مەڕەکان لە گورگەکان دەترسان، بەڵام شوانەکان مەڕەکانیان خوارد

2020-04-02

ھەڤین کەمال

لە یادەوەرییەکانی "تاتیانا" دا، کەکچی ئەدیب و نوسەری گەورەی ڕووسی " لیۆ تۆلستۆی"یە، باسی ئەو کاتانە دەکات کە لەگەڵ باوکیدا بە لادێکانی ڕووسیادا گەڕاون لە کاتی ئەو پەتا ترسناکەی ڕووسیا _پەتای برسێتی _ کەلەزۆر ناوچەو ئیقلیمی ڕووسیادا باڵی کێشابوو.



تۆڵستۆی ھەرچەندە خۆی لە بنەڕەتدا کۆنت بوو و لە خێزانێکی ئورستوکراتی و سەرمایەداری زۆر دەوڵەمەندی ڕووسیش بوو، بەڵام بیرمەند و فەیلەسوفێکی زۆر مرۆڤدۆستیش بوو. ھەر بۆیە لەو کاتەدا بەسەر ھەژار و خەڵکە ئیشکەرە برسییەکاندا ئەگەڕا و دەیویست یارمەتییان بدات و باری شانیان سووک بکات. خێزانەکەی و سۆفیا ی ھاوسەریشی لەگەڵ بوو، چەندین چێشتخانەی میللیان کردەوەو جوتیارەکانیان فێری دروستکردنی نان کرد بە پاشماوەی پەتاتەو چەوەنەر و جۆرەها هونەری تری ژیانیشیان فێردەکردن.


بەڵام تۆلستۆی بەوە نەوەستا کە بەس یارمەتیان بدات، بەڵکو بڕیاریدا کە پێویستە ھەموو ژیانی بگۆڕێت و ھەموو سامان و ماڵ و موڵکی دابەش کات بەسەر جوتیارەکان و خۆشی وەکو ئەوان بە سادەیی بژی . وەک خۆی دەڵێت : " ناتوانم بەشداری پەروەردەی منداڵەکانم بکەم لەم بارودۆخەدا کەھەست دەکەم بۆ ئەوان تێکشکێنەرە، من ناتوانم چیدی ماڵ و سامان و کێڵگەو باخم ھەبێت و جوتیارەکانیشم ھەژار بێت، ھەر ھەنگاوێک دەنێم لەم ژیانە بۆ من دۆزەخێکی نەبڕاوەیە، یان ئەوەتا دەبێت سەری خۆم ھەڵگرم، یاخود ژیانمان بگۆڕین و سامان و موڵکەکانم دابەش بکەم و بە عەرەقی ناوچەوانمان بژین وەکو ھەموو جوتیارەکانی تر " .
بەڵام بە داخەوە ھاوسەرەکەی تۆلستۆی نەی توانی لەم بیرو بۆچونانەی تێبگات، کە کچی یەکێک بوو لەخێزانە ئورستوکراتە ڕووسیەکان و لەسەر شێوازێکی تایبەت لەژیاندا ڕاھاتبوو کەنەیدەتوانی بیگۆڕێت . وە ھەمیشە دەیووت : " تێناگەم بۆ دەبێت ئێمە ئەم ژیانە خۆشبەختەمان بگۆڕین لەبەر ئەم خەڵکە عەوام و گەمژانە".


ھەر ئەم بەرھەڵستییەی خێزانەکەی توڵستۆی بۆ بڕیارەکانی ھۆکاری سەرھەڵگرتنەکەی بوو، وەھیچ کەس لە خێزانەکەی نەیاندەزانی ناونیشانی جگە لە ئەلکساندرا ی کچی . لەکۆتایدا لە گوندی ئیستابوفا جێگیر بوو لەویستگەی شەمەندەفەرێک، پاش ئەوەی تووشی ھەوکردنی سییەکان بوو و پلەی گەرمی گەشتە سەروو (٤٠) پلەی سەدی . خێزانەکەی کە ناونیشانیان زانی ڕۆشتن بۆ لای و لەنزیکییەوە لە فارگۆنێکی شەمەندەفەرەکەدا ژیان، پاش ئەوەی تاکاتی مردنیشی ڕازی نەبوو بیان بینێت . تۆلستۆی گینی لەدەستدا و دواین پەیڤی ئەوەبوو : " من حەقیقەتم خۆش دەوێت ..بەڵێ حەقیقەتم زۆر خۆش دەوێت" .

 

،،

تولستۆی پێش وەخت وەسێتی کردبوو کە ھیچ ڕیوڕەسمێکی ئاینی بۆ نەکرێت کاتی ناشتنی، چونکە باوەڕی بە پیاوانی ئاینی و کڵێسا نەمابوو، پاش ئەوەی بۆیدەرکەوت بوو کە درۆزنن و پاڵپشتی ھەژارەکان ناکەن و پشتی زاڵم و قەیسەرەکان دەگرن .


مەبەست لەم چیرۆکە ئەوەیە ئەو کەسەی بەڕاستی بەرپرس بێت و ھەست بە میللەت و هاوڵاتیانی بکات، لەکاتی کارەساتەکاندا پشتیان تێناکات و ھەوڵ دەدات تابتوانێت کارئاسانیان بۆ بکات و یارمەتیان بدات، ئەگەر لەسەر حسابی خۆشبەختی خۆیشی بێت.


تۆڵستۆی بەرپرس و سیاسیەکانی خۆمانم دێنێتەوە یاد، و ئەو جیاوازییە زۆرەی لەنێوانیان دا هەیە. جیاوازی دەسەڵاتدارێک کەھەست بە پەرسیارێتی بکات بەرامبەر ئەو کەسانەی بەرپرسە لێیان، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارە خۆویستەی کە کارەساتەکانیش بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەقۆزێتەوە و بێڕەحمانە ئەویش دەبێت بە بەڵایەکی تر بەسەر میللەتەوە جگە لەو بەڵایەی خۆیان تیایدان.



لەئێستادا ئێمە وەکو ئەو مەڕانەمان لێھاتووە کە بەدرێژایی ژیانیان لە گورگەکان دەترسن و کەچی لە کۆتایدا شوانەکان دەیانخۆن، ئێمە دەترسین لە دوژمنەکانمان، دەترسین لە ھێزەکانی تورکیا ، لە عەرەب ، لە فارس ، لە داعش ، لە کۆرۆنا و ھەزارەھا شتی تر کە بەدوژمنمانی دادەنێن . کەچی لەدوایدا دۆستەکانمان و براکانمان دەمانکوژن بە گەندەڵی، بە نابەرپرسی، بە پێکەنینە درۆکانیان، بە برسیکردنمان و خواردنی موچە و مافەکانمان .



لەئێستادا زۆربەی دەسەڵاتدار و سیاسیەکانی جیھان لە ڕاگەیاندن و شاشەکانی تیڤیەکانەوە پاڵپشتیان بۆ گەلەکانیان دەردەبڕن و دڵنیایان دەکەنەوە کە خەمی ژیان و باری ئابوورییان نەبێت لەم بارودۆخەدا، بەنمونەش سەرۆک وەزیرانی کەنەدی "جەستن ترۆدۆ" کە سەڕەڕای ئەوەی ھاوسەرەکەی توشبووە بە ڤایرۆسەکەو خۆی لە کوارەنتینە . لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە پەیام دەنێرێت بۆ میللەتەکەی لەبەر دەرگایی کوارەنتینەکەیەوەو ھیواو ئومێد دەبەخشێتەوە بە میللەتەکەی لەم قەیرانە گەورەیەی ھەموو جیھانی تێکەوتوە و دڵنییایان دەکاتەوە کە ئەم دۆخە نالەبارە تێدەپەڕێنن، و حکومەتەکەیان پاڵپشتیان دەبن .


بەڵام بەرپرسەکانی ئێمە جگە لەوەی ھەموویان لەباخ و ڤێلاکانیان خۆیان کوارەنتین کردووەو بەھیچ جۆرێک تێکەڵی میللەت نابن، بەمییللەتیش ڕەوا نابینن کە بە چەند وشەیەک و پەیڤێک ئومێد ببەخشنە ئەم میلچلەتە ھەژار و موچەخۆرەی کە قووتی ڕۆژانەی پەیوەستە بەو موچەیەی دەیدرێتێ .


بەڵکو بێشەرمانە چڵکاوخۆرەکانیان دێنە سەر شاشەو پێماندەڵێن کە دەست بە پارەو خواردنەوە بگرین و ڕۆژانێکی سەخت لەبەردەماندایە، لەئێستاوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا یەکدەگرن و کارەسات دەکەن بە دووکارەسات بەسەر میللەتەوە . بۆ ئێمە کۆرۆنا حەقە دوایین خەممان بێت، چونکە ئەگەر کۆرۆناش نەمانکوژێ، برسێتی و نابەرپرسی و گەندەڵی ئەم دەسەڵات و سیاسیانە دەمانکوژێت .

 

،،

تۆڵستۆی ڕایکرد لەو ژیانە خۆشبەختەی کە ھەیبوو و دوور لەخێزانەکەی بە بێ کەسی وەفاتی کرد. چونکە ھەستی بە بەرپرسیارێتی کرد بەرامبەر جوتیارەکانی . کەزانی ناتوانێت ژیانیان بگۆڕێت بڕیاریدا وەکو ئەوان بژی و بمرێت .



ھیوادارم ئەو کەسانەی کە خاوەنی کۆمپانیاو کەرتە تایبەتەکانن و کافێ و چێشتخانە و چایخانەو کلینکی پزیشکی تایبەت و نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتن. ھاوشێوەی حکومەت ھەڵسوکەوت نەکەن و موچەی تەواوی کارمەندەکانیان بدەن.

ھەرچەندە دەزانم لە ئێستادا کاروکاسبی وەستاوە بەڵام با ئێوەش نەبن بە بەڵایەکی تر جگە لەکۆرۆنا بەسەریانەوەو برسییان کەن . چونکە لەوانەیە زۆربەی خێزانەکان کەسێکیان ھەبێت لەکەرتی تایبەت ئیش بکات ھیچ نەبێت ئەو ئەگەر موچەی تەواو وەرگرێت جێگەیەک پڕدەکاتەوە بۆ خێزانەکە . تکایە ئێوەش نابەرپرس مەبن بەرامبەر کارمەندەکانتان وەک چۆن حکومەت نابەرپرسە بەرامبەر موچەخۆرانی . تۆڵستۆی دەڵێت:" زۆر باسی دینداریم بۆ مەکە بەڵکو بھێڵە دین و ئاین لەھەڵسوکەوتدا ببینم". ئێوەش تکایە با دینداری و مرۆڤ دۆستیتان لەھەڵسوکەوتان ببینین.