ئایا پیشەسازى کشتوکاڵ بەرپرسە لە کۆرۆنا ڤایرۆس؟

2020-04-03

لورا سپینی
لە ئینگلیزییەوە: ئەیوب حەسەن


ئەو ڤایرۆسەى کە بوو بەهۆى [دەرکەوتنى] نوێترین پەتا لە کوێوە هات؟ چۆن چووە بازاڕى خواردنى شارى وهانى چین؟ پاشان بیرۆکەى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ لە کوێوە هات؟ ئەم پرسیارانە بەشێوەیەکى زنجیرەى وەڵام دەدرێنەوە. بەڵام ئەو چیرۆکانەى کە [شارەزایان] دەیڵێن، وەها دەکات کە خوێندنەوەى[ئەم نووسینەدا] ناخۆش بێت.


با لەسەرەتاوە دەست پێ بکەین، وەک ئەوەى دەیزانین، ڕۆژى ١٧ى مارس، ڤایرۆسى سارس-کۆڤ-٢ [یەکێکە لە ئەندامانى خێزانى کۆرۆنا ڤایرۆس] بوو بە هۆکارى نەخۆشى کۆئەندامى هەناسەدانى کۆڤیدنۆزدە، ئەم ڤایرۆسە بەرهەمى پەرەسەندنى سرووشتە. توێژینەوەیەک لەلایەن زاناى بوارى نەخۆشییە گواستراوەکان "کریستیان جى ئەندرسۆن" و هاوڕێکانییەوە لە سەنتەرى توێژینەوە سکریپس لە "لا جۆلا" لە کالیفۆڕنیا، لەسەر زنجیرەى جێنەتیکى [ڤایرۆسەکە] ئەنجامدرا، توێژینەوەکە ئەو گریمانەیەی ڕەتدەکاتەوە کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەدا یاخود لە شوێنى دیکەوە درووستکرابێت و، تیۆریاى پلانگێڕیشى لابرد.


قۆناغى داهاتوو، قۆناغێکە کە دڵنیایی کەمترە، بەڵام گریمانەکە ئەوەیە کە سەرچاوەى بنەڕەتى ڤایرۆسەکە شەمشەمەكوێرەیە. تیمەکەى "ئەندرسۆن"-پێش ئەوانیش چینییەکان- ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە زنجیرەى سارس-کۆڤ-٢ هاوشێوەى ئەو کۆرۆناڤایرۆسانەن کە تووشى شەمشەمەکوێرەکان دەبن.


هەر لەو کاتەوە کە ڤایرۆسەکانى دیکەى شەمەشەمەکوێرە، بەهۆى ئاژەڵى هەڵگرى [ڤایرۆسى] نێوەندییەوە گواسترایەوە بۆ مرۆڤ، ئیتر وەها گریمانەکرا کە ئاژەڵێک ئەو [گواستنەوەى] ئەنجام دابێت، ڕەنگە ئەو ئاژەڵە یەکێک بوو بێت لەو ئاژەڵانەى کە خەڵکى چین ئارەزووى خواردنى دەکەن و، لە بازاڕى خواردنى دەریای چین [ئەوانەى کە گۆشتى فرێش ماسى، خواردنى دەریای و بەرهەمەکانى دیکەى تێدا دەفرۆشن] فرۆشرابێت، ڕەنگە ئاژەڵەکە ئەو ئاژەڵە پوولەکەدارە شیردەرە بێت کە بە "پنگۆلین" ناسراوە [گیانەورێکى مێرووخۆرە]. بەڵام هیشتا نەتوانراوە ئەمە بەتەواوەتى بسەلمێنرێت. بەڵام هەندێک گرووپى [توێژینەوە]، زنجیرەیەک لێکچونیان لە نێوان [ڤایرۆسى] سارس-کۆڤ-٢ و ئەو کۆرۆنا ڤایرۆسانەدا دۆزیوەتەوە کە تووشى پینگۆلین دەبن.


ئەگەر ئەمە ئەو ڕێگایە بێت کە ڤایرۆسەکەى پێدا گواسترابێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەوا لێرەدا دوو لینکى هەستیار هەیە؛ یەکەم لە نێوان ئاژەڵە هەڵگرەکە و ئێمەدایە-کە ڕەنگە پنگۆلین بێت. دوەمیش لە نێوان هەڵگرەکە و شەمشەمەکوێرەدایە. زۆرینەى سەرنجەکان فۆکسیان خستۆتە سەر لینکى نێوان مرۆڤ و هەڵگرە نێوەندییەکە، لەگەڵ ئەوەیشدا پەنجەى بەرپرسیارێتى بۆ بازاڕى دەریای چین و خواردنە کەلتورییەکان ڕادەکێشرێت و، هەردوو لینکەکەیش پێویستن بۆ ئەوەى پەتاکە بڵاوببێتەوە. بەڵام چۆن و لە کوێ ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە گوێزرایەوە بۆ پنگۆلین-یاخود چۆن بۆ ئاژەڵى هەڵگرى کێوى و نیمچە کێوى گواستراوەتەوە؟
"توێژینەوەکەى ئێمە، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ تیشک ناخاتە سەر جوگرافیاى ڕەسەنى ڤایرۆسەکە"، "ئەندیرسۆن" دەڵێت: "سەربارى ئەوەیش، هەموو بەڵگە بەردەستەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ڤایرۆسەکە لەناو چین دا بووە".


چیتر ئەم بابەتە دادەخەم، سەرۆک ترامپ لەسەر حەق بوو کاتێک کە ڤایرۆسى سۆرس-کۆڤ-٢ى بە "ڤایرۆسى چینى" ناوبرد [چونکە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەوە سەری هەڵدا]. زۆرباشە، لەبەرئەوەى ڕەنگە تۆ بتەوێت لەوە تێبگەیت بۆچى ئەم پەتایە ئێستا ڕوویدا، یاخود ڕەنگە نەتەوێت. بۆ نموونە بیست ساڵ پێش ئێستا-هەر لەو کاتەوە ئێمە لە ڕۆژئاوا، ئەو خواردنانەى کە خەڵکى چین دەیخۆن بە خواردنى نامۆمان زانیووە، ئەمە شتێکى نوێ نییە، بەڵام پێویستە تۆ هەندێک هۆکارى دیکە لەبەرچاو بگریت. . هەروەک ئەوەى کە "ڕۆب واڵانس" پسپۆڕى بوارى بایلۆژى پەرەسەندن لە [دەزگاى] توێژینەوەى کشتوکاڵناسى و ئابوورى گووند لە شارى سانت پۆل مینیسوتا دەڵێت: "ئێمە ئۆبجێکتەکە بەتاوانبار دەزانین-ڤایرۆسەکە، پڕۆسەیەکى کەلتورییە-بەڵام هۆکارەکەى درێژبووەتەوە بۆ ناو پەیوەنییەکانى خەڵک و ژینگە".


لە ساڵى ١٩٩٠وە، وەک بەشێک لە گواستنەوەى ئابوورى، چین کاری لەسەر ئەوە کرد کە سیستەمى بەرهەمهێنانى خۆراکى بکات بە پیشەسازى. یەکێک لە كاریگەرییەکانى، وەک ئەوەى کە هەردوو ئەنسرۆپۆلیشت "لیلی فێرنلى" و "کریستۆس لینتێریس" ڕوونیان کردۆتەوە، خاوەن زەوییە بچووکەکان لاوازکران و لە پیشەسازى ئاژەڵ دەرکران. ئیتر بەدواى ڕێگایەکى نوێدا دەگەڕان بۆئەوەى دەستکەوتێک بۆ گوزەران پەیدا بکەن، هەندێکیان دەستیان کرد بە بەخێوکردنى هەندێک چەشنى "ئاژەڵى" کێوى، وەک ئەو ئاژەڵانەى کە پێشوتر بەتەنها بە مەبەستى مانەوە لە ژیاندا دەخوران. بەم چەشنە خۆراکى "کێوى" وەک سێکتەرێک فۆرمۆلە کرا، دواتریش بەشێوەیەکى گرنگیش بوو بە براندى بەرهەمهێنانى [کاڵاى] خۆشگوزەرانى. بەڵام خاوەن زەوییەکان بەتەنها بە شێوەیەکى ئابووریانە دەرنەکران. پیشەسازى کێڵگەکان گرنگى دەدا بە داگیرکردنى زەوى زیاتر و زیاتر. جوتیارە بچووکەکانیش، بە شێوەیەکى جوگرافیانە لەو بوارەدا دەرکران-پاشان وردەوردە لەو ناوچانە نزیکبوونەوە کە [زەویەکەى] بەکەڵکى کشتوکاڵکردن نەداهات و، نزیکبوونەوە لە قەراغى دارستانەکانن بەشێوەیەکى نەبینراو شەمشەمەکوێرە و ڤایرۆسەکان بەریان کەوت. پاشان پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکەم لینکدا، هەم چڕبوونەوە و هەمیش بەردەوامبوون، لەوێیشتەوە مەترسى بڵاوبوونەوەى [ڤایرۆسەکەیش] زیادى کرد.


بەمانایەکى دیکە، ئەوە ڕاستە کە زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان، ناچارى کردن کە بەرەو سیستەمە ژینگەییە کۆنەکە بگەڕێنەوە، ئەمەیش هۆکارێک بوو بۆ بەرزبوونەوەى ژمارەى نەخۆشییە ئاژەڵییەکان-لەم چەند دەیەی دوایدا، مرۆڤیش لە ئاژەڵەکانەوە تووشی نەخۆشییە گواستراوەکان بوو. بۆ نموونە، ئەمە لە هەردوو ڤایرۆسى ئیبۆلا (Ebola) و ئایدز (HIV)دا تۆمارکراون. بەڵام لە پشت ئەم گواستنەوەوە، لە شێوازى خۆراکى بەرهەمهێنراودا، شێوازى دیکە هەیە. نوێترین مۆدیلەکانى بزنسى کشتوکاڵ، بەشدارن لە دەرکەوتنى نەخۆشى ئاژەڵییدا.

،،

ئەنفلۆنزا ئەو نەخۆشیەیە کە توانایەکى بەرزى پەتاى هەیە. وەک ئەوەى کە خەمڵاندنى بۆ کراوە، لە ماوەى ٥٠٠ ساڵى ڕابردوودا بووە بەهۆى ١٥ جۆرى پەتا.

"ماریوس گالبریت"، پسپۆڕى بوارى درمناسى لە زانکۆى "لیرى دى بریکویلس"( Libre de Bruxelles) لە بەلجیکا دەڵێت: "ئەوە ئاشکرایە لینکێک هەیە لە نێوان ئەو دەرکەوتنە فراوانەى ڤایرۆسى ئەنفلۆنزاى باڵندە و سیستەمى بەرهەمهێنانى کێڵگە پەلەوەرییەکاندا".


"واڵاس" لە کتێبەکەیدا (کێڵگە گەورەکان ئەنفلۆنزا گەورە دەکەن)، کە لە ساڵى ٢٠١٦دا بڵاوى کردوەتەوە، ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکات، لە ناویاندا چڕى ئەو مرۆیشک و قەل و پەلەوەرانەى دیکە کە دەخرێنە ناو پیشەسازی کشتوکاڵییەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە، ئەو پەلەوەرانەى کە دەخرێنە ناو ئەو کێڵگانەوە، جێنەتیکى کلۆنى (genetic clone) یان لە یەکترییەوە نزیکە-ئەو پەلەوەرانەیش لە دێرزەمانەوە وەک گۆشتێکى شیاو بۆ خواردن هەڵبژێردراون. ئەگەر ئەو ڤایرۆسانە بچێتە ناو پۆلێک [لەو پەلەوەرانەوە] ئەوا بەرەنگارى هیچ بەرگرییەکى جێنەتیکى نابێتەوە، بەتایبەتى ئەو جینانەى کە ڕێگیرى لە بڵاوبوونەوەى دەکەن. لە هەردوو ئەزموونى چارەسەرکردن و تێبینکردندا و لە جیهانى ڕاستەقینەدا سەلمێنراوە، ئەو پڕۆسەیە دەبێتە هۆکارى زیادبوونى ڤایرۆسە کوشندەکان. پاشان ئەگەر بگوێزرێتەوە بۆ ناو مرۆڤەکانیش، ئەوا ئێمەیش دەکەوینە کێشەوە.


لە ساڵى ٢٠١٨، گروپەکەى "گالبرێت" توێژینەوەیەکى مێژوویان بڵاوکردەوە (ڕوداوە گواستراوەکان)، هەروەک ئەوەى کە پێیان دەوتن-ژمارەیەکى کەمى ڤایرۆسى باڵندەکان دەبن بە [ڤایرۆسێکى] زۆر مەترسیدار، ئەوەیشیان دۆزییەوە کە زۆرینەیان لە سیستەمى کێڵگە پەلەوەرییە بازرگانییەکاندا ڕوویان داوە و لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ئەوروپا، ئوسترالیا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دووبارە دەبنەوە و، زۆر زیاترە لەوانەى کە لە چین بەرهەمى دەهێنێت.


بەڵام ئەمانە نابنە هۆى ئەوەى کە چین لەو دۆخە ڕزگارى بێت. لە دەیەى ڕابردوودا، هەردوو نەخۆشى ئەنفلۆنزاى باڵندە H5N1 و H7N9 لەو وڵاتەوە دەرکەوتن، دواتریش گواسترایەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام بە شێوەیەکى ئاسایی نەبوون. لە ساڵى ٢٠١٣دا، یەکەم کەیسى H7N9 تۆمارکرا، دواتر بەشێوەیەکى بچووک بڵاو دەبێتەوە. بەڵام "گالبریت" دەڵێت: "هیچ کارێک ئەنجام نەدار، هەتاوەکوو ڤایرۆسەکە بوو بە نەخۆشى مریشکەکان و بوو بە گرفتێکى ئابوورى مەترسیدار، ئیتر چین بەشێوەیەکى فراوان دەستی کرد بە کوتانى [لێدانى] ڤاکسینى پەلەوەرەکانى ناو کێڵگەکان، ڤاکسینەکە دژى ڤایرۆسى H7N9، بەم شێوەیە کۆتاى بە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ هات.


چین یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارەکانى [پەلەوەرى] کێڵگە پەلەوەرییەکان، بەڵام پیشەسازى کێڵگەى پەلەوەرى بەتەواوەى موڵکى چین نییە. دواى قەیرانى دارایی ساڵى ٢٠٠٨، بانکى وەبەرهێنانى گۆڵدمان لە نیۆرک، هەستا بە فرەجۆر کردنى پشکەکانى و چووە ناو کێڵگە پەلەوەرییەکانى چین. ئێستا ئەگەر چین بەرپرساربێت بەرامبەر بە فراوانبوونى ڕووداوەکان [بڵاوبوونەوەى ڤایرۆس] ئەوا خۆى بەتەنها نییە. هەروەها "واڵاس" سوورە لەسەر ئەوەى کە زیاتر قسە لەسەر پەیوەندییە جوگرافییەکان بکات، تائەوەى بە شێوەیەکى ڕەها باسى جوگرافیا بکات، کاتێکیش هۆکارى ئەو نەخۆشییە دۆزرایەوە. واڵاس ئەو ڤایرۆسەى خستە ناو چوارچێوەى "لێشاوى پارەوە".


هەموو کەسێک ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆى نێوان پیشەسازى کێڵکەکان و شێوە ترسناکەکەى ئەو ئەنفلۆنزا نوێیە نابینێت. "میشێل وۆرۆبۆى" پسپۆڕى بوارى بایلۆژى پەرەسەندن لە زانکۆى ئەریزۆنا، ئاماژە بەوە دەکات پێش ئەوەى ئەو [پەلەوەرانە] ببرێن بۆ پیشەسازى کشتوکاڵى، کێڵگە پەلەوەرییەکان لەدەرەوە پارێزراون، ڕەنگە مۆدیلى کارگەکان ئەو ڕێژەى مەترسی [ڤایرۆسەکان] زیاتر بکات، پاشان دەڵێت: "ڕەنگە بتوانرێت ئەو پۆلە [باڵندانە] لە شوێنى یەکەمدا، لە تووشبوون بەو ڤایرۆس بپارێزرێن.


"ورۆرۆبى" گومان لەوە ناکات کە کشتووکاڵ و کارلێکەکانى مرۆڤ/ئاژەڵ نەخۆشییە ژینگەیەکانمان ڕێکدەخەن. گرووپەکەى زنجیرەیەک ڤایرۆسى ئەنفلۆنزایان لە هەندێک ئاژەڵى هەڵگر کۆکردۆتەوە کە مرۆڤیشى تێدایە، درەختێکى خێزانیان بۆ درووستکردوون بۆئەوەى لەوە تێبگەن کە چۆن بە تێپەڕبوونى کات ئەنفلۆنزاکان پەرەیان سەندووە. ئەنفلۆنزا بەشێوەیەکى بەردەوام دەگۆڕێت، هەر لەبەر ئەمە کە ڤاکسینى پەتا وەرزییەکان هەموو ساڵێک نوێ دەکرێنەوە-بەڵام ئەو گۆڕانە ڕێژەکەى جیاوازە لە هەڵکرە جیاوازەکاندا. ئەمەیش بەماناى ئەوە دێت کە ئەو درەختە خێزانییەى ئەنفلۆنزا کە درووستیان کردبوو، زانیارى لەبارەى ڕێژە، هەڵگرە نێوەندییەکانى هەر خۆگۆڕێک و هەروەها زانیارى دەربارەى تێپەڕبوونى کاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکانى تێدایە.


هەرچەندە تا ئێستایش بەهیچ شێوەیەک دڵنیایی نییە-بەڵام دەگونجێت کە یەکەم ئەنفلۆنزا کە بوو بە نەخۆشى مرۆڤ، پێش چوارسەد ساڵ بوو بێت، ئەوکاتەى کە چینییەکان مراوییان لە کێڵگەى پەلەوەرییدا بەخێوکرد- گیانەوەرەکە بۆ یەکەمجار خۆى هاتە ناو پەیوەندییە مرۆییەکانەوە. هەروەها مرۆڤیش تواناى ئەوەى هەبوو کە تووشى ئەنفلۆنزا بێت و، هەروەها بەراز و ئەو ئاژەڵانەى دیکەیش کە ساڵەهایە لەگەڵیاندا دەژى تووشى ئەنفلۆنزایان بکات. چەند ساڵێک پێش ئێستا "وۆرۆبی" ئەوەى پێشنیارکرد-کە ڕەنگە باڵندەکان گوێزەرەوەى نێوەندى ئەنفلۆنزاى باڵندە نەبووبن بۆ مرۆڤ. هەروەک ئەوەى کە باسى دەکات، ڕەنگە سەدەیەک پێش ئێستا مرۆڤ لە ئەسپەوە تووشى ئەنفلۆنزا بووبێت.

بەڵام ئەو کاتەى کە ئۆتۆمبیل جێگاى ئەسپى گرتەوە وەک هۆکارى گواستنەوە، ئیتر بەخێوکردنى [ئاژەڵ] لە کێڵگەکاندا-لە ڕۆژئاوادا فراوانبوو. "وۆرۆبى" گفتوگۆى ئەم بابەتە دەکات و، دەڵێت ئیتر پەلەوەرەکان بوون بە گوێزەرەوەى نێوەندى ئەنفلۆنزا بۆ مرۆڤ.
هەموو کەسێک ئارەزووى ئەم سیناریۆیە ناکات. "ویندى بارکلەى" ڤایرۆسناس لە کۆلێژى شاهانەى لەندەن دەڵێت: "ئەگەر ئەسپ یەکەم گوێزەرەوەى نێوەندى ئەنفلۆنزا بوو بێت، ئەوا زۆرینەى ڤایرۆسى باڵندەکان، لە [باڵندە] شیردەرەکاندایە، یاخود ڕەنگە ئەوانیش نەبن. "دیڤید مۆرینس" لە پەیمانگاى نیشتیمانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ نەخۆشییە هەستیار و گواستراوەکان لە بیسی لە مێریلاند، باوەڕى وەهایە کە دەشێت ئەسپەکان سووڕێکى کاتى بووبن و، بەڵام نێوەندگیرى بنەڕەتى گواستنەوەى ئەنفلۆنزا بۆ مرۆڤ هەمیشە باڵندەکان بوون-بەتایبەتى باڵندە کێوییەکان. بەڵام هەموان لەوەدا هاوڕان کە مرۆڤ پەیوەندى نێوان هەڵگر/هۆکارى نەخۆشییەکى درووستکردوە، ئەویش لەڕێگەى بەکارهێنانى زەوییەکان و چەشنى ئاژەڵەکانى دیکەوە. هەروەک ئەوەى کە " وۆرۆبی" ئاماژەى پێدەکات، ژمارەى دانیشتوانى ئەمڕۆ، ئەو کارانەیان کردووە کە پێشتر هەرگیز ڕووى نەداوە. بۆ نموونە هەڵسەنگاندن دەکات لەوەدا کە ڕەنگە ژمارەى مراوییەکانى ناو کێڵگە پەلەوەرییەکان لە ژمارەى کێوویەکان زیاتر بێت-لە ئێستادا.


ئێمە بەتەنها قسە لەسەر باڵندەکان ناکەین. " گالبیرت" باوەڕى وەهایە کە ڤایرۆسە مەترسیدارەکان [ئەو ڤایرۆسانەى کە ڕێژەى مەترسیان زۆرە] لە ڕەوە بەرازەکانەوە گواسترابێتەوە. لە کۆتایی ساڵەکانى ١٩٨٠دا لە ئەمریکا، نەخۆشى بەراز و کۆئەندامى هەناسەدان (PRRS) دۆزرایەوە، هەر لەو کاتەوە لەسەرانسەرى جیهاندا گواسترایەوە بۆ ڕەوە بەرازەکان، بەڵام ئەو زنجیرە [نەخۆشى بەراز] کە لەم داییانەدا لە چین دۆزرانەوە، زۆر مەترسیداتربوون لەوانەى کە لە ئەمریکادا هەبوون. لە ساڵى ٢٠١٥دا، توێژینەوەیەک لەلایەن " مارسا نیڵسۆن" و هاوڕێکانى لە پەیمانگاى نەتەوەى ئەمریکا بۆ تەندرووستى ئەنجامدراوە، نەخشەیەکى جێنەتیکى بۆ ئەو ڤایرۆسى ئەنفلۆنزاى بەرازنە کێشاوە کە لە ئەمریکا و ئەوروپا دۆزراونەتەوە-کە گەورەترین هەناردەکانى جیهانى بەرازن-هەروەها گەورەترین هەناردەکارى ئەنفلۆنزاى بەرازن.

،،

هەندێک کەس لە سۆشیاڵ میدیادا بانگەشەى ئەوە دەکەن، بەتایبەتى ڕەوکخۆرەکان، پۆست لەسەر ئەوە دەکەن ئەو کەسانەى کە گۆشت کەمتر دەخۆن، کەمتر تووشى ڤایرۆسى کۆڤیدنۆزدە دەبن.

هەندێک لە ئاژانسە هەواڵییە بەناوبانگەکان بە "هەڵەیەکى لاوەکى" گوزارشتى لێ دەکەن، بەڵام ئەو بانگەشەیە "بە شیوەیەکى لاوەکیش" ڕاستە. هەرچەندە ئەو لینکەى کە کێشاویانە زۆر سادەیە، بەڵام لە کاتى ئێستادا بەڵگە بەهێزەکە ئەوەیە کە ڕێگاکانى بەرهەمهێنانى گۆشت-نەک بەتەنها لە چین- بەشدارن لە کۆڤیدنۆزەدا.


ئەوە ئاشکرایە کە بۆ پارێزگاریکردن یاخود بەلایەنى کەمەوە بۆ هێواشکردنەوەى دەرکەوتنى نەخۆشى ئاژەڵى، وەک ئەوەى کە " فیرنلیی" و " لینتیریس" گفتوگۆیان لەبارەیەوە کردووە، بازاڕ ئاووى چین، پێویستى بە ڕێکخستنێکى باشترە هەیە، هەروەها پێویستە ئێمەیش سەیرى پشتى ئەو بازاڕە بکەین، بەمانایەکى دیکە لەسەر ئاستى جیهانى سەیرى چۆنییەتى بەرهەمهێنانى بکەین.


ڕەنگە ئێستا هەست بەوە نەکرێت، "والانس" دەڵێت: "ئێمە لە ڤایرۆسى سارس-کۆڤ-٢دا بەختمان هەبوو". ئەو ڤایرۆسە وەها دەردەکەوت کە لە H7N9 کەمتر کوشندەتر بووبێت-تەنها سێیەکى ئەو کەسانەى دەکوشت کە تووشى دەبوون-یان ڤایرۆسى H5N1 کەمێک زیاترى دەکوشت. ئەمە هەلێکمان پێدەبەخشێت، هەروەک ئەوەى کە "واڵاس" دەڵێت: "بۆ پرسیارکردن لە شێوازى هەڵبژێراوى ژیانمان-چوونکە مریشکەکان هەرگیز هەرزان نین، ئەگەر نرخەکەى ژیانى ملیۆنان کەس بێت-هەروەها سیاسییەکان ئاگادار دەکاتەوە، ئەوانەى کە خەریکى بزنسی کشتوکاڵین بۆ ئەوەى ستانداردى ژینگە، کۆمەڵگا و پەتا گریمانەکراوەکان بەرزتربیت. خۆشبەختانە، دەڵێت: "ئەمە بیرکردنەوەکانمان بەرامبەر بەرهەمهێنانى کشتوکاڵ، بەکارهێنانى زەوى و پارێزگاریکردنى دەگۆڕێت.