پڕۆژەی تەواونەبووی ڕزگاریی

2020-03-25

نائۆمی كلاین

و. لە ئەڵمانییەوە: هێرۆ خوسرەوی


من لەو باوەڕەدام کە دەبێت خەڵک پلان بۆ شۆڕشێکی ڕادیکاڵی بەهاکان دابنێت، ئەگەر بەئاراستەى دروستی شۆڕشی جیهانی دابێت. دەبێت خێرا بەوە دەست پێبکەین لەکۆمەڵگایەکی بەکاڵاییکراو بۆ کۆمەڵگایەکی مرۆیی بچین. ئەگەر مەکینەکان و کۆمپیوتەرەکان، پاڵنەرەکانی قازانج و مافی خاوەندارێتیی بەگرنگتر دانران لە مافی مرۆڤ، ئیتر ناکرێت بەئاسانی سیانەی  مەترسیداری وەهمی ڕەگەزیی، مادەپەرستیی توندڕەو و میلیتاریزم ببەزێنرێن. (مارتین لوسەر کینگ)

 

زۆرێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گەورەکان نەیانتوانیوە لە بەدیهێنانی هەر بەشێکی ڤێرژنەکەیان سەرکەوتووبن، کە لەڕاستیدا تێچوویەکی زۆریان دەبێت، كە دەكرێت وەك هۆكارێك بۆ ناكاریی یاخود تەنانەت بێهوایی ببینرێت. ئەگەر لەبونیادنانی سیستەمێکی یەكسانی ئابووریی سەرکەوتوونەبوون، چۆن دەتوانن هیوای سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەكانی گۆڕانی کەش و هەوا بخوازن؟

بەڵام دەکرێت لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بكرێت: داواکارییە ئابوورییەکان، پێداویستییە سەرەکییە گشتییەکان، خانووبەرە و دابەشکردنەوەی زەوی ئەرکی بەهێزو گرنگی بزووتنەوەى ئازادیخوازانە بووە، لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا، هەر لە بزووتنەوەى مەدەنیی ئەفریقیی-ئەمریکاییەکانەوە بەرەو فیمینیزم و تا خەبات بۆ سەربەخۆیی  خەڵكانی ڕەسەن و لۆكاڵیی [ئە خەڵکانەی کە لەوڵاتێک لەدایکدەبن و گەورە دەبن، بەڵام لەڕووی هۆکاری کولتووری یان ڕەگەزییەوە لە خەلکی ئەو شوێنە جیادەکرێنەوە-وەرگێڕ]. سەرمایەگوزاریی گەورەى جیهانیی پێویستە بەگەڕ بخرێت بۆ تەواوی جیهان بۆ وەڵامدانەوەى هەڕەشەكانی گۆڕانی كەش و هەوا – بۆ گرتنەبەری ڕێگایەكی مرۆییانە و دادگەرانە بەرانبەر بەو ئەركە قورسەى پێشتر باسمانكردووە، و لەپێناوی گۆڕینی ئەو مەترسییە لەڕاستیدا كارەساتبارەى پێشتر ڕامانگەیاندووە و هێشتاش كات هەیە كە دەتوانین خۆمانی لێ بپارێزین – ئەمەش شانس و بەختێكە بۆ هەمووان و دەبێت لە كاتی دروستی خۆیدا ئەنجام بدرێت. دەکرێت ئەو پارە بەگەڕخراوە ببێتە مایەی دابەشکردنەوەی یەکسانی زەوییە کشتوکاڵییەكان، كە دەبوو بەدوای سەربەخۆیی لە حوكمڕانیی كۆڵۆنیالیی و دەسەڵاتی دیكتاتۆرییەتی بێت. ئیتر دەتوانن هەلی کارو شوێنی کار و ماڵ و شوێن بۆ مانەوە بخوڵقێنن، کە هەمان خەونی مارتین لوسەر کینگ [من خەونێکم هەیە، ناوی ئەو وتارە کاریگەرەی مارتین لوسەر کینگە کە لە 29ی 8ی 1963 بۆ ڕزگاریی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئەمریکا بەتایبەت ئەفریقیی-ئەمریکییەکان خوێندییەوە] بوون. و لەکۆتایدا دەکرێت لە هەموو شارۆچكەكانی (تاونشیپ) باشووری ئەفریقا ڕووناک بکرێنەوە و بۆڕی ئاوی خواردنەوە لێبدرێت. ئەمە بەڵێنی پلان و پڕۆژەى مارشاڵە بۆ زەوی.

ئەو ڕاستییەى كە پاڵەوانخوازانەترین بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە دادپەروەرەكانمان بەرەى یاسامان بردەوە، بەڵام لە بەردەم ئابوورییدا بەسەختی زەرەرمەندبووین، كتومت بەو هۆیەوەیە کە بۆچی جیهان بەشێوەیەكی بنچینەیی هێندە نایەكسان و نادادپەروەرە و بەمجۆرە ماوەتەوە.  ئەم دۆڕاندنانە [لەبەردەم ئابوورییدا] میراتێكی بەردەوامیی جیاكاریی، جوت ئەخلاقیی (دەبڵ مۆڕاڵ)، هەژاریی چەقبەستووی بەجێهێشت. هەژارییەک کە بەهەر قەیرانێکی نوێ قوڵتر دەبێتەوە. لەهەمانکاتدا خەباتە ئابوورییەكان كە ئەم بزووتنەوانە بردییانەوە، هۆكاری ئەوەن ئێمە هێشتا كۆمەڵە دامەزراوەیەكمان ماون – هەر لە كتێبخانەكانەوە بۆ گواستنەوەى گشتیی و نەخۆشخانە گشتییەكان -، کە لەسەر بنەمای ئایدیایەكی بەهێز و ئازایانە دامەزراون كە یەکسانیی ڕاستەقینە واتا گەیشتن بەو خزمەتگوزارییە سەرەكییانەى ژیانێكی شایستە و شكۆمەند دەڕەخسێنن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، هەموو ئەو بزووتنەوانەى پێشوو لە فۆڕمێکدا یان فۆرمێکی دیکەدا ئەمڕۆ خەبات لەپێناوی جێبەجێکردن و سەپاندنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی بەبێ جیاکاری ئەتنیکیی، ڕەگەزیی و ئاڕاستەی سێکسوالی؛ لەكۆڵۆنیالیخستن (نەهێشتنی هەمیشەیی کاریگەریەکانی دوای کۆلۆنیالیزم) و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان؛ بۆ ئاساییشی خۆراک و پاراستنی مافی جووتیارەکان، لەدژی دەسەڵاتی ئۆلیگارشەکان (خاوەن خێڵ و عەشیرەتەکان کەجۆرێک لەدەرەبەگایەتییان هەیە)، و بۆ بەرگریکردن و زیاترکردنی کەرتی گشتییدا دەكەن.

لەبەرئەوە گۆڕانی کەش و هەوا پێویستی بە بزووتنەوەیەكی پڕشنگداری تازە نییە، کە بەشێوەیەکی جادووئاسا لەو شوێنەى بزووتنەوەكانی دیكە شكست دەهێنن، ئەو سەركەوتن بەدەست بهێنێت. لەکاتێکدا ئەو قەیرانە بەرفراوانە بەرەو بەجیهانییبوون دەڕوات، دەکرێت گۆڕانی کەش و هەوا هێزێکی پاڵنەر بێت بۆ یەکخستنەوەی هەموو ئەو بزووتنەوە زیندوانەی تا ئێستا هەن. وەک شەپۆلێکی خێرای ڕۆیشتنی ئاو لە ژمارەیەکی زۆر لە جۆگەلەکانەوە و گەیشتنیان بە دەریا. فرانتز فانۆن لە ساڵی ١٩٦١ لەشاکارەكەیدا بەناوی "نەفرەتلێکراوانی سەر زەوی" دەنووسێت: "ڕووبەڕووبوونەوە بنچینەییەكان كە پێدەچێت ببێتە كۆڵۆنیالیزم لەبەرانبەر دژە-كۆڵۆنیالیزم، یا تەنانەت کاپیتالیزم لەبەرانبەر سۆسیالیزمدا، مانایەکی گرنگیان نەماوە. ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا گرنگە و ئاسۆی لێزەوت کردوین، زەرورەتی دووبارەدابشکردنەوەی سامانە. مرۆڤایەتیی بەهەر نرخێك بێت دەبێت دووبارە ئەم پرسیارە زەق بكاتەوە". گۆڕانی کەش و هەوا چانسی ئێمەیە بۆ ڕاستکردنەوەی باری نالەباری ناجێگیر و دواجار تەکمیلەکردنی ئەرکی بێکۆتایی ڕزگاریی.

بەدڵنیاییەوە بردنەوەی ئەم جەنگە بەرەو نزیکبوونەوەیەکی نێوان ئەو بزووتنەوانە هەنگاو دەنێت کە پێشتر بەنەناسراوی مابوونەوە. لەڕاستیدا هاوشێوەیەکی(ئەنالۆگی) مێژوویی بۆ خستنەتەنگەژەوە نەبووە، وەک ئەم گۆڕانی کەش و هەوایەی لەبەردەمماندا وەستاوە، بەڵام دەتوانین لە بزووتنەوە وەرچەرخێنەرەكانی ڕابردووەوە فێرببین. یەكێك لەمجۆرە وانانە ئەوەیە، کە كاتێك گۆڕانكاریی و وەرچەرخانە سەرەكییەكانی ناو باڵانسی ئابووریی دەسەڵات ڕوودەدەن، ئەوا هەمیشە دەرئەنجامی بەهێزی سەروئاسایی مۆبیلیزەکردن(ڕێکخستن) دێنەئاراوە. لەم ساتە هەستیارانەدا ناڕەزایەتیی و چالاكیی ئیتر تەنها مەسەلەی بەشێکی بچووکی ناو کولتوورێک، ئاڤانگاردە ڕادیکاڵەکان یان گروپێکی لێکۆلەرەوانی پسپۆڕان نین (ئەگەرچی ئەوانیش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرن). بەڵکو ناڕەزاییەکان زیاتر دەبنە تەواو چالاکییەکی نۆرماڵی تەواوی کۆمەڵگان، وەکو کۆمەڵەی کرێچییان و رێکخراوانی خێرخوازی، کۆمەڵەی باخەوانان و دراوسێیان، سەندیکاکانی کرێکاران و گروپە پیشەییەکان، گروپە وەرزشییەکان، کۆمەڵەی گەنجان و هەتا دوایی. لە ساتە مێژووییە هەستیارەكاندا، لە میانەى هەردوو جەنگی جیهانی، لەدوای قەیرانی ئابووریی گەورە (Great Depression) یان لە بەرزترین ئاستی بزووتنەوەى مافی بەهاوڵاتیبووندا جیاوازی نێوان چەمکی "چالاکوانان- ئەکتیڤیستان" و "خەڵكی ئاسایی" بێمانا بووە، چونکە گۆڕانی کۆمەڵگا بەتەواوی چووەتە ناو ژیانی ڕۆژانەوە. هەمووان بەسانایی بوونەتە چالاکوان.

ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە سەر خاڵی دەستپێکمان: گۆڕانی کەش و هەوا و خراپ پێوانەکردنی کات. نابێت شتێک لەبیربکەین: سەرەکیترین هۆکار کە ڕێگری لە مرۆڤ دەکات بە هێزی کردەییەوە کاردانەوەی هەبێت لەسەر قەیرانی کەش و هەوا، ئەوە نییە كە زۆر درەنگ بووە یان ئەوەی کە نەمانزانیوە دەبێت چی بکەین. ئێمە کاتی تەواومان هەیە و هیچ کەمییەکی تەکنیکی ئۆکۆلۆژی (ئۆکۆتێکنیک) و پلانێکی سەوز (ژینگەدۆست)مان نییە. و بەڵام هۆكاری ئەوەى زۆرێكمان كەوتووینەتە كەڵكەڵەى ئەوەى وەڵامی پرسیارە جوڵێنەر و ورژێنەرەكەى باد ڤێرنەر بەشێوەیەكی ئەرێنیی و بەڵێ بدەینەوە ئەوەیە كە دەترسین – ترسەكەشمان هۆیەكی گونجاوی هەیە – كە چینە سیاسییەكەمان بەتەواویی بێتوانایە لە بەكارهێنانی ئامرازەكان و سەپاندنی ئەم پلان و بەرنامانە، چونکە بۆ ئەمانە دەبێت واز لە هەموو پرەنسیپە سەرەکییە بۆگەنەکانی ئایدۆلۆژیای بازاڕی ئازاد بهێنێت، کە هەل و مەرجی لەبار بۆ بەدەستهێنانی هێزیان بۆ دەخوڵقێنێت.

و بەڵام ئەمە تەنها پەیوەندیی بەو کەسانەوە نییە کە ئێمە بۆ پۆستێکی سیاسی هەڵیان دەبژێرین و دواتر دەتوانین گازاندەیان لێبکەین، بەڵكو ئەمە پەیوەندیی بەخۆمانەوە هەیە. بۆ زۆرێكمان كە لە كۆمەڵگا پاش پیشەسازییەكاندا دەژین، كاتێك سەیری ڤیدیۆی ڕەش و سپی پڕ لە خشەخشی مانگرتنە گشتییەكانی دەیەى 1930، باخەكانی سەركەوتن (Victory Gardens) لە دەیەى 1940 و فریدەم ڕایدس (سوارچاكانی ئازادیی) لە دەیەى 1960دا دەكەین، هەروا بە ئاسانیی ناتوانین وێنای هیچجۆرە ڕێكخستن و مۆبیلیزەكردنێك بەم چەشنە قوڵیی و فراوانییە بكەین. ئەم مۆبیلیزەکردنە شتێكی گونجاو بوو بۆ خەڵکی جاران نەک ئێمە، ئێمەیەک کە بەردەوام بە سمارتفۆنەکانمانەوە داڵغەدەمانباتەوە، مەوداکانی سەرنجی ئێمە بە یەک کلیک لێدان دەپچرێنرێت، کە بەهۆی قەرزەکان و نادڵنیایی لە شوێنی کارمان دڵسۆزیی و وەفاداری لێكدەترازێن. لەکوێ ئیتر دەبێت ئێمە خۆمان ڕێکبخەین؟ دەتوانین متمانە بەکێ بکەین، کە ڕابەرایەتییمان بكەن؟ دوای هەموو ئەمانە، "ئێمە" كێیە؟

بەدەربڕینێکی دیكە، ئێمە بەرهەمی ئەم سەردەمەی خۆمانین و بەرهەمی پڕۆژەیەکی ئایدۆلۆژیین، کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو شتێکدا  دەسەپێنێت. پڕۆژەیەک کە بەزۆرداری فێری کردووین، ئێمە هیچ شتێکی دیكە نین جگە لە تاکە بوونەوەرێکی خۆویست، کە تەنیا دەیەوێت بەرژەوەندییە سنوردارەکەی خۆی زۆربکات، لە کاتێکدا بەشێوەیەكی توندڕەوانە زۆرێك لە ئێمەیان فڕێداوەتە كۆمۆنیتییە دەرەكییەكانەوە، كە خەڵكە خاوەن توانا و لێهاتووەكانی توانای چارسەركردنی زۆربەى كێشە گەورە و بچووكەكانی هەیە. هەر ئەم پڕۆژەیەش بەرەو ئەوە ڕۆیشت کە حکومەتەکانمان زیاتر لە ٢٠ ساڵ بەبێ هیچ هاوکارییەک بمێننەوە، کە چۆن قەیرانی کەش و هەوا بۆتە کێشەی نەوەکانمان و ئەمڕۆ لەدەرگاکانمان دەدات.

هەموو ئەمانە هۆکارێکن، کە هەرهەوڵێک بۆ پێشگرتن بە گەرمبوونی زەوی بێ بەرهەم دەبێت، ئەگەر هەوڵەکە وەک بەشێک لە مشتومڕێکی گەورە بۆ بەجیهانیبوون دەرك نەكرێت، وەک پڕۆسەیەکی دوبارەداڕشتنەوە و دوبارە دۆزینەوەی کۆلەکتیڤ، کۆمیونیتی، پێکەوەیی، کۆمەڵگای شارستانیی و مافی هاووڵاتیان، و ئەو شوێنانەی کە ساڵانێکی زۆر لەژێر هێرشدا بوون و فەرامۆشکراون. زەقترین شت لە قەیرانی کەش و هەوادا ئەوەیە کە بۆ تێپەڕین لێی دەبێت لەهەمانکاتدا ڕێسایەکی زۆر بشکێندرێن، ئەو ڕێسایانەی کە لەناو یاسا نەتەوەییەکان و بەیاننامەی مامەڵە ئەنتەرناسیۆنالییەکاندا دێن و دەچن، و هەروەها ڕێسا بەهێزەکان و نەنوسراوەکان، کە بەو ڕێسایانەوە حکومەتەکان دەیانەوێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، هیچ باجێک بەرز نەکەنەوە و سەرمایەگوزاری ڕەتنەكەنەوە، و ئەمەش وادەكات دەرئەنجامەکانیان وێرانکەربن. و بەدڵنیاییەوە هەر حکومەتێک کە هێدی هێدی پلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر بەشێک لە ئابووریمان دابنێت، و ئێمە بخاتە مەترسییەوە، دەبێت سزا بدرێت.

هەموو ئەو ڕێسایانە لە هەمان جیهانبینییەوە سەرچاوەدەگرن. ئەگەر جارێک شەرعییەت لەو جیهانبینییە بسەندرێتەوە، ئەوا ڕێساکانیش هێزی خۆیان لەدەست دەدەن و ئاسان هێرشیان دەکرێتەسەر. ئەمە وانەیەکی دیكەیە کە ئێمە دەکرێت لە مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی یەکخستنەوە فێربین: گۆڕانێکی بنچینەیی هەنگاو بە هەنگاو ڕوونادات، یان بە چەند هەنگاوێکی هاوشێوەیی دەساڵ لەمەوپێش لێرەو لەوێ، بەڵکو بەشەپۆلێکی خێرای یاسادانانەوە، کە سەرکەوتن(تێکشکاندنی یاساکانی پێشتر) دوای سەرکەوتن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ڕاستڕەوەکان ئەمە ناودەنێن "شۆک تێراپی" (چارەسەر لەڕێگای شۆكەوە)، چەپەکان ئەمە ناودەنێن "پۆپۆلیزم"، چونکە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری پاڵپشتی لەلایەن هاووڵاتییان و مۆبیلیزەکردنێکی گەورەوە دەبێت. (بیر لە تەلارسازییەكی ڕێسامەند بكەنەوە كە لەنێو سەردەمی نیو دیەڵدا دەردەكەوێت یاخود لەم ڕووەوە، بیر لە بەیاساییكردنی ژینگەیی دەیەى 1960 و 1970 بكەنەوە).

کەواتە چۆن دەکرێت جیهانبینییەک، ئایدۆلۆژییەکی دژایەتی نەكراو بگۆردرێت؟ بەشێك لەمەش هەڵبژاردنی سیاسەتی سەرەتای دروستە – واتا ئەو گۆڕانەى تەنها نایەوێت یاساكان بگۆڕێت، بەڵكو هەروەها شێوازەكانی بیركردنەوەش دەگۆڕێت. ئەمە بەو مانایە دێت، بۆ نمونە کەمپەینێک بۆ کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی دوانەئۆکسیدی کاربۆن كە لە دۆخێکدا کەمتر کاریگەری دەبێت لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گەورە (لە پەرلەمان)، کە داوای لانی كەمی دەرامەتی گەرەنتیكراو دەکات. و هەڵبەت ئەمە تەنها لەبەر ئەوە نییە کە ئەم شێوە کەمترین دەرامەتە دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت کارێک لە پیسترین شوێنیدا ڕەتبەکەنەوە بەڵکو هەروەها هەمان پرۆسەى مشتومڕكردن لەسەر تۆڕی ئاساییشی كۆمەڵایەتیی گەردوونیی فەزا و كەشێك بۆ دیبەیتێكی دەوڵەمەند و فراوان لەسەر بەهاكان، بۆ گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە، کە ئێمە وەک مرۆڤ چی قەرزاری یەکترین و چ شتێک بەیەکەوە بۆمان زیاتر بە بەهاتر و گرنگترە لە بوژانەوەی ئابووریی و قازانجی کۆمپانیاکان.

لەڕاستیدا بەشێکی گەورەی کارکردن بۆ گۆڕانکاریی قوڵی کۆمەڵایەتی شمولی دێبەیتەکانیش دەكات، کە لەناویاندا حیكایەتە تازەکان جێگەی کۆنەکان، ئەوانەی ئێمەیان نائومێد کرد، دەگرنەوە. چونکە ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئومێدمان هەبێت بۆ هەنگاونانێکی شارستانی، کە دە ساڵانێکی چارەنوسسازی دەوێت، ئێمە دەبێت هەر وەکو پێشوو باوەڕ بەوە بهێنین، کە مرۆڤایەتیی خۆپەرست و چاوچنۆکی بێهیوا نییە – واتا ئەو وێنەیەى بە هەموو هێزی خۆیان هەر لە ڕیالیتی شۆوەکانیانەوە بگرە تا زانایانی ئابووریی نیۆکلاسیکەکانیان دەیانەوێت دروستی بكەن.

بەشێوەیەکی پارادۆکس، ئەمە هەروەها تێگەیشتنێكی باشترمان لەسەر ناچالاكیی و پاسیڤیی شەخسیمان بەرانبەر بە گۆڕانی كەش و هەوا پێدەدات، هەروەها ڕێگامان پێدەدات سەیری هەڵە و شكستەكانی ڕابردوو (و ئێستا)مان بەجۆش و خرۆش و حەماسەتەوە بكەین نەك ئەوەى بڕیاری هەڵەشانە بدەین. لەوانەیە هۆکارەکە ئەوە نەبێت کە زۆرێک لە ئێمە ناچالاك دەمێننەوە، و بەهیچ جۆرێک ئەوە نەبێت کە ئێمە زۆر خۆپەرست بین بۆ خەمخواردن لە کێشەیەکی ئەبستراکتی و دوورمەودا. لەوانەیە بۆ ئەوە بێت ئێمە بەم چەشنە هیچ مامەڵەیەک ناکەین، چونکە ئێمە زۆر بەقوڵیی لەلایەن نیگەرانییەکانمانەوە گرفتارکراوین؟ ناکرێت لەبەرئەوە بێت، کە ئێمە بۆیە بە ئارامی ڕەفتاردەکەین، چونکە بەشێك لە ئێمە لە بارودۆخەکە ڕازییە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئێمە فەزای دەستەجەمعیمان نییە، كە دەكرێت تیایدا ڕووبەڕووی تیرۆری سەرەتایی لەناوبردنی ژینگە ببینەوە؟ کۆتایی جیهان بەو شێوەیەی دەیزانین، شتێك نییە هەموو كەس بتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە و ئەزموونی بكات. وەك سۆسیۆلۆژیست  کاری نۆرگارد بەم شێوەیە مەبەستییەتی لە کتێبەکەیدا بەناوی ژیان لەنکوڵیکردندا(Living in Denial)، لێکۆلینەوەیەکی سەرنجڕاکێش لەسەر ئەم بابەتە، باسی بكات، ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک واقیعییەتی قەیرانی کەش و هەوا دەخەنە ئەولاوە: "دەتوانرێت و دەکرێت نکوڵیکردن بەپێی بڕوای من وەک بڕوانامەیەک دەرك بكرێت، کە ئێمە وەک مرۆڤ توانای هاوسۆزیی و هاودەردیمان هەیە و هەست بە بەرپرسیارێتیی زەرورەتی ئەخلاقیی دەکەین، تەنانەت ئەگەر لەمەدا شكستیش بهێنین".

بەشێوەیەكی بنچینەیی، ئەركەكە بریتییە نەك لە تەنها دانانی ئاڵتەرناتیڤێك بۆ پێشنیارە سیاسییەكان بەڵكو جیهانبینییەكی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پەلاماردنی دڵی قیەرانی ئیكۆلۆژیی – كە لە وابەستەبوون بەیەكتر نەك تاكگەرایی موتڵەق، پێكەوەیی نەك باڵادەستیی، هاریكاریی نەك قوچەكیی (هیرارشیی)دا ڕەنگدەداتەوە. ئەمە هەلومەرجی سەرەکییە بۆ بونیادنانی ڕووبەرێکی سیاسیی، کە کەمبوونەوەیەکی بنچینەیی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەستەبەر بکات، هەروەکو چۆن بۆ بەرەنگاریی کارەساتەکان، کە لەم نێوەندەدا ڕێگەیان لێناگرترێت. لەبەرئەوەى ئیتر لە داهاتوویەکی گەرم و زریاناویدا، کە بەهۆی ئەو دەردانەی گازەکان بۆ ناو هەواوە دروستبووە، شتانێکی وەک باوەڕێکی نەهەژێنراو بە یەکسانیی نێوان هەموو مرۆڤەکان و توانایی بۆ هاوسۆزییەکی قوڵ تاکەشتێکن کە شارستانییەتمان لە رۆچوون بۆ نێو بەربەریزم دەپارێزێت.

و ئەمەش وانەیەکی دیكەى بزووتنەوە وەرچەرخێنەرەكانی ڕابردووە: هەمووان لەوە تێگەیشتبوون، كە پرۆسەی گۆڕانی بەها كولتوورییەكان واتایەکی سەنتراڵی بۆ کاری ئەوان هەبووە، هەرچەند ئەگەر لەوانەیە ئەم گۆڕانە سەخت بەردەست بێت و سەخت ئەژماربکرێت. و بەم چەشنە خەونیان لە بواری گشتیدا دەبینی، مرۆڤایەتییان بە جۆرێکی باشتر نیشان دا و لەگەڵ ڕەفتارەکانیان بەهای دیكەیان بەدی هێنا، لەگەڵیشیدا بیرۆکەی خەیاڵی سیاسییان ڕزگار دەکرد و بەو پێیەی بۆیان کرا وێناکردنی شتەکانیشیان گۆڕی. و هەوڵیان نەدا ڕێگر بن لە خزمەتکردنی زمانی ئەخلاقیی، کە پێدەچوو ئارگومێنتی پراگماتیکی تێچوون و بەکارهێنان بخەنە لایەکی دیکەوە و لەبری ئەوە دەربارەى دروست و هەڵە، و دەربارەى عەشق و تووڕەیی بدوێن.

ئادەم سمیث لە بەرهەمەكەیدا بە ناوی "سامانی گەلان" ئارگومێنتێکی دژی کۆیلایەتی هێناوەتەوە، کە پەیوەندییەکی کەمی بە ئەخلاقەوە هەبووە و پەیوەندییەکی زۆریشی بە دەرامەتی بنەڕەتییەوە (bottom line) هەیە. بەم چەشنە سمیث ڕوونیدەکاتەوە، كە کاری کرێکاری کرێگرتە "لەکۆتاییدا زۆر هەرزانترە لە کاری کۆیلەکان": نەک تەنها خاوەن کۆیلەکان دەبوایە تێچوونێکی زۆر لە سامانەکەیان بۆ خاوەندارێتیكردنیان بەسەر مرۆڤەكانەوە بدەن، بەڵكو، وەك سمیث دەڵێت، کرێکاری کرێگرتە پاڵنەرێكی گەورەتریان هەیە خۆیان لەسەر کاری قورستر ڕابهێنن. زۆرێك لەوانەى لە هەردوو بەرەى وڵاتانی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی كە بانگەشە بۆ نەهێشتنی كۆیلایەتیی دەكەن، ئەم ئەرگومێنتانەى سمیث بە ئەرگومێنتی پراگماتیكی و گونجاو دەزانن.

لەگەڵ ئەمانەشدا لەکۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا لە بەریتانیا فشاری هەڵگرتنی بازرگانیی کۆیەلایەتیی (و دواتر خودی کۆیلایەتییش) هەڵکشا، بەشێکی گەورەی بزووتنەوەكانی دژە ئەخلاقیاتی هەجوئامێزی و جیهانبینییە وێرانكەرەكەیان، کە لەگەڵ یەکتردا دەڕۆیشتن، بەرجەستەکردەوە. تۆماس كلاركسن، یەكێك لە دژایەتیكەرانی كۆیلایەتیی لە بریتانیا، لە ساڵی 1808دا لەبارەی بازرگانیی کۆیلایەتیی وەک "ناكۆكییەك لەنێوان ئەوانەى بەقوڵیی هەستیان بە بەختەوەریی و شانازیی یاوەرانییان و لەنێوان ئەوانەى بەهۆى عادەتە خراپەكارییەكان و پاڵنەری چاوچنۆكییەكانیانەوە، مافە پیرۆزەكانی سروشتیان ژێرپێ خستبوو، و تەنانەت هەموو ناوونیشانەكانی وێنەی یەزدانیان لە زەینی خۆیان سڕیبووەوە" وەسف دەكات.

ڕیتۆریک و ئارگومێنتەکانی بزوتنەوەی ڕەتکەرەوانی کۆیلایەتیی لە ئەمریكا تەنانەت دەیانتوانی بەهێزتر، عیناد و سازشنەکەرتر بن. لە گوتارێکی ساڵی ١٨٥٣  ڕەتكرەوەی بەناوبانگی کۆیلایەتیی وێندێل فیلیپس جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە ڕسواکردنی ئەو کەسانەی بەرگریکاری کۆیلایەتین بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ شتێک، مافێكی ڕەوایە. "بۆم بسەلمێنن، کە قسەی ڕەقی چەقبەستوو، تۆمەتبارکردنی توڕەئاسا، تانەی بڕندە و بەهێز، گاڵتەپێکردنێکی بێ هەستانە بەتەواویی و هەمیشە پاساویان بۆ ناهێنرێتەوە، بەمە دەمانەوێت خۆمان لەحاڵەتێکی زۆر بەپەلەدا لەهەموو ئەو چەکەکانە ڕزگاربکەین، کە هەر توێژێکی پێشبڕیاری گەمژەیی دەکەنەوە، ویژدانێکی خەواڵوو خەبەردەکەنەوە، شەرمەزاربوون لە گوناهبارێکی مەغرور یان بە هەرجۆرێک ڕەفتاری مرۆڤێکیان گۆڕیبێت. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کاریگەرییمان هەبێت لەسەر ڕای گشتی". و بۆ ئەم ئامانجە دەنگی کۆیلە ئازادکراوەکان بەهەموو شێوەیەک پێویست بوو، دەنگەکانی وەک فرێدریک دۆگلاس، کە بە نوسین و وشەکانی، بنچینەکانی نیشتمانپەرستیی ئەمریکی خستبووە گومانەوە، بەم پرسیارانەوە: "چواری تەممووز چییە بۆ کۆیلە ئەمریکییەکان؟"

ئەم ڕێتۆریکە توند و تەواو بەهێزە جەمسەربەندییە ئەوەى نیشان دا، لەم ناکۆکییەدا چەند لەمەترسیدان. مێژوونوس دەیڤید بریۆن دایڤیس بەمشێوەیە نوسیوییەتی، كە ڕەتکەرەوانی کۆیلایەتیی لەوە تێگەیشتن ئەرکەکەیان تەنها بریتی نییە لە لەناوبردنی پراکسیسی ڕق و قین، بەڵکو بریتییە لە گۆڕانی بەهای ڕەگە ڕیشەییەکان، کە لەڕاستیدا وایانكرووە کۆیلایەتیی قبوڵكراو بێت. بۆیە دەنووسێت "لەناوبردنی کۆیلایەتی لەم دنیا نوێیەدا بەم ڕێژە بەرزە بەستراوەتەوە بە گۆڕانی گەورەى نێو دەرککردنی ئەخلاقیی، و بەستراوەتەوە بە ئەو نوسەران و گوتارخوێنان و ریفۆرمخوازانەی کە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم هاتنە ناو فەزای گشتییەوە، بۆ بڕیاردان لەسەر زیاتر لە هەزاران ئینستیتوتی دانپیانراو، و کۆششێکی زۆریان كرد کۆمەڵگای مرۆیی زاڵبکەن بەسەر خەباتی هەمیشەیی چاوچنۆکی و هێزدا".

هەمان تێگەیشتن سەبارەت بە پێویستیی (need) بۆ بەرگریكردن لە هەندێک بەهای ناوەكیی ژیان، پێگەیەکی گرنگی لە سەرکەوتنی بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکاندا هەیە، هەر لە مافی هەڵبژاردنی گشتییەوە (مافی دەنگدانی ژنانیش) بگرە تا دەگاتە بیمەی تەندروستی گشتی. ئەم بزووتنەوانە خزمەتیشیان بە ئارگومێنتە ئابوورییەکان كردووە بۆ بەهێزکردنی زیاتری داخوازییە یەكسانەكانیان، بەڵام ئەم خەباتانەیان لەبەر ئەوە نەبردەوە، کە زامنی ماف و ئازادی یەکسانیان خستبێتە پاڵ بەهای پارەوە. بەڵكو ئەوانەیان بردەوە چونكە پێیانوابوو بەرگریكردن و گەیشتن بەم ماف و ئازادییانە زۆر لەوە بەهادارترن بپێورێن و بنرخێنرێن و هەر ئەمانەش لەگەڵ لەدایكبوونماندا لەگەڵمانن. بەهەمان شێوە، زنجیرەیەك ئەرگومێنتی ئابووریی هەیە بۆ چاوپۆشیكردن لەماددە سوتەمەنییە فۆسیلییەکان، و سەرمایەگوزارانی ئارام زیاتر و زیاتر لەمە تێدەگەن. باسکردنی ئەمانە گرنگیی خۆیان هەیە. بەڵام ئێمە لە خەباتکردن بۆ کەش و هەوایەکی سەقامگیر سەرکەوتوو نابین، ئەگەر ئێمە هەوڵبدەین بە هاوشێوەى پارەبژێران ئەم كارە ئەنجام بدەین، بۆ نموونە بۆیان ڕوون بکەینەوە، ئێستا ئابوورییانەترە سەرمایەگوزاری لە کەمکردنەوەی دەردانی گازەکاندا بکەن، نەك لەوەی ناچاربن دواتر باجی کارەساتەکان بدەن. زیاتر لەوە دەکرێت سەرکەوتووبین، ئەگەر بەڕوونی ئەو هەژمارکردنەیان بە کارێکی نائەخلاقی دابنێین، چونکە بەمە کارێک دەكەن وەک ئەوەی خەڵاتێکی مەزن وەربگرن ئەگەر تەواوی وڵاتان لەناوبەرن، ملیۆنان مرۆڤ لە زەوی و زاریان هەڵبکەنن و بیانکوژن و مناڵانیش لە حەق و مافی خۆیان دابماڵن، بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا لەجیهانێکدا بژین کە پڕە لە موعجیزە و جوانییەکانی سروشت.

بەڵام هێشتا دەبێت بزووتنەوەى بەرگریكردن لە كەش و هەوا دەنگ و هاواری ئەخلاقیی تەواوەتیی خۆی لە ئاستی جیهانییدا بدۆزێتەوە، بەڵام لەهەمووی ڕوونتر دەستپێكی هاوار و سەداكەیەتی بۆ خستنەڕووی هەمان تاڵانكاران و ڕەوتی حەتمیی بڕیاردانە لەسەر ئەوانەى هیچ گوێ بە بەرپرسیارێتییەكانی ژینگە و كەش و هەوا نادەن و ئەمەش لە ڕیزی تاوانكارانەترین ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتیی دابنرێت. دەربڕینە ئەخلاقییە ڕوونەکان زۆرینەی کات لەلایەن کەسانی گەنجەوە دێن، کە لەسەر شەقامەكاندا و لەبەردەم دادگاکاندا داوای دادپەروەریی نێونەوەیی دەکەن. دەربڕینەکانی دیکە لە خەباتکەرانی پێشووی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە دێن وەک هەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ و ئەسقەفی گەورەی پێشووی شاری كاپە، دەسمۆند توتو (Desmond Tutu)، کە بەتەواوی هاتووەتە پاڵ بزووتنەوەى ڕاگرتن و ناكاریگەركردنی ماددە سوتەمەنییە فۆسیلییەکان و ڕاگەیاند، "ئەنجامدانی ئەمجۆرە بەرپرسیارێتییە تایبەتانەى خوڵقاندن هەروا هەوڵێكی بەتاڵ نییە؛ بەڵكو پێویستی بەوەیە هەر ئێستا بجوڵێین، و ئەم هەلومەرجە ترسناكەش بە هەموو حاڵەتی زەرووریی خۆیەوە داوای ئەمەمان لێدەكات". لەسەرووی ئەمانەشەوە گوێبیستی زۆرێک لەم شێوە دەنگانە بە ئاشکرا لە هێڵەكانی پێشەوەی بلۆكادیا [زاراوەیەكە نائۆمی كلاین بۆ دەستنیشانكردنی هێڵ و فەزا بەناویەكداچووەكانی خەبات بەكاریهێناوە-وەرگێڕ] دەبین، کە لەناویاندا كاریگەریی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆیی هێنانەدەرەوی مەترسیداری ماددە سوتەمەنییە فۆسیلییەکان و یەکەم دەرئەنجامەکانی کەش و هەوایەکی ناسەقامگیر دەبینین.

سەرچاوەى وەرگێڕان

Naomi Klein: Die Entscheidung: Kapitalismus vs. Klima, Verlag: S. FISCHER; Auflage: 2, 2015, ss.549-558.

 

سەرچاوەکانی نووسەر:

 

  1. Frantz Fanon, The Wretched of the Earth (New York: Grove, 2004), 55.
  2. Martin Luther King Jr., “Beyond Vietnam”, Ansprache, New York, 4. April 1967, Martin Luther King Jr. Research and Education Institute, Stanford University, http://mlk-kpp01.stanford.edu
  3. Kari Mari Norgaard, living in denial: Climate Change, Emotions, and Everyday life (Cambridge, MA: MIT Press, 2011), S.61.
  4. Adam Smith, The Wealth or Nations, Books I – II, hg. V. Andrew Skinner (London: Penguin, 1999). S183f, 488f.
  5. Seymour Drescher, The Mighty Experiment: Free Labor Versus Slavery in British Emancipation (Oxford: Oxford University Press, 2002), S34f, 233; Thomas Clarkson, The History of the Rise, Progress, and Accomplishment of Abolition of the African Slave-Trade, by the British Parliament, Bd. 2 (London: Longman, Hurst, Rees, and Orme, 1808), S.580f.
  6. Wendell Philips, “Philosophy of the Abolition Movement: Speech Before the Massachusetts Antislavery Society (1853)”, in: Speeches, Lectures, and Letters (Boston: James Redpath, 1863), S.109-110; Fredrick Douglass, “The Meaning of July Fourth for the Negro”, speech an Rochester, New York, 5.Juli 1852 in: Fredrick Douglass: Selected Speeches and writings, hg. V. Philip S. Foner und Yuval Taylor (Chicago: Chicago Review Press, 2000), S.196.
  7. David Brion Davis, Inhuman Bondage: The Rise and Fall of Slavery in the New World (New York: Oxford University Press, 2006), S.1.
  8. Desmond Tutu, “We Need an Apartheid.Style Boycott to Save the Planet”, Guardian, 10. April 2014.