکە".

خولۆکە سەرەتاییەکان: داهێنانی دەرگا، کە بکرێتەوە و دابخرێت، بوو بە فاکتەرێک بۆ داهێنانی خولۆکەی هەڵکۆڵراو، کە لەبنەڕەتدا پارچەبەردێکی خڕکراو بووە، بەشێکی جیای هەبووە لە چەقی خوارەوەیدا، خراوەتە سەر بۆشایی دەزگای میل، لە بەردێکی دیکەدا، وە هەرکات خولۆکەی هەڵکۆڵراو، یەکئاست بووبێت، بەچەوریی ئاژەڵ چەور کرابێت، زۆر بەئاسانی بەڕێوە براوە، بەوەیش خولۆکەی هەڵکۆڵراو یەکەمین ئامێرە کە خولانەوەی "بازنەیی بەردەوامی ڕاستەقینە"ی هێناوەتە کایەوە.

پاشماوەی ئەم جۆە لە ئامێری خولاوەی سەرەتایی لە کلتوری تەواوی شارستانییەتە کۆنەکانی جیهاندا دۆزراونەتەوە، کە یۆنانییە کۆنەکان و میسرییە کۆنەکان، چەندین جۆریان لەو خولۆکە هەڵکۆڵراوانە بەکارهێناوە. بەو پێیەی کە خولۆکەی هەڵکۆڵراو ناکرێت تایەی ڕاستەقینە بێت، بەڵکو تەنها شتێکە و بەدەوری چەقەکەیدا دەخولێتەوە، بەڵام ئەوە دوایین هەنگاوە لەسەر ڕێگەدا، وە هیچی نەمایەوە تەنها وەستانی نەبێت لەسەر قەراغەکەی و کونکردنێک لەناوەڕاستیدا، وە بەڕێوەبردنی لەسەر لوولەکێک یان ڕاگرێکی ئاسۆیی، وە لەساڵانی ٣٠٠٠و ٤٠٠٠ی پێش زایینیدا لەزۆر ناوچەی جیهانی کۆندا لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە ئەنجامدراوە، بەڵام دەبوو لەشوێنی خۆیدا پارێزگاری لە خولۆکە بکرێت، بەتایبەت ئەوکاتەی مێخی بەردین لەتەوەرێکی تەختەدار دابکوترێت، بۆ ئەوەی تایەکان لەتەوەرەکەی خۆی دەرنەچێت، خولۆکە سەرەتاییەکان لە تەختەدار دروستکراون، بەڵام یەکپارچە نەبوون.

لەو سەردەمەدا دەستکەوتنی پارچەتەختەی گەورە ئەستەم بووە، تا بتوانن بەشێوە بازنەیی بیانبڕن بۆ خولۆکە، ناچار کرێکارەکان پەنایان بردووە بۆ سێ پارچەی شێوە تایبەت، کە لەڕێگەی بزمارەوە پێکەوەیان لکاندوون و پارچەیەکی خڕیان لێ پیکهێناون، لەبەرئەوەی تەختەدار بەخێرایی دووچاری داخوران دەبێت، ناچاربوون بەرگێک بۆ دەرەوەی خولۆکەکان دروست بکەن، کە لەسەرەتادا لە پێست دروستکراوە و پاشان لە مس.

،،

مێژوونووسان ئاماژیان بۆ ئەوەکردووە، کە بارهەڵگرە سەرەتایەکان کە خولۆکەدار بوون، گالیسکە جەنگییەکان بوون، نزیکەی ٣٥٠٠ساڵ پێش زایینی، سۆمەرییەکان بۆ بەرگریی لەخۆیان بە بارهەڵگرە تەختەکانیان، بەرەو یاڵەکان ڕۆیشتوون

پێشبینیی شکستی هەر دوژمنێکیان کردووە کە بەنیاز بن زیانیان پێ بگەیەنن، هەرچەندە ئەوان ڕێگەیەکی نوێ و یەکلاکەرەوەیان بۆ جەنگ داهێنا، بەڵام هێزەکانیان زۆر درێژەی نەدەکێشا، کۆمەڵەکانی دیکە دەستیانکرد بە دروستکردنی جۆرە گالیسکەیەک کە ئەسپەکانیان ڕایاندەکێشا، بەو شێوەیە سیستمێکی نوێی هێرش کردنیان بە گالیسکە پەیڕەو کرد، ئیدی ژیانی ساکاری جیهانی دێرین بەخێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا هات، سوپا دەیانتوانی لەڕێگەی گالیسکەوە گواستنەوەکانیان ئەنجام بدەن و لەڕووبەری فراوانتردا فەرمانڕەوایی بکەن و زەوی دوژمنەکانیان بکەن بە خاکی سەرکەوتووەکان. زۆرێک لە داهێنراوانی مێژووی مرۆڤایەتیی، بەکارهێنراوە جەنگییەکانیان تێدایە، کە زۆرترینیان لە سەردەمی ئاشتییدا سودیان لێوەرگیراوە، گالیسکەی خولۆکەدار بۆ جووتیاران سوود و بایەخی زۆریان هەبوو، هەروەها بەخێرایی زەوی هەڵدڕەکان "گاسن"ە سەرەتاییەکان، بەشێوەی گالیسکە سووک و ئاسان گاکان ڕایاندەکێشان، گالیسکەی جووتیاران تەواو ساکار بوون، بەڵام هاوکارێکی باشیان بوون بۆ بنیاتنانی شارە نوێکانیان، هەروەها کارئاسانییەکی باش بوو بۆ گواستنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان، کە گوندەکانیان کردە ناوەندی بازاڕکردنیان، ئیدی بەخێرایی ئەو بازاڕانە بوون بە ناوەندی بازرگانییکردن بۆ تەواوی کاڵا و بەرهەمە جۆراوجۆرەکان، کە بوون بە سەرچاوەی گەشەکردنی شارەکان، وە هەر لەو ناوەندانەدا هاوکات لەتەک بازرگانییکردن بیروڕا گۆڕینەوەیش ئەنجام دەدرا، وە هەر ئەو جیهانە بچووکە بوو، کە بە ٦٠٠٠ساڵ پێش زاینیی دادەنرێت، بەهەموو ئاراستەکاندا گەشە و فراوانبوونی بەخۆیەوە بینی و گەیشتووە بەم جیهانەی ئێستا، وەهەروەها کۆچکردن لە جێگەیەکەوە بۆ شوێنێکی دیکە سووک و ئاسان بوو، وە هەرکات خێڵێک ئارەزووی گواستنەوەیان بۆ زەوییەکی دوورتر کردبێت، توانیویان پێداویستییەکانیان بەگالیسکەکانیان بگوازنەوە، وە ئەو گایانەی بۆ جووت و کاری کشتوکاڵ بەکاریان دەهێنان هۆکاریک بوون بۆ ڕاکێشانی گالیسکەکان و خەڵکیی بە ئومێدەوە ڕوویان لەو زەوییە نوێیانە دەکرد کە هەڵیان دەبژارد.

گرنگترین داهێنراوی میکانیکی:

دەکرێت بگوترێت گەشەکردنی تەکنۆلۆجیای نوێ سەرەتا لە خولۆکەوە دەستی پێکردووە، یاخود بەشێوەیەک لە شێوەکان پشت بەستووە بە خولۆکە، بۆ زۆرێک لە ئامێرەکان خولۆکە بەکاردەهێنرێت، یان بە هاوکاریی ئامێری دیکە دروست دەکرێن کە خولۆکەیان تێدا بەکارهاتووە، ئامێری چاپ کەتەواوی نووسراوەکان دەخاتەڕوو، ژمارەیەک خولۆکە بۆ هەڵسوڕاندنی بەکار هاتووە، کاتژمێرەکان کە چەند چەرخەیەکی هەمەجۆریان تێدایە، هەموویان خولۆکەن، ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەهۆی سووڕانەوەی دەزگایەکی بە تێل پێچراوەی شێوە خولۆکەیی تەزووی کارەبامان پێ دەبەخشێت، ئوتۆمبێلەکان کە ڕێگە درێژەکان دەبڕن، لەسەر چەند خولۆکە "تایە"یەک دەڕۆن، تەنانەت کەشتییەکان لە چەندنین خولۆکەی جۆراوجۆر پێکدێت، سەرئەنجام بەکارهێانی خولۆکە سنووردار نییە.

هەرچەند ئەو ئامێرانەی کە خولۆکەیان تێدا بەکار دەهێنرێت ئاڵۆز و وردەکار بێت، شێوەی خولۆکە ناگۆڕێت، هەمیشە تەنێکی شێوە بازنەییە، کە سەربەستانە بە دەوری چەقەکەیدا دەخولێتەوە...

نووسینی "د. عبداللطیف ابو السعود سەرچاوە گۆڤاری "العربي" کووەیتیی ژمارە "٢٤٤" ئادار ی١٩٧٩.