شاری گوایاكویل له ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه به گه‌وره‌ترین شاری ئیكوادۆر داده‌نرێت،به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا تیادا، دانیشتوانی شاره‌كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌كه‌ون و كه‌س نایه‌ت به‌ده‌نگیانه‌وه،هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌شی به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه له ماڵه‌وه ده‌مرن، كه‌سوكاره‌كه‌یان ده‌بێت چه‌ندین ڕۆژ چاوه‌ڕێ بكه‌ن تاوه‌كو سه‌ره‌یان دێت، بۆیه ئه‌م شاره ئێستا ناونراوه شاری مردن.
شاری گوایاكویل پایته‌ختی هه‌رێمه‌كه‌یه،له سه‌ده 70ی كۆی مردوانی ئیكوادۆر به‌ته‌نها له‌و شاره‌دا تۆمار كراوه،بۆیه به یه‌كێك له‌و شارانه‌ی جیهان داده‌نرێت،كه كۆرۆنا زیانێكی گیانی زۆری لێیداوه. له‌و هه‌رێمه‌دا زۆرترین ڕێژه‌ی مردن تۆمار كراوه، به‌شێوه‌یه‌ك زیاتره له هه‌موو وڵاته‌كانی كیشوه‌ری ئه‌مریكای لاتین، ته‌نها له‌ڕۆژی یه‌كی نیساندا 60 مردن و 1937 حاڵه‌تی نوێی توشبوون به كۆرۆنای تێدا تۆمار كرا.
،،
ئیكوادۆر دوای به‌رازیل و چیلی له ڕێژه‌ی زۆری مردن‌دا پله‌ی سێیه‌می وه‌رگرتووه و زۆرترین ژماره‌ی تێدا تۆمار كراوه
به‌ڵام به به‌راورد به ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی خاوه‌نی زۆرترین ڕێژه‌ی مردنه. تیمه‌كانی كۆكردنه‌وه و به خاكسپاردنی مردوان، توانای كۆنترۆڵ كردنی دۆخه‌كه‌یان نه‌ماوه،بۆیه لینین مۆرینۆ سه‌رۆكی ئیكوادۆر، هێزێكی تایبه‌تی بۆ كۆكردنه‌وه و ناشتنی ته‌رمه‌كان پێكهێناوه.
جیسیكا كاستانیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات له كاتی مردنی مامیدا كه‌س نه‌هاتووه بۆ هاوكاری و ده‌ڵێت:" كاتێك مامم له ڕۆژی 28ی مانگی ڕابردوو كۆچی دوایی كرد، كه‌س بۆ هاوكاری كردنم نه‌هات ". وتیشی:" له نه‌خۆشخانه‌كان قه‌ره‌وێڵه‌ی لێنه‌مابوو، بۆیه له ماڵه‌وه كۆچی دوایی كرد،پاشانیش داوای خزمه‌تگوزاری به په‌له‌مان كرد، پێیان وتین په‌له مه‌كه‌ن و ئارام بگرن، ئێستاش ته‌رمه‌كه‌ی له‌سه‌ر جێگاكه‌ی خۆیه‌تی و به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێبده‌ین".
هه‌روه‌ها ویندی نوبوا كه له باكوری شاره‌كه ده‌ژیت ده‌ڵێ:" كاتێك دراوسێكه‌مان كه‌وته خواره‌وه و سه‌ری پێكرا، په‌یوه‌ندیمان به ژماره 911ی فریاكه‌وتن كرد،به‌ڵام كه‌س نه‌هات،به‌هۆیه‌وه گوركی بازمینۆی دراوسێمان كه ته‌مه‌نی 96 ساڵه له ڕۆژی 29ی مارسدا كۆچی دوایی كرد". ده‌شڵێت:" ته‌رمه‌كه‌ی یه‌ك ڕۆژی ڕێك له‌سه‌ر شه‌قام مایه‌وه، تاوه‌كو كه‌سوكاری هاتن و بردیان، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌یانتوانیوه به‌خاكی بسپێرن، چونكه پزیشكێك نه‌بوو، واژوو له‌سه‌ر نوسراوی مردنه‌كه‌ی بكات".
،،
دانیشتوانی شاره‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تۆره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ ڕاگه‌یاندنی حاڵه‌ته‌كانی مردن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانبه‌كارده‌هێن و زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر كه‌سه‌كه و شوێنه‌كه‌ی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
بلانكا مۆنكادا ڕۆژنامه‌نوس له ڕۆژنامه‌ی ئیكسپریسۆ له وتارێكیدا ده‌ڵێت:" دانیشتووانی شاری گوایاكویل نائومێدن، هه‌ندێك كه‌س زیاتر له 72 كاتژمێر چاوه‌ڕێی ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رمی كه‌سوكاره‌كه‌یان لێوه‌ربگرن و به‌خاكی بسپێرن".
هه‌فته‌ی ڕابردوو، نزیكه‌ی 300 كه‌س له ماڵه‌كانی خۆیان به‌هۆی كۆرۆناوه گیانیان له‌ده‌ستدا،ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی EFE له ڕاپۆرتێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه پۆلیس كاری گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانی به پێی لیستێك ئه‌نجامداوه، به‌پێی لیسته‌كه پێویسته كه‌سوكاری مردووه‌كه ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕێ بكه‌ن تاوه‌كو ته‌رمی كه‌سه‌كه‌یان لێوه‌رده‌گیرێت.