ڕەوشی ئازادی ئایینی لە ئەمەریکا چۆنە؟

2020-04-24

هەردی ئەنوەر ــ ئەمەریکا

بە پێی دەستوری ئەمریکی، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە بە ئازادی و بە ئاشکرا لەهەر جێگەیەک دا بوو ؛ لەسەر کار و ناو پۆل و لەهەر جێگەیەکی گشتی و ناو کۆمەڵگادابوو دەتوانێت و مافی ئەوەی هەیە لەسەر ئەو دینە بژی کە لەسەریەتی، مافی ئەوەی هەیە ئەرکە ئاینییەکانی خۆی لە هەرجێگەیەک ویستی جێبە جێی بکات و کەس مافی ئەوەی نییە رێگری لێ بکات، هاوکات بە ئازادی دەتوانێت باسی دینەکەی بکات، دەعوەی بۆ بکات، قوتابخانەی دینی تایبەت بکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانەبێت و لە کاتی جێبە جێکردنی دینەکەی خۆیدا ئازار و مەترسی بۆ سەر دین و ئازادی ئەوانیتر دروست نەکات.

ئەمریکا وڵاتێکی زۆرینە کریستیانە(مەسیحی) یە، بەڵام خوێندنی ئینجیل و وانەی ئاین لەناو قوتابخانە و فێرگەکاندا بەشێک نییە لە پرۆگرامی پەروەردەو خوێندکار ناچار بە خوێندنی ناکرێت، هاوکات یەک وانە وەک ئایننناسی دەخوێنن کە تەنها وەک زانیاری و مێژوو باسی دینەکان بە گشتی دەکات بە بێ لایەنگری و دژایەتیکردنی هچ دینێکی دیاریکراو. لە ئێستادا ڕێژەی ئەوانەی لەسەر ئاینی مەسیحین زۆرترینن و لەسەدا ٧٤ ی دانیشتوان پێکدەهێنن.

لەدوای ئەوان گروپێکیتر دێن کە زۆربەیان جیلی نوێن و گەنجن، لە ڕووی بیر باوەڕەوە بێلایەنن و بڕوایان بە هیچ دینێک نییە پێیانوایە کەس نازانێت کەون و زەوی و ئاسمان چۆن دروستبووەو کەس ناتوانیت راستی و ئەسڵی ئەم بابەتە بسەلمینێت.

،،

ئەم جۆرە لە کەسانی بێلایەن کەمترین کات بەسەر دەبەن بە مناقشەی دینییەوەو ڕێز لە هەموان دەگرن

بەڵام بڕوایان بە هیچ دین و ئاینزایەک نییەو ڕق لەدڵنین بەرامبەر بە ئاینەکانیتر، هەرکات بڕوایان بەرامبەر بە هەر دینێک بۆ دروست بوو بە ئاسانی دەچنە سەر ئەو دینە، ئەمانە لە ئێستادا ڕیژەی لەسەدا ١٧ ی کۆمەڵگای ئەمریکی پێکدەهێنن.

لەدوای ئەمان گروپێکیتر دێن کە ئەمانە مولحیدن(بێ باەڕن) و دژی دین و خودان لە هەمو دین و ئاینزایەک دا، بەردەوام مناقشەی نەبونی خودا و بەهەشت و جەهەننەم دەکەن، بەشێک لەمانە پێشتر کەسانی باوەڕداربوون لە دینە جیاوازەکانەوەو زانایاریان لەسەر دینەکان تارادەیەک هەیە بۆ تارادەیەک ڕق لەدڵن و کەمتر بڕوایان بۆ دروست دەبێت بەرامبەر بە دینەکان، ئەمانیش لە ئێستادا لەسەدا ٣ ی کۆمەڵگای ئەمەریکی پێکدەهێنن.

جوولەکەش لە ڕیزبەندی چوارەمدان و بە نزیکەیی ٨ میلیۆن کەس دەبن لە ئەمەریکادا و ڕێژەی لەسەدا ٢ دانیشتوانی ئەمریکی پێکدەهێنن. لە ریزبەندی پێنجەمدا موسڵمان دێت کە بە نزیکەیی ژمارەیان لەنێوان ٤ ملیۆن و نیو بۆ ٥ ملیۆن کەس دەبێت، بە ڕێژەیی لەسەدا ١.٤ ی دانیشتوانی ئەمریکا پێک دەهێنن، زیاتر لە ٢٠٠٠ مزگەوتیان هەیە لە ئەمریکادا، تەنها لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و نیۆرک دا زیاد لە ٥٠٠ مزگەوتیان هەیە، زۆرینەی موسڵمانانی ئەمریکی بەرەگەز ئەفریقین و وەک پەنابەر هاتونەتە ناو ئەو وڵاتە.

،،

موسڵمانانی ئەمریکی بە ئازادانە خودا پەرستی دەکەن، لە قوتابخانەو زانکۆکاندا نوێژی بە کۆمەڵ دەکەن

لە کاتی بۆنە ئاینییەکاندا مۆڵەتیان دەدەن ئەگەر ژمارەیان هیندە زۆرنەبێت کە کارەکە پەکبخەن، زۆرێک لە کارگەو کۆمپانیاکان فەرمانگەکان جیگای نوێژیان دابین کردوە، لە ئێستادا کە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە پیرۆبازیی لە موسڵمانان دەکرێت و لەکەرتی کار و دەوامدا زۆر رێز لە ڕۆژوگرتنیان دەگیرێت و زۆرێک لە شوێنەکان کار ئاسانیان بۆ دەکەن بۆ ئەوەی کەمتر ماندو ببن.

لە دوای موسڵماننان هەریەک لە بوزی و ئاینەکانیتر بە رێژەی لەسەدا ١ ی دانیشتوان پێکدەهێنن. لەسەر هەموو عەقدێکی کار نوسراوە کەمافی ئازادی پەیرەوی ئاینی خۆت هەیەو ڕێگەت پێدەدرێت جێبە جێی بکەیت.