چۆن کاتەکانت لەماڵەوە بەسەر دەبەیت؟

2020-03-26

هاوکار جه‌لال

لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی جیھان، یەکەم حەوتەی خوێندن پڕۆگرامێک دەخوێنن پێی دەوترێت (Orientation) واتا ڕێکخستن. مەبەست لەم پڕۆگرامە؛ ئاشنا کردنی فێرخوازەکانە بە ژیانی زانکۆیی، ژیانی زانکۆییش واتا ڕێکخستنی کاتەکانییان لەنێوان ژیانی تایبەتی و ئەرکەکانی خوێندن لە ماڵەوەو لە ناو زانکۆ. لەم پڕۆگرامەدا تیۆرییایەک جێ بەجێ دەکرێت لە زانستی کۆمەڵناسیدا پێی دەڵێن (Time Management) ڕێکخستنی کات، یاخود ھونەری کارگێڕی لە کاتەکانی ژیاندا.

ئامانجەکەش ئەوەیە قوتابییەکان مرۆڤی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر بن.

،،

ئێمەی مرۆڤ، بۆئەوەی لە بونەوەرەکانی دی جودا بین، دەبێت لۆجیک وەگەڕخەین تا خەسڵەتێکی مرۆڤانە بنوێنین لە سوڕی ژیانماندا،

بە پێچەوانەوە، ھەمان سوڕی ژیان ڕێدەکەین لە تەک بونەوەرەکانی تر گەر وانەکەین. سوڕی ژیان مەبەست شەو و ڕۆژێکی تەواو، کە دەکاتە ٢٤ کاتژمێر.

لەم سوڕەدا مرۆڤ چالاکی ھەمە چەشن ئەنجام دەدات سەرەڕای خواردن و خەوتن، وەلێ بونەوەرەکانیش بەگشتی دەخۆن و دەخەون. بێگومان مەبەستی ئەم پەڕەگرافە سەرنجێکە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستامان، کە ھەموو جیھان ناچارە لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە، ئەو دۆخەی ڕووی لە ھەموو مرۆڤایەتی کردووە.

چۆن سوڕێکی ژیان ڕێ بکەم و ئەرکەکانم چین؟

یەکەی یەکەم

دەکرێت یەک سوڕی ژیان دابەشی سێ یەکە بکەین، بۆ ھەر یەکەیەک ٨ کاژێرمان ھەیە. یەکەیەکی تەواو لە نووستن ڕێدەکەین، واتا ٨ کاژێر بۆ نووستن کە بۆ ھەندێک کەس ٧ کاژێر بەسە و بۆ ھەندێک کەمە. بەڵام بەگشتی ٨ کاتژمێر خەوتن تەندروستە، نابێت زیادەڕۆیی تێدا بکرێت. خەوێکی دروست؛ سیستمی بەرگری لەش باشتر دەکات و جەستە چاڵاک و دەرونێکی ئاسودە لە ڕۆژدا بە مرۆڤ دەبەخشێت.

ئەم جۆرە زانییارییانە تەنھا بواری پزیشکەکان نییە، بەڵکە چالاکی ڕۆژانەی مرۆڤە ودەبێت ھەموان بیزانن، ھەروەھا خواردنی یەک سێو ڕۆژانە و لە ژەمی بەیانیاندا دورت دەخاتەوە لە پزیشک.

یەکەی دووەم

گریمان بۆ چالاکییە دووبارەکان وەک خۆ شوشتن، نان خواردن، چایی خواردنەوە، جل گۆڕین، ددان شوشتن و بەفیڕۆدانی کات لە خووە دووبارەکان و ھتد. ڕێکردنی ئەم دوو یەکەیە کە باسمان کرد، بە گشتی ھاوبەشە لەنێوان مرۆڤەکان. واتا ١٦ کاتژمێری ژیانمان ھاوشێوەی بوونەوەرەکانی ترە بە کەمێک جیاوازییەوە. لێرەدا ژیریی و مرۆڤ بوونمان بە ٨ کاژێر جیاوازە لەگەڵ بوونەوەرەکانی دی.

یەکەی سێھەم

پەیوەست بە دۆخی ئێستامان، پاش ئەوەی ١٦ کاژێر بەڕێ دەکەین، ھێشتا ٨ کاژێری تەواو کاتمان دەمێنێت.

گەر ئەم ماوەیە بە لۆجیک بەڕێ نەکەین چ جیاوازییەکمان لەگەڵ بوونەوەرانی دی دەبێت؟!.

بۆیە دەبێت بزانین ھەلێکی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی تێبگەین؛ لە بەرامبەر ئەو ھەموو خواردنەی دەیخۆین، دەبێت وەرزش بکەین، لەبەرامبەر ئەو پێشکەوتنەی جیھان و ئەو زانیارییەی سات بە سات بڵاو دەبنەوە شتێک فێر ببین، لەبەرامبەر گەورەترین سەرماییەی ژیان کە کتێبە شتێک بخوێنینەوە و تێبگەین کتێب چەند گرنگە، کاتێک نوسەر ھەموو بیرکردنەوەو ژیانی لە ئایدییایەک بەڕێکردووەو پاشان بە کتێبێک ھاتۆتەتە بەردەستی ئێمە، بۆ لەم ماوەیەدا نەیخوێنینەوە.

ھەروەھا لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی خێزانەکانمان کێشاویانە بۆمان، دەبێت ئێمەش خواردن دروستکردن بکەینە ئەرکێکی تری ڕۆژانەمان، کە لەم ڕێگەیەوە دەتوانین لە جیھانە پڕ میھرەبانییەکەی دایکمان یاخود خوشکمان یان ھاوسەرەکانمان زیاتر تێبگەین

،،

وابکەین ئەم ماوەیە بۆ ئەوان ڕۆژانێکی تایبەت و گۆڕانکارییەک لە ئەرکی ڕۆژانەیاندا بکەین، نیشانیان بدەین ئێمە لە غەمی شەکەتی ئەوانداین بەڵام بوارمان نەبووە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئافرەتەکان زۆر ماندوون.

ئێمە ھەموومان ژن و پیاو وەک مرۆڤ لە بەرامبەر ڤایرۆسێک لە ماڵەوەین، لەم دۆخەدا جیاوازییەک نییە لە ئەرکی ژن و پیاودا. دەکرێت لەم ماوەیەدا کاتەکانی ژیانمان بە جۆرێک ڕێک بخەین کە بۆ تەواوی ژیانمان سودی ھەبێت نەک بێزاری و ترس و دڵەڕاوکێ دەرببڕین.