ئەو ئافرەتەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سووتێندرا گیانی لەدەست دا

2020-04-20

بەپێی ڕاگەیاندنی ئەندامانی خێزانی ئەو ئافرەتە عێراقیەی کە دوای دەنگۆی ئەشکەنجەدرانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لەشاری نەجەف ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری نەجەف کرابوو، بەهۆی سەختی برینی سوتانەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

رۆژی یەکشەممە، میدیا ناوخۆییەکانی عێراق رایانگەیاند کە "ملاک حیدر الزبيدي" بیست ساڵان دوای چەند ڕۆژێک لە دەنگۆی توندوتیژی و سوتاندنی بە ئەنقەست، گیانی لەدەست دا، کەیسەکەشی توڕەیی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا. میدیا عێراقیەکان لەزاری خوشکی قوربانیەکەوە رایانگەیاند کە "الزبيدي" کۆچی دوایی کرد و داوای جێبەجێکردنی یاسای کرد لە کەیسەکەیدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، "الزبيدي" دوای نزیکەی هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی لەکار کەوتنی سییەکان و گورچیلەکانیەوە گیانی لەدەست دا. ئەو هاوسەری دووەمی "محمد المياحلي" بوو، کە بەپێی قسەی خێزانی "الزبيدي" ، ماوەی نزیکەی هەشت مانگ بوو رێگر بوو لەوەی کچەکەیان سەردانیان بکات.

هاوسەرەکەی کە ئەفسەری پۆلیسە، هەفتەی رابردوو لە پەڕەی فەیسبووکەکەیەوە نووسیبووی کە "الزبيدي" نەخۆشی دەروونی هەبوو و خۆی سووتاند. چەند کاتژمێرێک دواتر، گرتەی خانمە گەنجەکە کە لەناو ئازاردا دەیناڵاند، بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوویەوە. هاوسەرەکەی نووسیبووی،" ئەو بە بەنزین خۆی خۆی سووتاندوو و من و خێزانەکەمی تۆمەتبار کرد.

چەند مالپەرێکی سپۆنسەرکراویش کە ئەو درۆیانە بڵاو دەکەنەوە بەمەبەستی ناو زڕاندنی خێزانەکەم". " هەڕەشە لێکراو" بەپێی ڕاپۆرتێکی پۆلیس کە تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە و لەلایەن "حیان الخیات" بڵاو کراوەتەوە، باوکی"المياحلي" پلەی عەقیدی هەیە لەناو سوپادا. چەند راپۆرتێکی پێشووش لەزاری چەند چالاکوانێکەوە بڵاویان کردۆتەوە کە خێزانەکە وتویانە لەبەر ئەوەی کوڕەکەیان کوڕی عەقیدێکی دیارە لەناو سوپادا، بۆیە یاسا ناتوانێ دەستیان لێبدات.

ڕاپۆرتەکە رایدەگەیەنێت کە رۆژی 8ی نیسان، "الزبيدي" دانپێدانانێکی ناڕاستی بۆ ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوە دابوو، دوای ئەوەی هەڕەشەی لێکرابوو بەوەی ناوی ماڵباتی هاوسەرەکەی بە ئەنجامدەری ڕووداوەکە نەهێنێت.

ڕاپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە "الزبيدي" دواتر لە 11ی نیساندا وتەکانی گۆڕی و وتی، دوای کێشەیەک لەگەڵ هاوسەرەکەی، بەر لە ڕاکردن بۆ باخچەکەیان لە بەشی پێشەوەی ماڵەکە، هاوسەرەکەی بە کێبڵی بارەگاوی کردنەوەی موبایل توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام داوە. لە باخچەکەش هاوسەرەکەی بەنزینی پێدا کردووە و دواتر ئاگری تێبەر بووە. میدیا ناوخۆییەکان رایانگەیاند کە بە فەرمانی دادگا، پۆلیسی شاری نەجەف ژمارەیەک کەسی دەستگیر کردووە کە گومان هەیە دەستیان لە کەیسەکە هەبێت، لەنێو دەستگیرکراوەکانیشدا، هاوسەری "الزبيدي" و چەند ئەندامێکی تری خێزانەکەی هەن. هەرچەندە دەستووری عێراق سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی لەناو خێزان قەدەغە کرووە، بەڵام تا ئێستا لە عێراق هیچ یاسایەک نییە توندوتیژی خێزانی بە تاوان هەژمار بکات.

لەنێو ئەو کەسانەی هاوخەمیان بۆ "الزبيدي" دەربڕی، ستێفن هیکی، بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق بوو ستیفن لە بڵاوکراوەیەکدا لە تویتەر کە بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت "هەست بە خەمباریەکی زۆر دەکەین سەبارەت بە کەیسەکەی "ملاك الزبيدي" و هیوادارین کە لێکۆڵینەوە بەخێرایی بگاتە ئەنجام. حەز دەکەین بیرتان بێنینەوە کە توندوتیژی خێزانی، بەهەردوو جۆری توندوتیژی دەروونی و جەستەییەوە، کێشەیەکی گەورەیە لە سەرانسەری جیهاندا.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان

سەرچاوە : Al Jazeera English