چی لەدوای قەیرانی کۆرۆناوە دێت؟

2020-04-05

دانیال دێتلینگ: سیاسەتمەدار و بەڕێوبەری ئۆفیسی (Zukunftsinstitut)ی بەرلین.
و. لە ئەڵمانییەوە: هێرۆ خوسرەوی

کۆڤید ١٩ بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ داهاتوومان دەگۆڕێت. جیهان بەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانناسی، خەریکە لەپێش چاوانمان لێكدەترازێت. و لەدوای ئەم قەیرانەش دەبێتە جیهانێکی دیکە. پەتای جیهانیی، گۆڕانکاریی بەسەر شێوازی ژیانکردن و کارکردن و خوێندنماندا دەهێنێت. ئەو مشتومڕ و دیبەیتەی لە دوای کۆرۆناوە دێت، هەنوکە دوو سیناریۆ بەشێوەیەكی بنچینەیی لە بەرامبەریەكدا دەوەستن: 'تەریکخستنێکی تەواوەتیی'- جیهانێک 'هەموان دژی هەموان'- و هەروەها سیناریۆی جیهانێکی تازەی 'جیهانێک بۆ ئێمە'، کە لەهەمان کاتدا سەربەخۆتر و بەیەکداچووتر دەبێت.

خراپترین حاڵەتی بەردەممان لێکدابڕانە
ئەم سیناریۆ نێگەتیڤە بەواتای کۆتایی گڵۆبالیسەبوون دێت. هەر وڵاتێک بۆ زیندوومانەوەی خۆی دەجەنگێت. پڕۆژەی یەکێتیی ئەوروپا خەریکە بۆ هەمیشە کۆتایی پێدێت. لەتەواوی جیهاندا ناسیۆنالیزمی نوێ لەگەشەدایە. بەرلەهەرشتێک بە هۆکاری تەندروستیی دەست بە لێکدابڕانی بازاڕە نێونەتەوەییەکان، داخستنی سنورەکان و هەڵپەساردنی قەدەغەی هاتووچۆ دەکرێت.


هەبوونی خواست بۆ زیادبوون و ئازادبوونی ڤایرۆس و میکڕۆبەکان هەنگاو بۆ قەدەغەکردنی ئەو بەرهەمانە دەنێت، کە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون ناڕوونە. خۆراك و خواردەمەنییەکان لە گومرگەکاندا بەدەرمان پاکژدەکرێنەوە.

،،

ژیانی کۆمەڵایەتیی، کولتووریی و گشتی لەیەکدەترازێت و دەبردرێتە ناو چوارچێوەیەک (ژوورێك)ی ڤیرتوێلی (مەجازیی).

داتا تەندروستییەکان بەپێی هەلومەرج بۆ وڵات بەکاردێن. لەگەڵ كۆتایی گڵۆبالیزەبووندا كۆچێكی نوێی دیکە لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان سەرهەڵدەدات. یاسای پاراستنی داتاکانی خەڵك پووچەڵ دەبێتەوە. پەیوەندییەکان و جوڵەکانی هاووڵاتییان لە هەر چركەساتێكدا دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، سەرپێچییەکان بە شێوازی دیکەی زەوتکردنی ئازادیی لەقەڵەم دەدرێن. کەسە تووشبووەکان لە بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگا دادەبڕێنرێن. جیهان دەکەوێتە بەردەم سوڕێکی شەیتانیی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە (سیستەمێك کە لەنێویدا کۆمەڵێک هۆكار لەدژی یەک بەردەوام لە بەهێزبوون دان و دۆخەکە هەمیشە بەرەو خراپتر دەبەن).


لەبەرئەوەی کە چاوەڕوانیی بۆ باشتر ژیانکردن و خۆشگوزەرانیی دوو شتی بەیەکەوە بەستراون، قەیرانی ئابووریی وەستێنراو بەرەو مردنێکی بەکۆمەڵ لە وڵاتە هەژارەکاندا دەڕوات. تەنانەت لە وڵاتە گەشەسەندووە پیشەسازییەکانیشدا زۆرێک لە نەخۆشەکان ناتوانن لەبەر هۆکاری خراپ دامەزراندنی سیستەمی تەندروستیی و نەگەیشتنی زامنکردنی بیمەى تەندروستیی بۆ هەموان، ئیتر بەشێوەیەکی پێویست مامەڵە و پشکنینیان بۆ ناكرێت. لەگەڵ كۆتاییهاتنی گڵۆبالیزەبووندا كۆچێكی نوێی دیکە لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان دەستپێدەكات. شارەکان دەبن بە نائارامترین شوێن لەجیهاندا. ئەنجامدانی هەمان ئاراستە و مەیلی بە تەنیایی ژیان و هەمیشە لەبینایەک یان شوقەیەكی بچووکدا ژیانی خەڵکانی شارنشین بەبێ ویست و سەربەخۆیی خۆیان بووە. کێ بتوانێت لەڕووی داراییەوە خۆی بەڕێوە بەرێت، دێتە دەرەوە لەشارەکان و ماڵ دەگوازێتەوە بۆ گوندەکان. لەڕووی نەتەوەییەوە پلانێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئابووریی دەوڵەتیی دەستپێدەکات، لە ئاستێکی ناوچەییدا مۆدێلی خۆبەڕێوەبردن و مۆدێلی ئاڵوگۆڕ ڕێنیسانسێکی نوێ ئەزموون دەکەن.

باشترین حاڵەت بەرەو بەهێزبوونی سیستەم و یەکگرتنی زیاتر دەڕوات
لە سیناریۆی پۆزەتیڤدا قەیرانی کۆرۆنا بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکان و لەگەڵیشیدا بەرگەگرتنی دەروونیی (Psychological resilience) واتا توانای دەروونی بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا وقابیلییەتی خۆڕاگریی سیستەم (Robustness) هەتا ئەگەر هەڵەیەکیش هەبێت، هەنگاو دەنێت. ئەم پەتایە دەریخست: وەستاندنی تەشەنەسەندنی ئەم ڤایرۆسە بە تەریکخستن لەڕێگەی داخستنی سنورەکانەوە نییە، بەڵکو بە دەرئەنجامی ڕێوشوێنە لۆکالییەکانە. ناسیۆنالیزم و وازهێنانی گلۆبالیزەبوون و یەکگرتنی نێونەتەوەیی خۆیان وەک ڕەچەتەیەکی هەڵە دژی تەندروستیی و دژی قەیرانە ئابوورییەکان، دەرخستووە. ڕێکارە بەرگریکەرەکانی تەندروستی دەبنە هۆی ئەوەی کە دەرمانە گرنگ و پێویستەکان و جل و بەرگی خۆپاراستن لەتەواوی جیهاندا كورت بهێنن و لێکۆڵەرانی زانستیی و کۆمپانیا دەرمانسازییەکان زیاتر برەو پەیدادەکەن و لەهەر لایەکەوە داوا دەکرێن. ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆکاری یەکگرتنێکی تازە، هەوسانگییەک لە نێوان وڵاتان و هەرێم و کۆمونەکانی ناویان.

ئایا بازاڕی ئابووریی کۆمەڵایەتیی [ئەو ئابوورییەی کە لە سەردەمی كۆماری ئەڵمانیای دیموكرات ‘ئەڵمانیای خۆرهەڵات‘ هەبوو و دەوڵەت كۆنتڕۆڵی بازاڕی كردبوو-وەرگێڕ] دەگەڕێتەوە؟
سەنتێزێکی نوێ لەنێوان وڵات و بازاڕ، لەنێوان ئاستێکی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا پەیدادەبێت.
بازاڕی ئابووریی کۆمەڵایەتیی دووبارە دەبووژێتەوە و بەرەو بازاڕی ئابووریی کۆمەڵایەتیی-ئیکۆلۆژیی (ژینگەدۆستیی) دەڕوات. گڵۆبالیزەبوون دەبێت بە گلۆکالیزەبوون (Glocalization)، ئەمە کە لەئەنجامی لێکدانی هەردوو وشەی (local) [ناوچە] و (Globalization) [بەجیهانیببوون] پێکدێت، و مەبەست لێی بریتییە لە پەیوەندیی گلۆبالیزەبوون بە کار، ئابووریی و شێوازی ژیانکردن لەگەڵ مانابەخشینەوە بە نەریت و بەها و خەسڵەتە لۆکاڵی و ناوچەییەکان. بازاڕەکان و زنجیرەی بەهاکان (Value chain) سەربەخۆتر و ناوچەییتر دەبن، لەهەمان کاتیشدا وڵاتەکان هاریکاریی و کاری پێکەوەیی باشتر دەکەن، بەتایبەت لە پرسەكانی تەندروستیی و پاراستنی ژینگە و کەش و هەوادا. هەوایەکی پاکژ و دەرپەڕاندنی کەمی گازەژەهراوییەکان، ڤایرۆس و پەتاکان کەمدەکەنەوە.

تێلە میدیتسین و خوێندنی دیجیتاڵیی دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە
قەیرانی کۆڕۆنا وەرچەرخانی(transformation)ی دیجیتاڵیزەبوون خێراتر دەکات. شەپۆلێکی دیجیتاڵیی دێت بەناو گشت کۆمەڵگادا. کۆبوونەوە و دانیشتنەکان دێنە ناو جیهانی ئینتەرنێتەوە، کارکردن لەماڵەوە(Home-Office)، وەرگرتنی ڕێنمایی پزیشکیی لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە (Telehealth) و لەناکاو فۆڕمی نوێی دیکە بۆ (Mobility) بەردەوام لێرەو لەوێ دێنەئاراوە.

،،

سەردانکردنی پزیشک دەکرێت لە ڕێگەی Whatsapp و ڤیدیۆوە بێتەئاراوە، ئۆتۆمبێلی کارەبایی (Electric car) و خوێندنگای دیجیتاڵیی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.


تۆڕە دیجیتاڵییەکان هەلی مانەوەیان لەناو پەیوەندییەکانی هاووڵاتییانی جیهاندا بۆ دەڕەخسێت. لە پلاتفۆڕمە لۆکاڵییەکاندا بەکارهێنەران و دراوسێکان خۆیان ڕیکدەخەن بۆ خزمەتگوزاری کڕین و شتومەك. ئەو کەسانەی کە هیچکات یەکتریان نەبینیوە لەیەك نزیک دەبنەوە. دیتمار هۆپ(Dietmar Hopp)[*]، کە لەلایەن هەزاران کەسەوە لە ستاودیۆمی تۆپی پێدا بە [كوڕی سۆزانیی] (son of whore) بانگ کرا، دەبێتە یەکێک لە پاڵەوانانی نەتەوەیی، لەبەر ئەوەی یەکێک لە کۆمپانیاکانی ڤاکسینێکی دژی ئەو ڤایرۆسە دۆزیوەتەوە.

لەدوای قەیرانی کۆڤید ١٩ تەندروستیی جیهانیی پێگەیەکی گەورەتر بەدەست دەهێنێت
قەیرانی کۆرۆنا هەنگاو بۆ تێگەیشتنی تەواوەتیی بۆ تەندروستی دەنێت. تەندروستیی تەنیا شتێکی تاکەکەسیی نییە، بەڵکو هەلومەرجێکی گشتیی و پێکەوەییە. تەندروستیی تاکەکەسیی و تەندروستیی جیهانیی وەک دوو ڕووی سکەیەک دەبینرێن. ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا بۆیە وا بەرزبوو، چونکە نەتەوە و کۆمەڵگاکان تەنیا بە ئەنالۆگ [لێكچوون] لەگەڵ یەکتردا لەپەیوەندیدابوون و تەنیا بە هێواشی کاردانەوەیان هەبوو.


بەیارمەتی (Big Data) و هۆشی دەستکرد سیستەمێکی ڕابەرایەتی جیهانیی و ڤاکسین دەدۆزرێتەوە. دکتۆرەکان، پسپۆڕانی بواری ڤایرۆس و کۆمپانیای دەرمانەکان لە تەواوی جیهاندا بەیەکەوە کاردەکەن و زانینەکەیان دابەش دەکەن. ئیتر گەڕانەوەیەک بۆ دۆخی کۆرۆنا نابێتەوە. دەکرێت ئەم ڤایرۆسە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو سەرکەوتنە چاوەڕوانکراوەی هۆشی داهاتوومان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی و کۆمەڵایەتیمان. پێشکەوتتنەکان، ئەوانەی کە ژیانمان بەگشتیی بەتواناتردەکەن. لەدوای کۆرۆناش پەتا و نەخۆشی دیكەش سەرهەڵدەدەن، کە پێویست ناكات ئێمە وەک دەرئەنجامەکانی لەگەڵ گڵۆبالیزەبوونەی بە واقیعی هەیە دەست و پەنجە نەرم بکەین، بەڵکو دەتوانین بەخێرایی پەیان پێبەرین و لەبەرامبەریاندا بجەنگین.


ئێمە ئەزموونی كۆتاییهاتنی گڵۆبالیزەبوون ناکەین، بەڵکو ئەزموونی شتێکی نوێ دەكەین. لەدوای سەرووگلۆبالیزەبوونی(Hyper-globalization) توڕەوەوە گلۆکالیزەبوونێک بۆ قابیلیەتی مانەوەی زەوی دێت. ئابوورییەکەیان و کۆمەڵگاکەیان بەبەراورد بە ئەمڕۆ زاڵتر دەبن بەسەر قەیرانەکاندا و خۆڕاگرتر دەبن بەسەر هەڵەکاندا. نەک 'هەموان دژی هەموان' ، بەڵکو 'ئێمە' ی نوێ دەیباتەوە.

* دیتمار هۆپ وەبەرهێنەری سۆفت وەیر و ملیاردێرێكی ئەڵمانییە، كە كۆمەڵێك كۆمپانیای قۆرخكاری لەبەردەستە.

سەرچاوەى وەرگێڕان
https://m.tagesspiegel.de/politik/zukunftsszenarien-nach-corona-alle-gegen-alle-oder-neue-wir-welt-/25703810.html?fbclid=IwAR2cWd8qcpTzzu_pZprIKWlz0TLYwf9RUvtay13yNHl0iNrGv8s-qxJeiVk#opencomments