بۆچی پیاوان لە ژنان زیاتر تووشی کۆرۆنا دەبن؟

2020-04-05

بەپێی ئاماری ڕاگەیەنراوی ئەو وڵاتانەی کە بە ڕێژەیەکی زۆر ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیاندا بڵاو بووەتەوە، زۆربەی قۆربانییەکانی ڤایرۆسەکەو ئەوانەی تووشی دەبن لە ڕەگەزی نێرن، شارەزایانی تەندروستیش دەڵێن، جگە لە چەند هۆکارێکی یاریدەدەر، جیاوازی ڕەگەزیش لەم بابەتەدا ڕۆڵی هەیە. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئیتالیا، لە ۷۰٪ی ئەوانەی کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە پیاون و ئاماری قوربانییەکانی وڵاتی " چین"یش بە هەمانجۆر، ئاماژە بە زۆری ڕێژەی قوربانییەکان لە ڕیزی پیاواندا دەکەن. بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکان، قوربانییەکانی ڤایرۆسی " سارس" میرس"یش کە سەر بەخێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنان، زۆربەیان لە پیاوانن.

،،

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی " میامی میلر" لە تەواوی جیهاندا، بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، پیاوان سێ هێندەی ژنان داخڵی نەخۆشخانە کراون.

بەشێک لە زانایان بڕوایانوایە کە جگەرە کێشان یەکێک لەو هۆکارانەیە کە وایکردووە ڕێژەی تووشبوانی پیاوان لە جیهاندا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێژەی ژنان زیاتربێت.

بەپێی ئامارو لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی تەندوستی جیهانی لە ساڵی ۲۰۱۹دا، ٤۷٪ی پیاوانی وڵاتی چین جگەرە دەکێشن و لە بەرانبەردا کەمتر لە ۲٪ی ژنانی ئەو وڵاتە جگەرە دەکێشن. لە وڵاتی ئیتالیاش لە حەوت ملیۆن جگەرە کێشی ئەو وڵاتە، کەمتر لە سەدا پێنجی ژنانی ئیتالیا جگەرە دەکێشن.

شارەزایانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەدەن کە کێشانی جگەرە توانای بەرگری لەش لە بەرانبەر نەخۆشی و ڤایرۆسدا لاواز دەکات و دەبێتە هۆکاری یاریدەدەر بۆ چوونە ناوەوەی ڤایرۆس بۆ ناو لەشی مرۆڤ. ڕژنامەی " وول ستریت جورنال"، ئاماژەی بەوە داوە کە دیاردەکانی جگەرە کێشان و مەشروب خواردنەوە زۆرتر لەناو پیاواندا باون، کە لە پاڵ نەخۆشییەکانی سەرەتانی جگەرو نەخۆشییەکانی دڵ، هۆکارێکیشە بۆ زیاتر تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. یەکێکیتر لەو هۆکارانەی کە وایکردووە، ڤایرۆسەکە زۆرتر تووشی پیاوان ببێت، ئەوەیە کە ڕێژەی پیاوان لەناو بازاڕی کاردا زۆرن، چەند زانایەکی شاری " ووهان"ی چین ئاماژە بەوە دەدەن کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێوان پیاواندا ئەوەیە کە پیاوان کۆنترۆڵی دەستی کاریان لە بازاڕی ئەو شاردا کردووە.

دکتۆرە مارسیا ستیفانیک، مامۆستای کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی ستاتفۆر، بە ڕۆژنامەی " وول ستریت جورنال"ی وتووە، کە جیهازی بەرگری لەشی ئافرەتان لە هی پیاوان بەهێزترە، بە بۆچوونی ئەو دکتۆرە، ئافرەت لەکاتی سکپڕیدا، لەشی لەسەر بەرگریکردن لە ڤایرۆس و بەکتریا ڕادێت و لەماوەی نۆ مانگی سکپڕیشیدا ترشەڵۆکێک لە لەشیدا دروست دەبێت کە لاشەی لەسەر مەشقکردن بەرانبەر هێرشی دەرەکی بۆ ناو لەش ڕادێنێت. هەر بەپێی وتەی دکتۆرە مارسیا، ئەو کرۆمۆسۆمانەی کە ئافرەتان هەڵیان گرتووە لە کرۆمۆسۆمەکانی پیاوان بەهێزترن، پیاوان هەڵگری کرۆمۆسۆمی " x" و " y" ن، بەڵام ئافرەتان هەڵگری کرۆمۆسۆمی " x" و " x"ە، کە ناسراوە بە " x" و پێکهاتووە لە " ۹۰۰ جین" کە زۆربەیان ڕۆڵی بەرگریکردن دەبینن و سێجار گەورەترن لە قەبارەی کرمۆسۆمی " y"، واتە ئافرەت هەڵگری ئەو جینانەیە کە تایبەت و پەیوەستن بە بەهێزکردنی دەزگای بەرگریکردنی لەش.

سەرچاوە: سایتی العربیە