ئایا ئابووریی و ئیکۆلۆژی دوو بواری دژ یەکن؟

2020-04-15

هێرۆ خوسرەوی

 

هەموومان دەزانین و دەبینین کە جیهان بۆ چ دۆزەخێکی سەرمایەداریی هەنگاو دەنێت. گەرمبوونی زەوی و بێ کۆنتڕۆڵ زیادبوونی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەبەرگەهەوادا لەسوڕێکی نەبڕاوەى بەردەوامدان. گەشتە فڕۆکەوانییەکان، زیادەبەکارهێنان و ڕنینەوەی زەوی و هەروەها زیادەڕاوکردنی ماسی و فڕێدانی پلاستیک بۆ ناو دەریا و زەریاکان بەردەوام لە زیادبووندان و لەهەمانکاتدا لەناوچوونی جۆرەکانی زیندەوەران لەپۆلێنبەندی بایۆلۆژییدا.

ئەمڕۆش ئەوەی کە هەر یەکێک لە ئێمە ئەزموونی دەکەین و دەبێتە بەشێک لە بیرەوەریی و خاڵێکی ژیانمان، نەخۆشیی کۆڕۆنا و ئەو زەمەنەی کە تیایدا سەریهەڵداوە و چاوەڕوانیمانة بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک یان دەربازبوون لەو دۆخە نائاساییەی کە بەهۆی ئەم پەتا جیهانییەوە دروستبووە.

 سەڕەڕای هەموو ئەو کتێب و سیمینار و کۆنفڕانس و لێکۆڵینەوانەی کە بۆ هۆشیارکردنەوە و گەڕان بەدوای ئەڵتارناتیڤێک بۆ ڕێگرییکردن لەم هەموو دیاردە بەرچاوانەی کە لەم زەمەنەدا بەخێراییەکی بێشومار لە تەشەنەسەندندان و پاراستنی داهاتوو بۆ هەموو نەوەکان،  بەدیاریکراوی قەیرانی ئیکۆلۆژیی و وەرچەرخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەسروشتەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا هێشتا هیچ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە سیاسەتی ئابووریی جیهانییدا ڕووینەداوە، کە سەرەکیترین هۆکارە بۆ هەموو ئەم دیاردە جیهانییانە.

 بەتەنیا لە دوای کۆنفڕانسی ژینگە کە لە شاری (ڕیۆ دێ ژانێررۆ) لە بەرواری ٣ بۆ ١٤ی حوزەیرانی ١٩٩٢ بەڕێوەبردرا بۆ گفتوگۆکردن و ئاگاداربوون لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و گەشەسەندنی جیهان، ڕێژەی چڕی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ زیاتر لە دوو لەسەر سێ لەتەواوی جیهاندا بەرزبۆتەوە. لێکۆڵەرەوانی بواری ژینگە و پۆلێنبەندییەکانی زیندەوەران، و نەک تەنیا چالاکوانانی ژینگە بەڵکو ئابوورییناسان، سیاسەتمەداران، لێکۆلەرەوانی بواری زانستە مرۆییەکان و زانستە سروشتییەکان داوادەکەن سیستەمی ئابووریی جیهان و وڵاتان بخرێتە ژێر پرسیارەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەزووترین کات مامەڵەیەک لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت. لێرەدا دەکرێت بپرسین، بڵام بۆچی هیچ شتێک ڕوونادات؟  وێڕای ئەم هەموو پڕوپاگەندەیەی کە بۆ نمایشی پاراستنی ژینگە دەكرێت، بۆچی هیچ کاریگەرییەك نابینین؟

لێرەدا دەمەوێت چەند سەرنجێكی پەیوەندیدار بەم بابەتە و چەند پرسیارێك کە نەك تەنیا بۆ من، بەڵکو بۆ زۆرێک هێشتا جێی ئاماژەپێکردنن و بەردەوام دووپاتکردنەوەی ئەو پرسیارانە تا سەپاندن و باڵادەستکردنی ئیکۆسۆسیالیزم گرنگییەکی لەڕادەبەدەریان هەیە، بخەمەڕوو:

  • ئایا ئابووریی و ئیکۆلۆژی دوو بواری دژیەکن، یان ئەوەی بەهۆی ڕێگەیەکی سیاسیی هەڵەوە لەبەرامبەر یەکتردا وەستاونەتەوە؟
  • ئەگەر کێشەیەک لە سیستەمی ئابووریی جیهانییدا هەیە، بۆچی هێشتا وا دەردەکەوێت کاتی ئەوە نەبێت مۆدێل و سیستەمی ئابوورییمان بگۆرین؟
  • چۆن دەکرێت باڵانسی ئابووریی و ئیکۆلۆژیی بە هەبوونی گۆڕانی کەش و هەواشەوە ڕاگرین؟

مێژووی مرۆڤایەتی هەر لەگەڵ دەستپێکی ژیان لەسەر پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا وەستاوە، بەڵام نەک بەشێوەیەکی هاوتەریب و یەکسان، بەڵکوو بەپێی گەشەسەندن و وەرچەرخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانی فاکتۆرەکانی ژیان، پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ سەرهەڵدانی پیشەسازیی و باڵادەستبوونی سەرمایەدارییدا ئەو پەیوەندییە لە بنەما سەرەتاییەکانی خۆیەوە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەک کە لەسەر کەڵەکەبوونی سەرمایە و چەوساندنەوەی کرێکار و چینی خوارەوە بونیادنراوە. ئەمەش بۆتە هۆی ڕفاندن و زەوتکردنی هەم کار و هەم سروشت لە مرۆڤ لەلایەن سیستەمی سەرمایەداریی و ئەو کەسانەی خزمەت بەو سیستەمە دەکەن. لەلایەکی دیەکەشەوە سروشت بەردەوام لە گۆڕان دابووە و دەبێت، گۆڕانکاریش بە واتای گۆڕانکارییە سروشتییەکان، کە بە بێ دەست تێوەردان و کاریگەر بوونی مرۆڤ بەسەریانەوە ڕوودەدەن وەک شێوەگرتنی کێو و شاخەکان و کەم کەم لێخورانیان بەهۆکاری زەمەنییەوە و ئیتر چەندان گۆڕانکاری دیكەى لەم شێوەیە. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە خێرا و بێ پچرانانەی کە لەم سەردەمەدا باس دەکرێن بە هیچ جۆرێک بەشێک نین لە گۆڕانکاریییە سروشتییەکان، بەڵکو وەرچەرخانێکن بە هۆی سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریی و شێوازی ژیانی مۆدێرنەوە ڕوویانداوە، کە نە تەنیا مرۆڤەکانی وەک کۆیلەیەکی مۆدێرن بۆ بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزاری خۆی بەکارهێناوە، بەڵکو سروشتیش وەک ئۆبێكت و بابەتێكی دەستبەسەرداگیراو بۆ بەدیهێنانی کەڵەکەبوونی سەرمایە دەبینێت.

بەمەش نامەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئیتر هەبوونی کار و کارکردن لەپێناو بەدەستخستنی پێداویستیی ژیان و پێداویستییە مرۆڤایەتییەکان دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژینگە و سروشت، بەڵکو هەروەک چۆن مانەوەی سروشت و زەوی لەسەر بنەما ئیکۆلۆژییەکان بەندە، بەهەمان شێوە مرۆڤایەتی و ژیانی مرۆڤیش، وەک بوونەوەرێکی ناو سروشت، لەوە بەدەر نییە. ئابوورییش وەک هەر یەکێک لەبوارەکانی دیكەى ژیان پێویستییەکی مانەوە و بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتییە، و یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی کۆمەڵگا و دابینکردنی ژیان لەڕووی کارو پێویستییەکانی بەرهەمهێنان.

 بەڵام ئایا ئەو ئابوورییەی کەباسی دەکەین هەمان ئەو ئابوورییەیە کە لە جیهاندا باڵادەستە، یان سیستەمێکی دیکەیە و بە دوای ئامانجەکانی خۆی دەکەوێت؟

ئابووریی جیهانیی هەروەک لەناو کتێبە ئابوورییەکانییشدا کە لە زانکۆ و بەشە کارگێرییەکاندا دەخوێندرێن و  وەک مۆدێلێکی جیهانی مۆدێرن ناوزەند دەکرێن، بەشێوەیەکی بەردەوام هەوڵ بۆ زەقکردنەوەی چەند بنەمایەکی ئابووریی دەدات، بەدیاریکراوی لەڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە، بۆ ڕەوایەتیدانی زیاتر بەو سیستەمە و نەهێشتنی گۆڕانکاریی تیایدا و پاراستنی لە هەمان قاڵبی خۆی کە هەیە. یەکێک لەو بنەمایانەی کە هەر لەگەڵ دەستپێکردن بە خوێندنی ئابووریی سیاسیی یان بەشە ئابوورییەکانی دیکە تا دوایین قۆناغەکانی خوێندن و لە ژیانی کاریشدا وەک نمونە دەهێندرێتەوە، بنەمای "خواست و  دەگمەنیی لە كەرەستەى خاو و بەردەست"ـە.

،،

ئەم بنەمایەش باکگراوندێکە بۆ بنەمایەکی دیکەی ئابووریی، ئەویش "زۆرترین بەرهەمهێنان و کەمترین تێچوون".

هەر ئەمەش یەکێکە لەو هۆكارانەى کە ئابووریی وەک بوارێکی دژ بە ئیکۆلۆژی دادەنێت. دەگوترێت ئەگەر بەشێوەیەکی ئیکۆلۆژیی پڕۆسەی بەرهەمهێنان ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێتە بەربەست لەبەردەم پڕکردنەوەی خواست و پێداویستیی خەڵک. بەڵام ئەگەر دەقیقتر لە مەسەلەکە بڕوانین دەکرێت بڵێین، ئایا چ شتێک خواستی خەڵکە؟ ئایا هەبوونی ژینگەیەك بۆ ژیان دوور لەپاشەڕۆکانی سیستەمی سەرمایەداریی لە پلاستیکەوە بگرە تا زیادەى دەرپەڕاندنی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و گازەکانی دیكە لە شێوەی دوکەڵدا، یان ئایا هەبوونی خۆراک و پێویستییەکانی مانەوە و تەنانەت هەوایەکی پاکژ و تەندروست خواستی خەڵک نییە؟ بە پێچەوانەوە ئابووریی جیهانیی کە بەپێی تیۆرییەکانی وەک كینزیزم (هەرچەند كینزیزم لە هەندێک لایەنەوە جیاوازییەکی دیاری هەیە بەبەراورد دوو تیۆرییەکانی دیکە، بەڵام لە زۆرلایەنی دیکەوە هەمان خزمەت بە سەرمایەداریی دەکات)، پڕەنسیپەکانی لێگەڕێن با بڕوات [لیزس-فایەر](Laissez-Faire) و نیوڵیبڕالیزم بەڕێوەدەبرێت ، بۆ زامنکردن و پڕکردنەوەی خواستەکانی خەڵک نییە، بۆ گرنگیدان بە ژینگەیەکی مرۆیی نییە، بەڵکو بۆ برەوپێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە کۆمپانیا و کەرتە تایبەتەکانە. لەهەر یەکێک لەو تیۆرییانەشدا ئەوەی بەرچاو دەکەوێت، ئامانجێکە بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی کەرتە تایبەتەکان و گرتنەوەی دەسەڵات لە خەڵك و دەوڵەت، و هەڵسەنگاندنی هەڵکشانی تێکڕای بەرهەم هێنانی ناوخۆیی. بۆ نمونە: بەپێی پڕەنسیپەکانی لێگەڕێن بابڕوات(Laissez-Faire) کە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ڕێبازە ئابوورییە بۆ سەدەکانی هەژدەیەم دەگەڕێتەوە، کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە دەوڵەتە ستەمكارەكان (مۆنارشی = پاشایەتی)، و لەسەر بنەماو ئایدیاکان (ئایدیای دەستی نادیار)ی ئادەم سمیث بونیاد نراوە، کە پێیانوایە پێویستە بازاڕ لە دەوڵەت جیابکرێتەوە و هەر دەستتێوەردانێکی دەوڵەتی نەخوازراوە. ئەگەر مرۆڤ خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەهەمانکاتدا پارێزگاریی لە کۆمەڵگاش بکات، و ئەمەش خۆبەڕێوەبردنی بازاڕە. دوای ئەوە تیۆرییەکانی نیوڵیبڕالیزم دێن و لە لیبڕالیزمەوە سەرچاوە دەگرن، کە لیبڕالیزمی سیاسی بانگەشەی پڕوپاگەندەی "ئازادبوون"  لە دەسەڵاتی دەوڵەت،  تاکگەراییەکی موتڵەق و تێکەڵەیەک لە سەربەخۆییەکی ئابووریی و ڕزگارییەکی سیاسی دەکات. و درێژە پێدەری ئامانجەکانی پڕەنسیپەکانی لێگەڕێن بابڕوات(Laissez-Faire)ـە، کە لەپێناو بازاڕی ئازاد هەموو دەستێوەردانێكی کۆمەڵایەتیی، سیاسی و هزریی لە بازاڕ ڕەتدەکاتەوە. و لەو بڕوایەدان کە هەتا دەبێت دەوڵەت هەلومەرج بڕەخسێنێت بۆ پێشبڕکێ و بەشداریی لە پڕۆسەی ئابوورییدا. بەخوێندنەوەی ڕەخنە ئابوورییە سیاسیەکان لەسەر ئەم تیۆرییانە و ئەزموونی سیاسیی بۆ زۆرێک لە ئێمە ڕوونە کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە تەنگیان پێهەلبچنرێت و بخرێنە ئەولاوە و بەدوای سیستەمێکی نوێی ئابووریی جیهانییدا بگەڕێین و کاتی ئەوەبێت مۆدێل و سیستەمی ئابوورییمان بگۆڕین. چونکە ئەم شێوازی ئابوورییە لەسەرەتای نەوەدەکانەوە لەم دۆخەی سەرمایەدارییدا، کە بەرەو باڵادەستبوونی جیهانیی بانکە سەرمایەدارییەکان هەنگاوی ناوە، بەتەواوی و بەموتڵەقی بووەتە کەڵەکەکەرێکی چەتەگەریی و تاڵانكارانە، و بەردەوام لە گەشەسەندێکی بێ وێنەدایە.

لەهەمان کاتدا ئیکۆسیستەمی جیهانیی بەراورد بە سوڕی سەرمایەداریی تەواو سنوردارە. بۆیە ئەم شێوازی ئابوورییە و ئەو تیۆرییانەی کە پاڵپشتی لەو شێوازە دەکەن، قورساییەکی بەهێز دەخەنە سەر سروشت، لەڕێگەی زێدە بەکارهێنان، لەناوبردنی چوارچێوە و بوارەکانی ژیان(ژینگەی ژیان). ئەم دژیەکییەی سەرمایەداریی و ئیکۆسیستەم بەشێکە لە تێکشکانی پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە سروشتەوە. بۆیە قەیرانی ئیکۆلۆژیی، قەیرانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بەسروشتەوە، پڕۆسەی وەرچەرخانێکی فۆڕمێکی مێژوویی دیکەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەسروشتەوەیە.

ئەوەی لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە کە یەکەمجار بەرچاومان ڕوون ببێتەوە لەوەی کە لە چ دۆخێکی مەترسیدارداین و دوای ئەوە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕیشەکێشکەر، کە بەشێوەیەكی بنچینەیی بتوانێت پاشەکشە ئەو سیستەمە ئابوورییە جیهانییە بکات. دوای ئەمەش بەلایەنی کەمەوە کە ئەگەر گەڕانەوە بۆ دۆخی جارانی سروشت مەحال دەربکەوێت، هەوڵبدەین باڵانسی ئابووریی و ئیکۆلۆژیی سەرەڕای هەبوونی گۆڕانی کەش و هەوا، ڕابگرین.

هەر وەکچۆن میشێل لوویی لە کتێبی "بۆچی ئیکۆسۆسیالزم؟"دا ئاماژە بەوە دەکات سیستەمی سەرمایەداریی، کە لەسەر بنچینەی زیادکردنی قازانج، بەبێ ڕەچاوکردنی تێچووە کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەکان، بەڕێوە دەڕوات، ناسازگارە لەگەڵ داهاتوویەکی دادوەر و قابیلیەتی مانەوەی زەوی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. ئیکۆسۆسیالزم ئەڵتەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ پێشکەشدەکات، کە گوزەرانی کۆمەڵایەتیی و ئیکۆلۆژیی لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت. لە پەیوەندیی نێوان چەوساندەوەی کار و چەوساندنەوەی ژینگەدا، ئیکۆسۆسیالزم لە دژی هەردوو ڕیفۆرمیستی 'ئابووریی بازاڕ' و 'سۆسیالیزمی بەرهەمهێنەر' [سیستەمی پرۆدەكتڤیزمی سەردەمی سۆڤێت لەژێر هەیمەنەى ستالینیزمدا] دەوەستێتەوە. بە مۆدێلێکی نوێی پلاندانانێکی دیموکراتی جێگیر کۆمەڵگا دەتوانێت کۆنتڕۆڵی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێت. کەمکردنەوەی کاتی کارکردن و تەركیزکردنە سەر پێداویستییە سەرەکییەکان لەبری برەودان بە مەسرەفگەرایی (consumerism). بۆ بەدیهێنانی ئەم نوسخەیەش پێویستە لەسەر ژینگەپارێزان و سۆسیالیستەکان خەباتی هاوبەشیان بناسن و لەگەڵیشیدا وێڕای هەوڵدان بۆ داخستنی کارگە پیشەسازییە زەرەرمەندەکانی ژینەگە، دەکرێت پەرە بە بوارە ئیکۆلۆژییەکان بدرێت و ببێتە ئەڵتەرناتیڤێک، کە کرێکاران و بواری کۆمەڵایەتیی ناسودمەند نەبن و هەلی کار لە شوێنێکی دروستتر بدۆزنەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش بەشێوەیەکی تەواو تەکنەلۆژیا و زانست و سامان هەیە کە بکرێت زەوی لەو قەیرانە ئیکۆلۆژییە ڕزگار بکرێت، لێرەدا تەنیا پرسەکە پرسی بەشێوەیەکی یەکسان دابەشکردنەوەو سیستەمێکی ئابوورییە کە ناساز نەبێت لەگەڵ ئیکۆلۆژیی و لایەنی کۆمەڵایەتیی.

 

هێرۆ خوسره‌وى - خوێندكاری زانسته‌ سیاسییه‌كانى زانكۆى گۆته‌ له‌ فرانكفۆرت